دادگای فیدراڵی و دەستور!

ئارێز عەبدوڵڵا
  2022-02-16   

بڕیارەکەی دوێنێی دادگای فیدراڵی عێراق مایەی پرسیار و سەرسوڕمانە، چونکە عێراق لە بۆشایی دەستورییدایە و  توشی قەیرانێکی زۆر گەورە بۆتەوە، کەچی لەو کاتەدا قەیرانێکی تر دروست دەکات! 
پێش ئەوەی شرۆڤەی ئەو بابەتە بکەم بە پێویستی دەزانم چەند پرسیارێک بووروژێنم:
١- ئایا بۆچی لەم هەلومەرجە نالەبارەدا ئەو بڕیارە درا؟ 
٢- ئایا حکومەتی فیدراڵی چۆن هەڵسوکەوت و سەودای لەگەڵ دەکا، لە کاتێکدا یاسای دەستوریی نەوت و گازی فیدراڵی دەرنەکراوە و هی هەرێمیش پوچەڵکراوەتەوە؟!
٣- ئایا بۆچی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەسانێکی زۆر خۆشحاڵی خۆیان بۆ بڕیارەکە دەردەبڕن؟
بەپێی ماددەی (١١٢)ی دەستوری عێراق مافی هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت دیاریکراوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکیەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵی تا ئێستا نەتواندراوە یاسای نەوت و گاز دەربکرێ. هەرچەندە گفتوگۆ لەو بوارەدا  نەبڕاوەتەوە، بەڵام دادگا بەبێ گەڕانەوە بۆ ناوەڕۆکی ئەو ماددەیە تەنیا هەندێ لە بڕگەو ماددەکانی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان دەکاتە بیانووی ڕەتکردنەوەی تەواوی یاساکە و ماددەیەکی دەستوری عێراقیش پێشێلدەکات!
ئایا بۆچی ئەوە ڕوودەدا؟ 
من پێموایە هەردوو لایەنی هەرێم و بەغدا بەرپرسیارن، بەڵام بەڕێژەی جیاواز. ئەگەر بۆ دواوە بگەڕێینەوە دەبینین:-
١- هەر لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٨وە تاکو ئەمڕۆ بەردەوام ئەو ماددە دەستوریانە پێشێلدەکرێن کە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان دەسەلمێنن، واتە لەناو دەوڵەتی عێراقی نوێش هێشتا هەژموونێکی سیاسی گەورە هەیە کە نەک هەر مافە دەستورییەکانمان ناسەلمێنێ، بەڵکو دەیەوێ لە دەستکەوتەکانیشمان کەم بکەنەوە.
٢- خواست و هەژموونێکی گەورە لەناو لایەنە سیاسیە عێراقیەکان  بۆ سەپاندنەوەی دەسەڵاتی ناوەندیی و هەڵگەڕانەوە لە سیستەمی فیدراڵی هەیە و بەشێوازی جۆراوجۆر هەوڵی بۆ دەدەن.
٣- هەنگاوە هەڵەکانی بڕیار بەدەستانی هەرێم وەک:-
- ڕووکردنە پایتەختی هەندێ وڵاتانی هەرێمی و پشتکردنە بەغدا، بەنموونە:
- ئەردۆگان پێشوازی لە ( بەڕێوەبەری ئیدارەی باکوری عێراق دەکات) و دوو ڕۆژ دواتر دەڵێ: پەیوەندیم لەگەڵ کاک نێچیروان زۆر باشە و لە ڕێگەی ئەوەوە کێشەی غازی تورکیا چارەسەر دەکەین. واتە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی دەستوریی ناناسێ، بەڵام پەیوەندی باشی لەگەڵ کەسایەتیەکی عێراقی هەیە و لە هەمان کاتیشدا سەرۆکی حکومەت بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ کاربەدەستانی قەتەر باسی بازاڕی غاز دەکات! 
- چوونەناو گەمە سیاسی و ئابورییە هەرێمی و جیهانیەکان بەبێ ڕەچاوکردنی هەلومەرجەکانی عێراق و پێگە و پاییەی هەرێمی کوردستان لەو مەیدانانەدا. 
- چوونی پارتی بۆ ناو بەرەیەکی عێراقی و پشتکردنە لایەنە کوردستانییەکان، کە بەو هەنگاوەش هەم کاریگەری هەرێمی کوردستان کەم بۆتەوە و هەم هەندێ لایەنی شیعە و دەوڵەتانی تریشیان توڕەکردوە. 
بە کورتی هەردوو سیاسەتی بەمەرکەزی کردنەوەی عێراق و نەخوێندنەوەی عێراق لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا نین. ئەگەر بەدیالۆگ و لێکتێگەیشتنیش بتوانین لانی کەمی ئاسەوارە خراپەکانی ئەم بڕیارە نەهێڵین، هێشتا بۆ ئاییندەی عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەت زۆر مەترسیدارە. 
من نازانم وەکو کرمانج دەڵین ئەو ( تەڤلیهەڤکرن)ە سیاسەتەکانی بڕیاربەدەستانی هەرێم بۆچی؟ 
ئایا ناپرسن بۆچی کاتێک دادگای فیدراڵی بڕیارێکی مەترسیداری لەو جۆرە دەردەکا لە دهۆک و هەولێر و سلێمانی کەم تا زۆر خەڵکی خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕن؟
 نامەوێ وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە، چونکە خۆیان دەیزانن و ئەگەر ناشیزانن بادواڕۆژ باجەکەی بدەن.
لە کۆتاییدا دەڵێم: تاقە ڕێگای پاراستنی دەستکەوتەکان و پێداگرتن لەسەر مافە دەستورییەکانمان و دروستکردنەوەی یەک ڕیزی و یەک هەڵوێستی نیشتیمانیی، چاکسازی، ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی و بەرچاوڕوونی (شەفافیەت)ی کەرتی نەوتە، تابتوانین لانی کەم ئەوەی ماوە بیپارێزین.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×