دەنگدەری کۆنکرێتی حیزبی و ئایدۆلۆژیی و دینی و میللیگەرا، وادەزانێ سزای ستەمکارانی داوە بەدەنگدان و ئیتر دونیا قازیەکی دادگەرو حاکمێکی موتتەقی و ئازا بەڕێوەی دەبات.
دەنگدەری ژێر کاریگەری گوتاری حەماسی و حیزبی فریودەر، وادەزانێ ئەوەی ئەنجامیدا لەبەردەم سندوقەکانی نێو شانۆگەریەکە، شتێکی گەورەی کرد لەجۆری شۆڕش و جیھادو ئینتیقام و تۆڵە لە دەسەڵاتداران، ئایا ئەم بیرکردنەوە ڕاست بوو یان عەوامزەدەیی بوو. ھەروەک ھەوای پەنگخواردووی ناو گەرووی چەندساڵە بوو لەپەنجەی دەنگدەرەوە چوویە دەرەوە، گێم ئۆڤەر.
دەنگدەر ھێشتا وڕوکاسە، نازانێ ئەوەی ئەیکات یارییەو یاریپێکراوە، ئەوەی پەنای بۆدەبات وەک جوڵەیەکی مەدەنی و ئاکتێکی فەردی و جەماعی پرۆسەی گەمژاندنە، ئەوەی بیری لێدەکاتەوە بۆ گۆڕانکاریی ڕیشەیی ڕێک پێچەوانەکەی ڕاستەو کۆی پرۆسەکە بۆ ئەستووربوونی قەدی درەختی ستەمکاری و نادادیەکەی عێراق و زۆرینەی مەزھەبیە، پرۆسەیەکە بەئیمتیاز بۆ ڕەوایەتیدان بە سیستم و حوکمڕانیەکەو قەڵەوکردنی زیاتری جێنتڵمان و خێزانە سیاسیەکانی عێراق.
دەنگدەر خراپ گۆشکراون و فێرکراون، سیستم و دەسەڵاتەکان بەم ھەڵبژاردنە باشتر لەجاران خوێن و وزەی تازە دەچێتەوە جەستەیان و چالاکانەتر دەمێننەوەو بەردەوام دەبن لەسەر خەباتەکەیان، تاوەکو تۆھەبیت و ئاوا بەنگ و بەنج بکرێیت، دەنگ بفرۆشی، چەپڵەو ھوتاف لێبدەی، ئیمانت بە پەنجەمۆرھەبێ، ئاوا بەو ڕەنگاو ڕەنگیە، دەنگ بدەیت و شەرعیەتیان پێبدەیت و ھەڵبژاردن بە ڕۆژی سزاو تۆڵە بزانیت لە خەوی غەفڵەتا دەژیت، ھێشتا نازانیت ھەڵبژاردن گۆڕانکاری جەوھەریی دروست ناکات، نازانی پەڕلەمان دەزگایەکی گرێدراوی ڕادیکاڵ و ئایدۆلۆژیی نمایشگەرییە بۆ پتەوکردنی پایەو ڕایەڵەکانی دەسەڵاتدارەکان و شوێنی ئیمتیازو ئینحیازەو سیستمی جێبەجێکار نیە، دەسەڵاتی دادوەریش نیە، دەزگایەکی تەشریعی چاودێریکاری سادەیەو لەپشتەوە دەوڵەتی قوڵ و دەزگای ھەواڵگریی و دادگای باڵای فیدڕاڵی و نەوت و سەفەقات و خێزانی سیاسی گەورەو ئەقتابی گەورە بەڕێوەی دەبات.
تۆ ھەر دەنگ بدە، سەف ببەستە بەس ئەوە بزانە دەنگدان تۆڵەو ئینتیقام و شایەتیدان نیەو ئیتاعەی حیزبە، تۆی دەنگدەر خشتی دیواری کۆشکەکانی، وزەی بەردەوامی پاشاکانی، مەرامی سیاسیەکانی، ئالەتی شەرعیەتدانی. ھۆکاری سەرەکیت بۆ بەردەوامی و مانەوەی کۆی سیستمەکەو ھەژموونگەریەکانیان.