تاعونی ئینشیقاق
فوئاد سدیق
2021-02-22   668
لەو رۆژەوەی حزبی سیاسی لە كوردستان دروستبووە، تۆژینەوەی وردو قووڵی زانستی لە هۆكارە فیكرییەكانی دروستبوونی حزب نەكراوە،ئەگەر لێرەو لەوێش شتێك هەبووبێ، بەپێی پێویست نەبووە. بە نەبوونی بنەمایەكی فیكری قووڵ و پتەو، زۆرترین ئاڵۆزی نەك تەنیا لەناو بنكردایەتی، بەڵكو لەناو سەركردایەتی حزبەكانیش هاتوونەتە ئاراوە...ئیتر حزب تەنیا لە ستراتیژی نەتەوەیی و نیشتمانی لاینەداوە، بەڵكو لە تاكتیكی سیاسی رۆژانەشیدا تەواو هەڵگەڕاوەتەوە..ئەم ئاڵۆزییە رەنگی بەسەر حزبی شۆڕش و حزبی رزگاریدا پەخش كردبوو، بەجۆرێك تا ئێستاش میراتی ئەو ئاڵۆزییە نەك هەر بەردەوامە، بەڵكو رۆژ لە دوای رۆژ بە هەڕمێنتریش دەبێت. ناپرسین ئەرێ كوڕگەلینە یەكێتی نیشتمانی لەبەرچی جیا بووەوە؟، فەلسەفەی جیابوونەوەكەی چی بوو؟ ئایا هەر لە بنەڕەتدا حزبەكان خاوەنی هیچ فەلسەفەیەكن؟ ئەی باشە ئەم هەمووو ناكۆكییە ناوخۆییە چی بوون كە لەناو پزدانی خۆیدا هێنای و تا ئێستاش بەردەوامە... ؟ ئەی باشە كوڕگەل، حزبی سۆسیالیست و ھەردوو یەکبوون و بزووتنەوەی گۆڕان بۆچی و بە چ ئاقارێك جیا بوونەوەو، ئێستا لە چ ئاقارێكدان؟ ئەم هەموو جیابوونەوەیە بۆچی وەك كاروانسەرا ملی رێگایان گرتووە؟ بۆچی حزبی سیاسی وا زوو هەڵدەبن و هەڵدەچن؟ بۆچی بۆشایی نێوان هەڵبوون و هەڵچوونیان تەنیا بەرەبەیانێكە، نا ببوورن سەرخەوێكە، لە یەكەم خەوبینیندا، دۆخەكە تەواو بەرەواژی دەبێتەوە؟ گوناهە، زۆر گوناهە ئەم هەموو خەڵكە رەش و رووتە دەگەوجێندرێ و ، كەچی حزبەكان وەك بەرزەكی بانان وەك بڵێی نە بایان دیتبێ و نە باران ، بە تاو بۆی دەردەچن.. نازانم ئەم هەموو سیناریۆیە پڕ لە گاڵتەجاڕییە تا چەند ساڵی دیكە، یا تا چەند سەدەی دیكە دووبارەو سەد بارە دەبێتەوە، بەڵام ئەوەندە دەزانم، ئیتر تۆژینەوەی وردیان لەسەر دێتە كایەوەو، ئەوانەی خەڵكیان گەوجاند، تەنیا شەرمەزاری مێژوو نابن، بەڵكو نەوەكانیشیان هەست بە شەرمەزارییەكی زۆر دەكەن و، لەناو كۆمەڵگای خۆیان هەست بە نامۆبوون دەكەن. عەلی وەردی كتێبێكی لەسەر گاڵتەجاڕی ئەقڵی مرۆیی نووسی كە لەسەر مەزهەبگەرایی سونەو شیعەیە، ئێمەش دەبێ ئەو گاڵتەجاڕییە لەسەر ئینشیقاق و جیابوونەوە لە حزبی سیاسی كوردستاندا بنووسین. من نازانم حزبەكان كەی دەبنە هەڵگری فەلسەفەیەكی جوان، بەڵام دەزانم ئەم هەموو ئینشیقاق و گەوجاندنی خەڵكە لەپێناوی چی بوو!!. من نازانم مۆدێلی حزبی سیاسی لەم كوردستانە، كەی گۆڕانكارییەكی ریشەیی بەسەردا دێت، بەڵام دەزانم، ئەو سەركردانەی خەڵكیان گەوجاندو ، ماوەیەك تا خەڵكیان لەدەوری خۆیان كۆكردەوە، دروشمی شۆڕشگێڕی و هێزی نیشتمانپەروەرییان لەوپەڕیدا بوو، دواییش بەدوای دەستكەوتی تایبەت ملی رێگایان گرتە بەرو، گاڵتەیان بە بەهاكانی نەتەوە كرد، ناتوانن بەردەوام بن و ، خەڵكیش ئەزموونی زۆر تاڵی پێیانەوە چەشتووە، بۆیە ئێستا دروشمە مكیاجكراوەكانیان، هێزی تێدا نەماوەو، تەواو پووكاوەتەوە.
حزبە ئیسلامییەكانیش ماوەیەك ئەم رێگایەیان تاقیكردەوەو پێیدا رۆیشتن، بەڵام ئەوەتا ئێستا تووشی سەرگەردانییەك هاتوون، تووشی چەقبەستووییەك هاتوون، هەر چییەك بكەن، ناتوانن لێی دەربچن. هەموو ئەو حزبانەی بە ئینشیقاقیش هاتوون، ئێستا لە هەمان چەقبەستووییدان، هەڵسانەوەیان نەك هەر ئاسان نییە، بەڵكو زۆریش سەختە.