پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی
بەشێوەیەکی ساکار و سانا دەڵێین: (من) تۆ نییم، واتە (من) خودیخۆمم. ئەم تێگەیشتنە گۆشەنیگای خۆی هەیە و بەرەو ئەوەشماندەبات، کە خودیخۆمان بدۆزینەوە، کە هەرئەمەشە لێرەدا دەبێتە ناواخنی ئەوەی لەبارەیەوە دەدوێیین. ئەمەش بەپێی ئەوەی، کە خودی خۆبوون(خۆتبوونTo be yourself) بەمانای ئەوەدێت،کە لەگەڵ خودی یان منی خۆماندا ببیین و لە خەمی دۆزینەوەی پێگەی خودیخۆماندا بیین.
ئەمە سەرەتای خۆویستییە Selfishness، لێ خودی پرۆسەکە، گەڕانیشە بەدوای خودی خۆدا، یان دۆزینەوەی منی خۆت، کە کارزانیی دەوێت. هەروەها لێرە قسە لە خۆویستیەکە بەمانای منپارێزییە نەک خۆپەرستیی. وەکیتر، خۆتبوون بە مانای پەسەندکردن و وەستان لەسەر ناسنامەی خودیخۆش دێت.
ئەو پرسیارانە، کە لێرەدا، ئارمانجی بنەڕەتی باسەکە دەپێکن ئەمانەن: خۆبوون چییە؟ چۆن فێربین خۆمان بیین؟ خۆبوون خۆدۆزینەوە نییە؟ ئەی من کێم چییە؟ منایەتی من چی دروستیکردوە؟ خۆم یان ئەویتر دروستیکردووە؟ چ منێک بیین؟منی خۆمان بیین یان کۆپی منەکانیتر بیین؟ کۆمەڵگە، ئەوانی دیکە، دەیانەوێت چ منێک بیین؟ منی رەگەزی مێ منێکی دیکەیە، یاخود هاوجۆری منی نێرە؟ خۆبوون واتە من بەهای خۆم دەزانم؟ باشە خۆبوون واتە تەنهابوون و بەس لەگەڵ خودیخۆبوون دەگەیێنێت، یان دەکرێت خۆمبم و لەناو کۆمەڵگاش بم؟
خودیخۆبوون(خۆتبوون) être soi-même واتە چی؟ واتە من تۆ نییم، من ئێوە، ئەوانی تر نییم. ئەم نییمە بەو مانایە نییە، کە ئێوە خراپن،بەڵکو کە من تۆ نییم، واتە من وەک ئێوە باش و بەد نییم. من بەشێوازی خۆم هەم و دەبم. من کە تۆ نییم،واتە من دەزانم من کێم. لێرەوە پرسیاری (من) لەدایکدەبێت. (من) کێم سەرەتای پرسیارەکانە. کێیەتی من سەرەتای دەرکەوتنی منە، ڕێگایەکە بۆئەوەی خۆمی خۆم تەنها لەرێگای من کێمەوە نیشاندەم.
منبوون تۆ بوون، یان ئەویتر بوون، نییە. هەموو منێک منایەتی خۆی هەیە. منی (من) منی تۆ نییە. ئەمە هەر مانای ئەوە نییە وێنەیەکی ئەرێنیت لەسەر خودیخۆت هەبێت، بەڵکو پێویستیشت بەوەیە، کە خودیخۆت فریونەدەیت و خۆت بەلاڕێ نەبەیت. ئەمەش کاتێک ڕوودەدات، کە خۆتت لێببێتە کەسێکی (منێکی)تر.
کە من تۆ نییم، واتە من متمانەم بەخۆمە. ئەمە وادەکات (من) لە تۆ جیاکاتەوە. متمانە، کە بەرهەمی هێزی بیرکردنەوە و دادوەری خۆمە، وادەکات، من منێکی بەهێز و سەروەرانەم هەبێت. کەواتە، من تۆ نەبم، ئاگام لە بەهای خۆمە، لە چاوەڕوانی ئەوەدا نییم تۆ بەهام پێببەخشیت.
کە من خودیخۆمبووم فریوخواردوو و دهسخهڕۆنابم. منێک لەناو خودیخۆما دەسازێنم، کە رووبەڕووی ئاستەنگ و گووشارەکان ببێتەوە. ئەوەش دەڵێین، کە گشت منێک پێویستی بە دەرککردنی خودی خۆیەتی. ئەمە من بەرەو خۆناسیی دەبات. هەژێنەرتر بڵێین: منناسی تەنها کاری منە نەک ئەویتر. بۆیە منبوون خودیخۆمبوونە.
منناسی ئاشنابوونە بە خۆم، چەشنی خۆم خۆمدەبم، نەک چەشنی تۆ. ئەمەو منناسی کاری قوڵ و چڕوپڕی فەلسەفیی لە تاک، خودیخۆ، داوادەکات، ئەمەش تەنها بە تێڕامان لە منایەتی من دێتەبەرهەم. بۆئەوە من پێویستی بەوەیە یەخەی خۆی بگرێت. وێڕای مەترسییەکانی ئەم لایەنە، لێ پەیبردن بەخودی خۆ ئاسوودەیی بۆ خود دێنێت. وایلێدەکات گەنجینەی شاراوەی خۆی بدۆزێتەوە. بەواتایەکیتر، منناسی خۆدۆزینەوە، شکۆمەندیشە بۆ تاک تا وێڵی دۆزینەوەی خودیخۆی بێت. چونکە خۆبزرکردن(خۆونکردن) هەمیشە بە قازانجی من ناگەڕێتەوە.
وێڕای ئەوەی گوترا، شوێنێک لەم جیهانە هەیە کە شوێنی منە. ئەو شوێنە بواری دەرکەوتنی منی منە. بەهۆێ ئەو شوێنەوە، لەوێ ئاگام لە خودی خۆمە. دەشتوانم بڕیاربدەم چۆن لەگەڵ جیهانی دەرەوەم مامەڵەبکەم. ئەمەش خۆپەسەندکردن و متمانەبەخۆبوون دروستدەکات. بوارێکی باشیشە بۆ لەناوبردنی ماسکەکان، کە ساڵانیکە خۆممتیاشاردوەتەوە. هاوکات ئەمە دەرگا لە خۆڕەخنەکردن دەکاتەوە.
هێما بۆئەوەشدەکەین، کە بۆ ئەوەی نەکەوینە تەڵەی ئەویترەوە پێویستمان بە خۆدۆزینەوە هەیە. ئەم تەقەلایە هەڵبژاردنێکی گەورەی هەستیارە و بێ سەختییش نییە. چونکە ژیانی تاک بارگەوییە بە زۆر ئەزموونی شکستاویی، دهسخهڕۆیی و گوشارەوە. بۆیە لەناو نامۆبوونەکانەوە دەبێت (من)ێک سەردەربێنێت. ئەو پرسە لەناو ژینگەی هەنووکەی ئێمەدا بە ڕەوشێکی خراپدا تێدەپەڕێت. لەم ڕوانگەیەوە دەگەین بەوەی، خۆناسیی دەرفەت ڕەخسانە بۆ هاتنەدەرەوە لە خودی ئەویتر و هاتنەناوەوە، یاخود گەڕانەوە بۆلای خۆت. چونکە منەکانی کۆمەڵگەی ئێستای ئێمە پڕیانکردووین لە خۆیان. سەرنجڕاکێشترین ئەوەیە،کە خەریکە هێدی هێدی دەبیین بە (ئەوان). گشت منێک بەڕێگاوەیە ببێتە کۆپی منێکی دیکە(تر).
سەرباری ئەوەی گوترا،یەکێک لەو پرسانەی لە دیدی سیاسییەوە ناخرێتەڕوو، بابەتی خۆناسیی سیاسییە، بەواتەیەکی دیکە، من کێم لەناو سیاسەتدا،لە دونیای ئێمەدا، بوونی نییە. بۆنموونە گەر ئەم خۆناسییە سیاسییە لە ژینگەی سیاسیی ئێمەدا هەبایە ئەوکات زۆرێک لەوە حاڵیدەبوون، کە شەرمە تۆ سێ حیزبتکردبێت و ئێستاش بەتەمای ئەوەبیت دەنگ کۆبکەیتەوە بۆ ئەو حیزبەی پەنات بۆبردووە.
سەبارەت بە دوا گوتنمان تایبەت بە من تۆ نییم و خودیخۆمم، ئەوە دەڵێین کە (من) پێویستی بە خۆناسییە Self-knowledge. بۆئەوەش من، یان خودی خۆ، پێویستی بە رەخنەکردنی خودیخۆ Auto-critique یەتی. ئەم شێوە رەخنەیە هاوشانە لەگەڵ خۆرەخنەکردن Self-critique، کە بەواتای خۆپشکنین و بینینی خودی خۆ، هەڵسەنگاندن و گریمانەکردن بەسەر رەفتار،کردار و بیرکردنەوەی خودی خۆوە دێت. خۆبینین و وەستان لەسەر گشت شتێکی خودیخۆ، من قایمتردەکا لای خودیخۆم. بگرە ئەو پرۆسەیە من بەخۆم دەناسێنێت و واشملێدەکات لەو شوێنەی پێویستبکات ستۆپی خودیخۆم بکەم. ئەمە منایەتی من لاوازناکات، بگرە توندوتۆڵتردەکات، لێدەگەڕێ منی (من) ئاگای لەخۆی بێت و بزانێت (من) خۆی کێیە.