پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی
کارزانیی مرۆڤ لە دۆزینەوەی چەمکی بۆشایی Vacuumو گفتوگۆکردنی بەردەوامە. چەمکەکە، کە بە زۆرێک ئەندێشەی جیۆمێتری و فیزیاییەوە بارگاوییە ئاماژەیە بۆ نەبوونی شتێک،"فەزایەک Space، یان جێگایەک، کە بە تەواوی خاڵییە لە ماددە".
بۆشایی نەبوونی شتە، دەستپێکیشە بۆ بوونی بەتاڵیی Emptiness. کەواتە، ئەو شتەی بۆشە، بەتاڵ Empty ە، پڕ نییە، هیچی Nothingness تیانییە و هیچیش لەخۆناگرێت. لە هەندێک زماندا بۆشایی پوچAbsurd و فەزای چۆڵیش دەگرێتەوە. ئەوەش گرنگە ئاماژەی پێکرێت، کە بەتاڵیی لە مەودا(فەزا)دا شیاوییەکی فیزیاییە و خودی گفتوگۆی بۆشایی فیزیکییش، لەچاو گفتوگۆی بۆشایی سیاسیی یان رۆحیی، گفتوگۆی جیا لە خۆدەگرێت.
لێرەوە دەپرسیین: بۆشایی(فەراغ یان ڤاکیووم)چییە؟ ئایا بۆشایی راستییەکی فیزیکییە یان هەستە؟یان، کە دەگوترێت بۆشایی، لەناو ئەم چەمکەدا ئارمانجێک کاری خۆی دەکات؟چۆن هەست بە بۆشایی دەکەین؟ بۆشایی و بەتاڵیی هاوواتان؟ باشە بۆشایی واتە نەبوونی شوێن؟ ئەوکات چۆڵیی و بەتاڵیی دەستپێدەکات، کە بۆشایی هەبوو؟ ئەی بۆشایی سۆزیی چییە؟بۆشاییەکی بەرفراوان لە مەودا(فەزا) Spaceدا بوونی هەیە؟ بۆشایی دیوێکیتری پوچیی نییە؟ وەکیتر، بۆشایی هاومانای چەمکیی هیچیی نییە؟ ئەی باشە سروشتی هیچ چییە؟ هیچ واتە بۆش، بەتاڵی... شتێک، کە بوونی نییە؟ باشە هیچ دەبینرێت؟بۆشایی گفتوگۆی شوێن/ناشوێن، پڕ/ بەتاڵیش لەخۆناگرێت؟
بۆشایی Vacuum چییە؟ لەم بابەتەدا بۆشایی فیزیکیی بۆشاییە گفتوگۆئامێزەکەیە، ئەو مەودایەیە،کە پڕنەکراوە و بە چۆڵی ماوەتەوە و خاڵیشە لە ماددە. مەودای لەمجۆرە بۆش Void و بەتاڵە، بێ ناواخن و چۆڵ و هۆڵە. سەرباری ئەوە، لەو شوێنەی بۆشایی هەیە، مەودایەکی ئازادیش بوونی هەیە، مەودای لەمجۆرە بێ ژیان و بەتاڵە. هەروەها لە"" فیزیادا بەتاڵی بە شێوەیەکی گشتی ئاماژەیە بۆ بۆشایی، شوێنێک هیچی تێدانییە. بەڵام میکانیکی کوانتەم ئاشکرای دەکات کە "هیچ" لە ڕاستیدا تەواو چالاکە"".
""مەودا ، یان مەودای دەرەوە، بۆشایییەکی Vacuum فراوانی چۆڵە و بەدەریشە لە ماددە. ئەم بۆشاییە بە بەراورد لەگەڵ بەرگەهەوای زەوی زۆر کەم گەردیلەی تێدایە. بەڵام بە تەواوی بەتاڵ Empty نییە. مەودا پڕ بووە لە مادەیەکی تەنک، کە پێیدەوترێت ناوەندی نێوان ئەستێرەکان، کە ئەتۆمی هایدرۆجین و هیلیۆم لەخۆدەگرێت"".
لەناو فەزای بۆشاییدا ئامانج بوونی نییە هەروەک ئەوەی لە ناواخنی پووچییشدا بوونی نییە. کەوابێت، گەر بۆشایی دیوێکیتری پوچیی بێت ئەوا سەرلەبەری چەمکی پووچیی وتنە لەسەر بێمانایی. راستە مرۆڤ لە بوونی خۆیدا تەقەلای دروستکردنی یان دۆزینەوەی مانا دەدات و ئەو مانایەش بۆ ئەو بەهایە،لێ نەدۆزینەوەی ماناکە مرۆڤ هەڵدەداتە ناو بێماناییەوە.
بۆ وادەڵێین؟ چونکە ڕیشەی لاتینی پووچیی Absurdus بەواتای بێمانایی، بێهودەیی، نالۆژیکی، بەتاڵیش دێت. ""لە بیرکاریدا پووچیی بەو مانایە دێت، کە هەندێک توخم لە چوارچێوەی تیۆری، سیستەم یان بوارێکی دیاریکراودا هیچ Nothing مانایەکی نییە و لە بنەڕەتیشدا لەگەڵیاندا ناگونجێت".
روونە، کە هیچ لە فیزیادا واتە بۆشایی یان بەتاڵی ڕەها لە ئاسماندا. هەندێک پێیانوایە،کە فیزیا پێمان دەڵێت: "فیزیا خۆی لەسەر ئەو بناغەیە دادەمەزرێنێت، کە گەردوون لە هیچەوە دروستبووە، بەڵام ئایا هیچ یان بۆشایی واتەگەلێکی فیزیاییین؟ دەکرێت بگوترێت، کە توێژینەوە زانستییەکان سەلماندویانە، کە لە فیزیای کوانتیدا، لەسەر ئاستی ئەتۆم، ئەتۆمەکان خۆبەخۆی خۆیان لە بۆشایی کوانتیدا دەردەکەون و دواتر وندەبنەوە. خودی ئەتۆمیش لە بۆشایی پێکدێت، لەو کەڵێنانەی لەنێوان ئەلەکترۆنات و پرۆتۆناتدان.
وێرایئەوەی لای سەرەوەباسکرا، یۆنانییەکان، تاڕادەیەکی زۆر قەدەغەیانکردبوو قسە لە سفر Zero بکرێت. خودی ئەریستۆ پێێوابوو سروشت ڕقی لە بۆشاییە. واتە هیچ تەنها لە ئەندێشەی مرۆڤدا ئامادەیە. گەر ئەوە خواستی سروشت بێت، کەواتە سروشت چارەی هیچیی ناوێت، ئەمەش لەبەرئەوەی لەناو سروشتدا هیچ، بۆشایی، بوونی سروشت بەدرۆدەردەخاتەوە. لەمحاڵەتەدا قسە لە چەمکی سفر قسەکردنبوو لە نەبوون. لای ئەریستۆ (سفر و فەزای بۆش) بەیەکەوەگرێدراوون. ئەو لەبەرئەوەی چارەی بۆشی(بەتاڵی) نەدەویست، رقی لە سفریش بوو.
جێگای سەرنجە، کە ""لە فەلسەفەی ڕۆژهەڵاتیدا چەمکی بۆشایی و سفر(هیچ) هاومانابوونە"" و وەک یەکیش رێکخراون". تەنانەت لەوێ "ئایدیای ناکۆتا بەجۆرێک بووە، کە خەڵک راشکاوانە قسەیانتیاکردووە و هیچ کۆسپێکی لۆجیکی یاخود ئایینیش لە ئارادا نەبووە بۆ ئەوەی مرۆڤ بیر لە گەورەیی ناکۆتا نەکاتەوە یاخود وینای نەکات".
لەو شوێنەی بۆشایی هەیە هیچی بەرکەماڵە. بۆشایی، کە لەتەک هیچدا یەکدەگرێتەوە، لەبەرئەوەیە، کە هیچ هەبوو مانا بوونی نییە و ناوەڕۆک بێ ناواخنە. هەرچی ئایینەکانە تەماشاکردنیان بۆ هیچ جیایە. ئەوان یەزدان بەوە دەزانن، کە لە بووندا ئامادایە، واتە یەزدان گشت شتێکی ناو بوونی لەخۆیدا بەرجەستەکردوە. ئەمە ئەوە دەگەیێنێت،کە بۆشایی یان هیچ ورێنەیە. ئایینە ئاسمانیەکانیش پێیانوایە جیهان لە بۆشاییەوە دەستپێدەکات و یەزدان ئەم بۆشایە پردەکاتەوە، واتە پێش یەزدان گەردوون بۆ ئەم ئایینانە بابەت نییە.
کۆتا قسەمان لەسەر بۆشایی، بە مانای بەتاڵیی Emptiness ، ئەوەیە، کە بۆشایی تەنیا چەمکێکی فیزیایی نییە، دەکرێت سۆزییش بێت. لە ڕووی سۆزدارییەوە بۆشایی هەستی بێمانایی دەگەیێنێت. ئەمەش لەلایەک هەستی بێزاریی و پووچیی ژیان و لەلایەکی دی بێهیوایی لە هەستکردن بە بەتاڵی لە مرۆڤدا زیاددەکات. بەتەماشاکردنێکی ژیانی تازەی مرۆڤیش ئەوەمان بۆدەردەکەوێت، کە بۆشایی سۆزیی لە ژیانماندا لەزیادبووندایە و تەنهایی و خەمۆکییەکی قوڵیشی لەگەڵ خۆیدا هێناوە.