ڕوانین و وردبوونەوە و سەرنجدانی ڕەخنەگرانە و نووسین و ئەزموونی سێ دەیەی پیشەیی لە بواری پەروەردەدا، زۆر ڕێگەی نیشاندام.
زۆر جاران لەو ھەموو ڕوانینە جیاوازانەدا تووشی ھەراسان و بێزاری و دڵشکان ھاتووم، بەڵام ھەرگیز نەیگەیاندوومەتە نوچدان و کۆڵدان یان گەیشتن بە بێھیوایی. بە ڕای من بێھیوابوون واتە کۆڵدان و شکست و وازھێنان و خۆڕادەستکردنی قەدەری نادیار؛ لە ڕاستیدا ئەوە کاری ئەوانە نییە کە پەیامیان ھەیە و بڕوایان بە گۆڕانکاری و باشکردنی ژیان بۆ ئایندە ھەیە.
ئەمانەی کە لەسەرەوە باسم کردوون ئەوە ناگەیەنێت کە فووکردنەخود بێت، وەک لە پەندێکی فۆلکلۆری کوردیدا ھەیە، دەڵێت: «ئەچمە شارێ کەس نەمناسێ، خۆم ھەڵدەکێشم پڕ بە کراسێ».
بەڵام ئێمە کە کارمان کردووە، تەنھا خەمێک و ھەمێک بووە لە پێناوی شادبوونی ئەم گەلە بە ئارامی. تاقە ڕێگەش بۆ ئەو خەونە تەنھا پەروەردەیە و پەروەردەیە.
ئەم چەند دێڕەی باسم کرد تەنھا دەربڕی ئەوەیە کە لەم نیشتمانەی ئێمەدا دەیان دەنگ و ھاوار بەرز بوونەتەوە تا پەیامێک بگەیەنن و ڕێگەیەک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی لەم سەرلێشێواوییەی تێیکەوتووین، لەم کوێرەڕێیەی پێیدا دەڕۆین و لە پێشمانەوە ڕەنووەبەفر و کڕێوەیە، خۆمان قوتار بکەین و بچینە سەر ڕێگەی ڕاستی و ئارامی.
بەڵام دیارە کەس گوێی بۆ ھاوارەکانمان نەگرت، تا ئاکام تارماییەکی ڕەش خەریکە نیگا و دیدەمان لێڵ و تاریک دەکات.
ھەرچەندە لە سەرەتای وتارەکەمدا ئاماژەم بە کۆڵنەدان و دووربوونم لە بێھیوایی داوە، بەڵام ڕاستی ناشاردرێتەوە و ناخرێتە چاڵی پەراوێزخستنەوە. مەبەستم ئەوەیە کە وەک پێویست ئاوڕ لە گرێوگۆڵ و درزەکانی ناو دیواری پەروەردە نەدراوەتەوە و ھەوڵی پڕکردنەوەیان نەدراوە؛ بۆیە خەریکە دەبنە کەلێنی گەورە، ئەوسا دەبێت چاوەڕێی ڕووخان بکەین، دوای ئەوەش جگە لە شکاندنی بەرد بە ئەژنۆ ھیچی ترمان لەدەست نایەت.
دوای ئەوەی چەندین ساڵە دەیان نووسەر و خەمخۆر و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی شارستانی بە نووسین و کۆڕ و چالاکی و بەیاننامە و وتار و توێژینەوە و کتێب و پۆستکارت و تۆڕەکانی سۆشیالمیدیا داواکارییان پێشکەش کرد و کاریان لەسەر ئاراستەیەکی باشتر بۆ پرۆسەی پەروەردە کرد، بەداخەوە نە گوێیان لێ گیرا و نە لایەنی بەرپرس خۆشی ھەنگاوێکی نا بە ئاراستەی دڵخۆشکردنی خەڵک!
ئەوە بوو ڕۆژی ٨-٩-٢٠٢٦ ڕێکخراوی PISA واتە (Program for International Student Assessment) بە کوردی بریتییە لە «پرۆگرامی نێودەوڵەتی بۆ ھەڵسەنگاندنی خوێندکاران». ئەم ڕێکخراوە جیھانییە کە لەلایەن ڕێکخراوی گەشەپێدان و ھاوکاریی ئابووری (OECD) سەرپەرشتی دەکرێت، بە مەبەستی ھەڵسەنگاندنی کارامەیی و زانیاریی خوێندکارانی تەمەن ١٥ ساڵ لە جیھاندا ئەنجامی دەدات. ئەو بوارانەی کاری لەسەر دەکات بریتیی لە سێ بواری سەرەکی: (خوێندنەوە (تێگەیشتن لە دەق)، بیرکاری، و زانستەکان).
دوای ئەوەی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٥ داوای بەشداریکردنی لەم ھەڵسەنگاندنە جیھانییەدا کرد، بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانیی ھەمووان بوو، ئەنجامەکەی حکومەتی ھەرێم زۆر خراپ بوو، کە بۆ دڵسۆزان و خەمخۆران مایەی تاسان و شۆک بوو.
لە ھەڵسەنگاندنەکەدا پلەی ھەرێم لە ڕیزبەندی ھەرە وڵاتە دواکەوتووەکانی جیھاندایە.
بۆ ئەوەی خوێنەرانی کورد شارەزای بوارەکانی ھەڵسەنگاندنی ڕێکخراوی PISA ببن، ھەندێک لەو گرنگییانە دەخەمە ڕوو:
بوارەکانی ھەڵسەنگاندن: تاقیکردنەوەکە سەرنج دەخاتە سەر سێ بواری سەرەکی (خوێندنەوە، بیرکاری، زانستەکان).
ئامانجی سەرەکی: ئامانجەکەی تەنھا تاقیکردنەوەی لەبەرکردنی پرۆگرامەکان نییە، بەڵکو پێوانەکردنی توانای خوێندکارانە لە بەکارھێنانی زانیارییەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژیانی ڕاستەقینە لە کۆمەڵگادا.
ماوەی ئەنجامدان: تاقیکردنەوەکە سێ ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێت و یارمەتیی وڵاتان دەدات کوالێتیی سیستمی پەروەردەی خۆیان بەراورد بکەن لەگەڵ وڵاتانی تردا بۆ چاکسازیی پەروەردەیی.
ڕەچاوکردنی تەمەن: بۆ ئەوەی بزانرێت خوێندکارانی تەمەن ١٥ ساڵ تا چەند دەتوانن ئەو زانیاری و توانایانەی لە خوێندنگە فێری بوون، لەگەڵ گرفت و بارودۆخی ڕاستەقینەی ژینگەی خۆیاندا بەکاری بێنن.
شێوازی وەرگرتنی نموونە: لە PISAـدا ھەڵسەنگاندنی وڵات بە تاقیکردنەوەی ھەموو قوتابییەکانی ئەو وڵاتە دیاری ناکرێت؛ بەڵکو نموونەیەکی زانستی و نوێنەرایەتی لە قوتابییانی تەمەنی نزیکەی ١٥ ساڵ ھەڵدەبژێردرێت، پاشان ئەنجامەکانیان بۆ کۆی ئەو کۆمەڵەیە ھەژمار دەکرێت.
PISA لە کۆتایی ساڵانی ١٩٩٠ەکاندا لەلایەن OECDـەوە دامەزرا و یەکەم ھەڵسەنگاندنی لە ساڵی ٢٠٠٠ ئەنجام داوە. مەبەستی سەرەکی ئەوە بوو تەنھا نەزانرێت خوێندکار چی لەبەرکردووە، بەڵکو بزانرێت دەتوانێت زانیارییەکانی بە شێوەی کارامەیی لە ژیاندا بەکاربھێنێت یان نا.
مەبەستێکی تر ئەوەیە کە بزانرێت خوێندکارەکانمان ئاستی تێگەیشتن و فێربوونیان گەیشتووە بە کوێ و کام بەشی سیستمی پەروەردە پێویستی بە چاکسازی ھەیە؟
بۆ نموونە، ئەگەر خوێندکارێک لە بیرکاریدا نمرەی باشی ھەبێت، بەڵام لە بەکارھێنانی بیرکاری بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ڕۆژانە لاواز بێت، PISA جیاوازییەکە دەخاتە ڕوو.
ھۆکارەکانی شکستی پەروەردە لە ھەرێمی کوردستان
چەندین ھۆکار و فاکتەر ھەن کە بوونەتە ھۆی شکستی پەروەردە و دابەزاندنی کوالێتیی ئاستی فێربوون و خوێندن لە ھەرێمی کوردستاندا، کە خۆیان لە فاکتەری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیدا دەبیننەوە. لێرەدا کورتیان دەکەینەوە بەم شێوەیەی خوارەوە:
یەکەم : قەیرانی ئابووری و دارایی (دواکەوتن و نەدانی مووچەی مامۆستایان): ناڕێکیی خەرجکردن و ڕاگرتنی مووچەی مامۆستایان و لێبڕین و نەدانی مووچە بۆ چەند ساڵێک بووە ھۆی مانگرتنی بەردەوامی پرۆسەی خوێندن و ئیفلیجکردنی. کەمیی بودجەی حکومەت لە کەرتی پەروەردەدا و تەرخاننەکردنی داھات لە بودجەی گشتیدا، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر دروستکردن و نۆژەنکردنەوە و پاراستنی قوتابخانە و خوێندنگەکان ھەبووە.
دووەم: ژێرخانی ڕووخاو:
کەمیی بینای قوتابخانە: ھەرێم ڕووبەڕووی کەمییەکی بەرچاوی قوتابخانە و خوێندنگە بۆتەوە، کە زۆربەی فێرگەکان ناچار دەکات بە دوو دەوام یان سێ دەوام کار بکەن، بەمەش کاتی وانەکان کەمدەبێتەوە.
سێیەم:نەبوونی ئامێر و کەلوپەلی سەردەمیانە: زۆرێک لە قوتابخانە حکومییەکان تاقیگەی زانست، کتێبخانە، کۆمپیوتەر، داتاشۆ و سیستەمی گەرمکردنەوە و ساردکردنەوەی گونجاویان نییە.
چوارەم:مەنھەجی کۆن و نەریتی و شێوازەکانی وانەوتنەوە:
گرنگیدان بە فێربوونی زارەکی: پڕۆگرام و شێوازەکانی وانەوتنەوە ھێشتا زۆر پشت بە لەبەرکردن و فێربوونی زارەکی دەبەستن، نەک پەرەپێدانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، داھێنان، و توانا و کارامەیییەکان.
پێنجەم:نەبوونی پەیوەندی بە بازاڕی کارەوە: پڕۆگرامە پەروەردەیییەکان لەگەڵ گەشەسەندنی خێرای تەکنەلۆژیادا ھاوسەنگ نین و پێداویستییە ڕاستەقینەکانی بازاڕی کار دابین ناکەن.
شەشەم: پشکی سیاسی و دەستێوەردان:
دامەزراندنی کارگێڕی: ھەڵبژاردنی بەڕێوەبەر و بەرپرسانی پەروەردەیی زۆرجار پەیوەستە بە ڕەچاوکردنی حزبی و پشکی سیاسی، نەک لێھاتوویی و پیشەیی. ئەمەش پێچەوانەی بڕیارەکانی کۆنفرانسە پەروەردەیییەکانی وەزارەتی پەروەردەیە کە بڕیار بوو دوای چوار ساڵ لە کاری بەڕێوەبەریی فێرگە، بگوێزرێتەوە یان بگۆڕدرێت. مانەوەی بەڕێوەبەر زیاتر لەو ماوە دیاریکراوە ناسەقامگیریی کارگێڕی لێ دەکەوێتەوە.
ھەروەھا ململانێ و گۆڕانکارییە سیاسییە بەردەوامەکانی حزب و زۆنەکان دەبێتە ھۆی ناسەقامگیری لە پلان و ستراتیژییەکانی پەروەردەدا.
لاوازی و سستی لە ئامادەکاری و ڕاھێنانی سەرچاوە مرۆییەکان:
نەبوونی ڕاھێنانی بەردەوام: ستافی مامۆستایان کەمیی بڕوانامە و خولی ڕاھێنانی بەردەوامیان ھەیە کە ئاگاداریان بکاتەوە لە نوێترین ستراتیژییەکانی وانەوتنەوە و ڕێبازە دەروونی و پەروەردەیییەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ خوێندکاران.
دابەزینی ئاستی مامۆستایان: سەختیی بارودۆخی ژیان بووەتە ھۆی دابەزینی پێگەی کۆمەڵایەتیی پیشەکەیان، ئەمەش پاڵی بە ھەندێک لە مامۆستایانەوە ناوە بۆ ئەوەی بەدوای کارێکی تردا بگەڕێن تا بژێویی ژیانی ڕۆژانەیان دەستەبەر بکەن.
گرفت و کەلێنی نێوان پەروەردەی حکومی و ئەھلی (دروستبوونی چینایەتیی فراوانتر): زۆربوونی قوتابخانە ئەھلییە گرانبەھاکان بۆشایییەکی بەرچاوی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیی دروستکردووە؛ دەوڵەمەندەکان خوێندنی نایاب وەردەگرن، لە کاتێکدا ئەوانەی داھاتیان سنووردارە، ناچارن لە قوتابخانە حکومییە فەرامۆشکراوەکاندا بمێننەوە.
ھەموو ئەم گرفتانەی باسمان کردن، لەمپەری پێشخستن و سەرخستن و چاککردن و ئاراستەکردنی پەروەردەی ھەرێمی کوردستانن.
بەڵام ئەگەر بیرکردنەوە لە چاککردن و باشکردن نەکەینەوە، ناتوانین ھیچ ھەنگاوێک بنێین. ئەوەتا ویلیام جەیمس دەڵێت: «مرۆڤ دەتوانێت ژیانی خۆی بگۆڕێت ئەگەر بتوانێت بیرکردنەوەی خۆی بگۆڕێت».
بەداخەوە، سەرنج و بۆچوون و ڕەخنە و دیاریکردنی ھەڵەکان و خستنەڕووی خاڵە لاوازەکان تا نووسینی ئەم وتارە نەبوونەتە جێی ھەڵوێستەکردن و ئاوڕدانەوە، تا بە پلان و بەرنامە، شکستەکانی کەرتی پەروەردە بکرێنە ھەنگاوێک بۆ ئاوڕدانەوەیەکی خێرا و دۆزینەوەی ڕاستەڕێیەکی سەردەمیانە بۆ سیستمی پەروەردەی ھەرێمی کوردستان. ھەروەھا دەستبەرداربوونی حیزبەکان و ئایدۆلۆژیا تەسکە بێفەڕەکان لە پەروەردە، کە دەبێتە ھۆی دامەزراندن و دیاریکردنی فەلسەفەیەکی پەروەردەییی گونجاوی کوردەواری بۆ نیشتمانەکەمان.
سەرچاوەکان:
١. جيمس جويس: سيرة ذاتية، كتب، يوليسيس، أعمال شهيرة.
٢. ڕاپۆرتی PISA، ئەیلولی ٢٠٢٦: برنامج التقييم الدولي للطلاب.
٣. مفهوم التربية لغة واصطلاحاً (كيندة حامد التركاوي).
٤. دور الدولة والأحزاب في التنشئة والثقافة السياسية (مجلة البحوث الفقهية والقانونية).