پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی
بیانووهێناوە(بەهانەهێنانەوە) Excuse بۆ شتێک یان بیانووگرتن(بەهانەگرتن) بە کەسێک کردەیەکە لە بیرکردنەوە. بۆیە بیانوو(بەهانە)داتاشین بیرکردنەوەی دەوێت و پەیبردنیش بە بەهانە(بیانوو)کۆششێکە بۆ گوتنی راستی، لێ مەرجیش نییە بیانووەکە بمانگەیێنێت بە راستی. لێرە بەڵگە پێویستە. واتە بەهانە دۆزینەوە دوای کردن و روودانی شتێک دێت. زۆربەی بەهانەگرەکانیش بەهانە وەک چەکێک بەکاردێنن بۆ بەراستییکردنی ئەوەی کراوە یان گوتراوە.
گرنگە بزانیین: بیانوو(بەهانە) بۆ هەیە؟ شتێکی رەوایە؟ بیانوو پێویستە یان پینەوپەڕۆیە لە قسەکردندا؟ جیاوازیی لەنێوان بیانووهێناوە(بەهانەهێنانەوە) و پاساوهێنانەوەJustification دا هەیە؟ بیانوو(بەهانە) و داوایلێبووردن چیی کۆیاندەکاتەوە؟ بیانووی بێ بنەما چیدەگەیێنێت؟ دانی بیانوو بەکەسێک بۆ ئەنجامدانی کارێکی نەخوازراو رەوایە؟ کەی بیانووهێنانەوە قێزەوەندەبیت؟ بیانووی ڕاستەقینە چییە؟ بیانووهێنانەوەی لۆجیکیانە و نالۆجیکیانە بوونی هەیە؟
بیانووهێناوە (بەهانەهێنانەوە) چییە؟ بیانووهێناوە پرۆسەیەکی زمانەوانییە وبوونیشی لەخۆڕا نییە. هەموو بیانوویەکیش هۆکارێکی لەپشتەوەیە. ئارمانج لە بیانووهێنانەوە پاساویشە بۆ کردن و یان گوتن و ڕوودانی شتێک. لێ بیانووەکە دەشێت قبووڵکرێت و دەشێت قبووڵنەکرێت. بەمجۆرە، بەکاربردنی بیانوو(بەهانە)واتە بەکاربردنی هۆکار؛ کۆکردنەوەی هۆکار وەک پاڵپشتییەک بۆ ئەو کردارە خراپەی کراوە، جا درۆبێت یان توندوتیژی و... .
کەواتە بابزانین هۆکار چییە؟هۆکار لە لۆجیکدا شوێنی دیارە، بەکاردەبرێت تا شتێک شیکرێتەوە یان پاساویبۆبهێنرێتەوە. کاتێک هۆدێنینەوە واتە پشتگیری لە بیانوویەک دەکرێت. کاتێک هۆکار دەهێنرێتەوە رەوایەتی بە کرداریک یان بیرکردنەوەیەک دەدرێت. هۆکارەکە بۆئەوەشە تا ئەو کردارە یان هەڵوێستە وەک راستییەک ببینرێت. کاتێک خوێندکارێک نمرەکەی زۆر کەمە، لەبەردەم مامۆستاکەی هەوڵدەدات خۆی وانیشاندەدات، کە غەدریلێکراوە، ئەمە بۆئەوەشە، کە سۆزی مامۆستاکە بۆخۆی راکێشێت.
خواروخێچی لە بیانووهێنانەوە (بەهانەهێنانەوە) بۆ کەسێک یان چۆنیەنی روودانی شتێک بیانوو(بەهانە) نالۆجیکییدەکات. بۆنموونە بیانووهێنانەوە بۆ ستەمکاری، زۆرداریی و دڕندەیی. زۆرجاریش بەم جۆرە بیانوو دەخەینەڕوو: بەبیانووی ئەوەی کە.... . بۆشمان هەیە پاساو لە بیانوو بەمشێوەیە جیابکەینەوە: بیانوو هێنانەوە بۆ هەندێک کردەوە ئاسان نییە، بەڵام لە حاڵەتی ئەوەی بۆ رزگارکردن بێت ڕەوایە. بۆنموونە، کاتێک بێستانێک دەسوتێت بەبیانووی ئەوەی،کە ئەسپەکان دەربازکەیت لە سوتان دەکرێت دەرگای بێستانەکە بشکێنیت و بچیتە ژورەوە.
بیانووهێنانەوە داوای لێبوردن(عذر، Excuse) یش لەخۆدەگرێت. ئەمە ئەوکاتە ڕوودەدات، کە بیانوو جێگای لێبووردن دەگرێتەوە. هاوکات لە بیانوودا خۆدزینەوەش بوونی هەیە. بەشێکی زۆریش لە داوای لێبووردنەکان لە فۆرمی بیانوو خۆیان دەردەخەن و داکۆکییشن لەوەی کراوە، یان گوتراوە.
ئەوەشمان بیرنەچێت، "کاتێک هەڵە دەکرێت، هەوڵدەدەین بەرپرسیارێتی و لۆمە(سەرزەنش) دابەش بکەین، داوای لێبوردن دەکەین، یان چاوەڕوانی داوای لێبوردن دەکەین. ڤێتگنشتێین، ئەمە ناودەنێت “یاری داوای لێبوردن”. ئەو داوای لێبوردنەی دەکرێت، دەبێت بۆ هەموو ئەوانەی لە پرۆسەی داوایلێبوردنەکەدا بەشدارن مانادار بێت".
بەپێێ ئەوە بێت، کە لای سەرەوە باسکرا "بیانوو هۆکارێکە، بەرگرییەکە: “نەمتوانی بێم، چونکە هەڵامەتم هەبوو.” داوای لێبوردن بە واتایەکی ڕەسەن داوای لێبوردنکردنە لە کەسێک دەکرێت کە پاساو قبوڵ بکات".
ئەمەو بیانوو بەمانایPretext ( ذريعة)یش دێت. لەم حاڵەتەدا بیانوو هۆکارێکە بۆ پاساوهێنانەوە، کە لەکاتی بەرگریدا بەکاردەبرێت. بۆیە پەڵپگرتن (پەڵپهێنانەوە) جیایە لە بیانووگرتن، چونکە بۆ پەڵپگرتن پێویستی بۆ بیانوو پێویستە. سەرباری ئەوە، لەناو پرۆسەی بیانووهێنانەوەدا گرەوێک بوونی هەیە، ئەو کەسەی بیانووەکە دەهێنێتەوە ئامانجی ئەوەیە بە مەبەستی خۆی بگات. زۆرجاریش بیانووهێنانەوە بۆ بردنەوەی گرەوە لەو کەسەی بیانووەکەی لێدەگیرێت.
ئەوەش دەڵێێن: بیانوو دەکرێت لاوازبێت. لێ بیانوو کە یاسایی بوو دەرگا لە لاوازی بیانوو دادەخات. یاساییبوونەکە لاوازییەکە لادەبات. ئەوکاتەش کە بیانوو بەیاساییدەکرێت، هەموان لەبەردەم زەبری یاسا بیانومان نامێنێت. بەڵام لە سیاسەتدا زۆرجار واباوە، کە بە بیانووی شتێکەوە یان دوور لە بەهانەهێنانەوەوە کارێک دەکرێت. بۆنموونە هەموو بیانووهێناوەی لۆجیکییمان دەوێت بۆ ڕووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەر، بۆ ئەوانەی پێیانوایە ریفراندۆم پێویست نییە، بۆ هۆلۆکۆستی جوولەکە لەماوەی جەنگی جیهانیی دووەم و ..تاد.
گەلێجاریش بەرامبەر بەوەی گوتراوە یان کراوە دەڵێێن: بیانوومەگرە، پەڵپمەگرە. ئەمە کاتێک روودەدات، کە پێمانوابێت بیانووهێنانەوە شت دەگۆڕێت. وەکیتر، بیانووبڕینیش بە کەسێک پەڵپپێنەهێشتنە بەو کەسە.
بیانوو پێویستی بەوەیە قبووڵبکرێت. کاتێک دەڵێین: بێ هیچ بیانوویەک ئەو کارەی کردوە، ئەمە بەو مانایەدێت گەر بیانوو هەبایە تێگەیشتنێک دروستدەبوو. باشە، لۆجیکیی بومەلەرزە بیانووهێنانەوەی دەوێت؟ بەڵێ. دیارە ئەوەی، کە عەقڵ پەسەندیدەکات دروستە. ئەی نەفرەتی ئیسلامییستەکان لە جوولەکە لۆجیکی تیایە؟ نەخێر. چونکە نەفرەتەکە لێوانلێوە لە نالۆجیکییبوون، لە ڕق و سۆز، کە ئەوانە هەرهەموو بەدەرن لە لۆجیکییبوون..
باشە بیانووهێناوە(بەهانەهێنانەوە) دەکەوێتە کوێی عەقڵەوە؟ هەموان دەزانیین، کە لە لۆجیکدا شتێک هەیە پێیدەڵێن ھەڵھێنجان Deduction، ئەمە بەرهەمی خستنەگەڕی عەقڵە بۆ گەیشتن بە ئاکامگیریی. لێرەدا پێویستمان بە ئاکامی، یان دەرئەنجامی، دروستە. ھەڵھێنجان رێگایەکێشە بۆ بە بەڵگەگەیشتن. ئەو بەڵگەیەی بەم رێگایە پییدەگەین بی غەش، دروست و باوەرپێکراوە.
دوا دیتنمان تایبەت بە بیانووهێناوە(بەهانەهێنانەوە) ئەوەیە،کە بیانووهێنانەوە بۆ کردارە نالۆجیکییەکان یەکێکە لەو کێشانەی دەروونناسان زۆر لەسەری وەستاون. لێرەوە دەگەینە ئەو دیتنەی، بیانووهێنانەوەی نالۆجیکیی کردەیەکی پۆزەتیڤ نییە و لێوەفێربوونیشی لێبەدیناکرێت.
زۆرجار بیانووهێناوە بۆئەوەیە تا دانپێدانان روونەدات. بەڵام ئەوەی لە کێشەکەدا مەبەستە دانپێدانانە نەک بیانووهێناوە. تەنانەت بیانووهێناوە بۆ دەستبەسەرکردنی کەسێک لەلایەن پۆلیسەوە، بابەتێکە دەکەوێتە نێوان ئەو کردەیەی کەسەکە ئەنجامیداوە لەگەڵ خودی یاسا.