زینی وەرتێ !

ئارێز عەبدوڵڵا
  2020-04-15   
دوای سەرھەڵدانی پەتای کۆڕۆنا، قەیرانی زینی وەرتێش دروستبوو. ئەگەر ودۆخەکە ئاسایی بێ جێگیرکردنی ھێزێکی حکومەت لەو زینە زۆر ئاساییە، بەڵام بەداخەوە بەھۆکاری بنەبڕ نەکردنی ئاسەوەرەکانی دوو ئیدارەیی کە بەراستی شەرمەزارییە نەک نەمانتوانیوە تائێستا بارودۆخ ئاسایی بکەینەوە، بەڵکو نەمانتوانیوە ئەو بۆمبانەش پوچەڵ بکەینەوە کە رەنگە لە ھەر کاتێکدا بتەقنەوە!   
کاتێک سەیری زینی وەرتێ دەکەین، دەبینین: 
- سەرەڕای ئەوەی وەزیری پێشمەرگەش یەکێتیە، بەڵام یەکێتی گومانی لە ناردنی ئەو ھێزە ھەیە!
- سەرەڕای ئەوەی مەیدانی خەبات و کاری پەکەکە باکورە، بەڵام گومانی لە جێگیرکردنی ئەو ھێزە ھەیە! 
- سەرەڕای ئەوەی جومگەکانی دەسەڵات بەدەست پارتیەوەن، بەڵام پێداگری لە مانەوەی ھێزەکە و گومانیش لە ھەڵوێستی یەکێتیش دەکا!
- تورکیا ئاگادار بووەوە و ئەنجام ئەویش خۆی تێ ھەڵقوڵتاند و ئێستا گومان لە کشانەوەی ئەو ھێزە دەکا!
ئەگەر بەنھێنی ھەر پلانێک ھەبووبێ بۆ ناردنی ئەو ھێزە، بەڵام بە ئاشکرا ناردنی ھێزەکە کاتییە و وەزیری پێشمەرگەش جەخت لە کاتی بوونی دەکاتەوە.
بەھۆی پەتای کوڕۆنا  وڵات لە قەیراێکی گەورە دایە، کەچی بەداخەوە لە جیاتی ئەوەی قەیرانەکە یەکمان بخا و ھەموومان بەیەکەوە رووبەڕووی ببینەوە، شەڕی راگەیاند و ناو ناتۆرە و پڕوپاگەندەی بێ بنەما کوردستانیان گەیاندۆتە قۆناغێکی مەترسیدار!
رەنگە ھەبێ بڵێ باشە بۆچی یەکێتی  بەرامبەر بەناردنی ھێزێکی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ زینی وەرتێ ھێندە ھەستیارە؟ 
لە وەڵامدا دەڵێین: دوای رێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی و نەمانی شەڕی ناوەخۆ بۆ نیشاندانی نیەت پاکی و دووبارە نەبوونی گرژییەکان یەکێتی یەکلایەنە ھەموو ھێزەکانی خۆی ھەر لە باڵەکایەتیەوە تاکو دەشتی کۆیە کێشانەوە، بەڵام لەبەرامبەردا تاکو ئێستاشی لەگەڵ دابێ پارتی سەرچیا بەرزەکانیشی چۆل نەکردوون، قەڵاو بنکەی بەرەکانی شەڕی ناوەخۆی وەکو خۆ ھێشتونەتەوە! خەڵکیش دەپرسێ ئەوە بۆچی و ھەتا کەی ؟
لەلایەکی دیکە رێککەوتنێک ھەیە کە ھەتاکو بارودۆخەکە بەتەواوی ئاسایی دەبێتەوە و ھێزەکان یەک دەخرێنەوە کردنەوەی بارەگا یان جێگیرکردنی ھێز لە ھەندێ شوێن پێویستی بەلێک تێگەیشتن و رێککەوتنی ھەر دوولا دەبێ. بۆ نموونە چەندین ساڵە کۆمیتەی رێکخستنی مەسیف ناتوانێ نەک بارەگاکەی خۆی لەناو مەسیف بکاتەوە، بەڵکو رێگەی پێ نادرێ لە کۆڕێ و بەستۆرەش بارەگا دابنێ !.. ھەندێ شوێن ھەیە پارتی رێگەنادا جگە لە  ھێزەکانی(٨٠)  ھیچ ھێزێکی تری لێ جێگیر بکرێ.کەواتە یەکێتیش ھەمان مافی ھەیە. ھەرچەندە ھەردوو ھێزی (٧٠-٨٠)ش سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن، بەڵام تایبەتمەندیان ھەیە. 
دەپرسم بۆ ھێورکردنەوەی بارودۆخەکە بۆچی ھێزێکی یەکەکانی (٧٠) لە شوێنی ئەو ھێزەی جێگیر نەکرێ؟ کە ئەوە داواکاری خەڵکی ناوچەکەشە. 
ئەمڕۆ رۆژێکی رەش بوو تەنیا لە دووری سەد مەتری ھێزی پێشمەرگە چەند گەریلایەک بە بۆردومانی فڕۆکەکانی ئەرۆگان لە خوێن گەوزێندران و تەپ و تۆزی بۆردومان و دۆڵۆپە خوێنی گەریلاکانیش کەوتنە سەر جەستەی پێشمەرگەکان! 
زینی وەرتێ ئایا بۆمبێکە بۆ تەقینەوە دانراوەتەوە، یان پوچەڵ دەکرێتەوە؟ 
زینی وەرتێ و ھەڵمەتەکانی راگەیاندن ئاماژەی مەترسیدارن و تا زووە دەبێ  چارەسەر بکرێن، دەنا کار لە کار دەترازێ.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×