هەنگاوێك بە ئاراستەیەكی دروست

فوئاد سدیق
  2021-02-19     761
كاتێك دەمانەوێت ئاراستەی كاركردنی ئێستاو ئایندەی نەتەوەو وڵاتێك دەستنیشانبكەین، پێویستە پێشوەختە، لێكدانەوەیەكی وردی ئەو نەتەوەو وڵاتانە بكەین، كە ئاخۆ لەتوانادا هەیە ئەو هزرو سیاسەتەی بەسەردا بسەپێنرێت یان نا.. بۆنموونە ئێران هەر لە زووەوە خزمایەتییەكی لەگەڵ رەگەزو شارستانێتی ئاریایی هیندی هەبووە، ئەم خزمایەتییە وای لە گەلی ئێران كرد، نەچێتە ژێر باری سیاسەتی رۆژئاوایی، چونكە نەیتوانی هەزمی هزرە فەلسەفییەكانی رۆژئاوایی بكات، هەر لە فەیلەسووفەكانی رێنیسانسەوە تا دەگاتە فەیلەسووفەكانی رۆشنگەری و سەردەمی مۆدێرنەو پۆست مۆدێرنە، بە فەلسەفەی ماركسیزمیشەوە. چونكە ئێران مۆركێكی رۆژهەڵاتی بەخۆوە گرتووەو لەگەڵ شارستانێتی ئاریایی هیندیدا هاوخوێنە، ئەمە بچمێكی جیاوازی بۆ وێناكردووە، كە هیچ سەركردەیەكیش ناتوانێ ئەم هزرو فەلسەفەو ئەم كولتوورە رۆژئاواییە بەسەر گەلانی ئێراندا بسەپێنێ. بەتایبەتی وڵاتی فارس تا رادەیەكی زۆر لەسەردەمی ساسانییەكان كاریگەری كردبووە سەر شارستانێتی رۆمان و كاریگەری رۆشنبیریشیی بەسەر دەوروبەری خۆیدا تەواو بڵاو ببۆوە، بە رادەیەك گەیشتبووە ئەوروپای رۆژئاواو ئەفریقاو چین و هیند. ئا لەبەر ئەوەیە ،ئێستاش گەلانی ئێران لایان ئاسانترە فەلسەفەی بوداییزم وەربگرن، نەك ماركسیزم. تەنانەت لە رووی هونەریشەوە كاریگەری كردبووە سەر جۆرەكانی هونەر لە سەدەكانی ناوەڕاستدا.. كە باسی كولتوور دەكەین، بەهاو ئایین و هونەرو خۆراك و جلوبەرگ و زۆرشتی تریش دەگرێتەوە، دەبینین ئێران لە هەموو ئەوانەی كە لەكۆتاییدا كولتوور پێكدەهێنن زۆر جیاوازن لە ئەوروپا. بەهاتنی ئیسماعیل ی سەفەویش دۆخەكە زیاتر بەناخی رۆژهەڵاتیدا رۆچوو، سنووری وڵاتەكەشی توانی ئازەربایجان و عێراق و باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆل بگرێتەوە،سوڵتان سەلیمی یەكەم نەبوایە، ئێران زۆر فراوانتر دەبوو، خۆ ئەگەر شا ئیسماعیل ی سەفەویش نەبوایە، دەسەڵاتی هەژموونی عوسمانییەكان، ئێران و چەندین وڵاتی دیكەیشی دەخستە ژێر هەژموونی خۆیەوە، بەیەكدا هەڵشاخانی ئەم دوو هێزە، هەردووكیانی تەواو ماندوو كرد..
گاندی بەناو شارستانێتی هیندیدا قووڵبووەوە، ئەم شارستانێتییەش ئاستی پێشكەوتنی بۆ ئەمڕۆ بەپێی پێویست نییە، بۆیە نەیتوانی تەكانێكی گەورە بە هیندستان بدات و، ئێستاش هیندستان وڵاتێكە لە رووی ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە پێشكەوتنێكی گەورەی بەخۆیەوە نەبینیوە، بەڵام چین توانی بازێك بەسەر ئەو سیاسەت و نەریت و كولتوورەی خۆی بدات و ماركسیزمی بەخۆوە گرت و بەو شێوازەی كە خۆی دەیویست پێڕەوی لێكرد، بەمەش دەرگایەكی گەورەی بەسەرخۆیدا كردەوە، چ لە بواری ئابووری، چ لە بواری كۆمەڵایەتی و پێڕەوكردنی سیستەمێكی نوێ بۆ ژیان..(هەزمكردنی ماركسیزم لای چینییەكان خۆی بابەتێكی گرنگ و سەرنجڕاكێشە، لە باسێكی دیكەدا دەچینە سەری).
كوردستان خاوەنی پاشاو میرو ئیمپراتۆریای ساسانی و میدییەكانە، ئەو ئیمپراتۆریایە، هەڵگری هەمان كولتوورو شارستانێتی ئێرانی- هیندییە. كورد لە سەردەمی سۆمەرییەكاندا رۆلێكی كارای هەبوو، چ لە بەڕێوەبردندا، چ لە بواری پیشەسازی و كشتوكاڵدا، بەڵام لەوكاتەوەی سەرجۆنی ئەكەدی وەك ئیمپراتۆرێك عەرشی دەسەڵاتی كەوتە ژێر دەست، كورد لە شوێنی خۆی چەقی، یان دەتوانین بڵێین هەنگاوێك بۆ دواوە كشایەوە، بەڵام توانی دواتر دەوڵەت پێكەوە بنێ، ساسانییەكان و دەوڵەتی میدیا، دوو هێمای بەرزو مەزنی ناو مێژوون كە بە خوێنی كوردو بە رەنجی كورد پێكهاتووە، بەڵام كە ئیسلام هات (لەسەردەمی عومەری كوڕی خەتاب) ساسانییەكانیان تەفروتونا كردو كوردستانیان داگیركردو، ژنەكانیان كردە كەنیزەو بۆخۆیانیان بردو، بەمەش كولتوورو بەهای كۆمەڵایەتی و مێژووەكەیشی هەمووی ئەنفال كرا، فەرموون پێمبڵێن ئەم هەموو كوشتن و قەتل و عامكردن و ئەم داگیركارییەی ئیسلام تا ئێستا سوودو دەستكەوتەكەی بۆ كورد چی بووە؟
بیركردنەوەی نوێی ئەوروپا، ئەو بیركردنەوەیەی كە توانی بەتەواوی خۆی لە سەدەكانی ناوەڕاست داببڕێت، بەهۆی فەلسەفە بەناوبانگەكەی گومان بوو، كە بوو بە بەردی بناخەی بیركردنەوەی رۆژئاواییەكان و، بۆ یەكەمجار دیكارت ئەو دەستوورەی دانا(ئەو دیكارتەی تا ئەمڕۆش لە ئەوروپا بە باوكی فەلسەفەی نوێ دادەنرێت). دوای دیكارت بەردەوام دەستووری نوێ و نوێتر دەهاتنە ئاراوە، هەموو ئەو دەستوورە فەلسەفییانە بوون، توانیان ئەوڕوپاو رۆژئاوا بگەیەنن بە رۆژو رۆژگاری ئەمڕۆ.ئەم فەلسەفەو بیركردنەوانە، لە ئەوروپادا هێزی ئایەتە ئاسمانییەكانیان هەبوو، ئەو هێزەیان پێ نەدرابایە، ئێستاش رۆژئاوا، بە كۆمەڵێك دەردو پەتای ئەقڵییەوە دەیناڵاند، وەك چۆن دەبینین رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناوجەرگەی ئەو پەتای بیركردنەوانەدایەو ناتوانێ خۆی لێ قورتار بكات... ئەی ئێمەی كورد، كە خاوەنی ئیمپراتۆریای ساسانییەكان و میدییەكانین( سنووری ئیمپراتۆریای ساسانییەكان ئەم وڵات و شوێنانەی گرتبۆوە: ئێرانی ئەمڕۆ، عێراق، بەشێك لە ئەرمینیاو بەشێك لە ئەفغانستان، بەشی رۆژهەڵاتی توركیا، چەند بەشێكیش لە پاكستان). دەبا بپرسین، ئەی ئەمڕۆ ئێمەی كورد لەسەر كام دەستوورو كام فەلسەفە دەڕۆین، وەڵامەكەی تەنیا ئەوەیە، ئێمەی كورد ئەمڕۆ نە خاوەنی دەستوورێكین و نە فەلسەفەیەك، نە دەشتوانین سنوورێكی جێگیركراوی خۆمان دەستنیشانبكەین، نە لە رووی ئیدارەدانیش دڵنیاییەك یان دنیابینییەكمان هەیە. بەڵام دەبێت هەر ئاوا دەستەوەستان بمێنینەوە؟ ئەی نابێت وەرچەرخانێك لە ژیانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیریمان دروست ببێت، كە نزیكەی(١٤٠٠)سالە هیچ وەرچەرخانێكی لەمجۆرە لەناوماندا سەریهەڵنەداوە!
ئەوەی من دەیبینم كورد لەم هەرێمە پێویستی بە ئاراستەیەكی نوێی فیكری و سیاسی تازە هەیە، ئەو ئاراستە فیكرییەش لەدایكبوونەكەی ئەوەندە سەخت نییە، بەقەد ئەوەی هەزمكردنەكەی زۆر سەختە، بۆیە لە ئێستادا پێویستمان بە كۆنگرەیەكی نیشتمانی هەیە، كە نوخبەی سیاسی و رووناكبیری كاری لەسەر بكەن، بۆئەوەی لەنێو پاشماوەی ئەم هەموو دەردو پەتایەی كە(١٤٠٠)ساڵە لەناو خوێنماندا دەگەڕێت، نەیهێلین. زۆرن ئەو وڵاتانەی دنیا كە توانیان ئەو دەردو پەتایەی نێو خوێنیان بكوژن، چین، كۆریای باشوور، تایوان، كرواتیا، روانداو...هتد.ئەی ئێمەی كورد بۆچی دەستەوەستان بین و هەمیشە خەریكی كەوڵكردنی یەكتری بین!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×