ئەدەبیاتی ئێمەو پێگەی ئێمە

فوئاد سدیق
  2023-12-25     267

   ئەگەر میللەتی فارس تاكە یەك سوودیان بۆ ئێمە هەبووبێت، ئەوەبووە، رێز لە شاعیرە گەورەكانیان دەگرن، رێز لە نووسەرە بەتواناكانیان دەگرن، ئەو رێزگرتنەی لەناو فارسەكاندا بۆ شاعیرە گەورەكانیان هەیە، لەناو ئەوروپییەكانیشدا وەك فارسەكان نین، داریوش شایگان باسی لێوە كردووە، گۆڕی بۆدلێر هەر نادۆزرێتەوە، كە دەیدۆزییەوەش، ناوی بۆدلێر نادرەوشێتەوە، بەڵكو بەناوی:  ژەنەرال ئەفسەری فەرماندەیی ئیمپراتۆری لەشكری شەڕەف چارلس بۆدلێر دەخوێنیتەوە.  فارس رێزی گەورەی لە شیرازی و حافزو خەیام و مەولانا ناوە، هەر هیچ نەبێ گلكۆی ئەوان بە جوانی دەدۆزیتەوە.

  كورد نەتەوەیەكە لەناو ئەفسانەو خورافاتدا فرچكی خواردووە، دەیان هەزار ساڵیشە هەر خەریكی ئەو فرچك خواردنەیە.  بێگومان تا نقومی ناو ئەفسانەو خورافات بین، ناشتوانین ئەقڵانیانە بیر بكەینەوە، ناشتوانین بیركردنەوەی رەخنەیی لەناو زیهنی خوێنەرانمان بچەسپێنین. ئێستا سەردەمی تۆماس ئەكوینی نییە، ئایین و ئەقڵ بەیەكەوە ئاشتبكەینەوە. ئاخر تۆماس ئەكوینیش نەیتوانی سەدەكانی ناوەڕاست ببڕێت و ئەقڵانییەت دابهێنێت، چونكە ئەقڵ و ئەفسانە ئاشتبوونەوەیان نییە، وەك تاریكی و رووناكی وایە، وەك مردن و ژیان وایە، وەك شەڕو ئاشتی وایە. ئەگەر بمانەوێ هەنگاوێكی باش بەرەو ئەقڵانییەت و بیركردنەوەی رەخنەیی و بەرەو باشتركردنی دۆخی چەقبەستوو  بڕۆین، دەبێت كۆتایی بە ئەفسانەو خورافات بهێنین، كۆتایی بە ئەقڵییەتی چەقبەستووی رابردوو بهێنین.

   ئەو رابردووەی ئێمە لەبواری بابڵێین رۆشنبیریمان هەیە، لە سێوێكی رزیو دەچێ كە لە ناوەوەیدا بۆگەن بووە، بۆیە هێزی مانەوەی تێدا نەماوە، تەنانەت بۆ ئێستاش بەكار ناهێنرێت. بیروباوەڕی پووچ نابێتە كەرەستەیەكی باش بۆ نووسینی زیندوو. ئەوەی بیەوێ داهێنانی گەورە بكات، دەبێت مێشكی لە كارەبا بدات، دەنا بەو ژینگەیەی ئێستا لە كوردستاندا هەیە، ناتوانیت داهێنان بكەیت. كارەبایەكمان پێویستە دەمارەكانی ناو مێشك و خانە جیاوازەكانمان كاوی بكات. تا مێشكمان كاوی نەكەین، ناتوانین بیر لە نووسینی گەورە بكەینەوە.  ئاخر ئێمە نەك دەست و قاچمان، بەڵكو مێشكیشمان لەناو كولتووری داتەپیوی كۆندا نقوم بووە،  وەك بڵێی لەناو گۆمێكی وەستاوی هەزاران ساڵە، چی مێش و مەگەزو بەكتریا لەناویدا كۆبووبێتەوە، بێی بە دەوری ئەو ئاوە وەستاوە بخولێیتەوە، بۆئەوەی تینوویەتیت بە چەند قومە ئاوێكی پاك و سازگار بشكێنی، ئاوی سازگارو پاك لەناو گۆمە ئاوێكی وەستاوی هەزارساڵەی پڕ لە بەكتریا چۆن دەدردەهێنرێت. ئێستا ئێمە لەو دۆخەداین. تاكە رابردوویەك كە شانازی پێوە بكەین، بەرهەم و ئەدەبیاتی چەند كەسێكن كە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، (جزیری  1570 – 1640ز ،  نالی  1800 – 1856ز،  مەحوی 1836 – 1906ز،  گۆران  1904 – 1962ز،  شێركۆ 1940 – 2013 ) ئەو پێنج شاعیرە زۆر گەورەن، بەتایبەتی بۆ ئێمەی كوردی هیچ لەبار نەبوو  گەورەن. بیروبۆچوونی جیاوازیش لەبارەی  ئەحمەدی خانی ١٦٥١ – ١٧٠٦  هەن، وەك چۆن بیروبۆچوونی جیاواز لەبارەی فیردەوسییەوە هەن.  راستە فارس شانازی بە چەند شاعیرێكی خۆیەوە دەكات، كە بەراستی نەك هەر زۆر گەورەن، بەڵكو لەسەر ئاستی جیهانیش هەموو سنوورری كیشوەرەكانیان بەزاندووە، ئاخر خەیام و فیردەوسی نزیكەی هەزار ساڵ پێش ئێستا چۆن فەلسەفەی جۆراوجۆریان تێكەڵ بە شیعرەكانیان  كردووە، مەولانا و حافزو سەعدی هەر یەكەیان كەمێك كەمتر یان كەمێك زیاتر لە 700 - 750ساڵ  پێش ئێستا بەهەمانشێوە، جیهانی شیعریان لەناو ئێران و بەزمانی فارسی رەنگڕێژ كرد. راستە ئەمانە شاعیر بوون، بەڵام خۆ وڵاتێكی گەورەی وەك ئێران هەر تەنیا ئەو پێنج شاعیرەی نییە، بەڵام ئەمانە بۆیە گەورەن، چونكە فەلسەفەیان خستە ناو شیعرەوە، چونكە ئەمانە لە بنەڕەتدا فەیلەسوف بوون، هەر دێڕێك لە شیعرەكانی مەولانا یان خەیام (بێگومان بە دوو میتۆدی جیاوازەوە) فەلسەفەیەكە بۆ ژیان، بۆ خۆشەویستی ...هتد.   

   ئەوكاتەی ئەو شاعیرە گەورانەی ئێران هاتنە ژیان و شیعری فارسییان بردە ئاستێكی زۆر بەرز، هێشتا ئەوروپا خاوەنی ئەدەبیاتێكی ئەوتۆ نەبوو، تا ئەوكات تەنیا خاوەنی هۆمیرۆس بوو(ئەلیادەو ئۆدێسا) كە رێك لە رووی نووسینەوەی داستان و مێژووی نیشتمانی لەگەڵ شانامەكەی فیردەوسی نزیكن، هەردووكیان داستانە مێژووییەكان دەگێڕنەوە، بەڵام ئەوەی جێگای تێبینییە، تێبینی و بۆچوونی جیاواز لەسەر هۆمیرۆس هەیە، هۆمیرۆس جگە لەوەی  نا بینا بوو، هاوكات زۆربەی زانایانی هاوچەرخ لەبارەی شیعرەكان(ئەلیادەو ئۆدێسای  هۆمیرۆس) ناكۆكن. پێیانوایە ئەلیادەو ئۆدێسا بەرهەمی یەك كەس نییە، ئەمەش پشتبەستن بەو جیاوازییە زۆرەی كە لە شێوازی گێڕانەوەدا بەدیدەكرێن. لەبارەی ئیلاهیات و ئەخلاق و وشەسازی و ....هتد. ئەمە جگە لەوەی بەرهەمەكانی هۆمیرۆس لە سەرەتای سەرهەڵدانی رێنیسانس  لە ئیتالیا چاپكراون، پێشتر چاپ نەكرابوون!!.

  ئەوروپا لە سەردەمی رێنیسانس و لە رێنیسانس بەدواوە شاعیری گەورەو رۆماننووسی گەورەو شانۆنامەنووسی گەورەو فەیلەسوفی مەزنی لێ دروستبوو. كەواتە ئەو سەردەمەی فیردەوسی و خەیام و تەنانەت مەولاناو حافزو سەعدی، بە جوانترین و بە گەشاوەترین شێوە وڵاتی فارسیان لەناو شیعر هەڵهێنابوو، هێشتا ئەوروپا لە سەردەمی تاریكیدا بوو، كەوتبووە قۆناخی متبوونەوە.   

     شاعیرەكانی ئێمە هێندە كۆن نین، بەڵام بۆ ئێمەی هیچ لەبار نەبووی كورد بنەمایەكی جوانیان بۆ داناوین، چونكە ئێمە هیچ پێشینەیەكی درەوشاوەمان نەبووە، عەلی تەرمۆكی بە یەكەم شاعیری كورد دادەنرێ، كە ئەویش مێژوویەكی درەوشاوەو بەرهەمێكی درەوشاوەی نییە. بۆیە لە هەموو دۆخێكدا كاتێك باسی شاعیرە بەهرەمەندو بەتواناو جوانەكانمان دەكەین، هەر دەبێت لەو شاعیرانەی لە سەرەوە ناوم هێناون دەستپێبكەین، كە تا رادەیەكی  كەم تا زۆر ، هەر یەكەو لە نیوەی سەدەیەكدا ژیاون، بەڵام ئەوان ئەو پێنج شاعیرە (خانی ش تا رادەیەك كە یەكەم شاعیرە هەستی نەتەوەیی ورووژاندووە) سەری جەمسەرەكانیان بەدەستەوەیە. هەر بۆیەش ئەو پێنج شاعیرەم  دەستنیشانكردووە، بە بڕوای من ئیتر كاتی ئەوە هاتووە، شاعیرە هەرە بەهرەمەندو بەتواناكانمان لەم هەموو شاعیرانەی دیكە جیا بكەینەوەو باشتر بیانناسێنین، چونكە ئەوان سامانی ئەم نیشتمانەی ئێمەو كولتووری ئەو میللەتەی ئێمەن. ئەوانیش (جزیری و نالی و مەحوی و گۆران و شێركۆ)ن، وەك گوتم خانی ، ئەویش بابەتێكە بۆ گفتوگۆ،رۆڵی نادیدە ناگیرێ. بەڵام جگە لە خانی، هەر لە سەردەمی نالی تا كۆتاییەكانی سەدەی بیستەم ، لە هەر سەدەیەكدا كۆمەڵێك شاعیری دیكەش هەن، دەتوانم بڵێم لەژێر چەتری ئەو پێنج شاعیرەدا هەناسە دەدەن، لەژێر سێبەری ئەو پێنج شاعیرەدا بیردەكەنەوەو وشەی جوان دەنووسن، هەر شاعیرێكی دیكە كە نەتوانێ لەو پێنج شاعیرە تێپەڕێنێ، كەواتە پێویست ناكات ناوی بهێنرێت، فلانەكەس دوو شیعری جوانی هەیە، فیسارەكەس سێ شیعری جیاوازی نووسیوە، دادی نوێگەری پێ نادرێت.  نەیانتوانیوە خۆیان ببنە جەمسەر.   نامانەوێ بچینە سەر ناوهێنانی ئەو شاعیرانەی  نەیانتوانیوە جەمسەرەكە بن، ئەوانەی لە خوار جەمسەرەكەن ژمارەیان كەم نییە، حەشاماتێكن بۆ خۆی. بۆ نەتەوەیەكی وەك كورد، بێگومان شاعیرو شیعرنووسمان وەك شیعرەكەی شێخ رەزا گوتەنی بووە بە حەشری نێرەكەر ،  بۆیە نامەوێ لەوانە بدوێم كە لە پەراوێزدان، لەناو ئاوێكی زۆر مەنگ و لە تەنكاودا مەلە دەكەن، ناتوانن بچنە ناو دەریاكانەوە كە شەپۆلی بەرزی تێدایە، ناتوانن بچنە ناو ئەو رووبارە قووڵانەوە كە ئاوی بەخوڕی پێدا دەڕوات... بۆیە ئێمەش باسیان ناكەین.

   من كە ئەو نووسینە رەخنەییانەم دەنووسم، چەند خۆشتر دەبوو ئەگەر بمنووسیبایە قەرداری دوو نووسەری گەورەی كوردم، بەڵام ئەوەتا قەرداری كەسیان نیم، ناچارم خۆم بە قەرداری ماركس و نیچەو كارل پۆپەر بزانم، ئەوان منیان كرد بە رەخنەگرێكی جدی، ئەوان منیان لەناو كولتووری دواكەوتووی نەریتگەرایی دەرهێناو منیان فڕێدایە ناو ئەو هەموو ململانێیە فیكرییەی كە نووسەرە گەورەكانی رۆژئاوا، لە دیموكریتیس و پرۆتاگۆراسەوە تا ئەفلاتون و ئیتر  تا هەموو فەیلەسوفەكانی سەدەی حەڤدەو تا ئەمڕۆ بەردەوامە. نیچە نەبوایە، نەمدەتوانی بەدەنگی بەرز رەخنە بگرم و دژی هەموو موجامەلەكردنێك بم،نیچە چەكوشەكەی بە میرات بۆمان بەجێهێشتووە، لە راستیشدا وای لێهاتووە، بە پینەكردن تەنیا دەبینە پینە دۆز، هیچیتر نا، دەبێت بە چەكوشەكەی نیچە بشكێنین و بینا بكەینەوە.  ماركس نەبوایە، قەت نەمدەتوانی بەو شێوەیەی ئێستام داكۆكی لە دادپەروەری كۆمەڵایەتی بكەم و ، سەرمایەداری چاوچنۆكی كورد، بە گەندەڵ و بە خوێنمژی میللەت بزانم. ماركس منی كردەوە مرۆڤ و، جارێكی دیكە منی دروستكردەوە، بۆئەوەی نەفرەت لە دزو گەندەڵ و نەفرەت لە چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە بكەم و ، بەتوندی رووبەڕووی هەموویان ببینەوە. كارڵ پۆپەر منی فێر كرد، شەڕی بچووكەكان نەكەم، شەڕ لەگەڵ ئەوانە بكەم، كە گەورەو بەهێزن، دەبێت لە بەهێزەكان بدەیت، كە بەهێزەكانت شكاند، ئیتر ئەوانی تر بۆخۆیان دەپووكێنەوە. ئەم سێ فەیلەسوفە، منیان سەرلەنوێ دروستكردەوە، بەڵام مانای ئەوەش نییە، سوودم لە ئەوانی دیكە وەرنەگرتبێت. بۆنموونە هێربێرت ماركۆزە، وای لێكردم، میانڕەو نەبم، زیاتر رادیكال بم،  برتراند راسل، ناچاری كردم پەنا ببەمە بەر چەندین بواری زانستی، تەنیا لەیەك وێستگەی زانستی جێگیر نەبم، بڕۆم بەناوی جیهانی مەعریفەدا بگەڕێم. ئیتر ئاوا هاتم. چەند حەزم دەكرد، دوو فەیلەسووفی كوردیش دوو وشەیان فێر بكردبام، تا ئێستا بە شانازییەوە بمنووسیبا كە چۆن سوودم لێیان وەرگرتووەو چۆن كاریگەرییان خستۆتە سەرم. بەڵام یەك نووسەر نادۆزمەوە، یەك رۆماننووسی كورد نادۆزمەوە، ئەم هەموو رۆمانە كوردییەی لە كتێبخانەكان رۆژانە ژمارەیان زیاد دەكات، تا ئێستا یەك رۆمانی كوردی نەیتوانیوە تۆزێك ئاسودەم بكات، نەك هەر ئاسودەیان نەكردووم، هەموو جارێك بێ تاقەتم دەكەن و ، هەستدەكەم ئەم كاتانەی كە بۆم تەرخان كردوون بەفیڕۆ رۆیشتووە. ئاخر كورد تا ئێستا ئەو قۆناخەی تێنەپەڕاندووە كە ئایا هێلكە لە مریشكە، یان مریشك لە هێلكەیە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×