کۆمپانیاکانی نەوت ئەمەریکین؟!

مەزن عوسمان
  2025-05-21     392

میدیای سێبەرو بەرتاوی حکومەتی کاربەڕێکەر بەردەوام خەریکی ئاوسکردنی ئەو پڕۆژانەیە، کە هەرخۆیان نەزۆکن ئومێدی بەرەکەتیان نییە، هەر لەهەژماری ئەوانەوە تا ڕووناکی‌و دوا دەستکەوتیش کە دونیای بینراوو بەستراوی گڵۆفیوە، واژۆی دوو کۆمپانیا عملاقەکەی ئەمریکایە! یەکێک لەپۆینتە پۆزەتیڤەکانی کابینەی نۆیەم، ئەوەبووە کە لە ڕێگەی وەشانی ئاراستەکراوەوە خزیوتە ناو سایکۆلۆژیاو مەشاعیری چینی خانووە قوڕەکان‌و گەڕەکە بێ ئاوو شەقامە خۆڵاوییەکان. "میدیا، کاریگەرترین کەرەستەیە لەسەر ئەم زەمینە، کە توانای هەیە بێتاوان بکاتە تاوانبارو بەپێچەوانەوشەوە، ئەمە هێزە. لەبەرئەوەی دەتوانێت دەست بەسەر فکری عوامدا بگرێت" مالکۆم ئێکس، شۆرشگێڕی ئەمەریکی وادەڵێت.

بەدەر لەهەموو ڕێکارو ویستی پرۆتۆکۆڵی‌و بەبێ هیچ نوێنەرێکی حکومەتەکەی دۆناڵد تڕەمپ، کە لەژوورێکی قنجەڵەو سەر مێزێکی تەختەی بەبەتانی تەحالوف داپۆشراو ئەم دوو کۆمپانیایە، واژۆی گرێبەستی نوێیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم کرد بەبڕی سەد ملیار دۆلار.  

هەرچی "WesternZagros" وێسترن زاگرۆسە، لە ئەلبێرتای کەندا تۆمارکراوەو لەساڵی ٢٠٠٧ دامەزراوەو یەکەم فرۆشی ١٠ ئازاری ٢٠١١ بووە، مێژووی دیکەی لەبواری بەرهەمهێنان‌و وەبەرهێنان نییە لەهیچ وڵاتێکی دیکەدا. بەڵام لە وێبسایتی خۆیان ئاماژە بە ساڵی ٢٠٠٥ دەکەن کە دامەزراون! لەساڵی ٢٠١١دا لە کۆمپانی سێرچی ئەمریکا تۆمارکراوە، دیارە ئەمەش وەک پشتیوانییەکی مەعنەوی‌و بەئەمریکی ناساندنی کۆمپانیاکەیە، ئەگەر نا هیچ بنکەو ئەدرێسێکی ئاماژە پێکراویان نییە لەهیچ ویلایەتێک.

"HKN Energy" ئێچ کەی ئێن ئینرجیش لەساڵی ٢٠٠٧ دامەزراوەو، بەڵام لەهیچ کام لە وڵاتانی کەنەداو ئەمریکا تۆمار نەکراوە. هیچ پرۆفیلێکی نییە، تا ناو و ناونیشتانی نیشان بدات، جگە لەگووگڵ لۆکەیشنی هەولێر. وەک لە پلافۆرمی لینکت ئین ئاماژەیان پێکردووە، ئەم کۆمپانیایە لە ٨٠ وڵاتی جیاواز ئەزموونیان هەیە، بەڵام تاکە شوێن کە دەتوانی چالاکییەکانیان تێدا بدۆزیتەوە، هەرێمی کوردستانەو هیچ ڕیکۆردێکی دیکەیان نادۆزیتەوە لە تەواوی جیهاندا. پلاتفۆرمی سۆشیال میدیاشیان لەخوارووی دوو هەزار کەسەوەیە، هەندێ جار هەواڵی کوردیان شەیرکردووە! لەگەڵ ئەوەشدا لە کۆمپانی سێرچ‌و دەیتابەسی ویلایەت یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بوونی نییە‌و تۆمار نەکراوە لەو وڵاتە.

ئەم دوو کۆمپانیایە لەدوای ڕوخانی ڕژێمەوە سەریان هەڵداوەو دوور نییە تایبەت دروستکرابن بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە هیچ ڕابردوویەکی دیکە نابینرێت لەکارکردنیان. ئاماژەکان بەو ئاقارەن کە ئەمانە برۆکەر"دەڵاڵ" بن‌و بەناوی کۆمپانیاوەو بەکارەکتەری کەنەدی ئەمریکی تۆمارکرابن، بەڵام خاوەنی ڕاستەقینەیان، دەسەڵاتی کوردیی بنەماڵەیی بێت. سەرمایەکانیان دیار نییە لەسەرەتای دروستبوونیەوە، کە ئەم پارانە لەکوێوە هاتوون، چۆن توانیویانە داهاتەکانیان بگەیەننە ئەوەی ئێستا؟!

ئەم گرێبەستانە، هیچ ڕەنگدانەوەیەکی لە میدیای ئەمریکی‌و کابینەکەی تڕەمپدا نەدا. هیچ بەرکەوتنێکی فەرمی تێدا نەبینرا، هەروەک مامەڵەیەکی بازاری ڕەش تێپەڕی.

چاوەڕوان دەکرێت کاردانەوەکانی حكومەتی ناوەند بەهێز دەبن‌و دوور نییە موچەخۆرانی هەرێم ببنە قوربانی ئەم جۆرە ئیمزایانە.

ئەم دیزەبەدرخۆنە کردن‌و سەروسەودایە دوو دیوی هەیە، یان کۆمپانیاکان حکومەتی هەرێمیان خەڵەتاندووە، یان دوو دەسەڵاتی بنەماڵە عوامیان لەلانکە ناوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×