لێبوردەیی، بەھێزیی ڕۆحە یان ساویلکەیی؟

دێرین جەمال
  2026-09-26     52

لێبوردەیی یەکێکە لە مەزنترین و جوانترین بەھا ئەخلاقی و مرۆییەکان، ھونەرێکی بەرزە کە نیشانەی ھێزی ڕۆح، تێگەیشتنی قووڵ و ڕزگاربوونی دڵە لە باری قورسی کینە و ڕق. لێبوردن ئاشتی ناوەکی بۆ مرۆڤ دەگەڕێنێتەوە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە گرژی دەپارێزێت، بەڵام ئەم بەھا پیرۆزە کاتێک مانای ڕاستەقینەی خۆی دەبەخشێت کە لەسەر بنەمای ھۆشیاری و ھاوسەنگی بێت، نە ک کوێرانە و بێ‌سنوور.
لە ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا، لێبوردەیی پێگەیەکی زۆر بەرزی ھەیە، پەروەردگار لە قورئانی پیرۆزدا بە جوانترین شێوە ھانی بڕواداران دەدات بۆ بەخشندەیی، وەک دەفەرموێت: ﴿ۆإِن تَعْفُوا ۆتَێْفَحُوا ۆتَغْفِرُوا فَإِنَّ الڵّەَ غَفُورٌ رَّحِیمٌ﴾ (سورە التغابن: ١٤)، ھەروەھا دەفەرموێت: ﴿ۆلْێعْفُوا ۆلْێێْفَحُوا ڕَڵا تُحِبُّونَ ڕَن ێغْفِرَ الڵّەُ ڵکُمْ﴾ (سورە النور: ٢٢). ئەم ئایەتانە پێمان دەڵێت:کە لێبوردن ھۆکاری جێبەجێبوونی ڕەحمەت و لێخۆشبوونی ئیلاھییە بۆ خۆدی مرۆڤەکە.
بەڵام ئیسلام لە ھەمان کاتدا ئاینی ھاوسەنگی و دادپەروەرییە، لێبوردن کاتێک بەھای ھەیە کە نەبێتە ھۆی زەوتکردنی ماف یان زاڵبوونی زوڵم. ھەر بۆیە لە قورئانی پیرۆزدا ھاتووە: ﴿ۆجَزَاءُ سَیِّئَەٍ سَیِّئَەٌ مِّپْلُەَا فَمَنْ عَفَا ۆڕَێْڵحَ فَڕَجْرُەُ عَڵی الڵّەِ﴾ (سورە الشوری: ٤٠)؛ لێرەدا ئیسلام ڕێگەی داوە بە وەرگرتنەوەی ماف و دادپەروەری، بەڵام لێبوردنی بەستۆتەوە بە (ئیسلاح) و چاکسازییەوە. واتە ئەگەر لێبوردن ببێتە ھۆی چاکبوونی بەرامبەر ئەوا پاداشتی گەورەی ھەیە، بەڵام ئەگەر بێتو بەرامبەر بە ئەنقەست و بێباکانە بەردەوام بێت لەسەر زوڵم و تاوان، ئەوا لێبوردنی بێ‌سنوور خۆی دەبێتە دەروازەیەک بۆ خولقاندنی کارەساتی وا کە تەمەنێک چاکبوونەوەیان بۆ نەکرێت. ئەگەر بێتو ھەموو جارێک چاو بنوقێنیت لەبەرامبەر ئەو کەسانەی کە بە ئەنقەست ئازارت دەدەن یان مافت دەخۆن، ئەوا تۆ لە ڕاستیدا ھاوکارییان دەکەیت لەسەر بەردەوامبوونی زوڵمەکەیان و ھانیان دەدەیت زیاتر دەست بەسەر شکۆتدا بگرن.
ھەندێ جار مرۆڤ وا دەزانێت ئەگەر دەستبەرداری مافی خۆی بێت خێرێکی گەورەی کردووە، کەچی بەو لێبوردنە بێجێیە زەمینەیەکی تێر و تەسەل بۆ ڕوودانی تاوانێکی گەورەتر خۆش دەکات. کاتێک تاوانبار یان دەستدرێژکار بە سزای کردارەکانی نەگات و سنوورێکی توندی بۆ دانەنرێت، وا دەزانێت دەستبەرداربوون لە سزادانی نیشانەی ساویلکەیی دەوروبەرەکەیەتی. لەم ئاستەدا لێبوردن لە تاوانکاری بەردەوام یان دەستدرێژیکردنە سەر مافی گشتی، نەک ھەر ڕەوشت نییە، بەڵکو خیانەتە لە ئاسایشی کۆمەڵگە و دەرگاکردنەوەیە بۆ دروستبوونی قوربانیی نوێ.
تێگەیشتن لەم ھاوسەنگییەش لە منداڵییەوە دەست پێ دەکات، لە تەمەنی بچووکدا منداڵ لە ڕێگەی یاری و بەخشینەوە فێری لێبوردن و داوای لێبوردنکردن دەکرێت، لە ھەرزەکاریدا درک بەوە دەکات کە لێبوردن ھێزە نەک لاوازی، و لە پێگەیشتنیشدا دەبێتە بڕیارێکی ھۆشیارانە بۆ پاراستنی کەرامەت و پاککردنەوەی دڵ لە کینە.
لێبوردن سیفەتی کەسانی بەھێزە کە دەتوانن دڵیان لە کینە پاک بکەنەوە تا ڕابردوو کۆنترۆڵی داھاتوویان نەکات، بەڵام داوای لێبوردنکردنیش بەرپەرسیارێتیی ئەو کەسەیە کە زیانی گەیاندووە و دان بە ھەڵەکەیدا دەنێت. لەبەرئەوەیە کە نەبەخشین لە زۆر شوێندا نەک ھەر ڕەوایە، بەڵکو ئەرکێکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیشە بۆ پاراستنی شکۆی مرۆڤ. دەبێت باش ئەوە بزانین کە پاکردنەوەی دڵ لە کینە بۆ ئارامیی روح شتێکە، و تەسلیمبوون بە زوڵم و ڕێگەدان بە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکان شتێکی تر و تەواو جیاوازە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×