پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی
ڕۆچۆنە نێو پەیڤی هەمانSame دەمانبات بەرەوئاشنابوون بە پەیڤگەلێکی وەک: هاوتا، هاوشێوە ،لێکچوو و..تاد. لەم گۆشەنیگایەوە دەخوازین بڵێین: پەیڤی هەمان دوورە لە جۆراوجۆریی، هەمەچەشنیی و جیاوازییەوە. کاتێک دەگوترێت ئەوانە هەمانن(هەمان کەسن، هەمان شتن) واتە جیاواز و دیکە(تر) Other نیین. لەبەرئەوە باسکردنی هەمان و هەمانبوونSameness باسی جیاوازیی Difference دێنێتەگۆڕێ. کاتێک هەمان کەس هەمان شت دەکات، واتە شتێک بەناوی جیاوازییەوە بوونی نامێنێت.
سەرباری ئەوە، بەریککەوتنی هەمان لەگەڵ هەمان ناگاتە هیچ دەرئەنجامێک و هەمان و دیکەش(تریش) هەرگیز یەکناگرنەوە. دیکە لە جیاوازییەوە نزیکە، بەڵام هەمان و جۆراوجۆریی ناهاوتایی کۆیاندەکاتەوە. هەمان بۆیە هەمانە چونکە رەوتی هەمان گۆڕانی نایەتەسەر و ئەمەش وادەکات وەک خۆی بمێنێتەوە، چونکە جیاواز نییە.
لەسەرئەو بنەمایەی لایسەرەوە دەپرسین: هەمانەکان هەمانن؟ دوو شت،کە تایبەتمەندییەکی هاوبەشیان هەیە یەک شتن؟ دەکرێت قسە لە بەریەککەوتنی پەیڤی هەمان لەگەڵ پەیڤی دیکەدا بکەین؟ هەمانەکان وەک هەمان دەمێننەوە؟ ئەوەی لێکچووە هەمانیشە؟ هەمان لەگەڵ کاتدا بەهەمان ناودەبرێت؟ ئەوەی هەمان نییە جیاوازە؟ ئاینیی ئیسلام لەگەڵ ئاینیی مەسیحی یان ئاینیی جوولەکە هەمانە؟ شارستانی یۆنانی وەک شارستانی رۆمانیی وایە؟ زانکۆکانی ئێمە هاوشێوەی زانکۆکانی دانیمارکە؟ سفرەی نانخواردنی ئێمە لە سفرەی نانخواردنی ئیتاڵی دەچێت؟ کاریگەریی بەکاربردنی ئاوەڵناو لەڕستەدا وەک بەکاربردنی ئاوەڵفرمان وایە؟ دۆزی کۆمەڵایەتیی ،یان هەستی سێکسیی، هەژارێک هەمان دۆزی کۆمەڵایەتیی، یان هەستی سێکسیی، دەوڵەمەندێکە؟
هەمان چییە؟ هەمان ئەو شتەیە/ یان کەسەیە، کە لەسەر بناغەی تایبەتمەندییە هاوبەشەکان هەمانە. دوو شت یان دوو کەس،کە هەمانبوون واتە خاڵی هاوبەشیان تایبەتمەندییە هاوبەشەکانیانە. بەڵام هەمان لەگەڵ جیاوازییدا دژە. یەکنەگرتنەوەی هەمان و جیاوازیی هەمان وەک خۆی دەهێڵێتەوە. تا هەمان هەبێت جیاوازیی بوونی هەیە. هەمان بۆ ئەوەیە جیاوازییەکان هاوتابکرێن. بۆنموونە، کە دەڵێین هەمان خۆراک واتە بە فۆرم و کواڵیتێ و سروشت خواردنەکە لەگەڵ خواردنی تر (پێشوو)هەمان و یەکن. کە بەو جۆرە خواردنەکان هەمانبوون پەیڤی جیاوازDifferent لەو حاڵەتەدا هیچ بەهایەکی نابێت. هاوکات هەمان هەردەم وەک خۆیەتی، جیگیرە، ناگۆڕێت و ناشتوانێت جیاوازبێت.
لەناو هەماندا دووبارەبوونەوەیەک بوونی هەیە، کە پڕ و سیخناخە لە هەمانیی. بۆنموونە، کاتێک دەگوترێت: هەمان شت کە گوتمان(کە کردمان،کە بینیمان، کە باسمانکرد) بەو مانایەدێت جیاوازییەک لە کردەکاندا بوونی نییە.
کردنی هەمان شت، گێڕانەوەی هەمان شت یان هاوکاریکردنی هەمان کەس، لێرەدا هەمان لە ناخی خۆیدا هاوشێوەیی، یەکسانی و هاوتایی مەڵاسداوە. ئەو شتەی، یان کەسەی، لە هەمان شت و کەسەکەی دیکە دەکات هەمانییەک کۆیاندەکاتەوە. ئەمەش واتە لەیەکدەچن و هاوجۆرن. لێرە ئەوەندەی هەمان جێگای باسە جیاوازی جێگای باس نییە.
لەبەرئەوە لێرەدا بە چاکی دەزانین ئاماژە بۆ ئەوە بکەین، کە شیاوی هەڵوەستە لەسەركردنە، کە هەمان خۆی بەوە لە جیاواز جیادەکاتەوە، شتێک، کە هەمان بێت، دەبێت شتێکی دیکە هەبێت، کە هاوتای ئەم شتەبێت. گەر نەبوو کەوابێت جیاوازن و لەیەک ناچن. ئەوەتا لە زماندا هاوواتاکان هەمانن. بەڵام لە مێژوودا جەنگەکان هەمان نیین. ناوی جەنگ بۆ هەموو جەنگەکان هاوشێوەیە بەس گەورەو و بچووکیی، زیان و جۆری جەنگەکان جیاوازن.
جیاوازەکان هەمان نین. هەمانەکان لێکدەچن، هاوتا و هاوشێوەی یەکن، لێ جیاوازەکان ناکۆک و ناجۆرن. هەمەچەشنی و جۆراوجۆریی لە نێو جیاوازەکاندا هەیە، بەڵام هەمان نیین، یان مەگەر هەمانبن لە جیاوازییەکانیاندا. زۆر جار هەمەجۆر و هەمەچەشنەکان هەمانن لە جیاوازییاندا.
لهم ڕوانگهیهوه دەڵێین: هەمان و جیاواز لە ناوەڕۆكدا لێکناچن. چونکە هەمان بارگاوییە بە تاکجۆری، یەکشێوەیی. واتە هەمانەکان جۆراجۆرنیین. ئەوانەی هەمانەکانن هەردەم هاوشێوەی یەکبوونە بۆیە بەشدارییان لە دروستکردنی هیچ جیاوازیەکدا نەکردووە. تێڕوانینەکان ئەو کاتە هەمانن، کە لەیەکتر دەکەن. بۆنموونە دەربڕینی دێمۆکراسی باشە و دێمۆکراسی بە سوودە هەمان مانا دەپێکن، کە دێمۆکراسی پۆزەتیڤە.
کە گوترا دوو شت یەکسانن مەبەستمان ئەوەیە یەکێکیان هاوشێوەی ئەوی دیکەیە لە هەموو روویەکەوە. دوو ئۆتۆمۆبیل کاتێک لە هەموو روویەکەوە لەیەک دەچن (هەمان کۆمپانیا، مۆدێل،ساڵ و رەنگبن).
ئەوەی باسکرا ئەوەشمان پێدەڵێت، کاتێک باس لە یەکسانیی دەکرێت واتە شتەکان هەمانن. کاتێک کە باس لە هاوشێوەیی دەکرێت واتە جیاوازیی بوونی نییە. کاتێک باس لە هەمان جیاوازیی دەکرێت لەنێوان کەسەکان یان شتەکان واتە جیاوازییەکان لەیەکتر دەکەن و ناجۆر نیین.
گرنگە ئەوەش بزانیین،کە هەمان جیایەیە لە لێکچوون Similarity/Resemblance (هاوشێوە). هەمان بەوە جیادەکرێتەوە، کە رەنگە ئەو شتانەی لێکچوون هەمان نەبن لێ هاوشێوەن. لەناو هەماندا لێکچوونێک پەنهانە. لێکچوون بەجۆرێکە، کە شتەکانی دەوروبەری هاوجۆری خۆیدەکات. A لە B ناچێت وەک نووسین، بەڵام هەردوو هەمانن وەک پیت. واتە هەردوو لە بەکاربردندا پیتیانپێدەوترێت. مۆز و لیمۆ هەردوو میوەن، وەک میوە لەیەک ناچن و سودەکانیشیان وەک یەک نییە، بەڵام لەوەدا لێکچوون، کە میوەیاننپێدوترێت.
وێڕایئەوە، لێکچوو واتە هاوشێوە، ئەو شتانەی لەیەکدەچن لێکچوو و هاوشێوەن. کاتێک لێکچوون یان هاوشێوە لە زماندا بەکاردەهێنین ئەگەر دوو شت یان زیاتر بە تەواوی وەک یەک نەبن. واتە هەمان نەبن. هەرچی یەکسانە ئەوکاتە بەکاریدەهێنین ،کە دوو شت یان زیاتر بە تەواوی وەک یەک بن. واتە هەمانبن.
ئێمە، کە هەمان شتمان هەبێت،واتە شتەکان وەک یەکن، نەک لەیەک دەچن. هەرچی لێکچوونە، یان هاوشێوەییە، دۆخێتری هەیە. هاوشێوە، واتە دوو شت یان زیاتر لەیەکەوە نزیکن. ئەڵبەتە هۆکار و پاڵنەری سەرەکی هەن،کە وادەکەن شتەکان و کەساکان هەمانبن. خۆئەگەر شتەکان و کەسەکان هەماننەبن، ئەوا یان جیاوازن یانیش لێکچوو و هاوشێوەن.
سەبارەت بە لێکچوون یاخود هاوشێوەبوون ئەوەش دەکرێت بگوترێت، کە دوو شت یان زیاتر تایبەتمەندییەکی هاوبەشیان هەیە بەبێ ئەوەی یەکسان identical بن. کە باسیش لە هەمان دەکەین ناکرێت باس لە بوونی گۆڕاو بکەین. گۆڕاوەکانی ناو شتێک یان کەسێک واتە هەمان ئیتر هەمان نییە.
دوا پەیڤمان سەبارەت بە هەمان و هەمانبوون ئەوەیە،کە دڕدۆنگ و دوودڵی ئێمە تایبەت بە هەمان ئەوەیە، کە هەمانبوون دەرگاداخستنە لە جیاوازیی، لەو شتەی لە ئێمە ناچێت و هاوشێوەمان نییە. دانپێدانان بە جیاوازیی سەرەتای دەرکەوتنی تازەگەرییەکان و داهێنانە، هیوایەکە لەبەردەم نالێکچوون و ناهاوشیوەبوون. کوردبوون جیاوازییە، دەرکەوتی ئەویترێکە، کە هێشتا دانیپیاناهێنرێت. کەواتە جیاوازیی دانپیاهێنانە نەک هەمانبوون.