لەماوەی چەند ڕۆژێکدا حوسیەکان کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر کەناراوەکانی ڕۆژئاوای یەمەندا فراوانترکرد، گەیشتنە شوێنە ستراتیژیەکان و دوورگەکانی ناو گەروەکە و باشووری دەریای سوور، کە نزیکترینیان لە ڕێڕەوی کەشتیوانی کەنداوی عەدەن بە دەریای سوور و کەناڵی سویسەوە دەبەستێتەوە. ئەم گۆڕانکاریە لەکاتێکدایە، کە گەرووی بابولمەندەب گرنگیەکی زیاتری بەدەستهێناوە لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ٢٨ی شوباتی ئەمساڵدا، هەروەها دواتر پەککەوتنی توندی هاتوچۆی نەوت لەڕێگەی گەرووی هورمزەوە. لەگەڵ کەمبوونەوەی هاتوچۆی نەوت لەڕێگەی گەرووی هورمزەوە، ڕێڕەوی دەریای سوور گرنگتر بووە، بەتایبەتی بۆ سعودیە، کە دەتوانێت نەوتی خاو لە بەشی ڕۆژهەڵاتی سعودیەوە بگوازێتەوە بۆ "بەندەری یانبو" لەڕێگەی بۆری ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاواوە، لەوێشەوە بۆ بازاڕەکان لە ڕێگەی دەریای سوورەوە.
هاوکاتی پێشڕەوی حوسیەکان، نیگەرانیەکان سەبارەت بە دابینکردنی نەوت چڕتر بۆتەوە، تیشک دەخرێتە سەر پەرەسەندنی گرنگی گەرووی بابولمەندەب لەبەر ڕۆشنایی پچڕانی ڕێگاکانی هەناردەکردنی وزە لە ناوچەکەدا. بەڵام فراوانبونی کۆنترۆڵی حوسیەکان بەسەر دیوی یەمەن لە گەرووەکەدا، بەو مانایە نیە کە ئێستا بەتەواوی بابولمەندەبیان کۆنترۆڵ کردووە یان دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان دایبخەن، گەرووەکە لەنێوان یەمەن و کەنارەکانی ئەفریقادا درێژ دەبێتەوە و کەشتیەکانیش بەردەوامن لە هاتوچۆ، هاوکات هێزەکانی دەریایی نێودەوڵەتی تا ئێستا لەو ناوچەیەدا چالاکی دەکەن.
بەدەستەوەگرتنی ئەم گەرووە لەلایەن حوسیەکانەوە، کاریگەری لەسەر پێگەی حوسیەکان و دەوری ململانێ و شەڕی ئێران لە بەرامبەر ئەمریکاو ئیسرائیل دا دەبێت، هەروەها حوسیەکان کاتێک کۆنتڕۆڵی تەواوی گەروەکە دەکەن، دەتوانن چاودێری کەشتیە هاتووەکان بکەن و لەهەمانکاتدا وەک بنکەیەک بۆ هەڵمەتی فراوانتری هێرش بۆ سەر کەشتیوانی لە دەریای سووردا بەکاری بهێنن. کاردانەوەکانی پێشڕەوی حوسیەکان لە دەوروبەری بابولمەندەب زۆر لە سنوورەکانی یەمەن زیاتر درێژدەبێتەوە، گەرووەکە لە دڵی ڕێگایەکدایە کە دەوڵەتانی کەنداو بۆ هەناردەکردنی وزە پشتی پێدەبەستن، لەهەمانکاتدا نوێنەرایەتی دەروازەی باشووری دەریای سوور و کەناڵی سوێس دەکات.
بەردەوامی ناسەقامگیری لە هورمز و بابولمەندەب دەتوانێت تێچووی کەشتیوانی و بیمە بەرز بکاتەوە و فشار لەسەر بازرگانی کەنداو زیاد بکات لەسەر هەناردەکردنی وزە و هاوردەکردنی. بەردەوامی فشارە ئابوری و ئەمنیەکان دەتوانێت پاڵ بە دەوڵەتانی کەنداوەوە بنێت بۆ کردنەوەی کەناڵی ڕاستەوخۆی دانوستان لەگەڵ تاران بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان، هاوشانی پەیوەندیە ئەمنیەکانیان لەگەڵ واشنتۆن، بەتایبەتی ئەگەر نەتوانرێت بەخێرایی بگاتە چارەسەرێک کە گەرەنتی سەقامگیری ڕێگاکانی هەناردەکردنی وزە بکات.
بەگوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، پێشهاتە خێراکانی یەمەن و پێشڕەوی گروپی حوسیەکان ئێستا نیگەرانیەکی گەورەی دامەزراوەی ئەمنیی ئیسرائیلە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ترس لە کاردانەوەکانی کۆنترۆڵکردنی حوسیەکانە بەسەر تەواوی گەرووی بابولمەندەبدا. بۆیە دامەزراوەی ئەمنی ئیسرائیل بە نیگەرانیەوە بەدواداچون بۆ پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەی دەریای سوور دەکات، دوای ئەوەی حوسیەکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەردەوام بوون لە دەستبەسەرداگرتنی شارۆچکە و شوێنەکانی کەنارەکانی باشووری دەریای سوور، لە کۆتایدا کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر بابولمەندەبدا چەسپاند.
لە ڕاستیدا ئەوەی لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوای یەمەن ڕوویدا دوای سەرکەوتنی حوسیەکان لە دەستبەسەرداگرتنی گەرووی بابولمەندەب، کاردانەوەی بەرچاوی دەبێت لەسەر ئاسایشی ڕێگا دەریاییەکان. ئەم هەنگاوە قەیرانەکانی لەئاستی جیهاندا گەورەتر کردووە دوای ئەوەی ئەمریکا نەیتوانی ڕێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیوانی جیهانیدا. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئێران بە هاوکاری حوسیەکان، کۆنترۆڵی دوو لە گەرووە هەرە گرنگەکانی ناوچەکەی بەدەستهێناوە کە بەشێکی بەرچاوی بازرگانی جیهنیان کۆنترۆڵکردووە.
تائێستا هیچ ئاماژەیەک نییە کە وڵاتانی زلهێزی دنیا بتوانن لەم حاڵەتەدا بەکۆمەڵ مامەڵەی دۆخەکە بکەن، یان حوسیەکان واز لە هەڕەشەکردن لە کەشتیوانی نێودەوڵەتی بهێنن، یان هێزەکانی حکومەتی یەمەن بتوانن خۆیان کۆکەنەوە و دۆخەکە لەبەرامبەر حوسیەکان بگۆڕن، ڕووداوەکانی ئەم دواییە ئاماژە بە گۆڕانکاریەکی بەرچاو لە دیمەنی ناوچەکەدا دەکات، پێچەوانەکردنەوەی ئەم گۆڕانکاریە یان گەڕاندنەوەی بۆ دۆخی پێشووی، پێویستی بە کاتێکی بەرچاو دەبێت، هێزەکانی حکومەتی یەمەن پارچە پارچە بوون، حوسیەکان ئامانجێکی ستراتیژیان بەدەستهێناوە کە ئەستەمە بە ئاسانی دەستبەرداری بن، هیچ لایەنێکیش تا ئێستا ناتوانێت میکانیزمێکی کاریگەر بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە بێوێنەیە لە مێژووی کەشتیوانی نێودەوڵەتیدا دابڕێژێت.
جگە لەوەش سعودیە هەڵوێستێکی تاڕادەیەک دووفاقی دەپارێزێت، هەڵوێستی لە نێوان تێوەگلانی زیاتر لە شەڕ، یان وەستاندنی شەڕ تیا ماوە!. هەموو ئەو پشتیوانیەی ڕیاز پێشکەشی هێزەکانی حکومەتی یەمەنی کردووە و بەردەوامی هەیە، بەڵام نەیتوانیوە بەرگەی هێزی حوسیەکان بگرن، سعودیە دووچاری هێرشی سەربازی بووەتەوە کە بووەتە هۆی پەکخستنی ئەو بۆریانەی کە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای وڵاتەکەی بەیەکەوە دەبەستێتەوە، کە ڕۆژانە نزیکەی حەوت ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕێگەی دەریای سوورەوە هەناردە دەکات، ئەمە پەیامێکی بەهێزی هۆشداری حوسیەکانە و ئاماژەیە بۆئەوەی کە ئەو گرووپە دەتوانێت زیانێکی زۆر بە ڕیاز بگەیەنێت ئەگەر بڕیاری درێژەدان بە شەڕەکە بدات. لەلایەکی تریشەوە، سعودیە شەڕێکی کراوەی ناوێت، سەرەڕای هێزی ئابووری و سیاسی و سەربازی، خاوەنی پڕۆژەیەکی ئابووری و وەبەرهێنانی گەورەیە کە لەگەڵ جیهاندا یەکتر دەبڕێت، نایەوێت بچێتە ناو شەڕێکی دیکەی پەرتبوونەوە، ئەوەی بۆی گرنگە ڕاگرتنی هەڕەشە و گەڕاندنەوەی سەقامگیرییە.
مەسەلەکە ئیتر تەنیا پەیوەندی بە لایەنە شەڕکەرەکانی ناو یەمەنەوە نیە، هەروەها تەنیا پەیوەندی بە یەکلاکردنەوەی نمرەی مێژوویی نێوان سعودیە لە لایەک و گرووپی حوسیەکان و ئێران لە لایەکی دیکەوە نییە، کاتێک یەکێک لە خوێنبەرە گرنگەکانی (گەرووی هورمز) تێکچوو، هەموو جیهان کاریگەری بەرزبوونەوەی نرخی وزەی لەسەر بوو. ئەگەر لە داهاتوودا خوێنبەرێکی تر (بابولمەندەب) پەیوەندی پێوە بکات چی ڕوودەدات؟ بێگومان وێنەکە زۆر تاریکتر دەبێت بۆ جیهان، ئەمەش پێویستی بە ڕەچاوکردنی پلانێک هەیە بۆ دوورکەوتنەوە لە سیناریۆیەکی هاوشێوەی ئەوەی لە هورمز ڕوویدا.
بوونی ژمارەیەکی زۆر لە کەشتیە جەنگیەکان و ئۆپەراسیۆنی جۆراوجۆری دەریایی لە دەریای سووردا بەو مانایە نیە کە گروپی حوسیەکان بە خێرایی پاشگەز دەبنەوە، هەروەها جیاوازی بیروڕا لە نێوان ئەمریکا و هەندێک وڵاتی ئەوروپیدا بەو مانایە نییە کە دۆخەکە بەبێ دەستێوەردان دەمێنێتەوە، گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەسەر پلانێکی دیاریکراو پێویستی بەو تێگەیشتنە هەیە کە کۆنترۆڵی حوسیەکان بەسەر بابولمەندەبدا، ئێران بەهێز دەکات، ئەمەش وای لێدەکات کە بتوانێت کاریگەری خۆی لە گەرووی هورمزدا بچەسپێنێت و ناوەندی قەیرانەکە لەوێوە بگوازێتەوە بۆ بابولمەندەب، پلانەکانی تاران پشت بە سەرقاڵکردنی جیهان بە قەیرانی دەریایی و دروستکردنی ناتەبایی لە نێوان زلهێزەکاندا دەبەستێت.
پچڕانی کەشتیوانی نێودەوڵەتی زیانێکی زۆر بە بەرژەوەندیەکانی زۆربەی وڵاتان گەیاندووە و دەگەیەنێت، پێشهاتە خێراکان زەربەیەکی کوشندەیان لە ئاسایشی وزە داوە، ئەم کاریگەریە تەنها بۆ ئەو هاوڵاتیانە سنووردار نەبووە کە لە ئەوروپا و ئەمریکا و ئاسیا دەژین، دەوڵەتانی کەنداو وەک بەرهەمهێنەرانی سەرەکی وزە، کاریگەریەکی بەرچاویان لەسەر بووە، ئەوان پێویستیان بە ڕێکخستن هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ ئاستی پێشووی بەرهەمهێنان و دەستڕاگەیشتن بە بازاڕە جیهانیەکان و چاکردنەوەی ئەو ژێرخانانەی کە بەهۆی ئەو لێدانە سەربازیانەی لەسەر دەستی ئێران تووشی بوون زیانیان بەرکەوتووە.
ئێستا دوای ئەو لێدانە وێرانکەرانەی، کە حزبوڵڵا لە لوبنان و حەماس لە کەرتی غەززە و ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا تووشی بوون، حوسیەکان گرنگترین و بەهێزترین بریکاری ئێرانن لە ناوچەکەدا. هەماهەنگی حوسیەکان لەگەڵ تاران، بەکارهێنانی کەشتیوانی دەریایی وەک هێڵی ئامرازێکی ستراتیژی بەنرخ بە ئێران دەبەخشێت، بەرەیەکی گوشاری بازرگانی، لە دوو گەرووی گرنگدا لە یەک کاتدا دەکاتەوە، ئامانجی سەپاندنی واقیعێکی نوێ بەسەر زلهێزە نێودەوڵەتیەکاندا، باشترکردنی پێگەی دانوستانی خۆیەتی لەگەڵ واشنتۆن و وڵاتانی ڕۆژئاوا، سەبارەت بە پرسە ناوچەیەکانی و بەرنامە ئەتۆمیەکەی، ئەمەش بە نیشاندانی ئەوەی کە نفوزی ئێران توانای ئەوەی هەیە کە سەقامگیری ئابووری جیهانی بخاتە مەترسیەوە.
ئەگەر حوسیەکان بتوانن کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر "بەندەری مۆچا"دا بچەسپێنن، ئەوا دەتوانن ببنە ناوەندێکی ستراتیژی پۆتانسێل بۆ وەرگرتن و گواستنەوەی چەک و کەرەستە و پێکهاتەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئێرانەوە، بەمەش توانا لۆجستی و سەربازیەکانیان لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوا بەهێزتر دەکات. بەپێچەوانەشەوە بۆ ڕیاز، ڕوخانی بەندەری مۆچا نوێنەرایەتی هێڵی سووری ڕوون و هەڕەشەی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندیە ئابووریەکانی سعودیە لە دەریای سووردا.
پێشهاتەکانی ئەم دواییە تەنها پێشڕەویەکی زەمینی نییە لەلایەن حوسیەکانەوە، بەڵکو نزیکبوونەوەیان لە بابولمەندەب و کۆنترۆڵکردنی ناوچە کەناریەکان و دوورگەی مایون، هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە نەوتیەکانی سعودیە، ئەم پێشهاتە گۆڕانکاری لە هاوکێشەکەدا کردووە، کە پێشتر لە چوارچێوەی شەڕی ناوخۆی یەمەن و ڕکابەریە ناوچەییەکاندا قەتیس بووبوو، بە زیادکردنی فاکتەرێکی نوێ، ئەویش کۆنترۆڵکردنی ئەو کەنارانەیە کە دەڕوانێتە گەرووی بابولمەندەب، ئەم گەرووە تەنیا پارچەیەک لە خاکی یەمەن نییە، بەڵکو ڕێڕەوێکی ئاوی گرنگە بۆ بازرگانی و وزەی جیهانی، گرنگیەکەی لە ژێر ڕۆشنایی ململانێی گەرووی هورمزدا زیاتر دەبێت، بەم شێوەیە ململانێی یەمەن لە ململانێی دەسەڵاتەوە بۆ قەیرانی ئەمنی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەگۆڕێت. لە هەمانکاتدا ململانێی ئەمریکا و ئێران و وڵاتانی زلهێزی دنیا دەچێتە ئاستێکی ئاڵوزتر و نالەبارترەوە.