پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی
نووسینی باسێک لەسەر (ڕوناکبیری تاڵ) ئێجگار پێویستە و هەر دەبێت بهدهموچاوێکی گرژ و ناحەزەوە بێتەدەستەوە؛ بۆنی چرچولۆچی ڕۆح و شەکەتیی دەروونی لێبێت. جا بۆوانەبێت!! دەبێت وابێت، ئەوەتا لە ئێستادا کردەی ڕوناکبیریی لە هەرێم خۆی ناخۆشەویست دەردەخات، بۆزۆرێکێش پەیڤی ڕوناکبیریی و ڕوناکبیربوون پڕپڕە لە شەرمنی، بێزاریی و نامورادیی لێدەبارێت؛ کەسی ڕوناکبیر بە هیچنەکردە و گەندەڵ و مشەخۆر دەزانرێت. بەواتایەکیتر، خەریکە بێمتمانەیی لە هەرێمی کوردستان بە ڕوناکبیر(ئەکادێمییان، پەروەردەکاران، نوسەران، فیلمسازان و هونەرمەندان و...)نەشونمادەکات و پرۆسەی ڕوناکبیرییش لە شار وەک شتێکی گەرددار و نائازاد دەبینرێت. لهم ڕوانگهیهوه دێینەسەر باسێک، کە دەرگا لەسەر(دژە ڕوناکبیریی) دەکاتەوە؛ بۆئەوەش قسە لە پێویستیدەکەین بۆ جۆرێکی دی لە ڕوناکبیر: ئەوەش ڕوناکبیری تاڵە.
لەمحاڵەتەدا دەپرسین: ڕوناکبیری تاڵ کێیە؟ کەسێکە مۆڕە لەو واقیعە سیاسیی و مێژووییە مڵوڕەدەکات، کە برینی کۆمەڵایەتی و دەروونیی؛ نائومێدی و ڕەشبینیی بۆهێناین. بۆ ڕوناکبیری تاڵ شکستی ئایدیاکانی ناو ئەو واقیعە لە نشوستی و بێزاریی هزریی زیاتر شتێکی ئەوتۆی نەبەخشیوە. بۆیە لە ئەمڕۆی جەنجاڵ و بێسەروبەری سیاسیی و کۆمەڵایەتیماندا پێویستمان بە دەستەبژێرێک لە ڕوناکبیری تاڵ و گۆشەگیرە، نەک ڕوناکبیری شیرین و کۆمەڵایەتیی چەنەباز و دەمبەخەندە،کە دەرکەوت چەن مشەخۆر و گاڵتەجاڕ و نمایشکارن.
ئەوەی ئێمە لێرەدا باسیدەکەین پەیوەندی بەو دیاردەیەوە نییە لەماوەی ساڵانی جەنگی جیهانی و دواتر لە ئەوروپا بەناوی""دژە ڕوناکبیریی Anti-intellectualism""سەریهەڵدا، کە یەک لە تێزەکانی ئەوەبوو،کە چینی ئەکادێمی و خوێندەواری ئاستبەرز و نووسەرە لوتبەرزەکان لە خەمەکانی خەڵک بێئاگان.
ڕوناکبیری تاڵ، کە لە کۆمەڵگەی ئێمە قاتوقڕە، کەسایەتییەکی ناوازە و دەگمەنی هەیە و بۆلەمەدواش دەبێت وەک بەشیکی پێویست لە وتاری ڕوناکبیریی و هزرییمان ببینرێت. تاڵیی ڕوناکبیری تاڵ لە بنەڕەتدا ڕوانگەیەکی تراژیدییە بۆ بوونی تاکی کورد.(ئەم)، کە لە بێدادیی، دزیی و هەژاریی تێدەگات، ئەو تێگەیشتنە لەوسەرەوە وایلێدەکات تاڵ و گۆشەگیر و تەنهابێت. ئەم جۆرە ڕوناکبیرە باشترین پەیوەندیشی لەگەڵ یاخیبوون و نامۆبووندا هەیە؛ گشت ئەوەش لە بێدەنگیی و دوورەپەرێزیی خۆیدا بەرجەستەدەکات.
ڕوناکبیری تاڵ، تاڵ وەک زەقنەبووت، ئەو جۆرە ڕوناکبیرەیە، کە لە ڕەهەندیی بنبەستی مێژووییمان تێدەگات. ڕوناکبیری وا لە سۆراخی ژیانمەندییەکی بە شکۆیە بۆ هەموان، بەو مەرجەی ئەو ژیانە پەلناهاوێت بەرەو خۆزگە و ویستە وڕێناوییەکان. بەڵام ئایدیاکان، کە دەمێکی چاک خەڵەتاندمانیان و لە شکستی زیاتر هیچیان بۆنەهێناین، بوونە هۆکاری دروستکردنی ئەو ژینگەیەی ڕوناکبیری لەجۆری تاڵی خوڵقاند. ڕوناکبیری تاڵ، کە بەئەزموونە لە مامەڵە و بەریەککەوتن لەگەڵ بێزارایی و هەستە پێچاوپێچەکان، ئاوابەئاسانی بە گەندەڵکار و مشخۆرەکانی ناو کایەی ڕوناکبیریی باو ناخەڵەتێ.
لەناو ڕوناکبیریی ڕوناکبیری تاڵدا سەرسەختیی درەختێکی پەلوپۆدارە ڕیسک و سەمەرەیی لێدەتکێ، کە ناخوازێ بەرامبەر بە ژیانێک، کە لە سۆراخی هیچییە ڕوخسار شاد و دڵفرێن بێت. لە دۆخێکی وەهادا بۆ (ئەو) تەنهایی و بێدەنگیی باشترین ئامرازن بۆ ژیانکردن. لەهەمانکاتدا، ڕوناکبیری تاڵ گەمژەئاسا ناژیت و گومانیشی لە زەردەخەنە و ئەو ڕێزە زۆرە کۆمەڵایەتیەیە دەم بەخەندە چەنەبازەکان دەیبەخشنەوە.
مرۆڤی وەک ڕوناکبیری تاڵ بۆ کۆمەڵگەی ئێمە زەرورەتە، چونکە ڕاستگۆ و قسەلەڕووە، تابڵێی کەمدوو و بێفیزە، لێ ناخ دژوار و ڕەفتار توندە. ئەم ڕوناکبیرە لە کلکەسووتەکردن و مەراییکردن بێئاگا و لێنەزانە، ڕواڵەتکردن و مەراییکردن لە بیرکردنەوەی (ئەو)دا بوونی نییە؛ ئەڵبەتە لە تەوسلێدان و تەشیڕێسی لە گوتندا زۆر لەدوایە. داخراویی و کەم گوتنەکانی ڕوناکبیری تاڵ نیعمەتن بۆ ئیستای ئێمە و هاوکاریماندەکەن خۆمان لە ڕوناکبیرە شیرینە بەدفەڕ و درێژدادڕەکان بپارێزین.
هەروەک لایسەرەوە هێمامان بۆکرد،دروستبوونی ڕوناکبیری تاڵ لە کۆمەڵگەی کوردی تازەی ئێمە بەرهەمی نامۆبوونی کۆمەڵایەتیی و بۆشاییە قووڵەکانی نێوان ئایدیاڵ و ژیانە. بۆیە ڕوناکبیری تاڵ بە سەلیقەوە دڕدۆنگ و گومانی لە شۆڕشەکان، لە خەونی نەوەکانی داهاتوو دەخاتەڕوو. لەبەرئەوەی شکست و پاشەکشە لە دیدی ڕوناکبیری تاڵ وێرانکەرە و نەدەبوو هەبایە، لێ بوونەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونی ڕوانگەیەکی قووڵ بۆ شۆڕش و سیاسەتکردن.
دەکرێت لێرەدا ئەوەش بگوترێت، بوونی ڕوناکبیری تاڵ پێویستییەکی کۆمەڵایەتیی ئەمئێستای ئێمەیە. ئەم جۆرە ڕوناکبیرە ڕەنگدانەوەی تێڕوانینێکی ڕەشبینانەیە بۆ بارودۆخی مرۆڤ،کە تێیدا بەدەست ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی ناساغ و بێهیواوە ئازار دەچێژێت. ئەمە بەو مانایەدێت، دەرکەوتنی ڕوناکبیرییەکی سوودگەرا و زۆربڵێیانەی گاڵتەجاڕ لە گشت کونوقوژبنێکی شار ئاماژەیە لەسەر دیمەنی خۆرئاوابوونی ڕوناکبیریی، کە دیمەنێکی نادڵگیر و خەمهێنەرە. بۆیە ڕوناکبیری تاڵ شتەکان زۆر جیا دەبینێت. (ئەو) پێیوایە کۆمەڵگەی ئیستای کوردی پڕبووە لە ڕوناکبیری دووئاکار و ساختەچی و بۆش.
ڕوناکبیری شیرینی دوو پەروەردە، کە بە ڕیاکاریی جیهانمان بۆپڕدەکات لە هیوا و باشە، چەنەباز و بێباکە، جیهانێک وێنا دەکات گوایە بنەمایەکی ڕەوشتی دەیباتەڕێوە؛ لەوێندەرێ لاوازەکان خەڵاتدەکرێن و هەژارەکانیش قەدرزانن. بەڵام تاڵیی ڕوناکبیری تاڵ گووتنی نەخێرە بە ژیانێکی سۆسیالئامێزی دژەئاکار و نەگریس، کە هەلومەرجێکی ناحەز و گەمژە دروستیکردووە.
لە کۆتایدا کۆی تێگەیشتنمان سەبارەت بە پێویستی بۆ ڕوناکبیری تاڵ لەوەدا کورتدەکەینەوە، لەگەڵکاتدا زۆرینە لەوە حالیدەبن، کە تاڵبوون شکۆمەندییە، دڵنەواییە بۆ دواترێکی بێوەی، چارەسەر بۆ ئەو دەردەی گوتاری ڕوناکبیریی دەمبەخەندەکان بڵاویدەکەنەوە، کە خودی ڕوناکبیریی بێمانادەکات.