شەڕی نێوان ئەمریکا-ئیسراییل لەگەڵ ئێران هێشتا درێژەی هەیە. شەڕێک کە نە بە ئیرادە و خواستی خەڵکی ناوچەکە و گەلی کورد، هەڵگرساوەو نە تا ئێستاش کورد بەشداری تێیدا کردووە. هەروەک چۆن داگرسانی ئاگری شەڕەکە لە دەرەوەی دەسەڵاتی گەلی کوردەوە بووە، هەرواش ئەم گەلە ناتوانێت دەورێکی ئەوتۆی لە کوژاننەوەکەشی هەبێت.
هەرچەندە رژێمی ئێران هێشتا لە دەسەڵاتەو دانەڕماوە بەڵام ئەم شەڕە بووەتە هۆی لەناوچوونی بەشێکی گرنگی رێبەری ئەو رژێمەو زەبرێکی گورچکبڕی داوە لە دەمودەزگای سەربازی، پیشەسازی سەربازی، دەزگای هەواڵگری وهێزە سەرکوتکەرەکانی.
لەم روانگەوە ئەم شەڕە دەرفەتێکی مێژووی باشە بۆ هەموو گەلانی ئێران وبەتایبەت بۆ گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان. دەرفەتێک بۆ ئەوەی کە ئەم گەلە بتوانێت دامودەزگای ئەم رژێمە داگیرکەرو تۆقێنەرە لە کوردستان هەڵپێچێت و ئەگەریش کراو بەشەکانی دیکەی ئێرانیش هەستانەوە، ئەوا گریمانەی ئەوەی هەیە کە بتوانرێت دەسەڵاتی ئەم رژێمە بەتەواوەتی لەناو ببرێت. بەڵام دەرفەت و مەترسی دووانەن و دەرفەتی بێ مەترسی هیچکات نەبووەو نییە. ئەوەتە پاشاخوازەکان خۆیان رێکخستووەتەوەو بەگاڵتەش بێت شایەکی گەمژەیان بۆ خۆ دروست کردووەو بە دەم دانسی "بابا کەرەم"ەوە ئەیانهەوێت جارێکی دیکە دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێران زیندوو بکەنەوە. موجاهیدیش لەمێژە خانمە "لەچک بەسەر"ی سەرۆک کۆماری خۆیان هەیە و ئامادەن لە "پاریس" و "تیرانا"وە بەرەو تاران بگەڕێنەوە و و شێوازێکی دیکەی دەسەڵاتی ئیسلامی دامەزرێننەوە، واتا لەچکی رەش بکەنە پەمەیی.
بۆیە زۆر گرنگ بوو کە کوردەکانی رۆژهەڵات لەم کاتەدا لە دەوری چەند خاڵێکی سەرەکی و لە پێش هەموویانەوە، مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد، یەکسانی ژن و پیاو، سێکۆلاریسم و مافە دێمۆکراتیکەکان یەکبگرن و خۆیان بۆ هەرچەشنە پێشهاتەیەک ئامادە بکەن. هەر بەم ئاراستەیەش شەش رێکخراوی سیاسی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەناو هاوپەیمانییەکدا کۆبوونەوە. سەرەڕای هەرچەشنە کەم و کووڕییەکی ئەم هاوپەیمانییە، بەڵام ئەوان هەنگاوێکی ئەرێنیان نا. بەڵام کۆمەڵەی کۆمونیست وەک رێکخراوێکی چەپ لە رۆژهەڵاتی کوردستان تا ئەم کاتە خۆی دوورەپەرێز گرتووەو وا دیارە زۆرێنەی ئەم رێکخراوە (ئەڵبەت نە هەموویان) نایانهەوێت بچنە ناو ئەو هاوپەیمانەتییەوەو بە پرۆژەیەکی ئەمریکایی-ئیسراییلی ناوزەدی ئەکەن.
منیش وەک هەر تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە، سەرەڕای بڕوابوون بە بیروڕوای جیاواز و رێزنان لە ئیرادەی ئازادی هەر رێکخراوێک لە بڕیاری سیاسی خۆی، لە هەمان کاتدا ئەو مافە بەخۆم ئەدەم کە لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە ئەو هەڵوێستەی ئەوان بە نەشیاو و دوورەپەرێزی لێک بدەمەوە:
١.لە رۆژهەڵاتی کوردستان چەندین بزوتنەوەی جیاواز وەک بزوتنەوەی کرێکاری، بزوتنەوەی نەتەوایەتی، ژنان، ژێنگەپارێزی، خوێنکاران و هتد، شابەنشانی یەکتر بون و چالاکییان هەیە. دیارترینیان بزوتنەوەی نەتەوەیی کوردستانە دژبە داگیرکاری و ستەمی نەتەوایەتی کە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە. تێنەگەیشتن لەو راستییانە یا خۆ گێل کردن لێیان لەلایەن کۆمەڵەی کۆمونیستەوە، خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیاریەتی و پارێزگاریکردن لە بزوتنەوەیەکی رەواو بەرهەق لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
٢. قەتیسکردنی خۆ لە چوارچێوەی بیرکردنەوەیەکی داخراوو ئامادە نەبوون بۆ بیستنی راستییەکانی دەرەوەی خۆ. ئەم داخراوەییە وای لەم رێکخراوە کردووە کە:
- دەیان ساڵ هەوڵبدات بۆ پێناسەکردنی خۆ بەناوێک کە تا ئێستاش، ئایەخترین رێکخراوی چەپی ئێرانی بەو ناوەوە نایناسێت.
- باوەشکردن بە "باوەڕگەلێکی هاوبەش" کە خاوەن بیروکەکەش ساڵەهای ساڵە ئەو رێکخراوەو ئەو بیروباوەڕە هاوبەشەی جێ هێشتووە.
- باسکردن لە هاوپەیمانیەتی سروشتی لەگەڵ چەپی ئیرانی، چەپێک کە یا لە نەتەوەپەرەستی ئێرانیەوە سەرچاوەی گرتووە یا لە ئیسلامی سیاسی شێعەی دوازدە ئیمامە بەچەشنێک کە کاتێک مارکس رێی ئەکەوێتە ئێران، یا ئەبرێتە "تەختی جەمشید" یا چەند ساڵێک لە "حەوزەی عیلمەیەی قوم" ئەکرێت بە تەلەبە.
- پەیڕەوکردنی هەڵوێستی کۆنی چەپێکی کلاسیکی ئێرانی دژبە ئیمپریالیزم و دوژمنایەتی کوێرانە لەگەڵ ئیسراییل. ئەمەش لە دواترین هەڵوێستەکانیان لەسەر هاوپەیمانەتیەتیە نوێیەکەی رۆژهەڵات رەنگ ئەداتەوە.
- بە پاشکۆکردن و پاشکۆزانینی بزوتنەوە رەوا و پێشکەوتووەکانی ناو رۆژهەڵاتی کوردستان و دڵخوازانە و نالۆژیکانە گرێدانیان بە بەناو "بزوتنەوەی سەرانسەری" ئێران. ئەمەش لەکاتێکدایە کە بە بەرچاو خۆیانەوە شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" سەلماندی کە رۆژهەڵاتی کوردستان نە پاشکۆ بەڵکو پێشەنگە و دروژمەکە جوانەکەی کە گیشتە سەنتەری ئێران کرا بە "پیاو نیشتمان ئاوەدانی"
- ئەم گرێدانەی خۆ بە چەپی ئێرانی و خۆ بە ئێرانەوە لکاندن وای لێکردووە کە لە هەر هەڵوێست وەرگرتنێک زۆری بۆ مەبەست بێت تا نەکەوێتە بەر رخنەی ئەو بەناو چەپە مایە پوچە ئێرانییەوە. بۆیە ناشتوانێت لە کاتە هەستیارەکان بڕیاری بوێرانە و سەربەخۆی خۆ بدات، لە سیاسەتکردن دووری بکات و چەندین هەنگاو لەدوای رووداوەکانەوە هەنگاو بنێت.
٤. کۆی نەبوونی متمانە بە خۆ و ترس و دڵەڕاوکێ لە هەڵەکردن و دوورکەوتنەوە لە ژێنگە و پێگەی چالاکی سیاسی خۆ، وای لێکردووە کە بەجێ سیاسەتکردن، روو لە پاککردنەوەی دروون (تزکیەی نەفس) بکات هەر بۆیەش ماوەماوە دەستەیەک لەناو ئەم رێکخراوە پەیدا ئەبێت و لایەنێکی دیکەیان بە راست، ناسیونالیست و... ئەزانێت و سەرئەنجام توشی لێکترازانێکی نوێ ئەبن.
بۆیە هیوادارم کە:
١. ئەم رێکخراوە بۆ دواجار "تەختی خەوەکەی پرۆکروستێس" تێک بشکێنێت و دنیای راستەقینە بە بڕینەوە یا راکێشانی لاق و دەستی راستییەکان، بۆ گونجاندنی لەگەڵ تەختی خەوەکەی، نەشێوێنێت.
٢. لە دەرفەت و مەترسییە هەنووکەییەکان تێبگات چونکو تێنەگەیشتن لەمە نەک هەر گەمژیەتییە بەڵکو مەترسیدار، کارەساتبارو پشتکردنە لەو هەموو ئازارو دەردەی کە گەلەکەمان لە رۆژهەلاتی کوردستان لەدەست رژێمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی چەشتوویەتی.
٣. لەهەمان کاتدا، ئەو دوورەپەرێزیە، سپاردنی رێبەری ئەم بزوتنەوە مەزنەیە بە کەسانێک کە خۆیان لە ژێر هەزار ناو و "ئیسم" دا رەخنەیان لێئەگرن.