ڕۆژی جیھانی کرێکاران تەنھا یادکردنەوەیەکی ساڵانە نییە، بەڵکو وەستانێکی ویژدانییە بۆ ڕێزگرتن لەو چینەی کە کۆڵەکەی سەرەکی ھەر وڵات و ئابوورییەکن. لەم ڕۆژەدا، پێویستە بە وردی سەیری ڕەوشی کرێکارانی کوردستان بکەین و ئەو ئاستەنگە گەورانە بخەینە ڕوو کە ڕووبەڕووی ژیان و کەرامەتیان دەبێتەوە.
تەحەددیاتی کرێکاری ناوخۆ و کێشەی بێکاری
لە ئێستادا، کرێکاری کورد لە بارودۆخێکی ئابووری ئاڵۆزدا دەژی. یەکێک لە کێشە ھەرە بەرچاوەکان، زیادبوونی بێسەروبەری کرێکاری بیانییە. زۆرێک لە خاوەنکارەکان بەھۆی کەمیی تێچووی کرێکاری بیانی و نەبوونی بیمە و پابەندییە یاساییەکان، پەنا بۆ ھێزی کاری دەرەکی دەبەن. ئەمەش وایکردووە کە گەنجانی نیشتمان لەناو خاکی خۆیاندا بێکار بمێننەوە و نەتوانن بژێوی خێزانەکانیان دابین بکەن. پێویستە یاسای کار بەجۆرێک ڕێکبخرێتەوە کە پارێزگاری لە ھەلی کاری ناوخۆیی بکات و شکۆ بۆ کرێکاری نیشتمانی بگەڕێنێتەوە.
کەرتی بیناسازی: قوربانیانی پشتگوێخستنی سەلامەتی
خاڵێکی تری خەمناک کە ساڵانە دەبێتە ھۆی لەدەستدانی دەیان گەنج، نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی و پاراستنەلە شوێنی کاردا. زۆریەک لە خاوەن پڕۆژەکان بۆ کەمکردنەوەی تێچووی کارەکانیان، ئامادە نین سەرەتاییترین پێداویستییەکانی وەک: (پشتێنی سەلامەتی، کڵاوی پارێزەر، و ئەسکەلەی ستاندارد) دابین بکەن.
ساڵانە چەندان کرێکار دەبنە قوربانی کەوتنەخوارەوە لەسەر ئەسکەلەکان. ئەمە تەنھا قەزا و قەدەر نییە، بەڵکو کەمتەرخەمییەکی گەورەی خاوەنکارەکانە. قازانجی ماددی ھەرگیز شایەنی ئەوە نییە منداڵێکی کرێکارێک بەھۆی نەبوونی پشتێنێکی سەلامەتییەوە ھەتیو بکەوێت.
ڕێزگرتن لە کرێکار لە ڕوانگەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە
ئایینی ئیسلام پێش ھەموو سیستمە جیھانییەکان، بەھایەکی باڵای داوە بە کار و کرێکار. مرۆڤ لای خودای گەورە ڕێزلێگیراوە و پاراستنی گیانی لە پێش ھەموو شتێکەوەیە.
پێغەمبەری خودا (درودی خوای لەسەر بێت) دەفەرموێت: ڕَعْگُوا الڕَجِیرَ ڕَجْرَەُ قَبْڵ ڕَنْ ێجِفَّ عَرَقُەُ (واتە: حەق و کرێی کرێکار بدەن پێش ئەوەی ئارەقەی نێوچەوانی وشک بێتەوە). ئەمە نەک ھەر بۆ لایەنی ماددی، بەڵکو بۆ پاراستنی کەرامەت و مافی مرۆڤیشە. لە ئیسلامدا، ھەر کەمتەرخەمییەک لە ژیانی کرێکار کە ببێتە ھۆی زیان پێگەیاندنی، خاوەنکارەکەی لەبەردەم خودا و یاسادا بەرپرسیار دەکات.
مافی مرۆڤ و بەرپرسیارێتی دەسەڵات
پاراستنی مافی کرێکار بەشێکی دانەبڕاوە لە مافەکانی مرۆڤ. ئەرکی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانە کە:
- چاودێرییەکی ورد و توند بخەنە سەر پڕۆژەکان بۆ دابینکردنی مەرجەکانی سەلامەتی.
- ڕێژەی کرێکاری بیانی سنووردار بکەن و پێشینە بدەن بە گەنجانی ناوخۆ.
- یاسایەک دابڕێژن کە قەرەبووی شایستەی ئەو خێزانانە بکاتەوە کە سەرپەرشتیارەکەیان لە کاتی کاردا دەبێتە قوربانی.
لەکۆتاییدا
سەری ڕێز بۆ ھەموو ئەو دەستە ماندووانە دادەنەوێنین کە بە ئارەقەی نێوچەوانیان نانی حەڵاڵ بۆ ماڵەکانیان دەبەنەوە. ھیوادارین ئەم یادە ببێتە ھەوێنێک بۆ گۆڕینی ڕەوشی کرێکاران لە تەنھا قسە وە بۆ کردار و دابینکردنی ژیانێکی شایستە و سەلامەت.