پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی
فەلسەفە دایکمە؛ پتر لە چوار (دەیە) زیاترە فەلسەفە وەک دایکێکی پەروەردەکاری شارەزاباڵا ڕێنوماییمدەکات، ئاگایلێمە و خەمی منیەتی. ئەم دایکە زۆرزۆر جیاوازترە لە دایکی بایۆلۆجی. مەبەستم، ئەو دایکە ڕاستەقینەیەی(بایۆلۆجییەی)هەر هەموو هەمانە بەجۆرێکی تر خەمی مناڵەکانیەتی؛خواردنلێنان و جلشتن و .... . ئەوانە ئەرکە دایکایەتیەکەی دایکی بایۆلۆجیین. کەچی فەلسەفە وەک دایکی نابایۆلۆجی دوورتر دەڕوات لەگەڵ مناڵەکانی. دایکایەتی فەلسەفە نەمرە، تا ئێمە هەبین فەلسەفە وەک دایک هەیە، کە ئێمە نەماین (ئەو) هەر هەیە و بۆ ئەوانی دیکە دایکایەتی دەکات.
فەلسەفە دایکم بوو. گەر بشخوازین ئەم دایکە نەک هەر بۆ (من) بۆ هەمووان دایکە(دایکبوو)؛ دایکی وا دەگمەن و ناوازە کەم کەس هەیەتی. فەلسەفە وەک دایک ئەو جۆرە دایکەیە، کە هەردەم و لە گشت جێگایەک پشتی پێدەبەسترێت. ئەوجار فەلسەفە، کە دەبێتە دایکمان چاوەڕوانیی زۆری لە ئێمە هەیە؛ لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتیش بۆ سەوزبوونی چاوەڕوانییەکان بژاردەیەکی زۆرمان دەخاتەبەردەست.
ئەوینی دایک بۆ ڕۆڵەکەی هیچکات جێگای لەقنابێت. بەس ئەو ئەوینەی فەلسەفە وەک دایک بۆ ئێمەی مرۆڤ هەیەتی ئەوینێکی جودایە، هیچ نەبێت لەبەرئەوەی لەناو پەیڤی فەلسەفەدا ئەوین خۆی مەڵاسداوە(فەلسەفە واتە ئەوین، یان فیلۆ بۆ دانایی، سۆفیا). کە فەلسەفە دەبێتە دایک، ئەوە سەرەتای بیرکردنەوەیەکی سەرنجڕاکێشە. چونکە مرۆڤەکان هەر هەموو پێیانوایە هەریەکەیان دایکێکی خۆیانیان هەیە؛ دایکێکی بایۆلۆژی دیار. قسەکە لێرە لەو جۆرە دایکە نییە، لەبەرئەوەی فەلسەفە جۆرێکی دیکەیە لە دایک؛ دایکێکی بێوەی، خۆنەویست و پتر لە دایکێکی ڕاستەقینە دایک ترە، فەلسەفە ئەو دایکە نییە تەنها خەمی مناڵەکانی خۆیبێت و بەس.
دایکایەتیەکەی فەلسەفە لەوێشەوە دەستپێدەکات،کە سەرساماندەکات بەخۆی؛دوای ئەو سەرسامییە کتوپڕ داگیرماندەکات. ئەڵبەتە لەناو دایکایەتی فەلسەفەدا دیلبوونێک بوونی هەیە. ئەمە تەنها بۆ ئەوانە دەرئەنجامە، کە لەو دایکایەتییە تێدەگەن. ئێمە لێرە قسەمان لەوانە نییە فەلسەفە وەک دایک نابیین و خۆشبەختیش نیین دایکێکی وەک فەلسەفەیان هەبێت.
ئازار، دڵەڕاوکێ و نائومێدی بەهۆی فەلسەفەوە، وەک دایک، دەگۆڕدرێن بەرەو شتی دیکە. دایکایەتیەکەی فەلسەفە لێرەوە دەستپێدەکات. هەوڵی ئەم دایکە بۆ ڕاهێنانمان لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی، زاڵبوون بەسەر وڕێنە و شکستیی ئامانجە جوانەکەی فەلسەفەیە وەک دایک. بۆیە، کە دەپرسین: کۆتا ئامانجی فەلسەفە چییە؟ دەکرێت بێ دوو دڵی بڵێین: ئەوەیە، کە ئێمە بە دانایی بگەیێنێت. دایکێک، کە ئەوە بکات پتر لە دایکی بایۆلۆجی دایک ترە.
ئاشکرایە، کە فەلسەفەکردن بریتییە لە بیرکردنەوە. بەری ئەم بیرکردنەوەیە هەر بۆ خۆت نییە؛ هەر بۆ ئەو کەسە نییە لە فەلسەفەدا دایکێک دەبینێتەوە. وەکیتر بابڵێین، کە فەلسەفە ئەندێشەی کەسێکە، ئەم کەسە عەقڵ دەخاتەگەڕ تا بفەلسەفێنێت. بۆ فەلسەفە عەقڵ پێویستیە و پێشمەرجیشە. بەس ئەمە مانای ئەوە نییە، کە گشت عەقڵدارێک (مرۆڤێک کە عەقڵی هەیە) دەکارێت بفەلسەفێنێت؛ هەر لەڕێگای ئەم عەقڵەشەوە دەزانێت بەختەوەریی، باشە، نەگبەتیی چییە. گشت ئەوانەش،کە خاوەنی عەقڵن وەک فەیلەسوف لە چاکە و خراپە، داد و بێدادی، مرۆییبوون و نامرۆییبوون حاڵی نیین.
سەرباری ئەوەی گووترا، فەلسەفە دایکە، دایکێکی میهرەبان؛ دایکێک کە شتمان فێردەکات. ئەم دایکە عەقڵێک دەیجوڵێنێت. گشت جوڵەکانی دایکی وا سەرچاوە لە ئاگاییەوە وەردەگرێت؛ دایک، کە فەلسەفە بوو دەرگا لە گفتوگۆ، فێربووندەکاتەوە. دەسەڵاتی دایک لەم دۆخە دەسەڵاتێکی دایکسالاری نییە. فەلسەفە وەک دایک مێشک فراواندەکات. زۆربەی سوچەکانی مێشک بە گومان و پرسیار و ڕەخنەسازیی داگیردەکات. بۆیە دەنگی فەلسەفە لەناو مێشکا دەنگی دایکە.
فەلسەفە دایکم بوو، دایکە فرەباشەکەم. دایکێکبوو هەرگیز لە دایکایەتی شەکەتنەدەبوو. دایک لە جۆری فەلسەفە هەموو کەس پێویستییەتی، وەلی هەموو کەس نییەتی. ئەمە لەسەر ئەوەش وەستاوە چەند (ئەو) وەک دایکدەبینیت، چی لەو دایکایەتییە داوادەکەیت. کەواتە، فەلسەفە دایکێکە ئازادیی و بەختەوەریی ئێمەی دەوێت. هانماندەدات بەدوای ڕاستییدا وێڵبین، لە کۆنیشەوە ئەم دایکە هەوڵی ڕۆشنکردنەوەی پرسیارە گەورەکانی ژیانی مناڵەکانیداوە.
فەلسەفە کە دەبێتە دایک، پەیوەندیەکەی بە خاکەوە بەهێزدەبێت. لە گشت خاکێکیشدا فەیلەسوفەکان بە مەبەستی پێشخستنی بیری مرۆڤەکان هەنگاوی چاکیانناوە. ئەمە بەو مانایە نایەت ،کە""فەلسەفە تەنها مەشقێکی ئەکادیمی بێت. نەخێر وانییە، بەڵکو "هونەری ژیان"ێکی پراکتیکییە بە ئامانجی گەیشتن بە دانایی"". بۆیە نە چەپاندنی عەقڵ کاری فەلسەفەیە، نە پاشەکشەی هزریی خەونەکەیەتی. پڕۆژەی ڕێنێسانسیش، کە لەناو فەلسەفەدا بوونیادنراوە، ئەمە لە ڕێنێسانسی خودی تاکەوە دەستپێدەکات بەرەو دەرەوەی ئەم خودە.
هاوکات فەلسەفە وەک دایک سنوور بۆ فەشەلی هزریی دادەنێت، کە فەلسەفە سەروەربوو بانگەشەبۆ ریفۆرم کاری بەردەوامیەتی و شتی گەورەشی لێوەبەردێت. ئەمەش کاتێک دێتەدی، کە فەلسەفە دیدی ڕەخنەیی قوڵدەکات. بەواتایەکی دیکە، ڕێگای جیاواز بۆ بەدواداچوونەکانی فەلسەفە بوونی هەیە؛ بۆبەدواچوون بۆئەوەی فەلسەفە چیمان دەداتێ، چیمانبەسەردێنێت. هەر بەهۆی فەلسەفەشەوە دەتوانیین چێژ لە فێربوونی ئەو ئەگەرە بێکۆتایانە وەرگرین کە فەیلەسوفەکان بیریان لێکردۆتەوە .
سەرنج: فەلسەفە لە زۆربەی زمانەکانی بێگانە مێیە. مێبوونی وشەی فەلسەفە ئەوەمان پێدەبەخشێت نازناوی دایکیشی بدەینەپاڵ. بۆنموونە لە زمانی فەڕەنسیی دەگووترێت La philosophie، لە ڕووسی Философия، لە عەرەبی فلسفة، لە ئیتاڵی La filosofia، لە ئیسپانیla filosofía ، لە ئەڵمانیدا die Philosophie،لە پورتوگالی a filosofia، لەو زمانانە لا La ئامرازی ناساندنی ناوی مێیە. کەچی لە هەندێک زمانی دیکە فەلسەفە جێندەر(ڕەگەزی) نییە، بێ لایەنە، نە مێیە نە نێر ،وەک: فارسی کوردی سۆرانی، تورکی، ئینگلیزی.... .