تکایە حکومەت و حوکمڕانمان ھەیە، بەرامبەر ئەوە کیان و عێراقمان ھەیە. خەڵکی کوردستان و مامۆستاو فەرمانبەرو موچەخۆر لە حکومەتی ھەرێم توڕە نین، لە حوکمڕان توڕەن. حکومەت بەرھەمی فرمێسک و خوێنە. موڵکی نەتەوەیە. حکومەت دەستکەوتی گەلی کوردە، مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵک خاوەنیەتی. بۆیە کاتێک باسی کێشەی موچە دەکەین مەبەستمان حکومەت نیە، بەڵکو مەبەستمان حوکمڕانی ناو ئەم حکومەتەیە. لە کۆمەڵگای نادیموکراسی وەکو نمونەی ئێمە، ھەمیشە حیزب و حکومەت، حوکمڕان و حکومەت، دەسەڵاتدارو حکومەت بەجۆرێک تێکەڵاوو بەیەکداچوون کە ھاوڵاتی ناتوانێت ئەم دوو چەمکە لەیەکتر جیابکاتەوە. کاتێک ھاوڵاتی لە حوکمڕان ناڕازی دەبێت جنێو بە حکومەت دەدات، لەکاتێکدا حکومەت دامەزراوەکان و خزمەتگوزاریەکانی ژیانی رۆژانەی خەڵکە. ئەوەی خراپە حکومەت نیە بەڵکو حوکمڕانە. حیزبە خۆسەپێن و نادیموکراسەکان ھەمیشە حکومەت قۆرغ دەکەن و داگیری دەکەن و ھەزار فرت وفێڵ دەکەن بۆ ئەوەی لە حوکمڕانی بمێننەوە، بەڵام لە سیستەمی دیموکراسی حکومەت ھەمیشەییەو ئەوەی دەگۆڕێت تەنھا حوکمڕانە، بۆ نمونە لە وڵاتی ھۆڵەندا حکومەت لەشوێن و جێگای خۆیەتی، ئەوەی دەگۆڕێت حوکمڕانە. بەڵام لە نمونەی وەک ئێمە ھەمیشە دەموچاوی حوکمڕان بەشێکە لە دەموچاوی حکومەت. بۆیە کاتێک خەڵک رادەپەڕێت پەلاماری حکومەت و حوکمڕان دەدات و دار لەسەر بەرد ناھێڵێت، کەچی دواتر ھەر خۆی ھەمان کیان و ھەمان حکومەت دەبێت بونیاد بنێتەوە.
لەئێستادا عێراق و دەسەڵاتدارانی بەغدا لەم ھاوکێشەیە تێناگەن، قەیرانی موچەو دارایی بە دەرفەتی سیاسی دەزانن بۆ ئەوەی کیانی ھەرێم و حکومەتی ھەرێم بخەنەوە سەر نەخشەی مەرکەزی عێراق، بەڵام راستیەک ھەیە کە نایزانن، ئەویش ئەوەیە خەڵکی کوردستان تا سەر ئێسقان لە حوکمڕانی حیزبە دەسەڵاتدارەکان ناڕازییە، ئەگەر پەلاماریان بدات و دەسەڵاتیش بگۆڕێت، مانای وانیە رێگا بدات بەغدا بێتەوە ھەولێرو جارێکی تر عەرەب ببێتەوە حوکمڕان. بۆ بەڵگەش کەرکوکە، دوای روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر زۆرینەی کوردی کەرکوک خۆشحاڵ بون بە نەمانی حوکمڕانی کوردی؟ بەڵام دوو ئەوەندەش لەروی نەتەوەییەوە پەیوەست بوون بە کوردستانی بوونی کەرکوک، باشترین راستی ئەم بەڵگەیەش دەرەنجامەکانی ھەڵبژاردنە لە کەرکوک کە دەنگیان داوەتەوە لیستی کوردی. بۆیە دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق ئەگەر دەیانەوێت گرەو لەسەر ئەوە بکەن کە قەیرانی موچەو دارایی سودی ئەوەی ھەبێت خەڵکی کوردستان راپەڕن و دەسەڵاتداران لە کورسی بێننە خوارەوەو ئیدی کورد بچێتەوە باوەشی عروبەو عێراق، ئەوا بە دڵنیاییەوە بەھەڵەدا چوون. کورد دژی حوکمڕانی خۆیەتی و زوڵمی کوردی گەیشتۆتە ئێسقان، بەڵام ئەمە دیوی ناوەوەی کورد خۆیەتی و دەسەڵاتدارانی بەغدا ناتوانن گرەو لەسەر ئەمە بکەن. دەمەوێت بڵێم لە زوڵمی ناوخۆی حوکمڕانی کوردی و گرەوی دەسەڵاتدارانی بەغدا، موچەخۆرو مامۆستایان و فەرمانبەران بوونەتە تۆپی ناو یاریگاکەو شەق لە بژێوو کەرامەت و ژیانی ئەوان دەدرێت، بەڵام لە کۆتایدا راستیەک ھەیە کە ھیچ یەک لە حوکمڕانی ناوخۆو دەسەڵاتدارانی بەغدا براوەی ئەم یارییە قێزەونە نابن و ئەوەی دەمێنێتەوە خەڵکی کوردستان و حکومەتی ھەرێمی کوردستانە. ئێمە خاوەنداریەتی لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین و بەرھەمی فرمێسک و خوێنی خەڵکە، بەڵام خاوەنداریەتی لە حوکمرٍانانی ناکەین ئەمە کرۆکی راستیەکەیە. ئەوەی کە چارەسەری ئەم دۆخە دەکات ئەوەیە دەنگدان بکەینە پێوەرێک بۆ ئەوەی حوکمڕانی خراپ لە ناو حکومەت کۆتایی پێ بھێنین و نەترسین لە گۆڕانکاری، ئیسرائیل ھەر چوار دەوری دوژمنی سەختگیرن، بەڵام لە مانگێکدا سێ چوار جار ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجام دا، لە ساڵێکدا سێ بۆ چوار جار حکومەت ھەڵوەشاوەو دروست کرایەوە، نەک نەڕوخا، بەڵکو بەھێزتر بوو. ئێمە دەبێت خاوەنداریەتی لە خۆمان بکەین و بەرامبەر زوڵمی ناوخۆ یەکگرتووبین، بەرامبەر سیاسەتی شۆڤێنی داگیرکەرانیش وردو وشیارو چاو کراوەبین.
کاتی خۆی سیاسەتی دەسەڵاتدارانی سونە سەربڕین بوو، بەڵام سیاسەتی دەسەڵاتدارانی شیعە نان بڕینە. کە بۆچونم وایە ئێمە نانی خۆمان ھەیە ئەگەر گەندەڵی و قۆرغکردنی دەسەڵات و داھات و سامانی ناوخۆی ھەرێم نەمێنێت، واتە دەمەوێت بڵێم سیاسەتی نان بڕین بەرامبەر کورد سەرکەوتوو نابێت، چونکە کورد خاوەنی نیشتمانێکی دەوڵەمەندە، ئەگەر سیستەمی حوکمڕانی دوور بێت لە خۆسەپێن و دەسەڵات پەرست و دۆلاردز، ئەگەر ھەموو داھاتەکان و سامانەکان بچنەوە دەخیلەی وەزارەتی دارایی و لەوێ بە شەفافیەت و راست ودروست کاری لەسەر بکرێت، ئەوا ئێمە خاوەنی نانی خۆمانین. بەبێ رەچاوکردنی بڕی کەم و زۆری ئەم نانە ئەمەیان بابەتێکی دیکەیە.