وەک ئەزانین دەسەلاتدارانی ئێران لەم ماوەیەدا دووجار بۆ وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا کۆبوونەتەوەو هەرکامەو بە ئەجیندای تایبەتی خۆیەوە. ئێران ئەیهەوێت لە رێگای وتووێژەوە لەلایەک رێگری لە هێرشی چاوەڕوانکراوی ئەمریکا بکات و لەلایەکی دیکەشەوە لەو قەیرانە ئابوورییەی کە تێدا چەقیووە رزگاری ببێت و ئابڵۆقە ئابوورییەکانی لەسەر هەڵبگیرێت بۆیە تەنیا ئەیهەوێت لەسەر پرسی ناوەکی (ئەتۆم) لەگەڵ ئەمریکا وتووێژ بکات. بەڵام ئەمریکاش مەبەستی لەم وتووێژانە ئەوەیە کە لە لایەک ئاسایشی ئیسراییل لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بپارێزێت و لە هەمان کاتیشدا ئێران ناچار بکات کە لە روسیا و چین دوور بکەوێتەوەو لەم رێگەیەوەش ئاستەنگی وزە لە پلەی یەکەم بۆ چین و دواتر بۆ روسیا دروست بکات. بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆم، ئەمریکا پێداگری لەوە ئەکات کە نابێت هیچ چەشنە پیتاندنی یۆرانیۆم لە ناو خاکی ئێران بکرێت. هەروا گەشەپێدانی بەرنامە موشەکییەکانی ئێران زۆر بەرتەسک بکاتەوە و لە پاڵ ئەوەشدا دەست تێوەردانی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رێگای میلیشیا تیروریستییەکانی وەک حەماس (فەڵەستین)، حیزبوڵا (لوبنان)، حوسی (یەمەن) و حەشدی شەعبی (ئێراق) بۆ هەتا هەتایە بنەبڕ بکات. بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە، ئەمریکا هاوتەریب لەگەڵ وتووێژکردن، لەرێگای کۆکردنەوەی هێزێکی زۆر لە کەنداو و ناوچەکە هەوڵئەدات ئیرانییەکان بتۆقێنێت و ملکەچی هەموو داخوازییەکانی خۆی بکات.
بارودۆخی خەڵکی ئێران بە گشتی زۆر نالەبارە. دراوی ئێرانی ئەوەندەی تر بێنرخ بووە. هەڵئاوسانێکی لە ڕادەبەدەرە و نرخی خواردەمەنی و پێداویستییە سەرەکییەکان رۆژبەرۆژ بەرزتر ئەبێتەوە و خەڵکی بە گشتی توانای کڕینیان نەماوە. هەر ئەم خراپییەی دۆخی ژیانی خەڵکی بووە هۆێ ئەوەی کە سەرهەڵدانێکی دیکەی دژبە رژێم لە مانگی ژانوییەی ئەمساڵ لە شارە گەورەکانی وەک تاران و مەشهەد و.. سەرهەڵبداتەوەو رژێمیش وەک هەمیشە، دەستی لە کوشتار و سەرکوت نەپاراست و لە ئەنجامدا بە پێی سەرچاوە نافەرمییەکان دەیان هەزار کەس یا لە شەقامەکان کوژران یا لە بەندیخانەکانی رژێم لە سێدارە دران.
ترامپ وئیدارەی ئێستای ئەمریکا ئەو بارودۆخە ناوخۆییەی ئێرانی وەک کارتێکی دیکەی گوشار بۆسەر مەلاکان بەکارهێنا بەو ئامانجەی کە مەلاکان بەئاسانی ملکەچی مەرجانی خۆی بکات. بۆیە بەفەرمی هانی زیاتری خەڵکی ئیرانی دا کە بڕژێنە سەر شەقامەکان و دامودەزگا دەوڵەتییەکان بگرنە دەستی خۆ، بەو بەڵێنەی کە گۆیا یارمەتی ئەمریکا بۆ خەڵکی راپەڕیو بەڕێوەیە.
لە وەها دۆخێکدا، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئەگەر رژێمی ئیسلامی ئێران رووخا، دەسەڵاتی داهاتوو لە ئێران چۆن ئەبێت و چارەنووسی ئێران وەک وڵات چی بەسەر دێت؟ ئەمە پرسیارێکە کە پێویستی بە شیکاری زۆرترە بەڵام وەک یەکەم هەنگاو لەو ئاراستەیە، ئەکرێت بە کورتی نەخشەی سیاسی ئێستای ئێران بێ وردەکاری، بەم چەشنە دەستنیشان بکرێت:
١. رژێمی کۆماری ئیسلامی. ئەم رژێمە ٤٧ ساڵە دەسەڵاتی ئەو وڵاتەی بەدەستەوەیە. هێزێکی زۆر سەرکوتکەرو دڕندەی هەم لەناوخۆ و هەم لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران هەیە. سوپای پاسداران و لق و پۆپەکانی وەک هێزی سەرەکی سەرکوتکەری ئەو وڵاتە، دەستی بەسەرهەموو جۆمگەکانی ئابووری ئێراندا گرتووە. سوپای پاسداران لەگەڵ تۆڕێکی گەورەی مافیایی دیکە، بەناوی "بەیتی رێبەری" بڕیاربەدەستی راستەقینەی ئێرانن و سەرۆک کۆمارو مەجلیس و وەزیر و گزیرو ... هەموو بۆکەڵەن و دەسەڵاتی پوشێکیان نەبووە و نییە. بۆیە لە ئەگەری رووخانی کۆماری ئیسلامی، ئەمانە نایانهەوێت و ناتوانن بەو ئاسانییە دەستبەرداری ئەو هەمووە دەسەڵاتە ئابووری و سەربازییەی ئەمڕۆیان ببن بۆیە ئەبن بە کێشەیەکی درێژخایەن و هۆکاری ناسەقامگیری ئەو وڵاتە.
بەشێکی دیکە لە دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێران بە "چاکسازیخواز"ئەناسرێن. زۆر ئەستەمە ئەو تاقم و گروپانە بتوانن لە داهاتووی ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی دەورێکی ئەوتۆیان هەبێت.
٢. شاخوازەکان. ئەمانە خۆیان لە چەندین گروپ پێک دێن. زۆربەیان پاشماوەکانی شای هەڵاتوو، ساواکی و ئەشکەنجەگەر، هێزی سەرکوتکەرو پیاوانی ئەو رژێمەی پێشوون. بەشی سەرەکی شاخوازەکان لە ئەمریکا نیشتەجێن و خاوەنی سەروەت و سامانێکی دزراوی زۆرن. ئەم گروپانە بێجگە لە ئەمریکا، لە ناوخۆی ئێرانیش لەناو چینێکی زۆر کەم بەڵام زۆر دەوڵەمەن لایەنگریان هەیە. لەگەڵ سەرهەڵدان و خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران، بەشێک لە دەسەڵاتدارانی ئیسراییل و دەزگای هەواڵگری ئەو وڵاتە (موساد)، پارەیەکی زۆریان خەرج کردو لە رێگای میدیا جیهانییەکان هەوڵیان دا کە کوڕەکەی شای هەڵاتو (کە ئاگای لە هیچ نییە) وەک رێبەرو ئەلتەرناتیو بۆ ئێرانی دوای مەلاکان دەستنیشان بکەن.
٣. موجاهیدینی خەڵک. گروپێکی ئیسلامی توندڕەوی شێعەی دوازدە ئیمامی ئێرانی، لە ساڵی ١٩٨١ خەباتی چەکداری دژبە کۆماری ئیسلامی راگەیاندو بارەگا و رێبەرییەکەی بۆ وڵاتی ئێراق گواستەوە. بەدوای رووخانی سەدام لە ٢٠٠٣، هەموو بنکە سەربازییەکانی خۆی لە ئێراق لەدەست دا و ئەوهێزە سەربازییەی کە مابووی، راگوێزرایە وڵاتی ئاڵبانیا لە باڵکان. موجاهیدین لەگەڵ بەشێکی زۆر لە کۆماریخوازانی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی نزیکدان و پشتگیرییان لێئەکرێت. ئەم گروپە، گروپێکی داخراوە بەڵام زۆر رێکخراوە و بەو پێیەی کە مێژوویەکی دوورو درێژی هەیە، هێشتا بەش خۆی لایەنگری لە ناوخۆی ئێران هەیە.
ئەو سێ دەستەیەی سەرەوە، سەرەڕای جیاوازیی و ململانێی نێوانیان بەڵام لەم خاڵانەی خوارەوە لێكچوونیان زۆرەو وەک یەک بیرئەکەنەوە:
١. ئەمانە، هێزگەلێکی پاوەنخوازی دژە دێمۆکراتیکن و لە پرسی چۆنیەتی ئیدارەی کۆمەڵگا، جیاوازییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ یەکتر نییە. هەر سێ باوەڕیان بە رێبەری و دەسەڵاتی تاکە کەسی رەها هەیەو بگرە تا ئاستی پەرەستنی رێبەر ئەچن
٢. ئەو هێزانە پارێزەری هیژموونی نەتەوەی باڵادەستی ئێران واتە فارسەکانن ودژایەتی مافی نەتەوە ژێردەستەکان ئەکەن. هەرچەند رێژەی ئەم دژایەتییە ئەتوانێت لە نێوانیان جیاواز بێت بەڵام لە ناوەرۆک دا، یەک بیرو یەک ئامانجیان هەیە کە ئەویش یەک وڵات، یەک ئاڵا و یەک نەتەوەیە. شاخوازەکان و کۆماری ئیسلامی هەردوو لە سەردەمی دەسەڵاتیاندا، پێبەند بوونی خۆیان بۆ پاراستنی هیژموونی نەتەوەی باڵادەست بەڕوونی نیشانیان داوەو بۆ ئەمومەبەستەش لە هیچ سەرکوت و کوشتارێک سڵیان نەکردووەتەوە.
موجاهیدین هەرچەندە تا ئێستا لە دەسەڵاتدا نەبووە، بەڵام چ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و چ لە راپەڕینی باشوری کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ و شەڕکردنیان لە سەنگەری دەوڵەتی ئێراق دژبە کوردانی باشور، دژایەتی خۆیان بۆ پرسی کوردو نەتەوەکانی دیکە سەلماندووە.
ئەو سێ دەستەیە جیدیترین مەترسین بۆ پرۆسە بە دیمۆکراتیک کردنی ئێران و دەستەبەر کردنی داهاتوویەکی باش بۆ هەموو گەلانی ئەو وڵاتە.
٤. چەپەکان. بە گشتی چەپەکان لە ئێران زۆر پەرتەوازەن. چەپە ئێرانییەکان لە پێش رووخانی دیواری بەرلین، بە سەر چەند رێبازی فیکری جیاوازدا دابەش ببوون و هەر ڕێبازێک دژی ئەوانی دیکە بوو. بەشێک لەم چەپە هەر زوو چووە پاڵ کۆماری تیرورو سێدارەی ئیسلامی و بووبە بەشێک لە دەزگای سەرکوتی رژێم. بەدوای سەرکوتەکانی رژێمی ئێران لە سەرەتای هەشتاکان و هەروا بە دوای رووخانی دیواری بەرلین لە ١٩٨٩، ئەم چەپە ئەوەندەی دیکە پەرتەوازەو ئەتۆمیزە بووەوە. ئەوەشی کە ماوە هەتا ئێستاش نازانێت چی ئەوێت. رۆژێک ئەبن بە کۆماریخواز و رۆژێک ئەبن بە شاخواز. تەنیا شتێک کە ئەتوانێت ئەو چەپە وەکو گروپی بچووک بچووک کۆ بکاتەوە نوستالژییەکەی بێ ئەنجامەو هیچی تر. ئەم چەپە، سەرەڕای دەرکەوتنی وەک گروپێکی سەربەخۆ لەو سێ گروپەکەی دیکە (کۆماری ئیسلامی، شاخوازەکان و موجاهیدین)، بەڵام لە نەتەوەپەرەستی ئێرانی و پاراستنی هیژموونی نەتەوەی باڵادەست، وەک گروپەکانی دیکە بیرئەکەنەوە.
٥. رێکخراوەکانی نەتەوە ژێردەستەکانی ئێران. لە ئێران چەندین نەتەوەی ژێردەست، لەوانە کورد، بەلوچ، عەرەب، تورک و..هەن . ئەو نەتەوانە چ لە رژێمی شاو چ لە کۆماری ئیسلامی، لە زۆربەی مافە سەرەتاییەکانیان بێبەشکراوون و ئەمەش خاڵی هاوبەشی ئەو رێکخراوانەیە و بێجگە لەو خاڵە، لێکچوونیان زۆر کەمەو لە ناوخۆی خۆشیاندا یەکگرتوو نین. رێژەی رێکخراو بوون و گەشەی سیاسیش لە نەتەوەیەکەوە بۆ نەتەوەیەکی دیکە جیاوازی زۆری هەیە. رێکخراوترین نەتەوەی ژێردەستی ئێران، کوردەکانن و ئەزموونێکی درێژی بەرەنگاربوونەوەیان هەم لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هەم لەگەڵ رژێمی شا هەیە. لەپاڵ ئەوەشدا بیر و هزری سێکۆلاریسم، پێشەنگ بوون و بەشداربوونی ژنی کورد لە خەباتی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ژینگەپارێزی، کولتوری و رۆشنبیری، خاڵی بەهێزی کوردەکانە. هەربۆیەش شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی لە کوردستانەوە سەری هەڵداو تەشەنەی سەند بۆ ناوچەکانی دیکە لە ئێران.