هەمیشە وەحشیگەری
فوئاد سدیق
2020-12-29   679
لەو رۆژەوەی كۆیلەو كۆیلەدار دروست بووە، كە مێژووەكەی سەرەتای پەرەپێدانی هێزی مرۆییە، قۆناخی وەحشیگەریی دەستیپێكردووە، بەدرێژایی ئەم ماوەیە كە سەدان هەزار ساڵ زیاترە(چونكە مێژووی مرۆڤ بۆ پێنج ملیۆن ساڵ دەگەڕێتەوە)، ئیتر بە درێژایی سەرهەڵدانی سەردەمی كۆیلەو كۆیلەدار،ململانێ لەپێناوی وەدەستهێنانی ماف و بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و زۆرداری سەریهەڵداوە، ئیتر ئەم مێژووە دوورو درێژە، بە خوێن نووسراوەتەوەو بە كەللەی سەری مرۆڤ و ئێسك و پرووسكەكەی بونیاد نراوە،مێژوویەك ئێستا لەهەموو كاتێك زیاتر لەناو خوێندا نەخشی خۆیدەكات!. بەدرێژایی ئەم ماوەیەو بەم هەموو خوێن بەخشینە بۆ ئازادی و پاراستنی كەرامەت، بەڵام داگیركەران(بە هەردوو رووەكەیەوە، داگیركردنی خاك و داگیركردنی دڵ و مێشكی مرۆڤ)تا ئێستا توانیویانە بە زەبری هێز خۆیان بهێلنەوەو، بەردەوام بن لە داگیركردن. لە شۆڕشی كۆیلەكانەوە، بەناوی شۆڕشی سپارتاكۆس، تا شۆڕشی مەزنی فەرەنساو لەوێوەش تا شۆڕشی ئۆكتۆبەرو ئینجا تا سیستەمی نوێی جیهانی و لەوێوەش تا سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆڕۆنا، مرۆڤایەتی،زیاتر كەوتۆتە بەر هەڕەشەو تۆقاندن، لە بواری فیكریشدا. لە سۆفستاییەكانەوە، تا هیراكلیتس و سوقرات ، لەوێوەش تا رێنیسانس و رۆشنگەری و مۆدێرنێتەو مردنی خوا لای نیچە، ئینجا فەیلەسووفانی پۆست مۆدێرنێتە، تا دەگاتە جیهانگیری و دەیان قوتابخانەی دیكەی فیكری، هەموو ئەمانە چ شۆڕشە سەربازی و سیاسییەكان، چ شۆڕشە فیكری و فەلسەفییەكان، چ ئایینە ئاسمانییەكان، هیچیان! بەڵێ هیچیان نەیانتوانی مرۆڤایەتی لە كۆیلەكردن و لە پێشێلكردنی كەرامەت و لە زوڵم و زۆرداری ، رابگرێ.نەك هەر ئەوەندە ئەمڕۆ لە هەموو كاتێكی پێشوو زیاتر مرۆڤایەتی كەوتۆتە بەر شەپۆلێكی سەرشێتی لەناوچوون و داگیركردن. مرۆڤایەتی چەند زیاتر پێشدەكەوێ، بەقەد پێشكەوتنەكەی مرۆڤایەتی زیاتر دەخاتەوە ژێر غەدرو ریسواكردنی.تاكە شتێك كە گۆڕابێت، شێوازی داگیركردن و زوڵم لێكردنەكان گۆڕاوە، لە ژێر دروشمی دیموكراسی و مافی مرۆڤدا، مرۆڤایەتی كەرامەتەكەی ئەتك دەكرێ، سیناریۆی جۆراوجۆری لەسەر دەردەهێنرێ.
ئەمڕۆ دەیان جەنگیزخان(تیمۆجین) و هۆلاكۆو تەیمورلەنگ(ئەمانە هەر سێكیان دەچنەوە سەر خوێنی یەكتری)و سەلاحەدینی ئەیوبی و ئەسكەندەری مەكدۆنی وخالیدی كوڕی وەلیدوكورشی گەورەو دەیان و سەدانی دیكە ماون، بەڵام ناوەكانیان گۆڕاوە.
شەڕی چەوساندنەوە لە تاكە بەهێزەكانەوە(ئەوانەی جەستەیەكی بەهێزیان هەبوو)دەستی پێكردو بوو بە بنەماڵەو تیرەو خێڵ ، دوایی لەناو بەرگی حزب دا خۆیان دروستكردەوە، ئەمڕۆش بەدامەزراوەیی كراون و، لەهەموو كاتێك زیاتر مرۆڤایەتی كەوتۆتە بەر رەشەبای توندی لەناوچوون.