ئەمەل جەلال دەیەوێت چیمان بۆ بكات؟!

فوئاد سدیق
  2020-12-24     1484

دوو مانگێكە ئەمەل جەلال، وەك سەرۆكی دەستەی گەشت و گوزار دەستبەكار بووە، پێشتریش ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان بوو، ئەو دوو سێكتەرەی خاتوو ئەمەل كاری تێدا كردووەو دەیكات، بۆ هەرێمی كوردستان یەكجار گرنگن، بەڵام بەداخەوە بینیمان ئەنجومەنی كاروباری خانمان، لەجیاتی داكۆكیكردنیان لە كچ و ژنی هەڕەشەلێكراو، كەچی  بارقوڕسییەكی زۆریان خستبووە سەر حكومەت و، هیچ رۆڵێكیشیان لە داكۆكیكردنی ئافرەتانی كوردستان نەبوو. بەجۆرێك ئافرەتانی كوردستان هەستیان نەدەكرد ئەنجومەنێك هەیە بۆ كاروباری ئەوان دروستكراوە. چونكە ئەو ئەنجومەنە تەنیا خەریكی ئیمتیاز دابەشكردن بوون بەسەر خۆیاندا، بەداخەوە ناوبانگێكی خراپیان بۆ خۆیان دروست كرد. ئێستا ئەم خاتوونە ماوەی دوو مانگێكە سەرۆكایەتی دەستەی گەشت و گوزاری پێ دراوە، لەجیاتی ئەوەی بیر لە دروستكردنی كۆمەڵێك هاوینەهەواری سەردەمیانە بكاتەوە، كە كوردستان هەر شوێنێكی بۆی بچی وەك شیعرە زیندووەكانی گۆران ی شاعیرە، كە چەندین شیعری بۆ سروشتی كوردستان نووسیوە (گەشت لە هەورامان، گەشت لە قەرەداغ) ئینجا چەندین شیعری دیكەی لەچوارچێوەی (سروشتی جوان) نووسیوە، یان شیعری(كوردستان)و دەیان شیعری دیكە،كە وەسفی جوانی دیمەنی كوردستان دەكەن. بەڵام پێناچی خاتوو ئەمەل دیوانی گۆرانی هەر بینیبێ!.بەڵێ لەجیاتی ئەوەی بیر لەوە بكاتەوە، لەهەر لاوە، بڕوانیتە هەر شوێنێكی كوردستان  دڵفڕێن و دڵگیرە، كەچی هاتووە بە پەلە پرووزێ سەردانی شێخ نەهرۆی كەسنەزانی كردووە، بۆئەوەی مەرقەدێك بۆ باوكی نەهرۆ لە سلێمانی دروستبكات لە شێوەی تەقدیسكردن و بەپیرۆز كردن، وەك چۆن لە نەجەف و كەربەلا عاشورایان هەیە، خەڵك دەچێتە سەر مەزاری ئیمامی حوسێن (ئیمامی حوسێن، سەری لە میسرەو تەنیا جەستەی بێ سەری لە عێراقە!) ئاوەها لە كوردستانیش هەفتەیەك یان مانگێك تەرخانبكرێ بۆ ئەو بە پیرۆزكردنە!! وەك بڵێی كوردستان گرفتی كەمی هەبووبێت، تا ئەو گرفتەش بخرێتە سەری.


  بەداخەوە، لەم هەرێمە، هەر بەرپرسێكەو بە ئارەزووی خۆی و بە ئاستی ئەقڵییەتی خۆی، بڕیار لەسەر كارو پلان و ستراتیژ دەدات، ئەگینا بڕوا ناكەم، كارێكی لەمجۆرە هیچ دیراسەو لێكۆڵینەوەیەكی لەسەر كرابێت، بەتایبەتی كارێكی لەمجۆرە، پەیوەندی راستەوخۆی بە وەزارەتی ئەوقاف و وەزارەتی شارەوانییەوە هەیە. نازانم تا چەند ئەم دوو وەزارەتە ئاگاداری كارێكی لەمجۆرەن، بەڵام ئەوەندە دەزانم رێگەپێدان و رەزامەندیكردن لەسەر دروستكردنی مەرقەدلادێك لە تەنیشت زانكۆی ئەمریكی بە رووبەری حەفتا (٧٠) دۆنم زەوی، كارەساتێكی گەورەیە. ئالێرەدایە نوخبەی كوردی بەتایبەت نووسەرو رۆشنبیران پێویستە ناڕازیبوونی خۆیان بە دەنگی بەرز و بە یەكگرتوویی رابگەیەنن و رێگە بە كارێكی لەمجۆرە نەدەن و هەموو هەوڵێك بدەن، بۆئەوەی ئەو پلانەی ئەمەل جەلال دایناوە، یان بەسەریدا سەپێنراوە، پووچەڵ بكەنەوە.


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×