وێنای ژن لەنێوان بەرداشی ڕەوشت گەرایی‌و لیبرالیزمدا

ئەنوەر حەمە عەلی
  2019-06-28   
کرانەوەی کوردستانی باشور بەڕوی دونیای لیبراڵ و بەکارهێنەردا، بەبێ دەزگا، سترەکچەری حکومڕانی، کوڵتوری، ئابوری، دادوەری و کۆمەڵایەتی پێویست‌و جێگیر، کۆمەڵەگەی شڵەقاندوەو گیرۆدەی قەیرانێکی کوڵتوری، مۆراڵی‌و بەهایی کردووە. تاکی کورد، بەبێ کوڵتورێکی بەرەنگاری‌و سەرنجدەر، کەوتۆتە ناو دونیای بەکارهێنانێکی تاقەت پڕوکێنی کەرەستەو میدیا کە خۆی باجەگەی بە هەزار دەردەسەری ڕۆژانەو لێکترازانی بەهاکانی دەدات‌و وە وڵاتیش ئەخاتە بەردەم مەترسی جدی ژینگەو ئاسایشی ئابوری‌و داڕمانی ئەو بەهایانەی کە کۆمەڵگەو کوڵتور لەسەری ڕائەوەستێت‌و گەشە ئەکات.  
ئەم بارودۆخە تایبەتە بەشێکی زۆری ژنی کوردستانی باشوری خستۆتە نێو دوو بەرداشی نامۆی جەمسەرگەرای دژبەیەک کەوێنا، بەپێی ئەندازەو عەیاری خۆیان، بۆ  ژن دروست ئەکەن. 

بەرداشێک کە لەناو هەژمونی لیبرالیزم و پەتای بەکارهێنان، وێنەیەک بۆ ژن دروست ئەکات کە نزیکی ئەکاتەوە لەکاڵا. بەدەوری ئەم وێنایەوە نەک هەر تەنها چوارچێوەیەکی جەسەدی دانەدەم  بۆ ژن بونیاد نراوە، بەڵکو چەندین پێویستی بۆ دروست کردنی ئەم وێنایە بۆ خولقاندوە کە تەنها بازاڕی بەکار‌‌هێنانی زیادەڕۆی لیبرالیزم ئاوی لێ ئەخواتەوە.  

بەشێکی ژنی کوردوستانی باشور  کەوتونەتە ناو ئەم تەڵەیە و دەردە سەرییەکانی ئاوێتە بوون بەم وێنایە، کە لە ڕاستیدا وێنای سیستمێکە بۆ ژن کە پیاو تیایدا  تەنها خاوەنی ئابوری و حکوم ڕانییەو هەر ئەمانیش کارسازی ئەم وێنایەی ژنن. 

ئەم وێنا تازەیەی ژن زادەی ماشینێکی میدیایی خاڵی یا ناحاڵی لە چەمکەڕەسەنەکانی پێشکەوتو و یەکسانی خوازییە  کە ڕۆژانە ئەم وێنایە بەناوی دونیای تازەوە دەرخواردی کۆمەڵگە ئەیەن. ئەم وێنالیبراڵەی ژن بەشێکی ژنانی توشی دەردەسەرییەکی لێکچون  لەگەڵ ئەم وێنایە کردوەو ڕۆژانە پرسیار لەسەر ئەم بەش‌و ئەو پارچەی لەشیان دروست ئەکەن! 

بەرداشێکی نامۆی تر، لەو وێنایەدا خۆی ئەبینێتەوە کە بزوتنەوە تازە دینییەکان، کە زادەی هەمان قەیرانی کولتوری و بەهان کە بەرداشی یەکەمیان بەرهەم هێناوە، ڕۆژانە بۆ ژنی دا ئەتاشن. ئەم وێنایە، ژن ئەخاتە ناو چوارچێوەیەکی توندی ڕەوشت گەرایی یەک فاقە، واتە تەنها تایبەت بەژنەوە و پیاو بە ناڕاستەو خۆ و ڕاستەو خۆ لێی بێبەری ئەکرێت.  

ئەم وێنایە نەک چوارچێوەی جەسەدی، بەڵکو شێوەی جل پۆشین، ڕوانین‌و  بەرزی و نزمی دەنگ بۆ ژن دیاری ئەکات و ژن ئەکات با پاشکۆ، گوێڕایەڵ و خزمەتکاری ئەم جۆرەی تری پیاو.  ئەم وێنایە لەوێنای  کۆنسێرڤاتیزمی دینی کۆمەڵگە کوردی بۆ ژن دەر ئەچێت و زادەی ئەم جۆرە تازەیەی پیاون.

هەردو بەرداش ئاو لەیەکتری ئەخۆنەوەو زادەی هەمان شڵەقانی بەهاو مۆراڵی و قەیرانی کوڵتوری کۆمەڵگای کوردییە لەناو دونیای تازەدا. ئەم بارودۆخە، چوارچێوەی ململانێی پێشکەوتوو خوازەکان‌و  کۆنسێرڤاتیزە خۆماڵییکانی کۆمەڵگەی بەلاڕێدا بردوەو ئەرکی هەردوکیانی  قورستر کردووە. تەنیا بونیاتنانەوی کوڵتورو بەها ئەتوانێت وێنای ژن لەهەژمونی ئەم دوو بەرداشە، نامۆ بە بە ڕاست و چەپی کۆمەڵگەی ئێمە،  ڕزگار بکات. 
لەئێستادا، ئەوەندەی کۆمەڵگای ئێمە پێویستی بەبونیاتنانەوەی کولتورو بەهاکانییەتی، نیو ئەوەندە پێویستی بەسیاسەت و قانون و دیموکراسی نییە!  
  

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×