ئەگەر چۆمسكی نەبوایە، نەماندەتوانی دیوە شاراوەكەی سیناریۆی 11 ی سێپتێمبەر هەڵبدەینەوە. چۆمسكی هات بە بەڵگەی زۆر زیندوو، روونیكردەوە، كە ئەو رووداوە، دەستی ئەمریكا بوو، دەنا هەرگیز بە ئوسامە بن لادن، یان قاعیدە كاری لەو جۆرە نەدەكرا.
ئەو رووداوە گەورەیەی كە حەماس بەسەر ئیسرائیلی داهێنا، مرۆڤ سەرسام دەبێت ئەگەر حەماس توانایەكی هێندە لە رادە بەدەری سەربازی و لۆژیكی و تەكنۆلۆژی و سیخوڕی هەبێت. ئاخر بزووتنەوەیەكی وەكوو حەماس ئەو توانایەی لە كوێ بوو. گریمان وڵاتان هاوكارییان كردو ئەو توانایەی بۆ دروست كرا. تا ئێرە ئاساییە، بەڵام خۆ ئەو هاریكاریكردنەی وڵاتان و ئەو هێزە تەكنۆلۆژی و سەربازییەی حەماس لەنێوان شەوو رۆژێكدا دروستبوو؟!، خۆ بە لایەنی كەم چوار پێنج مانگی پێویست بووە، ئەگەر زیاتریشی پێویست نەبووبێت. باشە دەزگای مۆسادی ئیسرائیلی كە چاودێری بەسەر هەموو جیهانەوە دەكات، كێ بڕوا بەوە دەكات ئەم 4-5 مانگەی دوایی ، نەیتوانیوە ئەم هەموو جموجۆڵ و ئەم هەموو پلانەی حەماس بزانێت، ئاخر بە دەیان هەزارچەكداری حەماس ئاما كرابن، چەكدار كرابن، بۆ رێزی پێشەوەی هێرشبردن و بۆ رێزی دواوەی بەرگریكردن، چ ئەقڵێك قەناعەتی بەوە دێت، كە حەماس نهێنییەكانی ئەوەندە زۆر پارێزراو بن و ئیسرائیلیش ئەوەندە لاواز بێت ، لەماوەی زیاتر لە 4-5 مانگدا هیچ هەواڵێكی پێ نەگەیشتبێت؟!.
با ئەوانەی سەرەوە هەمووی لە لایەك بێت، باشە ئەو سپێدەیەی حەماس هێرشی بردە سەر ئیسرائیل، ئەم هەموو سوپایەی ئیسرائیل لە كوێ بوون، حەماس بە ئارەزووی خۆی سنووری دەبڕی و بە پێ دەپەڕییەوە ناو خاكی ئیسرائیل، بە ماتۆرسكیل دەتگوت ماراسۆنە، بەدوای یەكدی كەوتبوون و دەپەڕینەوە ناو خاكی ئیسرائیل. بە پەڕەشوت دەتگوت بەناوبانگترین میهرەجانی جیهانییە، ئەم هەموو سەربازەی حەماس بە ئیستراحەت لە ئاسمانەوە دەنیشتنە ناو خاكی ئیسرائیل. كۆمەڵەیەكی دیكەش بە ناو ئاودا دەپەڕینەوە ناو خاكی ئیسرائیل. تەنیا چوونی ئەم هەموو هێزەی حەماس لە ئاسمان و دەریاو زەوییەوە بۆ ناو خاكی ئیسرائیل چەند كاتژمێرێكی ویستووە تا بەرنامەكەیان جێبەجێكردووە، باشە ئەو چەند كاتژمێرە، سوپای ئیسرائیل، مۆسادی ئیسرائیل، حەبی خەویان پێدرابوو!!، ئەوەندە بێ ئاگا بوون، لەم كارە بەرفراوانە. خۆ ئەگەر مەفرەزەیەكی بچووك دزەی بۆ ناو خاكی ئیسرائیل بكردایە، ئەوكات دەمانگوت، كەلێنێكیان دۆزیوەتەوەو پێیدا پەڕیونەتەوە، بەڵام ئەوەی لەم رووداوەدا كراوە، بەبێ زانیاری پێشوەختەی ئیسرائیل و بەبێ ئۆكەی وەرگرتنی حكومەتەكەی ناتانیاهۆ مەحالە ئەنجام درابێت.
خاڵێكی دیكەی زۆر گرنگ ئەوەیە، ناتانیاهۆ رووبەڕووی رەخنەیەكی زۆری شەقامی ئیسرائیل ببۆوە، لەناویشیاندا هێزی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل بەهێزەو، خەریك بوو چۆك بە ناتانیاهۆ دا بدات، تەنانەت بڕیار وابوو، دوو رۆژ دوای رووداوەكەی بەسەر ئیسرائیلدا هات، ئۆپۆزیسیۆن بڕیاری خۆپیشاندانێكی زۆر گەورەی كردبوو كە لە دژی حكومەتەكەی ناتانیاهۆ ئەنجامی بدات. بەڵام ئەم رووداوە گەورەیە، نەك هەر رێگای بۆ هەموو جۆرە خۆپیشاندانێكی دژ بە حكومەتی ئێستای ئیسرائیل راگرت، تەنانەت هێزی ئۆپۆزیسیۆنیشی ناچار كرد، لە كارەساتێكی وەهادا هاریكاری حكومەت بكات، بۆ رزگاركردنی ئەو جوولەكانەی كەوتوونەتە ژێر رەحمەتی تیرۆریستانەی حەماس. ئێستا ناتانیاهۆ بە جۆرێك خۆی نوێكردەوە، كەس لەو كاتەدا جەسارەتی ئەوە ناكات باس لە لادانی بكات. لە كاتێكدا ئەگەر ئەو رووداوە مەرگەساتئامێزە راست بوایە، خۆ دەبوو ناتانیاهۆش ئەگەر دەستی لە كار نەكێشاباوە، دەبوو بەرپرسی مۆسادو وەزیری بەرگری و دەیان بەرپرسی دیكەی لەسەر كارەكانیان لا بدرابان و ، هەندێكیشیان رووبەڕووی دادگا بكرابانەوە، چونكە خوێنی سەدان كەسی جولەكە بە فیرۆ رۆیشتووە. بەڵام بۆچی ناتانیاهۆ تا ئێستا هیچ رێكارێكی یاسایی و نیشتمانی بەرانبەر بە هیچ بەرپرسێك نەگرتۆتە بەر؟.
ئەمریكا بە هۆی 11 ی سێپتەمبەرەوە ئەفغانستانی داگیر كردو، هێزی سەربازیشی لە چەندین شوێنی دیكە بەكارهێنا. ئێستاش ئیسرائیل بەهۆی ئەو هێرشە بەرفراوانەی حەماس، كەرتی غەزەی نقومی نێو ئاگرو ئاسن و بارووت كردووە، كەرتی غەزە بە موشەكەكانی تەخت دەكات و فەڵەستین لە خۆی دوور دەخاتەوە، وەك چۆن توركیا عەفرینی گرت و پشتێنی ئەمنی بەسەر سنووری كوردانی خۆرئاوادا كێشا، ئێستاش ئیسرائیل كارێكی لەوە زیاترو گەورەتر دەكات. مافی مرۆڤیش كە هەموو وڵاتانی جیهان بانگەشەی بۆ دەكەن، درۆیەكی شاخدارەو، بەهای فلسێكی سووتاوی نییە. دەنا ئەگەر ئەمریكاو ئەوروپاو ئیسرائیل وەك چۆن ئێستا هاودەنگن، ئاوا هاودەنگ بن، دەتوانن یەك بە یەك چەكداری حەماس لە كەرتی غەزە نەهێلن، بێ ئەوەی منداڵێكی چاوگەشی فەڵەستینی خوێنی لێ بڕژێ. بەڵام ئیسرائیلیش نایەوێ حەماس كۆتایی پێ بێت، وەك چۆن ئەمریكا بەردەوام هاریكاری هێزە تیرۆریستەكان دەكات، لە سەرووی هەموویانەوە داعش.