ئاسایشی خۆراک؛پایەی سەرەکیی سەقامگیری لە ھەرێمی کوردستاندا، مێژووی دێرین و ھاوچەرخی گەلان پێمان دەڵێت: ئەو نەتەوەیەی بڕیاری نانی لەدەستی خۆیدا نەبێت، ناتوانێت خاوەنی بڕیارێکی سیاسیی سەربەخۆ و سەرفراز بێت. بۆ زیاتر لە دوو دەیە، ئابووریی ھەرێمی کوردستان لەسەر پێیەک وەستابوو کە بناغەکەی لەسەر وشکەکەڵەک بونیاد نرابوو، ئەویش پشتبەستنی سەرلەبەری بوو بە داھاتی نەوت و لێشاوی بودجەیەک کە ھەمیشە وەک کارتێکی گوشار لە دژی قەوارەکەمان بەکارھێنراوە. ململانێ سیاسییەکان و داخرانی دەروازەکانی ھەناردەکردنی نەوت لەم دواییانەدا، زەنگێکی بەئاگاھێنانەوەی توند بوون بۆ ھەموومان، کە ئیتر کاتی ئەوە ھاتووە لەم خەوە غەفڵەتە ئابوورییە ڕابپەڕین.
لەم ڕۆژگارەی ئێستاماندا، کە گڕی جەنگ و ململانێ چەکدارییەکان ناوچەکەمانی تەنیوە و ھاوکێشە سیاسییەکان چرکە بە چرکە دەگۆڕێن، پرسی ئاسایشی خۆراک لە بابەتێکی لاوەکییەوە بووە بە چەقی پاراستنی نیشتمان. جەنگەکان تەنیا لە بەرەکانی جەنگدا قەتیس نابن، بەڵکو یەکەم پشکۆیان بەر خوانی ھاووڵاتیان و بازاڕەکان دەکەوێت. کاتێک وڵاتانی بەرھەمھێنەر خۆیان دەگلێن لە جەنگەوە، یان ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکانی بازرگانی مەترسییان لەسەر دروست دەبێت، یەکەم لێکەوتەی ڕاستەوخۆ بریتی دەبێت لە گرانبوونی بێوێنەی کاڵاکان و کەمبوونی خۆراک. بۆ ھەرێمێکی وەک ئێمە کە زۆرینەی پێداویستییەکانی لە دەرەوە دەھێنێت، ئەمە ھێڵی سوورە و ناکرێت چاوەڕێی کارەساتەکە بین تا ڕوو دەدات.
لە لایەکی ترەوە، سەیرکردنێکی خێرای دۆخی مەرزەکان و دەروازە سنوورییەکانمان، ڕاستییەکی تاڵمان پێدەڵێت. مەرزەکان لە جیاتی ئەوەی ببنە پردی پەڕینەوەی بەرھەمی نیشتمانی بۆ دەرەوە، بوونەتە دەرچەیەک بۆ ڕژاندنی لێشاوی ئەو کاڵا و بەرھەمانەی کە لە ناوخۆدا ھاوشێوەیان ھەیە. ئەم ھاوردەکردنە بێسەروبەرە، وەک دێوەزمەیەک لە پشتی دەروازەکانەوە وەستاوە و بەرھەمی ڕەنجی جوتیارانی خۆمان دەھاڕێت. سەرەڕای ئەمەش، ھەر گرژییەکی سیاسی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا، یەکەم کارتی گوشار کە بەکاربھێنرێت، داخستنی ئەم دەروازە سنوورییانەیە. کاتێک مەرزێک دادەخرێت و شادەماری ھاوردەکردنی خۆراک دەگیرێت، کۆمەڵگەکەت ڕووبەڕووی شڵەژان دەبێتەوە، ئەمەش ئەو کاتەیە کە تێدەگەین چەندە مەترسیدارە قوت و بژێوی خەڵکت لە پشت سنوورەکانەوە بێت.
ئێمە لە ھەرێمێکدا دەژین کە خودا بەخشندە بووە لەگەڵیدا، خاکی بەپیت، دەشتی بەرینی وەک شارەزوور و بتوێن، سەرچاوەی ئاوی زوڵاڵ و ئاووھەوایەکی لەبار بۆ کشتوکاڵ. ئاسایشی خۆراک تەنیا چەمکێکی ئابووریی وشک نییە، بەڵکو قەڵغانی پاراستنی شکۆی مرۆڤی کوردە. کاتێک جوتیاری ئێمە پشتگوێ دەخرێت و بەرھەمەکەی لە سەر شەقامەکاندا بە فیڕۆ دەچێت، یان کاتێک گەنجەکانمان زەوی و زاری باوباپیرانیان جێدەھێڵن و ڕوو لە شارەکان دەکەن بۆ کارێکی کاتی، ئەمە سەرەتای داڕمانی ژێرخانی وڵاتە.
ھەنگاوەکانی ئەم دواییانە بۆ ھەناردەکردنی ھەندێک لە بەرھەمە ناوخۆییەکان وەک ھەنار و سێو بۆ بازاڕەکانی دەرەوە، تیشکێکی ھیوای بەخشیوە و دەیسەلمێنێت کە ئەگەر ئیرادە و پلان ھەبێت، بەرھەمی ئێمە دەتوانێت کێبڕکێی جیھانی بکات. بەڵام ئەمە تەنیا سەرەتایە و بەس نییە. پێویستمان بە ستراتیژێکی نیشتمانیی گشتگیر ھەیە، حکومەت پێویستە لە دەروازەسنوورییەکانەوە کۆنترۆڵی جۆری و چەندایەتی کاڵا ھاوردەکراوەکان بکات، باجی قورس بخاتە سەر ئەو بەرھەمانەی کە لە ناوخۆدا وەک خۆیان بەرھەم دەھێنرێن، و کارگەی پیشەسازیی خۆراک دابمەزرێنێت بۆ ئەوەی ھیچ ماندووبوونێکی جوتیار بەھەدەر نەچێت.
لەکۆتاییدا، گەمارۆ و جەنگەکان و کێشەی مەرزەکان پێمان دەڵێن کە بوژاندنەوەی خاک، کەرامەتی میللەتەکەمانی تێدایە. کاتی ئەوە ھاتووە وەبەرھێنان لە بەرد و کۆنکریتەوە بگوازینەوە بۆ ناو کێڵگە و باخەکانمان. گەڕانەوە بۆ باوەشی خاک و دابینکردنی قوت و بژێوی خەڵک لە ناوخۆدا، تاکە دەرمانی ڕاستەقینەیە بۆ چەسپاندنی پایەکانی قەوارەی ھەرێمی کوردستان و ڕوو بەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییە سەختەکانی داھاتوو.