وڵاتی سەیرو سەمەرە

فوئاد سدیق
  2024-03-22     377

لەم چەند رۆژانەی رابردوودا، هەر كەسێك دەستی قەڵەمی بگرتایە، شتێكی لەسەر جەژنی نەورۆز دەنووسی. دوو خاڵی گرنگ سەرنجیان راكێشام: یەكەم، ئەوانەی ئەلف و بایان نەخوێندووە، چی لە یادەوەرییەك تێدەگەن، كە نزیكەی 2500 ساڵ پێش ئێستا روویداوە!!.

دووەم: كەم نین ئەوانەی خۆیان بە نوخبەو  رۆشنبیرو رەنگە خۆیان بە موفەكیریش ناو ببەن!!، كە باسی نەورۆزیان دەكرد، كاكڵی نووسینە سەقەتەكانیان بریتی بوو لە جنێونامە، جنێونامەیەك ئەوانەی ئەم جەژنە بە هی كورد نەزانن، ئەوا خائینن، جاشن، ....هتد!!.

     من ئەو پرسیارە دەكەم، ئەوانەی ئەو قسە قۆڕانەیان دەنووسی، بە خوێندەوارو نەخوێندەوارەوە،بە وردی مێژووی كوردو فارسیان خوێندۆتەوە؟! لە سەربردەی دروستبوون تا كۆتاییهاتنی ئیمپراتۆریای میدیایان خوێندۆتەوە، كە 370 ساڵ بەردەوام بووە؟! سەردەمی ئەژدەهاك Astyages دەزانن؟! كەمێك خۆتان ماندوو بكەن، خۆ ئیمپراتۆریای میدیا یان ماد ، یەكجار ئەوەندە كۆن نییە، دەیان كتێبی مێژوویی لەسەر نووسراوە، تەنانەت چەندین رۆمانیشی لەسەر نووسراوە، نەك تەنیا بە فارسی، بەڵكو بەزمانی عەرەبی و ...هتد.   سەردەمی ئەژدەهاك،  نووسین و خوێندن هەبووە، بۆیە ئەوەندە ئاڵۆز نییە، تەنیا كەمێك خوێندنەوەی پێویستە.

   ئێمە یان دەبێت، هەموو مێژووی رابردوو رەتبكەینەوەو مێژوویەكی تازەو نوێ بە قەد باڵای چیاكانی كوردستان بنووسینەوە،ئەمەش لە توانای هیچ هێزێكدا نییە، چونكە مێژووی نووسراو تازە پێچەوانە ناكرێتەوە.  یانیش دەبێت خوێندنەوەیەكی زانستیمان بۆ مێژوو هەبێت و لێكدانەوەی زانستی و واقیعی بۆ بكەین و پەنجە بخەینە سەر برینەكانمان و چارەسەریشیان بۆ دەستنیشانبكەین، ئەمە ئەركی خەڵكی دڵسۆزو نیشتمانپەروەرە.  

   گەلی برادەرینە ئێمەی كورد  1000 ساڵی دیكەش خەریكی بەیت و بالۆرە بین  نابین بە هیچ. با كەمێك خۆمان ماندوو بكەین،پیاسەیەك بەناو مێژوودا بكەین، ئەوكات دێنەوە سەر هۆش و لۆژیك، دێنەوە سەر نووسینی دەقی زانستی . واز لە قسەی بەتاڵ و ناشیرن بێنن. كوردایەتی بەمجۆرە ناكرێت. كوردایەتی بە ئەقڵ و ماندووبوون و شەونخوونی دەكرێت، دوور لە جنێودان بە هیچ كەسێك. بەس بزانم كە قسە دەكەن، دەمتان بۆ وەها پیسە. بەداخەوە بۆ ئەم نەتەوە بەد بەختە، كە هیچی لەباردا نییە. دەیان كتێبی قەبارە گەورە لەسەر ئیمپراتۆریای میدییەكان و ئەخمینییەكان نووسراون، بەڵام كاری رەخنەگر ئەوەیە بزانێ لە كوێ جیاوازییەكان و لێكتررازانەكان دەستپێدەكات.. یەك مێژووم پێ بڵێن بەڵام سسەرچاوەیەكی زانستی بێت باس لەوە بكات نەورۆز لەكاتی فەرمانڕەواییكردنی دیاكۆی دامەزرێنەری ئیمپراتۆری میدییەكان بووبێت. یەك سەرچاوەی زانستیم پێ بڵێ نەورۆز بباتەوە سەر سەردەمی كشتوكاڵی كە 12 هەزار ساڵ پێش ئێستایە.. سەرچاوەیەكی زانستی با باسی نەورۆز بكات كە پێش هەخامەنشییەكان هەبووە. ئەی لەگەڵ رووخانی ئیمپراتۆریای ماد نەبووە؟ با مێژوو تێكەڵ نەكەین تكایە.. تەنیا ئەو مەوسوعەی كە باس لە هاتنی كوروش دەكات تا هاتنی ئەسكەندەر كە مێژووی 370 ساڵ فەرمانڕەوایی ئیمپراتۆریای ئەخمینییەكانە 6 بەرگی قەبارە گەورەیە، زۆر شتی روونكردۆتەوە. یەك سەرچاوەی زانستی نادۆزیتەوە بڵێت نەورۆز لەسەردەمی دیاكۆی دامەزرێنەری ئیمپراتۆریای میدییەكان بووە.جگە لە دەیان كتێب و سەرچاوەی زانستی، چەندین رۆمانیش هەن  باس لەو سەردەمەی ئیمپراتۆریای ماد و رووخانەكەی دەكەن. شاهنامەی فیردەوسی كە 1000 ساڵ پێش ئێستا نووسراوەو، كۆنترین سەرچاوەیە لەمبارەیەوە، خۆ ئەویش باسی ئەم بابەتەی كردووە، بەڵام دیارە كەس نەیخوێندۆتەوە.

كارەساتی نووسین هیچ لەو كارەساتە سیاسی و ئابوورییانە كەمتر نییە، كە دەستی ناوەتە قوڕگی نەتەوەكەمان. كورد بەشێوەیەكی گشتی بەدوای بەیت و بالۆرەو بەدوای سۆزو عاتیفەی رووت كەوتووە، بەلای زانست و شەونخوونی و خۆماندووكردنەوە ناچێت.  بەداخەوە...

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×