سەردانی زەیدی بۆ واشنتن و تاران

عوسمانی حاجی مارف
  2026-08-10     1437

کاتێ ئەرکی پێکهێنانی حکومەتی عێراق سپێردرا بە عەلی زەیدی، ئیدارەی ترەمپ کە پێشتر ناڕەزاییان دەردەبڕی بەرامبەر بە کاندیدکردنی مالیکی و کەسایەتیە نزیکەکانی ئێران و کوتلەکانی حەشدی شەعبی، پەلەیان کرد لە ڕاگەیاندنی پشتیوانی خۆیان بۆ زەیدی، ترەمپ یەکەم کەس بوو پیرۆزبایی لێکرد، لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنی نێوان ترەمپ و زەیدی لە ٣٠ی نیسانی ٢٠٢٦، لەو ماوەیەدا ترەمپ بانگهێشتی زەیدی کرد بۆ سەردانی واشنتن دوای پێکهێنانی حکومەت.

پاڵپشتیکردنی ئەمریکا لە حکومەتەکەی زەیدی، ڕێگەی گەیشتنە بە چەند ئامانجێک، لەوانە: پاڵنانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکانی پەیوەست بە سوپای پاسدارانی ئێران، ڕاگرتنی قاچاخی دراوی قورس لە عێراقەوە بۆ ئێران، دروستکردنی دەرفەتی وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیا ئەمریکیەکان لە عێراق، پتەوکردنی پەیوەندیە ئابوریەکانی لەگەڵ سوریا، بە پلەی یەکەم ئەوەی گرنگە بۆ ئەمریکا، بەغدا خۆی لە نفوزی ئێران دوور بخاتەوە و لەگەڵ باقی هاوپەیمانە ئەمریکیەکانی ناوچەکە (تورکیا و دەوڵەتە عەرەبیەکانی کەنداو) تێکەڵ ببێت.

لەو چوارچێوەیەشدا ئیدارەی ترەمپ لەڕێگەی تۆم باراکی نوێنەریەوە هەوڵیدا پرۆژەی بۆری نەوتی کەرکوک- بانیاس زیندوو بکاتەوە، کە لەژێر چاودێری ئەمریکادا لەنێوان عێراق و سوریادا ڕێکەوتنی لەسەر کرا، ئەم پڕۆژەیە ئەگەر تەواو بێت ئامانجی گواستنەوەی نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی عێراقە لە ڕۆژێکدا لە ڕێگەی خاکی سوریاوە، پێشبینی دەکرێت لەلایەن کۆمەڵە کۆمپانیایەکەوە جێبەجێ بکرێت، لەوانە TI Capital  ، UCC Holding، و   Chevron پڕۆژەکە بەشێکی چارەسەری ئەو قەیرانە دەکات کە ڕوبەڕوی عێراق بۆتەوە لە ئەنجامی داخستنی گەرووی هورمز، کە بۆتە هۆی دابەزینی ٪٨٠ هەناردەکردنی نەوتی عێراق.

لەمیانی سەردانەکەی زەیدی بۆ واشنتن لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزدا، عێراق ٤٨ یاداشتی لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی بە بەهای نزیکەی ٦٠ ملیار دۆلار واژۆکرد، دیارترینیان ئەو مۆڵەتە بوو کە بە ستارلینک* درا بۆ کارکردن لە عێراق. سیاسەتی زەیدی بە ڕوونی لەسەر بنەمای بەدەستهێنانی پاڵپشتی ترەمپە لەڕێگەی پێشکەشکردنی ئاسانکاری و ئیمتیازات بۆ کۆمپانیا ئەمریکیەکان، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی فشارە ئابووریەکانی لەسەر عێراق، بەتایبەتی سەبارەت بە ڕۆیشتنی دۆلار بۆ ناو بازاڕی عێراق، دەوڵەتی ئەمریکا ناردنی دۆلاری (بەستبوو) وەک ئامڕازێک بۆ گوشار خستنە سەر عێراق بۆ پابەندبوون بە هەڵمەتی زۆرترین فشاری دژ بە ئێران، ئەمەش دوای تۆمەتەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کە چەند بانکێکی عێراقی ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی دۆلار بۆ ئێران دەکەن، دوای سەردانەکەی زەیدی( بەستن) هەڵگیرا و واشنتنیش پرۆسەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر حەوت بانکی عێراقی دەستپێکرد، لەنێویاندا بانکی باشوور کە لەلایەن زەیدی و بنەماڵەکەیەوە بەڕێوەدەبرێت.

ئەمەریکا لەڕێگەی پاڵپشتیکردنی حکومەتەکەی زەیدیەوە، هەوڵی کەمکردنەوەی نفوزی چین و ڕووسیا لە کەرتی نەوتی عێراقیش دەدات، ئەمەش لە بەدەستهێنانی کێڵگەی نەوتی قوڕنە-2 دەستپێدەکات دوای کشانەوەی کۆمپانیای "لوک ئۆیل"ی ڕووسی بەهۆی سزاکانی واشنتن لە سەردەمی حکومەتی سودانیدا. هەروەها لە سەردانەکەی ئەم دواییەی زەیدیدا، عێراق یاداشتنامەی رێکەوتنی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتیە ئەمریکیەکانی وەک "Shell"، "GE Vernova"، و  KBRواژۆ کرد. ئەمەش پەیوەستە بە هەنگاوی عێراق بۆ داواکردنی پشکێکی گەورەتر لەناو ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) و نیازی دەربڕینی بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ترەمپ، زەیدی ئاماژەی بەوەدا کە ٣٠ ی ئەیلولی ٢٠٢٦ دوا وادە دەبێت بۆ سنوردارکردنی کوتلە چەکدارەکان و "ڕادەستکردنی چەکەکانیان"، هەمان ئەو وادەیە کە بڕیارە هێزەکانی ئەمریکاش کشانەوەی خۆیان لە عێراق تەواو بکەن.

 بەگشتی هەوڵەکانی حکومەتی زەیدی بۆ سنوردارکردنی هێزی چەکداری، بووەتە هۆی دابەشبوونی کوتلە و گروپە چەکدارەکانی عێراق بۆ دوو کەمپ، یەکەمیان: وێڕای ئەوەی نیگەرانن لەوەی تەسلیمکردنی چەکەکانیان دەبێتە هۆی لاوازکردنی پێگەیان و کەمکردنەوەی ئیمتیازەکانیان لەناو دەوڵەتدا، لە کاتێکدا خۆیان وەک بەشێک لە پرۆسەی سیاسی عێراق دەبینن و دەوریان هەیە لە سازدانی حکومەتی عێراقدا. کەمپی دووەم: خۆی وەک بەشێک لە "میحوەری بەرگری" دەبینێت کە ئێران سەرکردایەتی دەکات.

ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبدەین تائێستا هیچ پێناسەیەکی ڕوون یان چوارچێوەیەکی ڕێکارەکان بۆ پرۆسەی ڕادەستکردنی چەک، یان بۆ دیاریکردنی جۆرەکانی ئەو چەکانەی کە دەبێت تەسلیم بکرێن، نییە و قسەی لەسەر نەکراوە، ئەمەش ڕێگە دەدات بە دەربازبوون لە پرۆسەکە، چونکە هەندێک لە لایەنەکان دان بەوەدا نانێن کە هیچ چەکێکیان هەڵگرتبێت جگە لەو چەکانەی کە لە کاتی شەڕی دژی داعش لە دەوڵەت وەریانگرتووە.

لە لایەکی دیکەوە، ئەو کوتلە چەکدارانەی تر ڕەتدەکەنەوە چەکەکانیان ڕادەست دەکەن، هەوڵدەدەن بوونی خۆیان جێگیر بکەن و هەوڵەکانی حکومەت لەم بوارەدا تەحەدا بکەن. نموونەی ئەمەش هێرشە دووبارەبووەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە بۆ سەر کوردستانی عێراق، کە تەنها چەند کاتژمێرێک دوای کۆبوونەوەی زەیدی لەگەڵ ترەمپ بو لە واشنتن و دوا وادەی تەسلیمبونی چەکەکانیان ڕاگەیاند.

گرنگترین پرسیار ئەوەیە کە دەوڵەت لە دوای ٣٠ی ئەیلولەوە چ ڕێوشوێنێک دەگرێتەبەر بەرامبەر بەو کوتلانەی کە ڕەتیدەکەنەوە چەکەکانیان ڕادەست بکەن، ئەمەش زیاتر لەبەر ڕۆشنایی زیادبوونی فشارەکانی ئەمریکایە بۆ داخستنی ئەم مەلەفە.

عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای ئێران، سەردانەکەی زەیدی بۆ واشنتن بە "مایەی پەشیمانی و خەم بۆ گەلی دڵسۆزی عێراق" وەسف کرد. سەردانەکە تەنها چەند ڕۆژێک دوای کاروانەکانی پرسەی عەلی خامنەیی لە شارەکانی نەجەف و کەربەلا هات، ئێران و هاوپەیمانەکانی لە ڕێگەی ئەم کاروانانەوە هەوڵیاندا نیشان بدەن کە زۆرینەی شیعەکانی عێراق پشتیوانی لە سیاسەتی ئێران دەکەن، لە کاتێکدا زەیدی هەوڵیدا هەر زیانێکی ئەگەری کەم بکاتەوە کە کاروانەکانی پرسە لە عێراق دەتوانێت زیان بە سەردانەکەی خۆی بۆ واشنتن بگەیەنێت، بەڵام لە هەمانکاتدا سەرۆک ئەرکانی خۆی ڕاسپارد کە سەرۆکایەتی ئەو لیژنەیە بکات کە بەرپرسیارە لە ڕێکخستنی مەراسیمەکان، هێزەکانی حەشدی شەعبی و دەزگاکانی دیکەی حکومەتی عێراق ئامادەکاریەکی بەرفراوانیان کرد، لەوانە ئاڕاستەکردنی فەرمانبەران بۆ بەشداریکردن و چالاکیەکە لە میدیای دەوڵەتی و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی نزیک لە ئێرانەوە ڕۆماڵی بەرفراوانیان بۆ مەراسیمەکە کرد.

پێدەچێت لایەنە سیاسیەکانی شیعە بە تامەزرۆییەوە بیانەوێت بە کەمترین زیان ئەم قۆناغە تێپەڕێنن، بۆیە خۆیان لە هاوئاهەنگی ڕاستەوخۆ و ڕاشکاوانە لەگەڵ ئێران لە جەنگدا دەپارێزن، هەروەها هەوڵەکانی زەیدی بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە بەرامبەر بەڵێنی ناڕووندایە بۆ سنووردارکردنی چەکداری و دابینکردنی سوودی ئابووری بۆ کۆمپانیا ئەمریکیەکان، هەروەها پەیڕەوکردنی نزیکبونەوە لەگەڵ حکومەتی ئەحمەد شەرعی سەرۆکی سوریا، بێدەنگیان لێکردووە.

سەبارەت بە بەئامانجکردنی دەوڵەتانی کەنداو لەلایەن کوتلە عێراقیەکانەوە لەماوەی شەڕی ئەم دواییەدا، حکومەتەکەی زەیدی تەنها بەیاننامەیەکی ئیدانەکردنی دەرکرد و داوای کرد دەوڵەتانی کەنداو بەڵگەی ئەو هێرشانە بخەنەڕوو!.

ڕۆشنە کە حکومەتی زەیدی و زۆربەی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پێیان باشە بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لە قۆناغی ئێستادا ئیمتیازاتێک پێشکەش بە ئەمریکا بکەن و پەیوەندیان بە ئێرانیشەوە ڕاگرن. لە ئاستی سیاسیشدا، بە لەبەرچاوگرتنی سەرقاڵبونی ئێران بە ململانێ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و هەروەها هەڵوێستی توندوتۆڵی ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر بە سەرکردە کوتلە عێراقیەکان، ئاماژەیە بە هەوڵی دابەزینی ڕێژەیی کاریگەری ئێران لە عێراقدا. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە نفوزی ئێران کە بە قوڵی لە ناو دەوڵەت و کۆمەڵگای عێراقدا رەگی داکوتاوە بە تەواوی لە دابەزیندایە. شایانی باسە کە زەیدی لە ٢٣ی تەمموزەوە سەردانەکەی بۆ تاران دەستیپێکرد، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ئەوەی نیشان بدات کە عێراق پابەندە بە پاراستنی پەیوەندییە بەهێزەکانی لەگەڵ ئێراندا.

وا دیارە حکوومەتی زەیدی، هاوکات لەگەڵ زۆربەی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، پێیان باشە لە قۆناغی ئێستادا بە ستراتیژی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان نزیک ببنەوە، ئیمتیازاتێک پێشکەش بە ئەمەریکا دەکەن بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان بۆ سەر عێراق لە کاتی تێکچونی دۆخێکی ئابووری کە بەهۆی دابەزینی هەناردەکردنی نەوتی عێراق، بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە خراپتر بووە، بەڵام مەرج نییە ئەمە بەو مانایە بێت کە حکومەتەکەی زەیدی خەریکە ڕێوشوێنی توند لە دژی کوتلە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بگرێتەبەر، ئەمەش لەبەر چەند هۆکارێکە. یەکەم: ئەم کوتلانە بەشێکن لە چوارچێوەی هەماهەنگی و هێڵێکی بنەڕەتی بەرگری بۆ دەسەڵاتدار و داینامیکی دەسەڵاتی ناوخۆیی پێکدەهێنن. دووەم: دەرئەنجامەکانی شەڕ و ململانێی ئەگەری ئەمریکا و ئێران تا ئێستا ناڕوونە و کۆتاییەکەی دیار نیە. سێیەم: هەر ڕوبەڕوبوونەوەیەکی چەکداری لەگەڵ ئەم کوتلانەدا دەتوانێت ململانێی ناوخۆیی لەنێوان هێزە شیعەکاندا بخاتەگەڕ.

لە کۆتاییدا پێدەچێت سیاسەتی ئێستای حکومەتی عێراق لەسەر بنەمای هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی سەردەمی ترەمپ بە کەمترین زیانەوە بێت، ئەمەش ڕێبازێکە کە زەیدی دەیەوێت بەرجەستەی کاتەوە، بەڵام تاچەند دەتونێت لەم گێژاوەدا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، بەتایبەتی کە بنکەیەکی سیاسی سەربەخۆی نییە و ناتوانێت سەنگەر لە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بگرێت، لەئەنجامدا کردەوەکانی سنووردار دەکرێن کاتێک لەگەڵ بەرژەوەندیە سەرەکیەکانی هێزە باڵادەستەکانی شیعەدا بەریەکدەکەون، بۆیە تەنها سیاسەتێکی خۆپاراستن دەگرێتە بەر، بۆ سەقامگیر بونی پێکهاتەی ڕژێمی تائیفی و دەوری چوارچێوەی هەماهەنگی، کە لە نێوان پەرەسەندنی شەڕو ململانێی ئەمریکا و ئێران و قەیرانی سیاسی و ئابووریدا ڕاوەستاوە.

--------------------------------

*ستارلینک، خزمەتگوزاریەکی پێشکەوتوی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردە، کە لەلایەن کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیلۆن ماسکەوە بەڕێوەدەبرێت. پشت بە تۆڕێکی فراوانی مانگە دەستکردەکان دەبەستێت کە لە خولگەی زەوی نزمدان بۆ دابینکردنی ئینتەرنێتی خێرا و کەم شاراوە بۆ ناوچەی دوور و ناوشارەکان وەک یەک. کارپێکردن و هاتنە ناو بازاڕی عێراق لەم دواییانەدا بە فەرمی ڕاگەیەندرا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×