دۆزی فەلسەفە 3: گەمژەکان نەزانەکانن یان ئەوانەن، کە خۆیان گێژ (گێل) نیشاندەدەن؟

ئازاد حەمە
  2026-07-18     56

    پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی

 

زۆرێک لە ئێمە دەزانێت گەمژە داماوە و هزری نییە، دەوروبەریشمان، کە تەنراوەتەوە بە قسە و کردارە پڕگەمژەکان بۆیە پێویستمان بەوەیە لەوە حاڵیبیین، گەمژەکان نەزانەکانن یان ئەوانەن،کە خۆیان گێژ(گێل) نیشاندەدەن؟گومانمان نییە، کەسانێک بە فیعلی هەن، کە گەمژەن، بەڵام هەشن گەمژە نیین، بگرە یاری گەمژەیانەمان لەگەڵدا دەکەن، واتە دەمانخەڵەتێنن و فریوماندەدەن. ئەمە خۆگێلکردن و خۆگەوجکردنیشی پێدەگووترێت. واتە کەسانێک هەن، دەخوازن خۆیان وانیشاندەن، بێمێشکن(بێعەقڵن، بێئاوەزن)، گەر ئەمە یارییەک بێت و مرۆڤەکان بەمەبەستەوە لەگەڵ یەکتردا دەیکەن ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەم یارییە لە پێویستییەکەوە سەرچاوەدەگرێت. پەیڤی گەمژە ئاوەڵناوی تریش بەدوای خۆیدا ڕادەکێشێت، وەک: بوونەدەبەنگ، بوونەگێژ، بوونەگەلحۆ؛ گشت ئەوانەش بەکاربردنی جوداوازی خۆیانیان هەیە. 

لەم بەشە زنجیرە نووسینە،کە بە((فەلسەفە و گەمژەیی))یەوە تایبەتە بە چەند پرسیارێکی بنەڕەتی دەستپێدەکەین، کە گفتوگۆی بابەتی((گەمژەیی و نەزانیی)) دەخاتەڕوو: چۆن ڕێگری لە خۆمانبکەین کاری گەمژانە نەکەین؟ باشە گەمژەبوون جۆرێک نییە لە نەزانی؟ ئەی لەناو نەزانییدا زیرەکییەکی شاراوە بوونی هەیە؟ ئایا گەمژە کەسێکی ڕاستەقینەیە یان تەنها ناوێکی ترە بۆ کەسێکی نەزان؟ نەزانەکان ئەو کەسانە نیین پێویستیان بەوەیە خۆیان نەزان و گێل نیشاندەن؟ واتە گەمژەیی کەمییە لە زانین، یان چۆن؟

پێناسەکان بۆ گەمژە یان گەمژەیی Stupidityلە جۆراوجۆرییدایە. هەریەکەو بە شێوازێک پێناسەی دەکات. بۆ هەندێک گەمژەیی بابەتییە و بۆ هەندێکی دیکە خودییە، ئەمەش بەندە بەوەوەی، کە چۆن تەماشای گەمژەیی دەکرێت.ئەوەتا بەپێی فەیلەسوفی ئەڵمانی(کانت) گەمژەیی شکستییە لە دادوەریکردن.  کێشەکە هەر ئەوە نییە، چونکە زۆرجار گەمژەیی بە پاشخانی کولتوورییەوە گرێدەدرێتەوە؛ هەندێکجار لەڕوانگەی کولتوورییەوە کەسانێک بە گەمژە و ئەویتر بە بزان دەزانیین. بەڵام ئەمەش بڕیارێکی گەمژانەیە، کە لەڕوانگەی باوەڕی کولتووریمانەوە(بینینمان بۆ بەهاکان) کەسانێک بە گەمژە و کەسانێک بە نەزان بزانیین.

سەرباریئەوە، زۆرجار گەمژەیی دەبەسترێتەوە بە کەمیی ژیرییەوە Smart نەک بە کەمیی زانینەوە. کەمیی لە زانین بە پەروەردە و فێربوونی باڵا چارەسەر دەبێت هەرچی ژیرییە نا. دەتوانین بڵێین، کە بلیمەتی(بلیمەت)دژە جەمسەری گەمژەییە(گەمژە). گەمژەیی کەمیی یان نەبوونی ژیریی و تێگەیشتنە، نەبوونی ئاوەز و هەستە. بۆیە گەمژە Stupid ناتوانێت فەلسەفییانە بیربکاتەوە.

لێرە پێویستمان بەوەیە بزانیین، نەزان کێیە؟ کەسێکی فێلبازە یان گێلە؟ چی گەمژە لە نەزان جیادەکاتەوە؟ دەکرێت بڵێین کە گەمژەیی نەبوونی بیرکردنەوەی لۆجیکییە، هەرچی نەزانییە نەبوونی زانیارییە. بۆنموونە گەر گەڕان بەدوای ئەنجامێکی دروست لە زانینەوە بێت، ئایا بۆ گەمژە ئەم هاوکێشەیە چۆنە؟ ڕاستییەکەی نەزان ئەو کەسەیە زانینی نییە. کاتێک زانینی لەڕێگای پەروەردە و فێربوونەوە بەدەستهێنا ئیتر نەزان نییە، بزانە. کێشەکە هێشتا چارەسەر نەبووە. چونکە زۆرێک بزان دەتوانن یاری گێلیەتیمان لەگەڵدا بکەن؛خۆیان گێلدەکەن تا کارەکانی خۆیان بەو خۆگێلکردنە مەیسەرکەن.کەواتە لەمحاڵەتە دەپرسین:بۆچی تاکەکان هەندێکجار بە شێوەیەکی نەزانانە ڕەفتار دەکەن؟کە وایانکرد نەزانن یان گەمژە؟ ڕوونە، گەمژە ئەوانەن مێشک بەکارنابەن؛ جا بەهۆکاری ئەوەبێت کێشەیان لە مێشک(تێکچوونی مێشکیان) هەیە یان کێشەی بۆماوەیی(فسیۆلۆجی).

هەندێک توێژینەوە جەغتلەوەدەکەن، کە کەسێک شتێکی نەزانی کەواتە ئەو کەسە نەزانە. بۆنموونە کەسێک، کە نازانێ خواردنی(پاستە)چییە ئەم کەسە نەزانە، دوایئەوەی زانی (پاستە)چییە بەوە دەبیتە بزان. لێرە دەگەینە ئەو دەرهاویشتەیە، کە گەلێکجار مرۆڤەکان بە هۆی نەزانی و خراپی بیرکردنەوەوە وەک گەمژە دەبینرێن، جاریواشە بەهۆی نەزانیەوە.

ئەو شتەی نایزانی یان کەمیلێدەزانی دەتوانیت دواتر بیزانیت و فێریبیت؛ کەواتە نەزان جیایە لە گەمژە یان گێل. دەکرێت شتێک نەزانی لەئاکامی تەمبەڵی، ئەمە دەرئەنجامی بێباکیی و کەمترخەمیە نەک گەمژەیی. بەمجۆرە، نەزانی کەمییە لە زانیین و لە فێربوون. گەمژەیی دەرئەنجامی نەبوونی زانینە و فێربوونیش بۆ گەمژە هیچ گرنگیەکی نییە. گەمژە ناخوازێ دەستیبگات بە ئامرازەکانی زانیین؛ بۆ گەمژە زانیین هیچ ناگۆڕێت.

زۆرێک دەپرسن: ئایا بەڕاستی گەمژەیی بوونی هەیە؟یان تەنها بەرهەمی بڕیارێکی خراپی ئێمەیە وایاندەبینین؟هەندێک پێیانوایە گەمژەیی پەیڤێکی دروستکراوە، ئەی ئەوەیان چۆن؟؟واتە ئەوە ئێمەین خەڵکانێ وەک گەمژە دەبینین یان ئەوانن وامانلێدەکەن وەک گەمژە بیانبینین؟زۆرجار ئێمە رەفتاری خەڵک و دەوروبەرمان بە ناکامڵ و گەمژانە دەبینین(لێکدەدەینەوە). باشە لەم حاڵەتەدا هەڵەکە لە ئێمەدایە،کە وایدەبینین یان ئەوانن،کە گەمژە و نالۆجیکیانە مامەڵەی دەوروبەردەکەن؟ڕوونتر بێینەگۆ دەڵێن: ئێمەی مرۆڤ پێمان چاکە شێوازەکانی بیرکردنەوەی نالۆجیکی لەگەڵ کات بەرەو کەمی بڕوات. بەس ئایا وایە، یان کۆمەڵگە ڕۆژانە زۆرتر بەرەو گەمژەیی یان نەزانیەکی بەئەنقەست و مەبەستدار دەڕوات؟ توێژەران وایبۆدەچن، کە کەسێک بەمەبەستەوە خۆی نەزان نیشاندا نەزانەفێڵبازە نەک گەمژە.

زۆرجار مرۆڤ وایلێدێت ئاوا لەگەڵ خۆی بێتەگۆ: ئەوە منم نالۆجیکیم یان رەفتار و قسە نالۆجیکییەکانی ئەوانی ترە دادوەرییەکانم نالۆجیکیدەکەن؟زۆرێک نازانن لۆجیک چییە و ژیانیانیش زۆر نالۆجیکی گوزەردەکات، کردە و رەفتاری لە ڕادەبەدەر نالۆجیکییش ئەنجامدەدەن: نالۆجیکیین لە هاوسەرگیرییکردن، لە سیاسەتکردن، لە هاوڕێیەتی و..... . باشە ئەمانە بە فیعلی نەزانن یان گەمژە؟ سەبارەت بەم لایەنە ئەوە دەڵێێن: سەیرەکە لەوەدایە،کە هەندێک کەس گەمژەیەتییان کردوەتە ئامانج؛ پێویستیان بەوەیە گەمژەبن.

بابەتی گەمژەیی ئەم پرسیارەشمان لا دروستدەکات: چۆن ڕزگارمان بێت لەو هەموو گەمژانەی لە دەوروبەرمانن؟ دورخستنەوەی گەمژەکان لە دەوروبەرمان کارێ ئاسان نییە. چونکە گەمژەکان و جۆرەکانیان زۆرن و جاریواشە لە نزیکەکانمانن (هاوسێن، خوێدندکارن،هاوڕێن، کارمەندمان، ....).

ئارگومێنتی سەرەکی لەم شیکارییە پوختە ئەوەبوو، کە بەپێی ئەوەبێت باسکرا،کەسی گەمژە هێندەی کێشەی هزریی هەیە کێشەی جەستەیی نییە. هەندێک لە توێژینەوەکانیش بۆئەوە دەچن،کە گەمژە کێشەی دەروونی نییە. بەڵام ئاستی تێگەیشتن و هۆشەنگیەکەی لە ئاستی خوارەوەی نۆرماڵە. ئەمەو لێکۆڵینەوە لە چەمکی گەمژەییStupidnessبەرەو بۆچونگەلێکمان دەبات ،کە پەچەپۆشینی گەمژەیی بۆهەندێک چارەسەرە بۆبازدان بەسەر تێگەیشتن و بەرپرسیاریی. ئەمەش بەزۆری دەچێتەخانەی خۆگەمژەکردنەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
راگه‌یه‌ندراوی كۆمه‌ڵه‌ له‌باره‌ی شه‌هیدبونی نۆ پێشمه‌رگه‌یان له‌ هێرشه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر زڕگوێزه‌ڵه‌
لانیكه‌م هه‌شت پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه له‌ زرگوێزه‌ڵه‌ شه‌هیدبون
سی پی تی: ژمارەی سەرجەم قوربانییانی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێم گەیشتە ١٤٤ کەس
وێنه‌و ناسنامه‌ی شه‌هیده‌كانی كۆمه‌ڵه‌: ژماره‌یان بۆ نۆ شه‌هید به‌رزبوه‌وه‌
هێرش كرایه‌ سه‌ر كه‌مپی سورداشی كۆمه‌ڵه‌و دو پێشمه‌رگه‌ برینداربون
ئەمریکا 6 پردی ئێرانی بۆردومان دەکات و تاران 4 وڵاتی عەرەبی دەکاتە ئامانج
دوران کاڵکان: کۆتایمان بەخەباتی چەکداری هێناو نابینە هێزێک کە چالاکیی چەکداری دژی تورکیا ئەنجام بدەین
هێرشەکەی سەر تاسڵوجە بەپێنج درۆن ئەنجامدراوە
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم: به‌توندی سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌ته‌كانی كاره‌باو سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌باره‌ی پێدانی كاره‌باو دابینكردنی غاز
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×