لە پەراوێزی نامەكەی نەوشێروان مستەفادا؟
فوئاد سدیق
2020-09-18   2924
ئەو نامەیەی نەوشێروان مستەفا، كە بۆ مەلابەختیارو دوو هاوڕێكەی نووسرابوو ، هەر دەبێت لەژێر هەڵوێستی مامجەلال نووسرابێت و مام لێی بێئاگا نەبووبێت، روونە نامەكەش هەڕەشەكی توندە بۆسەر مەلا بەختیارو هاوڕێكانی، چونكە مەرگی پێ نیشانداون. واتا نامەكە پڕە لە ترساندن و تۆقاندن، بە تایبەت كەسێكی بۆلای راسپاردووە، ئەم كەسە زۆر سەر رەقە، كە ئەویش ئیبراهیم جەلال ە، بۆیە وا دەڵێم كتێبەكەی ئیبراهیم جەلال(چەپكێك لە مێژووی كۆمەڵە) رێك ئەو سەر رەقییەمان نیشاندەدات!. بەگوێرەی نامەكەی نەوشێروان مستەفا (٦٠)كادیری سەرەكی ناو یەكێتی نیشتمانی بۆ لەسێدارەدانی مەلابەختیارو پشكۆ نەجمەدین و شێخ عەلی واژۆیان كردووە. پرسیاری یەكەم ئەوەیە، باشە لەنێو ئەو ٦٠ كەسە بە مام جەلال و نەوشێروانیشەوە، كەسێك نەبوو بڵێ با لەناو یەكێتی دەر بكرێن و ئیتر چ رەوت و ئاراستەیەكی سیاسی هەڵدەبژێرن با هەڵیبژێرن؟ بەراستی كادیرێكی تێدا نەبوو، بڵێ چۆن دەبێت هاوڕێ و هاوخەباتی چەندین ساڵەمان، تەنیا لەبەر ئەوەی لەرووی فیكری و سیاسییەوە لەگەڵمان جیاوازە، بیكوژین ؟. ئەم نامەیەی نەوشێروان مستەفا،بەگشتی واقیعێكی تاڵ زۆر تاڵ و ژەهراوی قۆناناخێكی دیاریكراوی خەباتی رزگاریخوازی نیشتمانیمان نیشاندەدات، كە هیچ بوارێكی بۆ دیموكراسی و بیرورای جیاوازومافی پێشمەرگە نەهێشتۆتەوە، بەڵكو لەبری ئەمانە توندوتیژی و ملپێكەچكردن و شكاندنی كەرامەت، لەبرەودابووە.
خاڵێكی زۆر جەوهەری هەیە لەسەر مەلا بەختیار، كە پێویستی بە وەڵامی بەردەوام هەیە، چ لەلایەن یەكێتییەوە، چ لە لایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە، ئەویش ئەوەیە، ئایا بە راستی مەلا بەختیار موستەهەقی كوشتن و ئەتك پێكردن بوو؟ كەسێك كە لە كونجی زینداندا بوو، هیچ ئازایەتییەك و شانازییەك نییە ئازاری بدەی،گێڕانەوەیشی نەك هەر شانازی نییە بەڵكو شەرمەزارییە، چونكە كە زیندانی بووی ترسنۆكترین كەس دەتوانێ بێت ئازارت بدات و ئازایەتی خۆی(كە نییەتی)پێت بفرۆشێ، بەڵام با بپرسین ئایا مەلا بەختیار دوورو نزیك پەیوەندی بە رژێمی بەعسەوە هەبوو؟ خۆی جەربەزەو ماندووی رێگای خەبات نەبوو؟ ئەی ئەم هەموو سووكایەتییە بۆ چی بوو؟ بۆ تەمبێكردنی بوو؟ یان بۆ سڕینەوەی بیرورای جیاواز بوو؟ یان بۆ شكاندنی بوو تا جارێكی دیكە هەرگیز نەبێتەوە بە سەركردە؟ كامیان بوو؟ رەنگە هەموویان بووبێت!!. ئەی باشە، ئەوكات نەوشێروان مستەفا جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی و سكرتێری كۆمەڵە نەبوو، ئەی ئێستا بۆچی بزووتنەوەی گۆڕان لەجیاتی یەكێتی خۆی تێهەڵقورتاندووە؟ خۆ ئەوكات شتێك نەبوو بەناوی گۆڕانەوە.مێژووی نەوشێروانیش هەڵبەزو دابەزی یەكجار زۆری تێدایە، ئەگەر بمانەوێ بە وردی باسی بكەین.
خاڵێكی تر نەوشێروان مستەفا لە ژیاندا نەماوە، هەق نییە سەركردایەتی و بنكردایەتی بزووتنەوەكە بەمشێوەیە بە چڕی رووبەڕووی مەلا بەختیار ببنەوە، چونكە روونە هەموو ئەو شەڕانەی یەكێتی نیشتمانی لەبەرانبەر بەرەی جود دەیكرد، نەوشێروان لە مام جەلال زیاتر سەركردایەتی كردووە، نموونەی شەڕەكان یەكجار زۆرن بۆیە پێویست بە نموونە هێنانەوە ناكات.كەواتە كەس لەناو شەڕی خوێناویدا گوڵبارانی كەسی نەكردووە، ، زمانی گوللە قسە دەكات، گوللەش واتا كوشتن و بڕین و سڕینەوە.بۆیە نەدەبوو بزوووتنەوەكە بەمشێوەیە بەرفراوانە( كە خەڵكانێك هاتوونەتە قسە بەس قسەی ناشیرن فڕێ دەدەن)گوایا وەڵامدەدەنەوە. ئەم هەڵمەتە فراوانەی بزووتنەوەی گۆڕان بەرانبەر مەلا بەختیار كردی، سۆزی خەڵكی زیاتر بۆ لای مەلا بەختیار بردو بزووتنەوەكەش لەبەرچاوی خەڵكی ناشیرن دەكات. ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان مەبەستی بوو وەڵامی مەلا بەختیار بداتەوە، باشتر دەبوو، ئەگەر دوو قەڵەمی باشی راسپاردایە وەڵامی بدەنەوە، ئەم دوو قەڵەمەش كەمێك دۆستی فیكرو مەعریفەو مێژووی تێكۆشانی كورد بوونایە. ئاشنایەتییەكیشیان لەگەڵ ژیانی مەلا بەختیارو نەوشێرواندا هەبوایە. بەداخەوە، وایان نەكردو ، دۆخەكەیان زیاتر ئاڵۆزو ناشیرن كرد. سەرەڕای ئەوەی خۆ نەوشێروانیش هەڵەی زەقی هەبووە لە سەردەمی شاخ و تەنانەت لە دوای سەردەمی شاخیش، بزووتنەوەیەك بە قسەی خۆیان بۆ تێكشكاندنی پیرۆزییەكان و قووڵكردنەوەی دیموكراسی و بەرژەوەندی باڵای نیشتمان خولقاون، كەچی بەم هەڵمەتی وەڵامدانەوەیە كە بە راستی هەندێك لە وەڵامەكان زۆر قێزەونیش بوون، زیانی گەورەیان بەخۆیان گەیاند...بزووتنەوەی گۆڕان رێك ساڵانی نیوەی یەكەمی هەشتاكانی وەبیر هێناینەوە، كە دەیانگوت یەكێتی و كێ شەڕیانە، واتا لە هەموو شەڕەكاندا یەكێتی هەر لەگەڵدا بوو، لایەنێكی شەڕەكە بوو، ئەوەتا ئەمجارە ئەقڵیەتی خۆسەپاندن و شەڕكردنەكە كورد وتەنی خۆی دووبارە كردەوە. بزووتنەوەی گۆڕان لەجیاتی ئەم هەموو هێرشە بۆ سەر یەك كەس، با بەرنامەیەك بۆ دەرچوون و قورتاربوونی خۆی دابنێ لەم قەیرانە قووڵەی كەبەسەریدا هاتووە، چونكە ئیتر نەوشێروان مستەفا ناتوانێ فریایان بكەوێت....
قۆناخەكانی خەباتی شاخ، تێپەڕین، با هەمان ئەقڵیەت دووبارە لە مێشكی نەوەكانی ئەمڕۆمان نەچێنینەوە، كاتێك دەمانەوێ وەڵامی هەر كەسێك بدەینەوە، ئاساییە ، بەڵام بە مێشكێكی ساردو دڵێكی گەرمەوە بێت، نەك پێچەوانەكەی. ئەوەی مەلا بەختیار بەرانبەر یەكێتی كردی بەناوی ئاڵای شۆڕش ەوە، خۆ نەوشێروان یش بەناوی كۆمپانیای وشەوە دەستپێكرد، دواییش كردی بە بزووتنەوەی گۆڕان،لە مەلا بەختیاریش كادیری زیاتری لەناو یەكێتی برد، ئاخر مەلا بەختیار لە رووی مادیشەوە هیچی لە یەكێتی وەرنەگرت، بەڵام نەوشێروان مستەفا (١٠)ملیۆن دۆلاریشی لە مام جەلال وەرگرت، دواییش تەلەڤزیۆن و حزبی پێ دامەزراند، بۆیە ئەو بەراوردەم كرد، كادیرانی بزووتنەوەی گۆڕان، هەق نییە ئاوا رووبەڕووی مەلا بەختیار ببنەوە، ئەگەر بەڵگەو دیكیۆمێنتی زیندوویان نەبێت. چونكە ئەوەتا یەكێتی نیشتمانیش هەرگیز ئەو هێزەی پێش سەرهەڵدانی ئاڵای شۆڕش نییەو ناشبێتەوە ئەو هێزە، هۆكارەكانیش روونن، بەڵام ئەمە بابەتێكی ترەو مەبەستی ئەم نووسینەم نییە بچمە سەری، لەو كتێبەمدا(یەكێتی نیشتمانی كوردستان، هەڵاتن بۆ دواوە) چوومەتە سەر بنج و كرۆكی كێشەكان.
تاكە خاڵی لاوازی مەلا بەختیار پەشیمانبوونەوەی بووە، بە رای من ئەو خاڵە ئەگەر لاوازیش بێت، ئەوەندە لاواز نییە، بیكەین بە هەڵلا، چونكە ئەوەی لە شەڕ نەبێت شیری تیژە، هەموو كەس بەرگەی ئازارو ئەشكەنجەی زیندان ناگرێ، بەندیخانەی ئەقڵیەتێكی تۆتالیتاری، دەبێت چۆن رەفتار لەگەڵ گیراوەكانی بكات كە لێیهەڵگەڕاونەتەوە..خاڵێكی جەوهەری هەیە ئەویش ئەوەیە، ئایا مەلا بەختیار بكوژ بووە؟ خەڵكی كوشتووە؟ ئەوە زۆر گرنگە .تا ئێستا ئەو برادەرانەی گۆڕان یش بە دیكیۆمێنت نیشانیان نەداوە كە مەلا بەختیار بكوژ بووبێت، یان بە دەستی بەعس ئاڵای شۆڕشی دروستكردبێت، كە ئەمانە بابەتی بنچینەیین بۆ كێشەكان.