پرسی مووچەی خانەنشینی

فوئاد سدیق
  2021-09-05     655
    پرسی بڕین یان راستكردنەوەی مووچەی خانەنشینی پلە تایبەتەكان  لەم یەك دوو رۆژە  بە گەرمی كەوتە بەر باس و، ئەمڕۆش هەڵوەستەی لەسەر كرا، تا ئەوكاتەی راژەو خزمەتی یەك بە یەكی فەرمانبەری پلە تایبەت  دێتە بەردەست، ئینجا بڕیاری پێویست و كۆتایی لەبارەیەوە بدرێت..
سەرەتا من نە داكۆكی لەو بڕیارە دەكەم، نە داكۆكیش لەو پلە تایبەتانە دەكەم كە مووچەكانیان بەشێوەیەكی كاتی راگیراوە، لەبەرچی؟ چونكە هەر پێدانی پلەی تایبەت بە زۆرێك لەو كەسانە هەر لە بنەڕەتدا هەڵە بووەو، هەندێك یان زۆرێك لەو پلە تایبەتانە شایانی ئەو پلەیە نەبوونە كە چەندین ساڵە وەریانگرتووە. لەوەش كارەساتبار تر هەندێك لەو پلە تایبەتانە، كە ئەمڕۆ مووچەكانیان راگیراوە، وەك بڵێی كێچ كەوتبێتە كەوڵیانەوە، بە راست و چەپ بە بەژن و باڵای خۆیاندا هەڵدەدەن، هەر شاباش شاباشیتیان و كەسیش نییە ئاوازێكیان بۆ بژەنێ!.لەكاتێكدا شایانی پلەی تایبەت نەبوون!.
  ئەمڕۆ بینیمان هەندێك لەوانەی دەستیان بە نووسینی رەخنە ئامێز گرتبوو، لەو بڕیارەی كە مووچەكانیان پێ راگیراوە، زیاتر ئەوكەسانە بوون، كە هەر لە بنەڕەتدا پێویستیان بەو مووچە كەمە نییە كە مانگانە وەریدەگرن، چونكە نەك هەر لە كوردستان بەڵكو لەناو ئەوروپاش خاوەنی چەندین خانوبەرەو خاوەنی چەندین ڤێلان. ماڵ و منداڵەكانیشیان هەر لە ئەوروپا دەژین، بەڵام لەوێش كرێچی نین ، بەڵكو ڤێلاكەیان لە بەرزترین شوێنی ئەو وڵاتەیە كە تێیدا دەژین. سەیرم پێدێت، كەسێك خاوەنی دەیان و بگرە سەدان ملیۆن دۆلار بێت، تەنیا ئەو ڤێلایەی منداڵەكانی تێیدا دەژین ، بەهاكەی زیاتر لە چەندین ملیۆن دۆلار بێت ، بەراستی جەسارەتی دەوێت بێی رەخنە بگری !.  كەس نییە پێی بڵێت جەناب تۆ بە چ پێوەرێك بووی بە پلەی تایبەت! بە چ پێوەرێك بووی بە خاوەنی دەیان ملیۆن دۆلار ! بە چ پێوەرێك پاسپۆرتی وڵاتێكی ئەوروپیت لە گیرفاندایەو ، هەر كاتێك حەزت لێبێت بۆی دەردەچیت و ، هەر كاتێكیش دڵت ویستی دەگەڕێیتەوە ئەم هەرێمەی ئێوە كاولتان كرد؟! سەیر كەن ئەم وڵاتە چی بەسەر هاتووە، راستیان گوتووە، هەتا خاوەن ماڵ دزی گرت، دز خاوەن ماڵی گرت!!.
  من دەیان كەس دەناسم پلەی تایبەتن، لە ژیانیشیاندا یەك رۆژ پێشمەرگایەتیان نەكردووەو، هەر پیاوی پێشمەرگایەتیش نەبوونە، كەچی بە پلەی تایبەت خانەنشین كراون، ئەمە تا ئێرە لەم هەرێمە وێرانەی ئێمەدا زۆر نۆڕماڵ و ئاساییە(كە لە جەوهەردا زۆر زۆر نائاسایی و نا یاساییە)، كەچی سەرباری ئەمانە، خۆی و منداڵەكانی لە ئەوروپا دەژین و ، ئەو مووچەیەی لێرە وەریدەگرن، زۆر پوختە دەیبەن لە ئەوروپا خەرجی دەكەن!. ئەمە لە كوردستان نەبێت، لە هیچ كونجێكی ئەو جیهانە كاری قێزەونی لەمجۆرە قبوڵ ناكرێت ، دەزانن بۆ؟ چونكە ئەمەش جۆرێكە لە خیانەتی نیشتمانی.. ئۆكرانیا دوای ئەوەی لە یەكێتی سۆڤێت جیا بووەوە، هەموو پشتبەستنی بەوانە بوو  كە نزیكەی سێ ٣ ملیۆن كەس لە دەرەوەی ئۆكرانیا  لە ئاوارەیی دەژیان، بەڵام ئەو (٣)ملیۆنە هاوكاری زۆری ئۆكرانیایان دەكرد بۆئەوەی رووبەڕووی قەیرانی ئابووری نەبێتەوە!!  سەیری ئەم هاوكێشەیە بكەن، كەچی خەڵكی ئێمە كە لە دەرەوە دەژین ، پارەو پوول و مووچە ئاودیوی  ئەوروپا دەكەن و پێی دەژین. تەئكید دەكەمەوە، هیچ وڵاتێك ئەمە قەبوڵ ناكات، تەنیا هەرێمی كوردستان نەبێت.
 لەگەڵ ئەوەشدا بێگومان، خەڵكانێكی زۆر مافی تەواوی خۆیانە مووچەی خانەنشینی وەربگرن، چ تەمەنێكی درێژیان لە پێشمەرگایەتی بردبێتە سەر، یان ئەوانەش تەمەنێكی درێژ فەرمانبەر بوونەو، پێویستە بە یاسا رێكبخرێتەوە، ئەمە مافێكی زۆر زۆر سەرەتایی و ئاسایی خۆیانە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×