دەوڵەتی چین ئێستا یەکێک لە شارستانییە گەورەکانی مێژووە، خەریکە دەبێتە ھێزی یەکەمی نێودەوڵەتی، لەسنوری دەوڵەت دەرچووەو بۆتە شارستانیەت, ئینجا بەم ھەموو ھێزەیەوە ھەمیشە وشەیەک دەڵێنەوە: کە سەرۆکە بەھێزەکەیان لە ئەشکەوت ژیاوەو لەوێ ھاتۆتە دەرەوەو گەیشتۆتە لوتکەی دەسەڵات. قوڵایی ئەم قسەیەی چینیەکان زۆرە دەگونجێ لە دەرفەتێکی تر قسەی لێوەبکەین، لانی کەم سەیری تەمەنی پەنجا ساڵی رابردووی دەوڵەتەکەیان بکەن ئینجا دەزانن چۆن لە ئەشکەوتەکە ھاتنە دەر؟؟.
بۆ کوردیش ئێستا دۆخەکە وایە، داگیرکەران و نەیارانی کورد بەردەوام کاریان لەسەر تێکوپێکدانی کەسێتی کورد کردووە، شەڕی تایبەتیان لەگەڵ کردووین، کە گوایە ئێمە نەتەوە نین و چەند خێڵ و بەرەباب وناوچەیەکی داخراوی دواکەوتووی کێوی و شاخاوین، لەدەرەوەی مێژووین، لەدەرەوەی شارستانیەتین، لەدەرەوەی دامودەزگاین و ناتوانین بە دامودەزگا بین و ھەمیشە سەرشێت و یاخین، ئامادەین لەسەر جۆگە ئاوێک سێ برا و ریزێک ئامۆزا بکوژین، بۆیە ئەم کوردە خێڵەکییە ھەمیشە خەریکی رق و کینەو تۆڵەی بەرەباب و خێڵەکین، ناتوانن بێنە دەرەوەی ئەشکەوتەکە، وەک ئەفلاتون لەکتێبی( کۆمار )بەجوانی باسی دەرەوەی ئەشکەوتەکەمان بۆ دەکات!. لەشەڕی تایبەتی داگیرکەران ئێمەیان وا شوبھاندووە کە دەتوانین کوێخایەتی و ئیدارەی محەلی چەند ناوچەیەکی داخراوی بچوک بکەین بەھاوکاری دەزگای دەوڵەتی ئەوان.!!
لێرەوە با زیاتر رۆنەچم بەم زەمەنە مێژوییەو بێمە سەر کرۆکی نیەتم لەم وتارە، ئەویش : (دکتۆر بەرھەم ێاڵح و یانەی زاخۆ)ن. لەم یەک دوو مانگەدا دوو روداوی گرنگ روویاندا، یەکێکیان لەسەر ئاستی جیھان ھاندەرانی یانەی زاخۆ بوونە براوەی خەڵاتی باشترین ھاندەر، ئەمە قوڵایی زۆری ھەیەو تێکشکاندنی وێنە ناشیرین و پیسەکەیە لەسەر کورد. ئەمە مانای ئەوەیە پێمان خستۆتە سەر نەخشەی ئەم جیھانەو ئیدی ئێمە لە ئەشکەوتەکە نین!.
بەھەمان شێوە بوونی دکتۆر بەرھەمە بە کەسی دووەمی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان، ئەمەش بە جیھانی بوونی کەسێتی کوردە، تێگەیشتنە لەوەی ئیدی ئێمە یاخی و سەرشێتەکەی ناو ئەشکەوتەکە نین، ئەم پۆستەی دکتۆر بەرھەم شانازیەکی ناسیۆنالیستی و مێژوویی گرنگە، سەرکەوتنی ئیرادەیە، گەشەکردنە، مانای ئەوەیە دەتوانین رابەرایەتی نەک خۆمان بەڵکو ئەوانی دیکەو شارستانیەت بکەین؟. بەرھەم ێاڵح سەلماندی بەتەنیاش بیت و بێ بنەماڵەو حزب و چەک و پارەش بیت بەڵام دەتوانیت جێگای خۆت بکەیتەوەو ببیتە مۆدێلێکی جیاواز. بەرھەم ێاڵح لەناوخۆش بێ توانا نەبووە، بەڵکو قوربانی بووە. ئەم کەسایەتیە قوربانی رق و حەسودی و بێ توانایی ناوخۆییە، پیاوی دەوڵەت بوو، لێیان دا، توشیان کرد بە تەکەتول و حزب و گروپبەندی، بەڵام دواجار ھاتەوە سەر بنەڕەتی خۆی. سەردەمی ئەو ئاڵتونی بوو بۆ بژێوی خەڵک، ھەمو جۆرە پێشینیەک ھەبوو(ھاوسەرگیری، عەقارات، تواناسازی، تەعینات، قەرزی بچوک و کشتوکاڵی و پیشەسازی و موچەش لە کاتی خۆی)، کە ئەو نەما پارەو بژێویش نەما. پێش ئەوو دوای ئەو پڕۆژەیەکی ئابوری و داراییمان نەدیوە لەو پیاوە زیاتری کردبێت، بەڵام بەرھەممان بە پێوەری حیزبی و وەلائی شەخسی و تەکەتول و گروپبەندی پێوا، لەسەر بنەمای بیرکردنەوەیەکی محەلی سەیرمان کرد، تەنانەت کە بووە سەرۆک کۆماریش دەستیان نەکردەوە، چونکە دڵنیام لە کوردستان کۆمەکیان کردبوایە دەیتوانی قەیرانی موچە بە لایەکدا بخات، نەیکرد، چونکە نەیانویست بیکات!. بەرھەم کوردەو دووەم کەسی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانە، کورسیەکەی بۆ ئەوە نیە کوردایەتی بکات، بۆ ئەوەیە خزمەتی مرۆڤایەتی بکات، بۆیە نابێت وەک کوردێک ئەوەندە فشاری نەتەوەیی لێ بکرێت، ئەم پۆستە پڕۆڤیشناڵەو سەختەو جیھانیەو فرە نەتەوەو فرە کولتورە، بۆیە ناشێت بە پێوەری ئینتمای شارێک و حیزبێک و خێڵ و بەرەبابێک بیپێوین. دەبێت لەو شوێنەی دەتوانێت خزمەتێک بە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جوگرافیای بەش مەینەتی کورد بکات کۆمەکی بکەین، ھاوکاری بکەین. بەرھەم ێاڵح کەسێک نیە بێ رەخنە بێت، مرۆڤەو پیرۆز نیەو لەسەروی رەخنەش نیە، بەڵام دەشێ وەک کوردێک لە پۆستێکی جیھانیدا بیکەینە سومبولێک بە جیھان بڵێین دەتوانین لە ئەشکەوتەکە بێینە دەرەوەو نەک ھەر ئەوە دەشتوانین خاوەنی دەوڵەت بین!...
تکایەک لە دکتۆر بەرھەم دەکەم چەندە دەتوانیت لە پاڵ ئەم پۆستە جیھانییە کە دەرگای جیھانت بۆ کراوەتەوە، چەندە دەتوانیت کار بکە بۆ دیموکراسی و ئازادی لە ھەرێمی کوردستان، کار بکە بۆ گەشەکردنی ئازادی رادەربڕین و رای جیاواز، کاربکە بۆ پرسی ئاشتی کورد لەتورکیا، کار بکە بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان و، کار بکە بۆ ئاوارەکانی عەفرین و سەری کانێی و رۆژئاوای کوردستان، کار بکە بۆ ئەوەی بە ھێمنی کورد لە دەرگاش نەبێت، لە پەنجەرەوە بێتە ناو نەخشەی دبلۆماسی جیھانی. لە پەنا پۆستەکەت ئەوەندەی دەتوانیت کار بکە دیموکراسی و دامەزراوەیی و جیھانی بوونی کوردی گەشە بکات ئەگەر لە گۆشەیەکی بچوکیش بێت!.