فەلسەفەو فەیلەسووف

فوئاد سدیق
  2023-11-17     325

 بە درێژایی مێژووی فەلسەفە كە 2500 ساڵی تێپەڕاندووە، زۆر فەیلەسووف هاتن و ناوبانگی زۆریان بۆخۆیان دروستكرد، زۆر فەیلەسووف هاتن و قوتابخانەیەكی فیكری و فەلسەفییان دامەزراند، لە فەلسەفەی كلاسیكدا ئەفلاتون و ئەرستۆ دوو فەیلەسووفی زۆر مەزنن، ئەرستۆ بە درێژایی سەدەكانی ناوەڕاست چووبووە نێو سیستەمی لاهوتی و سیاسی و فەلسەفی ، ئەفلاتونیش كاریگەریی خۆی پاراستبوو، تەنانەت تا نیوەی دووەمی سەدەی بیستیش  لای زۆرێك لە فەیلەسووفەكان ئەفلاتون هەر جێگای مشتومڕی فەلسەفی بوو.

   دیكارت بوو بە باوكی فەلسەفەی نوێ،  فرۆید بوو بە دامەزرێنەری قوتابخانەی شیكاری دەروونی، كانت قوتابخانەیەكی دانا، دەیان فەیلەسووفی بۆ دوای خۆی دروستكرد. بەڵام هیچ فەیلەسووفێك نەیتوانی بەقەد ماركس بچێتە ناو خوێن و بیركردنەوەی زۆرترین جەماوەری دنیا. هیچ فەیلەسووفێك نەیتوانی وەكوو ماركس لە سەردەمی خۆی تا خۆی لە ژیاندایە ببینێت دەیان ملیۆن كەس بەدوای فیكرو فەلسەفەكەی كەوتوونە. هیچ فەیلەسووفێكیش نەیتوانی بەقەد ماركس كاریگەری توند بخاتە سەر سیستەمی سەرمایەداری و رۆژانە ئەو سیستەمە بلەرزێنێت و هەڕەشەی لەناوچوونی بكاتەوە. هیچ فەیلەسووفێكیش بەقەد ماركس دژی بۆ دروست نەبوو، چی فەیلەسووف و هزرڤان هەبوون كە لە سەردەمی ماركسدا دەژیان دژی ماركس وەستانەوە، بەڵام ماركسیش زۆر بە توندی یەك بە یەك دژی هەموویان وەستایەوەو فەلسەفەكەی خۆی پێ دەخستە روو. زۆربەی كتێبەكانی ماركس لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی دژو نەیارەكانی هاتوونەتە بەرهەم. هەر لە  بنەماكانی رەخنەی ئابووری سیاسی و لەبارەی فۆیرباخەوە، تا دەگاتە  نەهامەتی فەلسەفەو ئەنتی دۆهرینگ و رەخنە لە فەلسەفەی مافی هێگڵ و سەرمایەو .......هتد.

     ئاخر نیچەو داڤید هیوم و شۆپینهاوەرو  دەیانی دیكە، لەسەردەمەكەی خۆشیاندا تا لە ژیاندا بوون، كەس كتێبەكانیان نەدەكڕی، كڕیاریان نەبوو، كەچی كڕیاری كتێبەكانی ماركس  هەموو سنوورێكی سەر گۆی زەوی بەزاندبوو.  بوونی ئەم هەموو كڕیارە بۆ كتێبەكانی ماركس چ لە سەردەمی ماركس و چ دوای مردنی ماركس بەتایبەت سەدەی بیست، دۆخێكی دروستكردبوو، ماركس گەیشتبووە ناو هەموو ماڵێكی ناو ئەم جیهانە، چ ئەوانەی موریدو پێڕەوییان لێدەكرد، چ ئەوانەش دژی فەلسەفەكەی بوون، كەس نەبوو شتێكی با كەمیش بێت لە فەلسەفەكەی ماركس نەخوێنێتەوە، سەدەی بیست بەهێزترین فەیلەسووفی جیهان بوو، هەموو ئایدیۆلۆژیایەك پێویستی بە خوێندنەوەی هەبوو، بونیادگەراكان، وجودییەكان، سوریالییەكان، بۆرژواییەكان....هتد.  

   ئەمە لەبەر ئەوە نەبوو، فەلسەفەكەی ماركس رەسەنەو ، فەیلەسووفەكانی تر رەسەن نین، نەخێر  هەرگیز شتی وا نەبووە. زۆر فەیلەسووف هەن لە ماركس زۆر قووڵترو وردتر فەلسەفەكەیان داڕشتووە.  كانت و نیچە،لە ماركس كەمتر نەبوون، بەڵام فەلسەفەكەیان جەماوەریی نەبوو، كڕیاریان نەبوو... دەنا نیچە لە ماوەیەكی زۆر كورتدا، عەرشی جیهانی فەلسەفەی  هەژاند، ئێستاش نیچە  دوای زیاتر لە سەدەیەك فەلسەفەكەی زیاتر كڕیاری لە كڕیاری سەردەمەكەی خۆی یەك بە ملیۆنەو لەناو مێشك و خەیاڵی هەموو رۆشنبیرێكدایە. كێ دەتوانێ نیچە فەرامۆش بكات و باسی مرۆڤی باڵاش بكات؟!. بۆیە نیچەش كڕیاری نوێی هەیە، بەڵام كوا سپینۆزاو هیگڵ و هیوم و دەیانی دیكە كڕیاری بەردەوامیان ماوە؟!. هیگڵ هەموو ئاواتی ئەوەبوو وەكوو ئەرستۆ بتوانێ هەزار ساڵێك كڕیاری بەردەوامی هەبێت، بەڵام بەختی ئەرستۆ ئەوەبوو كەس دوای خۆی نەهات تا كۆپەرنیكۆس و دیكارت هاتن، بەڵام سەردەمەكەی هیگڵ وا نەبوو، زوو ماركس هات و قڵپی كردەوە، ئەمە جگە لە نیچەو شۆپینهاوەر ، نیچە بە چەكوشەكەی سەری هیگڵی وردو خاش كرد. بۆیە هیگڵ نەیتوانی تەنانەت سەدەی نۆزدەش بەسەر خۆیدا تاپۆ بكات. لەكاتێكدا ئەرستۆ هەزار ساڵ ژیا.

   ئەوەی جێگای وردبوونەوەیە ئەوەیە، هێشتا هەڵوێست وەرگرتن لەسەر فەلسەفەی ماركس (جا ماركسیزم  ئایدیۆلۆژیا بێت یان میتۆدێكی ماتریالی بۆ مێژوو بێت یان رەخنەگرتن لە مێژوو بێت، یان گۆڕینی مێژوو بێت، یان هەر چییەك بێت) بابەتی دیالۆگێكی كراوەیەو دا نەخراوە. چونكە هێشتا كڕیاری  خۆی ماوەو ژمارەكانیشی زۆرن. تەنانەت دوای رووخانی یەكێتی سۆڤێت و راگەیاندنی سیستەمی نوێی جیهانی و مردنی ئایدیۆلۆژیاو  هاتنی جیهانگەرایی ، كەچی هێشتا ماركس دوای ئەم هەموو گۆڕانكارییانە هێشتا هەر دیالۆگێكی كراوەیەو دانەخراوە، بۆیە لە راستیدا ماركس پێویستی بە خوێندنەوەیەكی جیاوازتر هەیە.  لەكاتێكدا ماركس یەكەم كەس نەبوو باس لە ئابوورییەكی سۆشیالیستی  یان سیستەمێكی سۆشیالیستی بكات ، دوایین كەسیش نەبوو لەو بارەیەوە بدوێ، بەڵام ماركس بە تەنیا  بوو بە چەقی فیكریی ئەو بابەتە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×