بەکورتی34: فەلسەفە دایکی دەروونناسییە  

ئازاد حەمە
  2025-09-25     778

پرۆفیسۆر لەفەلسەفە لەزانکۆی سلێمانی

 

درێغا و حەیف داهاتووی دەروونناسی تاریکە ئەگەر تەنها لە داڵانەکانی کلینیکێکدا(عیادە)خۆیمەڵاسدات. دەروونناسی ناتوانێت پتر لەوە ئەنجامدات، ناتوانێت کلینیک جێبێڵێت ئەگەر هاوکاری فەلسەفە لەئارادانەبێت؛ بۆمانەوەشی لەناو کلینیک هەر پێویستی بە فەلسەفەیە. گومانیشیناوێت، کە دەروونناسی لەچاو فەلسەفە مێژوویەکی کورتی هەیە، هەرچی فەلسەفەیە پێشەنگبوونێکی مێژوویی پێوەدیارە. کاتێکیش دەگوترێت فەلسەفە دایکی زانست و داناییە هۆکاری واتایی لەو بارەوە زۆرن بۆ گوتن. مەبەست پێڤاژۆی(پرۆسەی) فەلسەفە دیرۆکێکی قوڵی خۆی هەیە، کە مرۆڤایەتی دروستکەریەتی و بەرپرسیاریشە لە ئافراندنی زانستەکان.  

فەلسەفە لە زمانەکاندا مێیە، هەربۆیە پێیدەگوترێت دایک و دایکایەتیەکەشی بەردەوامیی خۆی هەیە و بگرە کاریگەری زۆریشی لەناو زانستەکاندا بەجێهێشتووە. ئەمەش وایکردووە دیسیپلینە زانستییەکانی تر بەرهەمی ئەو بن؛ ئەوە فەلسەفە بوو، کە لە ڕووی مێژووییەوە دەستاوێژ و ئامڕازێکی زۆری بۆ دەروونناسی دابینکرد. بۆیە ئەو ئاستە لە خوڵقاندن،کە دواتر دەروونناسی پێیگەیشت دەرهاویشتەی شرۆڤە بەردەوامەکانی فەلسەفەیە.

لێرەوە دەکارین بپرسین:فەلسەفە لە چی دەکۆڵێتەوە؟ئەی دەروونناسی؟ڕەچەڵەکی دەروونناسی چییە؟ ڕەنگدانەوەی فەلسەفە لەسەر سروشتی زانین سودیخۆی بۆ دەروونناسی هەبووە؟ فەلسەفە بناغەی تێیۆری بۆ دەروونناسی دانەناوە؟ بەواتایەکیتر، فەلسەفە چەمکە سەرەتاییەکانی بۆ دەروونناسی دابیننەکردووە؟ جیابوونەوەی فەلسەفە لە دەروونناسی پێویستییەکی مرۆیی نەبووە؟

بۆچی فەلسەفە بوو بە دایک؟ بەپێێ ئەوەی فەلسەفە کاری ڕوناکردنەوەی ژیانی مرۆڤە و بەرهەمی پرسیارسازییەکانە، ئەمە وایکردووە هەر لەسەرەتای دەرکەوتنیەوە لێکۆڵینەوە لە سروشتی بوونی مرۆیی مرۆڤ بکات و سەرچاوەی تێڕامانیش بێت سەبارەت بە چییەتی ڕۆح و ئاگایی، جەوهەری کردار و سۆزی مرۆڤ.

بۆ فەلسەفە دایکی دەروونناسییە؟ فەلسەفە (کە دیاردەیەکی رۆژئاواییە) بە دایکی دەروونناسی دادەنرێت( کە ئەویش هەر ڕۆژئاواییە) چونکە فەلسەفە خودی داناییە، ئەو جۆرەیە لە زانین، کە زانین بەرهەمدێنێت، یان زانینی زانینەکانە. دەروونناسیش وەک زانستێکی ئەزموونی و دیسیپلینێکی سەربەخۆ لە سەدەی نۆزدەدا سەریهەڵداوە. ئەڵبەتە،دەروونناسی دوای جیابوونەوەیەکی دیسیپلینانە لە فەلسەفە ئەم سەربەخۆییەی  بۆ ئامادەبوونی خۆی وەک زانست بەکاربردووە.

لێرەدا بۆمان هەیە بڵێین: ئەوەی،کە پێشتر بەشێکبووە لە گوتاری فەلسەفیی(ڕۆح، سروشتی عەقڵ، هۆشیاری و ڕەفتاری مرۆڤ) دواتر کەوتە ناو بواری دەروونناسییەوە. بەمجۆرە، کۆڵینەوە بۆ فەلسەفە لە چۆنیەتی گەیشتنی مرۆڤ بە زانین و تێگەیشتنیشی لە بوونی خۆی هەردەم گرنگیی بۆ فەلسەفە هەبووە، هەرچی دەروونناسییە دەبینین پاش هاتنەدەرەوەی لە ژێرڕکێفی فەلسەفە بابەتی وەک دەروون، زەین mind و رەفتاری مرۆڤی کردووەتە جێێباسی.

لێرەدا دەپرسین: ڕەچەڵەکی دەروونناسی چییە؟ بۆ هەمووان ڕوونە، کە فەلسەفە لەدایکبوونێکی یۆنانی(تاڵیس) هەیە، کە مێژووەکەی بۆ 27 سەدەیەک دەگەڕێتەوە،بەڵام دەروونناسیی ڕەچەڵەکێکی ئەڵمانی (W. Wundt) هەیە، لە 1878دا دروستبووە.  یۆنانییەکان هەر زوو لە کۆنتێکستی فەلسەفییدا زەمینەیان رەخساند بۆ دەروونناسی و گفتوگۆی بابەتی ڕۆح و جەوهەری دەروون و ئەرکی جەستە. بەڵام دواتر،کە دەروونناسی لە ڕۆژئاوا دەرکەوت واتای دەروونی کردە دڵخوازی خۆی.

بیرماننەچێت، پشتبەستنی دەروونناسی بە ڕێبازی ئەزموونیی هۆکاری جیابوونەوەیبوو لە فەلسەفە، لەو شتەی منداڵدانی مشومڕ و گفتوگۆیە. لێرەوە دەروونناسی دیاردە ڕەفتاریەکانی کردە بواری خۆی، لێ پەیتا پەیتاش لە فەلسەفەوە پاڵپشتیی و هاوکاری هەر وەردەگرت. جیابوونەوەی دەروونناسی لە فەلسەفە وەک جیابوونەوەی مناڵە لە دایک؛ مناڵ دوای گەورەبوون دایک جێدێڵێت و دوای چارەنووسی خۆی دەکەوێت.

ئەم جیابوونەوەیەی دەروونناسی لە فەلسەفە کاریگەریی گەشەی زیندەوەرناسی و کارئەندامناسیشی بەسەرەوەیە. لە ئێستاشدا دەروونناسەکان لەگەڵ ئەو گەشە زانستییە خۆیان دەگونجێنن،کە هاتۆتەسەر بایۆلۆجی و فسیۆلۆجی، بەهۆی ئەو خۆگونجاندنەشەوە دەروونناسەکان سەبارەت بە رەفتار و دەروونی مرۆڤ گەیشتن بە زۆرێک دەرئەنجامی نوێ.

کۆتا قسەمان سەبارەت بە فەلسەفە وەک دایکی دەروونناسیی هێما بۆ ئەوە دەکەین، کە گشت ئەو چەمكانەی فەلسەفە كاری لەسەر كردوون، وەك: ئازادیی، تەنهایی، بەختەوەریی، خۆشەویستیی، گەندەڵیی، ڕاستیی و... هەرچییش بە دڵەڕاوكێ و خەمۆكیی و لایەنی تری ژیانی مرۆڤی نوێوە تایبەتن، وەك: بێزاریی، هەستی تەنهایی، ناحەزییە تازەكانی سەردەمی كۆمەڵگەی ئێلیكترۆنیی؛ فەلسەفە لە ئێستادا جیاواز لە دەروونناسیی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكات.

هەر تایبەت بەم لایەنە دەكرێت ئاماژە بۆ ئەوەش بكرێت، كە فەلسەفە لە ئێستادا لە زۆربەی كۆمەڵگە هاوچەرخەكاندا وەك چارەسەرTherapyی دەروونیی بەكاردەبرێت و بەشێكیش لە بیریارە نوێكانی ئێستای پاریس(سپۆنڤیلSponville، ئۆنفرێ Onfray و تەنانەت لوك فێری Luc  Ferry  یش) پێیانوایە، کە "لەو شوێنە فەلسەفە ئیشی چارەسەر  دەبینێت، كە دەروونناسیی كۆتاییدێت، یان دەروونناسیی ناتوانێت بەكاری خۆی هەڵبستێت"".واتە، کاتێک دەروونناسی لە ڕووی مێتۆدییەوە کەنەفت و لاواز بوو فەلسەفە فریادرەسیەتی.

بۆ دەروونناسیی درووستیی دەروونیی گرنگە، بەڵام هەرچی فەلسەفەیە بەختەوەریی_هێنەرە؛ فەلسەفە ئەوەیش ڕووندەكاتەوە، كە دەروونناسیی پەیوەندیی بە بەختەوەرییەوە نییە. شایانی گوتنە، دەروونناسیی بەبەراورد بە فەلسەفە و سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەی بۆنموونە؛ خەمۆكیی لە پاشەكشەدایە.

لە كۆمەڵگەی تازەی جیهانیشدا دەروونناسیی خەریكە شوێن بۆ فەلسەفە چۆڵدەكات و ئەوەی دەروونناسییش پێینەكرا، وا فەلسەفە تەواویدەكات. بەپێی پێناسە كۆنەكەی فەلسەفە بێت؛ پێناسەکەی ئێپیكۆرEpicurus بۆ فەلسەفە لەم بارەیەوە یارمەتیی ئەوەمان دەدات،کە بڵێین:فەلسەفە پزیشكی گیانە. هاوكات بۆ بەشێك لە فەیلەسوفە كۆنەكان پراكتیزەكردنی (مومارەسەكردنی) فەزیلە Virtue (پاكڕەوشتیی،باشەخوازیی)ڕێگایەك بووە بۆ گەیشتن بە دانایی، یان فەلسەفە، هەر لێرەیشەوە پەیوەندیی نێوان فەلسەفە و ژیان (چاکترە بگوترێت ژیاندۆستیی) دروستبووە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
عەلی زەیدی لەسەر هێرشەکانی سەر هەولێر هاتەدەنگ و هەڕەشە دەکات
قەیرانی دادوەری لە هەرێمی کوردستان؛ کێشەی دەستوەردانی حزبی و دابەشکردنی پۆستەکان گەیشتووەتە لوتکە
سوپای پاسداران هەڕەشەی توند لە کوەیت دەکات
تاران دەرگای گفتوگۆ دادەخات؛ ململانێی سەربازیی ئەمریکا و ئێران بە ئاڕاستەی نادیاردا دەڕوات
هاوسەرۆکی پژاک: گۆڕانکارییەکانی ناتۆ هەڵوێستی تورکیای بەرامبەر ئێران گۆڕیوە و ناوچەکە بەرەو جەنگێکی گەورە دەچێت
ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری عێراق: ده‌ست به‌سه‌ر 25 ملیار دیناری دیكه‌ی عێراقی، 200 هەزار دۆلار و بڕێك زێڕدا گیرا
باڵیۆزخانەی ئەمریكا: دروستبونی كێشه‌ بۆ گه‌شتكردن و داخستنی ئاسمانی عێراق چاوه‌ڕوانكراوه‌
وه‌زاره‌تی كاره‌با: به‌هۆی گرفتێكی ئه‌منییه‌وه‌ له‌ كێڵگه‌ی كۆرمۆر به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با كه‌مبوه‌وه‌
نه‌وت و كانزاكانی هه‌ولێر رێكاری نوێی بۆ دابه‌شكردنی غاز راگه‌یاند
شاندی ئیمرالیی ده‌م پارتی دوای كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌فدی ئاكه‌په‌و مه‌هه‌په‌: ده‌مانه‌وێت چاومان به‌ ئۆجــه‌لان بكه‌وێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×