شەڕو تەسلیمبوون و دەوڵەت

فوئاد سدیق
  2022-06-20     642

ئیبن خەلدون (1332 – 1406ز)واتا نزیكەی حەفت سەدەیە ، جەختی لەوە كردۆتەوە، كە  عەشیرەت دەتوانێت دەوڵەت دروستبكات و بشیپارێزێت.ئینگلیزەكان ئەو بۆچوونەی ئیبن خەلدونیان باش هەزم كردبوو، بۆیە یەكەم رۆژهەڵاتناسی ئینگلیز لە رێگای (گێرترود بێل  Gertrude Bell   14 تەموز 1868 - 12 تەموز 1926)و هەروەها تۆماس ئیدوارد لۆرانس Thomas Edward Lawrence 16 ئاب 1888 - 19 /5/1935) و چەند هاوكارێكی دیكەیانەوە، پەنایان بۆ عەشیرەت برد بۆئەوەی بتوانن لە عێراقدا دەوڵەتێك دابمەزرێنن. هەر واشیان كرد.

جگە لە عێراق لە وڵاتانی كەنداوو زۆربەی وڵاتە عەرەبییەكانیش بە هەمانشێوە، دەوڵەت لە رێگای عەشیرەتەوە دامەزراوە. ئێستاش لە وڵاتێكی وەكوو مەملەكەتی ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو، دوو عەشیرەت  یان وردتر بڵێین تەنیا دوو خێزان رۆڵی بنچینەییان هەیە، بە پلەی یەكەم خانەوادەی  ئال نهیان و ئەویتریش خانەوادەی  ئال مەكتوم ە. كەچی ئیمارات وڵاتێكە لە ئێستادا هەموو جیهان چاوی لەسەر كردۆتەوەو سەرسامن بەو پێشكەوتنانەی بەردەوام لەدوای یەكەوە دێن.

با پرسیارێكی واقیعی بكەین: ئایا  هەرێمی كوردستان بە كەسانێك دەپارێزرێن كە هێزێكی لەبن نەهاتوویان لە سەرچاوەیەكی عەشیرەتگەراییەوە وەرنەگرتبێت؟  بە ڕاست با نزیكتر ببینەوە، ئەو كازمییەی كە ئێستا سەرۆك وەزیرانی عێراقە كە ئەمریكاو رۆژئاواش پشتگیری لێدەكەن، زۆر بڕیار هەیە دەتوانێت بیدات؟ ئەی ئەگەر بیدات كێ بۆی جێبەجێ دەكات؟!.  لەبیرمە كاتێك خاوەن هێزێكی چەكدار پێیگوت، وەكوو بزن گێت دەبڕین. ئەمە شكۆی سەرۆك وەزیرە ؟!!.

با بێینەوە سەر هەرێمی كوردستان، لەماوەی ئەو 30 ساڵەی رابردوودا، ئەگەر سەرۆك بارزانی نەبوایە، ئێستا هەرێمی كوردستان لەو دۆخەی ئێستا دەمایەوە؟ من ناڵێم لەوە زیاتر نەدەكرا. ناشڵێم ئەوەندە بەسە كە كراوە، نەخێر، بەڵام دەشبێت واقیعبین بین، ئەو تەحەدییە زۆرو بەردەوامانەی بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان هەبووە، هەر  جەنابی سەرۆك بووە، بەرەنگاری تەحەدی و هەڕەشەكان بۆتەوە، هەر جەنابی سەرۆك بووە، لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی هەرێمی بەردەوام لە كێشەدا بووە. ئەگەر جەنابی سەرۆك نەبوایە من دڵنیام ئێستا هەرێمی كوردستان كەوتبووە ژێر پۆستاڵی حەشدی ناشەعبی .  

  باشە با بچینە ناو وەڵامی پرسیارێكی دیكە، كێ لە بەرانبەر ئەم هەموو تەحەدی و هەڕەشە بەردەوامانە دەوەستایەوە؟ بینیمان یەكێتی نیشتمانی لەدوای ساڵی 2003  لەگەڵ بەغدا پەیوەندییەكانی بەرەو چ ئاراستەیەك بردووە،  لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی چۆنە، لەكاتێكدا سلێمانی وەكوو شار  خەریكە هەڵدەوەشێتەوە. لە راستیدا مرۆڤ كە روودەكاتە شاری سلێمانی خۆزگە بە ساڵانی حەفتاكان و هەشتاكانی سەدەی رابردوو دەخوازێ، ئەوكات سلێمانی شار بوو بەواتای وشەی شار، بەڵام ئەی ئێستا  ؟!!.

  كاتێك بزووتنەوەی گۆڕانیش لەناو هەناوی یەكێتی هاتە دەر، هەموو سلێمانی بۆی هەستایە سەر پێ، بەڵام ئەم بزووتنەوەیە بە هەمووانی وت دانیشنەوە، ئێمە ئەوە نین بۆمان هەستنە سەر پێ. دۆخێكی دروستكرد، لەناو تەواوی مێژووی حیزبی سیاسیی هەرێمی كوردستان، بەوجۆرە نەیانتوانیوە خەڵك نائومێد بكەن و ئیرادەكەیان بكوژن.

كورد دەبێ واقیع بخوێنێتەوە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی واقیع ناتوانین ئاسۆی ئایندە ببینین. بزووتنەوەی گۆڕانمان بینی چ دروشمێكیان بەرزدەكردەوەو چۆن هاتن بوون بە ئۆپۆزیسیۆنێكی ركابەر بۆ پارتی و یەكێتی ، كەچی ئێستا ئەوەندەی ئەوان خەریكی دەسەڵات و ...،  هیچ حیزبێكی دیكە لەم هەرێمە ئەوەندە متووی دەسەڵات نییە. زۆرجار لەبەر خۆمەوە دەڵێم ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان بەقەد پارتی دیموكراتی كوردستان هێزی هەبوایە، ئاخۆ ئەو كوردستانەی بەرەو چ هەڵدێرێك دەبرد.

من لەگەڵ ئەوەدام رۆشنبیر رۆڵێكی راوێژكاریی چالاكی پێ بدرێتێ، بەڵام مەرج نییە بڕیار وەرگرتن لای رۆشنبیر بێت. بینیمان ئەوەی لە 17 ی شوبات روویدا، ئەو بەیاننامەیە لەلایەن كێوە نووسرابوو، ئەمە هەڵەیەكی مێژوویی نەبوو؟!

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا رۆشنبیران لەم هەرێمە زۆر پەرتەوازەن و ، لە دۆخێكی زۆر خراپدان، كەس ئامادە نییە گوێ لە كەس بگرێت، ئەرێ گەلی برادەرینە خۆ ئەوەش خەتای پارتی و یەكێتی نییە.  رۆشنبیران خۆیان متمانەیان بە خۆیان نییەو ، هیچ بەرنامەو پلانێكیشیان نییە. بۆیە لە پەراوێزكردنیش  زیاتر پەراوێز كراون.

  ئەم قۆناخەی ئێستا بەبێ كاریزمایەكی وەك سەرۆك بارزانی ، رووبەڕووی هەڵدێرمان دەكاتەوە، بینیمان یەمەن و لیبیا ، چیان لێ بەسەر هات و، ئێستا هەر هەموو گەلی یەمەن و لیبیا خۆزگەیان بۆ سەردەمی پێشوو دەخوازن. ئەمە جگە لە بەكوشتدانی ئەم هەموو خەڵكەو بەهەدەردانی سامانی نیشتمانی و ناجێگیری  و......هتد. لەكاتێكدا ئەوان دەوڵەتن و خاوەنی سەروەری خۆیانن. ئەی باشە ئەگەر هەرێمی كوردستان بكەوێتە دۆخێكی وەهاوە، كێ دەتوانێ رزگاری بكات، لەكاتێكدا هێشتا هەرێمێكین سەر بە عێراقی عەرەبی و هەمیشە حەشد چاوەكانی لەسەر هەرێم زەقكردۆتەوەو ، رۆژانە خەڵكی سەر سنووری دووزخورماتوو  دەوروبەری خانەقین و جەلەولا دەكەونە ژێر پەلاماری ئەوان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×