ئەمن؛ دامەزراوە دڵخوازەکەی بەعسی عێراقی، ئەو دەزگایە بوو، لەگەڵ یەکەم تەکانی ڕاپەڕین، هەموو مۆڵگەکانیان کرانە بێژنگ بۆ سوکنایی ئەو ستەمەی چەندین ساڵ بوو لە ئەستوریدا نەدەپچڕا. یەکێک لەکۆلەکەکانی مانەوەی چەندین دەیەی ڕژێم هەبوونی قەلعەی ئەمنی و چاندنی موکافحەی مەدەنی بوو لەناو هەناوی میللەتدا. لەسەرپێ وەستانی هەر دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرو تۆلیتار، تۆپەڵێک چەک بەدەستی لەیاسا دەچووی لازمە تا بتوانێت سەنگەلای ئەو جۆرە لەبەڕێوەبردن ڕابگرێت کە زوڵم دەگەیەنێتە سەری هەرەمەکە.
ئاسایش؛ دامەزراوە دڵبەرەکەی دوو زۆنی خودحوکمی، درێژکراوەی هەمان ئەو مۆدێلەیە کە کورد نیوسەدە بوو دادو فیغانی بوو بەدەستیەوە. ئەگەرچی لەیاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستاندا "یاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١١ دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان" ئەرکەکانی ئاماژە پێکراوە، بەڵام لەدەرەوەی ئەم دەقە نوسراوانە، دەوام بەجموجۆڵەکانیان دەدەن. هەموو ئەو پلەدارو تفەنگ لەشانانەی ناو ئەو دەزگا ئەمنییە، بەستراونەوە بە ئۆرگانەکانی حزبی دەستڕۆیشتووی ناوچەکەو مولزەم نین تا لەژێر چەتری یەک حکومەتدا فەرمان وەربگرن. بەدرێژایی تەمەنی ئەو حوکمە خۆجێییە، فۆکەسی سەرەکی ئەم دامەزراوەیە لەسەر تەسفیە حسابی حزبی دژبەر بووەو دەبێت. دروستکردنی چوارچێوەیەکی قانوونی بۆ ئەو هێزە حزبییە، شەرعیەتدانە بەمانەوەی لەبەرژەوەندی دەسەڵاتی بنەماڵەیی. ئەگەری چی پۆلیس هەم بەقانونی نێودەوڵەتیو نێوخۆیی دەتوانێت ببێتە ئەڵتەرنەیتڤی یاسایی و دەستوریی هەموو ئەو پێکهاتە دەمامکدارانەی بەناوی ئاسایشی نیشتمانی پارێزەری ئارامی بنچینەیان دانراوە، بەڵام مانەوەی ئەم سیستمە، ئەمجۆرە لەفرەجەمسری عەسکەرتاریەتی پێویستە، بۆیە مومکین نییە دوو بنەماڵەی حوکمڕان مل بدەن.
شەقی ئاسایی ئاسایش کە وەشاندوویەتی لە ڕەشوڕوتی ئاسایی، لەپێناو ژیانێکی پڕشکۆتر، لەسێ دەیەی ڕابردووی هەرێمدا، نەیتوانی ببێتە مەسج بۆ مەئمورانی حزب، بەڵام شەقێک لەپاشەلی خۆیان، ئازارەکەی تا بن مەڵاشویان وەسەرکەوت. بەگوێیانیان دادان کە ئەم دامەزراوانە لە ئەتکردنی تاکدا درێغی ناکەن، تەنیا خێلەیەکی بەسە کەلەپێشی مێگزەمینێکەوە بۆیان دەکەن. ئەمانە دەتوانن چی جوانی هەیە بیتۆرێنن، چی کەرامەت هەیە بیشکێنن، ئەمانە دەرهاویشتەی دەسەڵاتێکی لاسارن، جگە لەخودانی خۆیان دەست بۆ هەموو پیرۆزییەکی ئەم گەلو نیشتمانە دەبەن.
هەڵوەشانەوەی ئەمانە زەرورەتێکی حەتمییەو حزبو ئەشخاس تەحەکومیان پێوەدەکات.