داواکاریم ئەوەیە ئەم وتارەم بۆ زمانی تورکی وەربگێڕدرێت...
شەڕی ھەشت ساڵەی عێراق و ئێران(١٩٨٠-١٩٨٨) درێژترین شەڕی خوێناوی دەوڵەتی عێراقە، عێراق لە سەرزەوی دوو روبار دروست بووە، ئەگەر روباری دیجلەو فورات نەبوایە ئەم دەوڵەتە کەلاوەیەکە بۆخۆی و بنەمای نیە. لە ئێستادا شەڕێکی خوێناوی تر لە شەڕی ھەشت ساڵەی عێراق و ئێران چاوەڕێی عێراق دەکات، لە داھاتوو شەڕێکی خەستی خوێناوی لەنێوان عێراق و تورکیا دێتە ئاراوە. بەھۆی ئەوەی تورکیا ھەر دوو روباری دیجلەو فوراتی بەھۆی پڕۆژەی گاپەوە گرتۆتەوەو ئیدی عێراق لە بێ ئاوی دەخنکێت، لەبەرئەوەی عێراق توانای سەربازی و ناوخۆیی نیە شەڕەکە دواخراوە بۆ کاتی گونجاو، کە بوونی ھەرێمی کوردستان لە باکوری عێراق ھۆکارێکی سەرەکی ئەم دۆخەیەو تورکیا ھاوپەیمانیەتی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان وەک چەکێکی بەھێز دژی عێراق بەکاردێنێت، جوگرافیاکەی ھاوکاری تورکیا دەکات لەکاتی ھەر بەیەکدادانێک لەگەڵ عێراق. ھەرێمی کوردستان ساڵانە ملیارەھا دۆلار دەخاتە گیرفانی تورکیاوە، پشتێنەیەکی گەورەی ئەمنی و بازرگانی و کولتوری و گەشتیاری و جیۆسیاسی دەوڵەتی تورکیایە، بەکورتی ھەرێمی کوردستان ھێزی بەخشیوەتە تورکیا.
ئینجا ھەر ئەم تورکیایە لە ئێستادا لەناو سوریا بە ڕاست و چەپ خەریکی پەلاماردانی کوردی سوریایە، نایەوێت ھەرێمێکی تری کوردی لەناو سوریا دروست بێت!، ئەم سەرکردەو سیاسیانەی تورکیا ھێشتا سەدساڵ لەدواوەی روداوەکان و مێژون و لەگرنگی پێگەی کورد تێناگەن بۆ تورکیا. بە دڵنیایەوە ئەگەر کورد لەسوریا ھەرێمێکی بەھێزی ھەبێت سودمەندی یەکەم دەوڵەتی تورکیایە, سوریا بەجۆرێک لاواز دەبێت کە توانای شەڕی تورکیای نابێت، ھەرێمە کوردیەکە پشتێنەیەکی ئەمنی جیۆسیاسی کاریگەر بۆ پاراستنی تورکیا دروست دەکات, لەروی بازرگانی و ئابوری و کولتوری و پیشەسازی و گەشتیاری گەورەترین خزمەت بە تورکیا دەکات. ھەرێمی کوردستان لە رۆژئاواو باشوری کوردستان دەبنە چەکی شاراوەی تورکیا لەدژی ئێران، سوریا، عێراق. دەمێنێتەوە کوردی تورکیا، لەرێگای ھەمواری دەستوری، ھەندێک چاکسازی یاسایی، سەرخستنی ئاشتی، دەبێتە خاوەنی گەورەترین دەستکەوت، چونکە وزەی کورد لەبری ئەوەی دژی ئەو بێت، ئەوا وزە کوردیەکەش دێتە سەر وزەی تورکیا.
بۆچی تورکیا زۆر بێ ئاگایە لە دوژمنایەتی کوردی سوریا؟
تورک دەبێت بزانێت عەرەبی سوریاو شام و عێراق و سعودیەو کەنداو، ھیچ خۆشیان لە تورکیا نایەت، ئەگەر بێت و دەوڵەتی سوریا لە تێکشکاندنی کورد سەرکەوتوو بێت، کیانی رۆژئاوای کوردستان نەمێنێت، ھێزی رکابەری ناوخۆیی نەمێنێت، سەد لە سەد عەرەبی سوریا بە سوپایەکی بەھێزەوە پەلاماری تورکیا دەدات، تەنانەت نەک لەعەفرین و حەلەب و سەرێکانی، بەڵکو لە تەواوی سنورەکە تورکیا دەردەکات، ئەگەر کورد لە سوریا تێکبشکێت، ئەوا شەڕێکی سەخت لە داھاتوو بەرۆکی تورکیا دەگرێت کە سوپای ئێستای عەرەبی پەلاماری خۆی دەداتەوە. ئەوکات تورکیا بەرگەی شەڕی ئابوری زەبەلاحی سعودیەو قەتەرو کوێت و کەنداو ناگرێت، سوپایەکی بەھێزی عەرەبی پاڵپشت بەم ھەموو وزەوە تورکیا دەخاتە ناو قاڵبێکی زۆر تەنگەبەر. بە کورتی عێراق و سوریای یەکپارچەو بەھێز مەترسین بۆ ئاسایشی تورکیا، بەڵام ھەبوونی دوو ھەرێمی کوردستان لەسەر سنورەکانی تورکیا چەکێکی جیۆسیاسی گەورەیە بۆ تورکیا، کە چەند ھێزێک دەبەخشێتە تورک:
-لەرێگای جوگرافیای کوردو قەوارەکانیەوە ھەژمون لەسەر ئێران دروست دەکات.
-لەرێگای ھەرێمی کوردستانەوە ھەژمون و دەستتێوەردان لە عێراق دروست دەکات.
-لەرێگای ھەرێمی رۆژئاوای کوردستان ھەژمون لەسەر سوریا دروست دەکات.
ھیچ دەوڵەتێکی ناوچەکە ناتوانن شەڕی تورکیا بکەن، چونکە کورد دەبێتە سەنگەری یەکەمی ئاسایشی سەر سنوری تورکیا.
ئەگەر قوڵ و ورد بچیتە ناو کرۆکی ئەم بابەتەوە تێدەگەیت، نەزانیەکی زۆر گەورەیە کە تورکیا پشتیوانی کورد ناکات، پشتیوانی مەرکەزیەتی دەوڵەتی سوریاو عێراق دەکات، دەوڵەتی بەھێزی مەرکەزی لەناوچەکە پاڵ بە تورکیاوە دەنێت و دەیخاتەوە ئەودیوی سنورەکانی خۆی, بەڵام بوونی ھەرێمە کوردیەکان ھەژمونێکی جیۆسیاسی بۆ تورکیا دروست دەکات، کە ھەژمونێکی شاراوەی گەورەی پێ دەبەخشێت. تورکەکان تەقیلدی و نەژادی و دابڕاو لە دنیا سیاسەت دەکەن. ھیچ لە گرنگی کورد تێناگەن کە چ رۆڵێکی گەورەی قوڵ دەبەخشێتە ھێزی تورکیا؟؟؟.