بەکورتی 11: دوژمن.... دوژمنی راستەقینە هەردەم نادیارە

ئازاد حەمە
  2025-06-21     468

پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی

 

دوژمنە راستەقینەکان،کە سەرسەختەکانن،کەمن،هەشبن نادیارن(نەبینراون)Invisible. دوژمنEnemyسروشتی خۆی هەیە  و هەموو دوژمنێکیش بە دوژمن دانانریت.دوژمن دەبێت خەسڵەتەکانی دوژمنایەتی تیابەدیبکرێت و هەڵقوڵاوی ناو دوژمنایەتی بێت.هەروەها دروستکردنی دوژمن کارێکی ژەهراوییە،دژوارە و کاتی دەوێت،بەتایبەت دوژمنە سەرسەختەکان.ئەم جۆرەش لە دوژمن لەکۆڵکردنەوەیان ئاسان نییە و مامەڵەکردنی وزەی تایبەتی دەوێت.هەرچی لەبیرکردنی دوژمنیشە،ئەمەش هەر پێویستە،ئەگەرنا چۆن بەردەوابین(هەبیین، بژیین).

کە باشبووین بێدوژمن دەبیین؟ نەخێر. باشە بێدوژمن و بێبەرامبەرەکان باشنیین. بۆئەوەی باشبیین پێویستمان بە دوژمنە. دوژمن ململانێییە، خاڵی وەرچەرخان و بیرکردنەوەیە. پێکدادانەکان حاڵیماندەکەن لە ماهیەتی دوژمنایەتی. ریشەی دوژمنایەتی پێش لەدایکبوونی باشەیە. ئەوە دوژمنە  وامانلێدەکات رێز لەخۆمانبگرین. بۆ؟چونکە دوژمن فێری بیرکردنەوەمان دەکات. کە دوژمنمان هەبوو هێدی هێدی قۆناغی گێلی تێدەپەڕێنیین. ئەوە(ئەوە) هانماندەدات لە پێکدادان و ململانێ تێبگەین. ئەگەرنا ئاشتیش بێ مانا دەبیت. کاتێک لە پێکدادانەکانەوە ئەزموونفێردەبین، لەوە حاڵیدەبین باشە لەکوێوەدێت. هەر دوژمنناسیشە هاوکاریماندەکات لە هاورێیەتیش تێبگەین.

لەسەر بناغەی قسەکانی لای سەرەوە دەپرسیین:دوژمن کێیە و دوژمنایەتی چییە؟دوژمن پێویستییە؟لە دوژمن و دوژمنایەتییەوە هیچ فێردەبیین؟دوژمنی راستەقینە هەیە؟چۆن دوژمن بۆ نادوژمن(دۆست)بگۆڕیین؟کە دوژمن هەبوو ئاییندە مەترسی لەسەر نییە؟بێدوژمن دەتوانیین بژیین؟دوژمنپەرستی ناساغیی نییە؟ کێ مافی ئەوەی هەیە دادوەریی بەسەر خراپیی ئێمەوە بکات: دوژمنەکانمان یان هاوڕێکانمان؟کەمەحکومبووین بەوەی دەبێت دوژمنداربیین، باشترە چ جۆرە دوژمنێکمان هەبێت؟ئەی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دوژمن ئەزموونی دەوێت؟

دوژمن کێیە و دوژمنایەتی چییە؟ دوژمن شەڕ دروستدەکات، شەڕیش بەرهەمی عەقڵە. عەقڵیش (شەڕ)پلان بۆ ئاشتی دادەنێت. نەبینینی دوژمن بەزیانی بوونمان(بوونی هاوڕێی)دەگەڕێتەوە.دوژمن لەناو بوونماندایە(لەناو هاوڕێیەتیەکانماندایە)، لەو شوێنەدایە، کە ئێمە هەین. کێشەکە ئەوکاتە دەستپێدەکات، کە دوژمن نادیاربوو، کە هەستمانکرد بێ دوژمنیین. وێڕای ئەوە، گۆڕینی دوژمن بۆ نادوژمن، ئیشە دژوارەکەیە. بەس ئەوانەی دوژمنپەرستن، کە هەردەم دوژمنیان پێویستە، لە بەرژەوەندییانە دوژمن وەک دوژمن بهێڵنەوە.کەوابێت، ئەگەر دروستکردنی دوژمن پێویستیی بێت، بەخێوکردنیشی ئەرکە. تەنها بەو ڕێگایە دوژمن دەتوانێت بمێنێتەوە.

هێشتنەوەی دوژمن وەک دوژمن تا شوێنێک سودی هەیە.بەڵام مشەخۆربوونیش لەسەر دوژمنایەتی مەترسیدارە و هەڕەشەشە لەسەر ئاییندە. چونکە هەبوونی دوژمن هەبوونی ترسێکە مانا بە بوون (ژیان) دەدات. واتە، دوژمن و ژیان یەکتر تەواودەکەن. ئەمە بەو مانایە نایەت،کە تەنها لەپێناو دوژمندا ژیانبژێیین.

لێرەدا وایدەبینیین، کە نیچە قوتابخانەی سەرەکییە بۆ دوژمنناسی. لەوەوەفێردەبین،کە"ئەوەی لەپێناو شەڕکردن لەگەڵ دوژمنەکەی دەژی، بەرژەوەندی تەواوی لەوەدایە دوژمنەکەی لە ژیانا بمێنێتەوە".لێرە دوژمن هۆکاری مانەوەیە،پاڵنەری ئەوەیە تۆ بۆ(ئەو)بژیت،(ئەو) وەک دوژمن بهێڵیتەوە. ئەمە ئەوەشمانپێدەڵێت، کە دوژمن جاریوایە پێویستییە تا خۆت کۆبکەیتەوە و خۆت ببینییت.

لە دوژمن مەترسیدارتر چییە؟ ئەوەیە، کە تۆ پێتوابێت دوژمنت نییە.دوژمن ئەوکاتە دروستدەبێت، کە لە خەیاڵی ئەوەدا بیت هەموو شتێک باشە، تۆ بێدوژمنیت. چەند ترسناکە واهەستبکەیت بێدوژمنیت!!

ئەهریمەنەکانی دەرووبەرمان وامانلێدەکەن لەتەکیانا بجەنگیین. ئەمەوادەکات وەک دوژمن بیانبیین، دواتر بکەوینە شەر لەتەکیانا، لەگەڵ کاتیشدا دەبیینین بووینەتە بەشێک لەوان.کەواتە ترسناکە لە دوژمنە سەرسەختەکانمانەوە فێری هاوڕێیەتی بیین. ئەوان،کە بێباکن بەرامبەر بە هاوڕێیەتی،هاوسێیەتی، تاکە شت، کە لێیانەوە فێردەبیین، دوژمنایەتییە. لێ سەرسەختترین دوژمنایەتییش. هاوکات دەربازبوون لە چنگ دوژمنایەتی سەرەتایەکی باشە بۆ خراپنەبوون. هیچ نەبێت بەو خۆدەربازکردنە نابینە خراپە مەزنەکە. ئەمڕۆ بێ ئاکارییەکە لەوەدایە هەموو هەوڵدەدەن ببنە خراپەگەورەکە، دوژمنە نادیارەکە.

بەبێ دوژمن و دوژمنایەتی و ململانێ و دواجار شەڕ، سیاسیی politicalبوونی نییە(شمیتSchmitt)، ئەی ئەمەیان چۆن؟ بەبۆچوونی شمیت"دوژمنی سیاسی پێویستی بەوە نییە لە ڕووی ڕەوشتییەوە بەدبێت،لە ڕووی جوانیناسییەوە ناشرین بێت،لەڕووی ئابوورییەوە زیانبەخش بێت".هەروەها بەپێچەوانەشەوە ڕاستە.واتە دۆستی سیاسی پێویست ناكات باش بێت لەڕووی ڕەوشتییەوە،جوانبێت لەڕووی جوانیناسییەوە و سودبەخشبێت لەڕووی ئابوورییەوە. .... لەوە سەمەرەتر، دوژمن هەمیشە گشتییە(نەك تایبەت)و دوژمنی تایبەت مانایەی نییە".واتە دوژمن کاتێک هەیە،کە دوژمنی سیاسیی بوونی هەیە(شمیت).

دیدی ترسناکی شمیت لەوێوە دەستپێدەکات،کە پەیوەندییەكی رەوشتیی لەنێوان دوژمنایەتی و خودی رەوشتدا بوونی نییە. چونکە دوژمنایەتی، هاوڕێیەتیش، واتایەكی سیاسییە لە دەرەوەی رەوشت.

دوژمن وامانلێدەکات خۆمان نەبینە دوژمنی خۆمان. خۆمان،کە هەمیشە لێهاتووین لە دوژمنایەتیکردنی خۆمان بەوە دوژمنە نادیارە راستەقینەکەمان لەبیردەچێتەوە. بۆئەوەی لەوە بکەوین دوژمنی خودی خۆمان بیین پێویستمان بە دوژمنە. بینینی دوژمنیش وەک دوژمن کارزانی سیاسیی و کرداریی دەوێت.

کارل شمیت هەر زوو پێیڕاگەیاندین، کە دوژمن خۆت نیت،ئەویترێکە. لەو شوێنەی دوژمنێک هەیە، پێویستمان بەوەیە بەدوای ئەویترێکدا بگەڕیین. دوژمن بەرامبەرێکە و هەر وەک بەرامبەریش دەمێنێتەوە. دوژمنی لەم جۆرە بوون دەخاتەمەترسییەوە. هەڕەشەی ئەم بەرامبەرە هێندەی بووناوییە رەوشتیی نییە. شمیت گوتەنی، کە نەتزانی کێ دوژمنە نازانیت تۆ کێیت.

کۆتا گوتنمان لەسەر دوژمن ئەوەیە، کە هەریەکێک لە ئێمە دوژمنێکی نادیار Invisibleی هەیە،دوژمنێک کە نووستوە و هەلومەرجێک بێداریدەکاتەوە. گەڕان بەدوای دوژمن، یان دۆزینەوەی دوژمن کارئاسانیمان بۆدەکات لە سروشتی هاورێیەتیش تێبگەین. بێئاگاییمان لەسەر دوژمنە نادیارەکانمان وایلێکردووین پێمانوابێت، بێ دوژمنیین، کە هێشتا دوژمنمان نییە.

گەوجیەکە ئەوکات دەستپێدەکات،کە ئێمەی مرۆڤ خۆمان بە ئاسودەبزانیین، کەگوایە بێدوژمنیین. بێدوژمنی بەدبەختییە نەک شادومانیی. ئەوە دوژمنە فێریخۆکۆکردنەوە و ئامادەباشیماندەکات.روونتر بدوێیین، دوژمن فێری بیرکردنەوەمان دەکات لە بوونی خۆمان. ئەو دەمە دەبینە دوژمنناس کە توانیمان لەوە حاڵیبین هەبوونی دوژمن سەرەتایەکە بۆ خۆناسی و داکۆکی لە بوونی خۆت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×