پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی
لەم سەرەتایەوە، بەرلەهەر شتێک هێما بۆ ئەوەدەکەین، کە بۆ کێ لە ئێمە چی و کێ گرنگە Important ، ئەم لایەنە هەردەم دید و تێڕوانینی جیا دروستدەکات. بەواتایەکیتر، کەسێک یان شتێک بە گرنگ زانیین پەیوەندی بەوەوەیە چۆن ئەو کەسە یاخود شتە گرنگ بووە و چیش گرنگیی کردووە. تێکڕای هاوماناکانی گرنگ Important و گرنگیی Importanceو گرنگبوون خۆیان لە بەرەی بایەخداریی و مانادارییدا دەبیننەوە. گەیشتنیش بە گرنگبوون ئاسان نییە و زۆرێک هاوکێشە لەو پرۆسەیەدا بەشدارە.
ئایا گرنگبوون لەوێوە دەستپێدەکات، کە کەسێک یان شتێک وەک گرنگ بناسێنیین؟کێ دەڵێت ئەو کەسە یاخود شتە گرنگە؟ ئەوەی ئێمە وەک گرنگ نمایشیدەکەین بۆ هەمووان گرنگە یان ئێمە پێمانوایە گرنگە؟چی وادەکات کەسێک یان شتێک گرنگ بێت؟گرنگیی کەسێک یان شتێک لە خودی خۆیدا بوونی هەیە؟ گرنگیی لە چییەوە هاتووە؟ئەو شتەی یاخود کەسەی گرنگە هەمیشە گرنگە؟گرنگەکان هەردەم گرنگن؟هەر بە گرنگ دەمێننەوە؟چی و کێ بۆ ئێمە گرنگە بۆ ئەوانی دیکەش هەر گرنگە؟گرنگەکان بە فیعلی گرنگن یان لێمان گرنگکراون؟گرنگەکان جێپەنجەیان گرنگیانیکردووە یان بەزۆر کراونەتە گرنگ؟لە ئێستادا ژینگەیەک بۆ بازدان بەسەر گرنگەکان لە گشت شوێنێکی ئەم جیهانە لەئارادا نییە؟
گرنگ چییە؟گرنگ کاریگەریی هێنەرە. گرنگەکان شایان و بابەتی ئاوڕلێدانەوەشن. هەردەم هەلومەرج و دۆخێکیش لەئارادان، کە گرنگەکان گرنگدەکەن. بۆیە گرنگیی ئاماژەیە لەسەر بوونی بەها، دیرۆک و پەیامێک. لەو شتانەی، یان کەسانەی کێماسی(ناتەواوی) بەدیدەکرێت گرنگبوون دەرناکەون. وێڕاى ئەمەش گرنگەکان دانسقە و نایاب نەبن هەڵکەوتوو نابن و مژارێکی دروستیش نیین.
سەرباری ئەوەی گوترا، گرنگەکان ئەوانەن، کە بەمانای پڕاوپڕی وشەکە خەسڵەتگەلێکی گرنگیان تیابەرجەستەیە. پەیبردنیش بە گرنگیی کەسێک یان شتێک کارێکی ئاسان نییە، کرۆکی گرنگەکانیش بە سانایی نایەنەدەستەوە. زۆرێک لە گرنگەکان ڕامان ناچڵەکێنن، چونکە لێوان ڕێژن لە ناپێویستیی و بێمانایی. ئەمەش لەبەرئەوەی گرنگ شتێکی مانادار و کاریگەرە، پێگەی هەیە، جا زانستیی بێت یان کۆمەڵایەتیی یاخود ئاینیی. ئەو کەسەی یان شتەی گرنگیی هەیە، ڕەنگە کەسێکیتر، یان شتێکیتر ئەو گرنگییەی نەبێت. هەڵدانەوەی قەتماغەی بەشێکیش لەو شت و کەسانەی لێمان گرنگکراون زۆر راستییمان پێدەڵێن.
وێڕای ئەوە، گەلێکجار گرنگەکان پەیپێنەبراو، پەراوێزخراو و باسلێنەکراوەکانن. هاوکات دەکرێت بگوترێت، کە گرنگەکان، گرنگییەکانیان یەخەماندەگرن، ئەوان تەنگەتاویی و مەترسییەکانیش دەبینن بۆیە گرنگن. مەبەست، گرنگەکان لە خۆڕا گرنگ نیین، مەبەستێک، بۆنموونە سیاسیی، گرنگیی نەکردوون، کە دواتر ئەو مەبەستە ئاوابێت و گرنگییەکەش سیسببێتەوە.
شتی گرنگ و مرۆڤی گرنگ بەپێی کات و شوێن جیاوازە. شتێک گرنگە ئەگەر کاریگەریی گەورەی لەسەر مرۆڤایەتیی هەبێت، ئەمەش وادەکات لە یادەوەرییەکاندا زیدوو بێت. چونی یوری گاگارینGagarin بۆسەر ئاسمان. ئەزموونی شیعریی مەحوی، سەیاب یان بۆدلێر گرنگبوون. ئەمانە هەر گرنگ دەمێننەوە تا ئەو دەمەی تێدەپەڕێنرێن.
بائەوەمان بیرنەچێت، کە هەندێک گرنگ بۆ هەموان گرنگن، بۆنموونە دۆزینەوەکانی بەتڵیمۆس Claudius Ptolemy یان گالیلێ. هاوکات هەندێک تێژیانیش هەن، کە بوونیان هیچ گرنگ نییە، دەکرا هەر نەشبن، بۆنموونە جەنگە جیهانییەکان، ئەنفال و هۆلۆکۆست. ئەوەتا دیدی فەلسەفیی رەوشتیی سپینوزا یان تیۆری رێژەگەریی ئەنیشتاین بەهۆی کاریگەرییەکانیان لەسەر جیهان بوونەتە گرنگەکان. دەشێتبگوترێت، هەندێک ڕووداویش گرنگی مێژوویی خۆیانیان هەیە، لەوانە دەرکەوتنی نیوتن، لەدایکبوونی موزیک یان شانۆ، شۆرشی بەلشەفیی، دیاردەی جیڤارا و.... .
گرنگەکان تایبەتمەندیی خۆیانیان هەیە. بەشێک لەو تایبەتمەندییە پەیوەندی بەوەوەیە،کە توانای دروستکردنی جیاوازییان هەیە. مەرجیش نییە گرنگەکان لێرەبن یان لێمانەوە نزدیکبن، دەکرێت دووربن، زۆر دوور. لێ لەکۆتاییدا هەر گرنگن. کۆپەرنیکۆسCopernicus لەڕێگای کردنی خۆر بە بەچەقی گەردوون گرنگی خۆی سەپاند، دەستیۆڤسکی لەڕێگای شێوازی رۆماننووسییەکەیەوە جیاوازی خۆی نیشاندا.
ئەوی لایسەرەوە گوترا، ئەوەمان پێدەڵێن، کە مەبەستمان لە گرنگەکان ئەو گرنگانەن بە جۆرێکی سروشتی لەدایکبوونە و لە پێویستییشەوە هاتوون نەک لە هیچەوە. کەسێک یان شتێک گرنگە چونکە پێویستە. ئەگەر هۆکارەکان بناسینەوە، کە چۆن شتێک یان کەسێک گرنگ بووە، لەوەش حاڵیدەبین گرنگ چۆن دێتەکایەوە. سەرئەنجام دەڵێین: گرنگەکان لە گشت سەردەمەکاندا کوانووی داهێنان و تازەگەرییەکانن.
دەکرێت گرنگەکان پۆلینکرێن. بۆنموونە ئەو گرنگانەی دەگمەن و نادووبارەن، تایبەتمەند و هەردەمییەکانن، وەک مارکس، نیوتن یان ئەدیسۆن. ئەمانە ئەو جۆرە گرنگانەن لەبیرناکرێن و کاریگەریی باشیشیان لەسەر مرۆیی مرۆڤ داناوە. بۆیشە وادەڵێین، چونکە گرنگکراوەکانی ئێمە بەئەندازەیەک ناشرینن، کە خودی گرنگ و گرنگبوونیان لا قێزەوەنکردووین.
کۆتا گوتن لەبارەی گرنگبوونەوە ئەوەیە، کە پێویستە لەوە بەئاگابیین، کە پاش گرنگەکان گرنگتر دێن. ئەڵبەتە گرنگەکان نابن، ئەگەر گرنگ ناگرنگ نەسڕێتەوە. گرنگ ئەو دەمە هەیە، کە توانای داهێنانی مانای هەبێت. هەچکات گرنگ ئەو مانا و نرخەی هەیەتی لەدەستیدا لە گرنگبوون دەکەوێت.
لە ئێستای کۆمەڵگەی ئێمەدا گرنگەکانمان لە ئاوزەنگ و سەرەمەرگدان، ناگرنگەکان، لە کەس و شت، جێپێیان بە گرنگەکانمان چۆڵکردووە و، بگرە لێرە و لەوێ ناگرنگێکیی زۆر و زەوەندیش زووزوو لەدایکدەبن. ئەمەش بێ هوودەیی لەناوماندا بڵاوکردووەتەوە و ناگرنگییشی لێکردووین بە گرنگ.