كۆڕۆنا مرۆڤایەتی لەخەوێكی قوڵ بەخەبەرهێنا
فوئاد سدیق
2020-03-29   955
ئەگەرچی ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە كۆتاییەكانی 2019 بڵاوبووەوە، بەڵام لە ئاداری ئەمساڵەوە،بەتایبەتیش لەم دوو هەفتەی دوایی ئەم مانگی ئادارە، تیۆریست و هزرڤانان، كەوتوونەتە گفتوگۆی جدی لەسەر پێكهاتەی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە دوای كۆتاییهاتن بە ڤایرۆسی كۆڕۆنا.. چونكە ناسنامەی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی پێویستی بە پێناسەیەكی دیكە هەیە، زۆر جیاواز لەوەی پێش ڤایرۆسی كۆرۆنا هەبوو ، ناكرێ 400 ساڵ پێش ئێستا تۆماس هۆبز زەنگی مرۆڤ گورگی مرۆڤە لێبدات، كەچی 400 ساڵە كێبڕكێی مرۆڤ لەسەر ئەوەیە كامەیان دەبێتە گورگی كامەیان!. ناكرێ تێكڕای كۆمەڵگای مرۆڤایەتی وەك گوركی برسی بەرانبەر یەكتری بڕوانن،ئەمە چ كۆمەڵگایەكە !. چەندین ساڵە گوێمان لە سندوقە رەشەكە دەبێت یان دەبیستین كە جیهان بە یەك دوگمەی سەرۆكە زلهێزەكان بەتایبەت ئەمریكا وێران دەبێت، كەچی هەموو فەیلەسووفەكان بە هەندیان وەرنەدەگرت، چۆن جیهانێك كە 5 ملیۆن ساڵە مرۆڤی وەك مرۆڤ لەسەر دەژی بە داگرتنی دوگمەیەك جا لەلایەن هەر كەسێكەوە بێت، جیهان خاپوور بكرێت. كاتێك ترامپیش بوو بە سەرۆكی ئەمریكا فەیلەسووفە بەناوبانگەكانی وەك فۆكۆیاما و تەنانەت تۆماس فریدمان و چەندانی دیكە ئاشكرایان كرد كە ترامپ هی سەرۆكایەتی وڵاتێكی وەك ئەمریكا نییە(هۆكارەكان زۆرن لێرە مەبەستمان چوونە سەر هۆكارەكان نییە) بەڵام گەلی ئەمریكا بە خوێندەوارەكانیشیانەوە قسەی فەیلەسووفەكانی خۆشیان بە هەند وەرنەگرت..ئاخر فەیلەسووف بە دەگمەن نەبێت قسەی بێ بنەما ناكات، بۆیە فەیلەسووفە چونكە بیردەكاتەوە..
تا ئێستا لە سەرجەم وڵاتانی جیهان ، حكومەت و هاووڵاتی دوو ئاراستەی جیاوازی بۆ رێكخستنی ژیان و شێوازی ژیان نەخشاندووە، ئایا دوای ڤایرۆسی كۆڕۆنا، حكومەت و هاووڵاتی ئەو بۆشاییەی لەنێوانیاندا هەیە زۆر بچووكتر دەبێتەوە؟
دڵنیام تەكنۆلۆژیا گۆڕانكاری بەسەردا دێت و زیاتر پێشدەكەوێت، بەڵام مێژووی 2500 ساڵی رابردووی حوكمڕانی لە جیهاندا پێماندەڵێت، تەكنۆلۆژیا هەرچەند پێشكەوتووتر بێت، زیاتر لە رابردوو مرۆڤ دەخاتە ژێر پشكنین و چاودێریكردنەوەو، وا لە مرۆڤ دەكات، هەمیشە بە رووتی لەبەردەم بەرپرسە باڵاكانی بەكارهێنەرانی تەكنۆلۆژیادا دەربكەوێت و لەم جیهانە پان و پۆڕەدا، نەتوانێ یەك هەنگاویش بە نهێنی بنێ.
لەسەرەتای مانگی ئادارەوە ، كە ئێستا لە كۆتاییەكەیداین، نووسەرو هزرڤان و فەیلەسووفە بەناوبانگەكان، جەخت لەوە دەكەتەوە، كە ژیان پاش كۆڕۆنا وەك ژیانی پێش كۆڕۆنا نابێت، بەڵام كێشەكە لەوەدایە، كەسیان بە وردی نەچوونەتە ناو قووڵایی جۆرو شێوازی ژیانی پاش كۆڕۆنا، یان وەڵامی ئەم پرسیارانەی خوارەوەیان نەداوەتەوە، :
هەژموونی كام دەوڵەت بەسەر جیهاندا جێگیر دەبێت و شێوازی هەژموونەكە، ئابوورییە ؟ تەكنۆلۆژییە ؟ سەربازییە ؟ ..هتد
پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان چۆن دادەڕێژرێتەوە ؟ پەیوەندی نێوان حكومەت و هاووڵاتی چۆن رێكدەخرێتەوە ؟ یەكێتی ئەوروپا چی بەسەر دێت؟ كام وڵاتی ئەوروپی جێگای بەریتانیا دەگرێتەوە؟ لە شەڕی جیهانی دووەم ئەمریكا جێگای گرتەوە، ئەی ئەمجارە ؟ چڕ كردنەوەی شەڕو ناكۆكییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەر وەك ئێستا بەردەوام دەبێت؟ ئەگەر وەكوو ئێستا نامینێ، ئەی چۆن دەبێت؟ پێش كۆڕۆنا ئەمریكاو روسیا بەهێزترین دووجەمسەر بوون بۆ دەستبەسەرداگرتنی وڵاتان لە رووی سەربازی و ئابووری و سیاسی، ئەمجارە چین و ئەڵمانیا دەكەونە كوێوەی هاوكێشەكان ؟ ئەم هەموو رێكخراوەی بەناوی دیموكراسی و هاوكاری و فیمینیست و....هتد وەك خۆیان دەمێننەوە، یان بەشێوازی ئەقڵانیتر رێكدەخرێنەوە، كە بازرگانی پێوە نەكرێ، بەڵكو بۆ خزمەتی پیشەكە بێت؟ جارێكی دیكە دوو تیپی تۆپی پێ یاریزانەكانی دەبنە خاوەنی سەدان و بگرە هەزاران ملیۆن دۆلار، لەكاتێكدا باشترین فەیلەسووف نەیدەتوانی %5 ی كریستیانۆیەك یان میسی یەك وەدەستبهێنێ ؟!
پرسیارەكان زۆر زۆرن، بەڵام دەبێت چاوەڕێ بكەین، كە ڤایرۆسی كۆڕۆنا تەواو بوو، ئینجا بە تیۆرو بە پراكتیك وەڵامی هەموویان وەردەگرین.