قانونشکێنی‌یەکانی دەسەڵاتی کوردی (١)

مەحمو رەزا ئەمین
  2020-06-30     483

وەزارەتی سامانە سروشتی‌یەکان
لە نێوان سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەکەیا


خوێنەری بەڕێز!
دەسەڵاتی کوردی لە هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای دەسبەکاربونیەوە تا ئێستا (١٩٩٢- ؟)، بەردەوامە لە پێشێلکردنی ئەو قانونانەدا کە خۆی، لە رێگەی پارلەمانەوە تەشریع‌یان ئەکا. بۆ چاوکردنەوەی زیاتری خەڵک، هەوڵەدەم بە گوێرەی توانا هەر جارەی بابەتێک یان قانونێک بدەمە بەر تیشکی گفتوگۆ لە ژێر ناونیشانێکی سەرەکیا (قانونشکێنی‌یەکانی دەسەڵاتی کوردی). ئەڵقەکانی ئەم زنجیرە وتارە، ناونیشانی لاوەکی‌شیان ئەبێ. وەکو ئەوەی لەسەرەوە ئەی بینی.
*******


بە گوێرەی فەرمانی ژمارە (٥٦٨٤)ـی "سەرۆکایەتی!" ئەنجومەنی وەزیران کە لە ١ی ٩ی ٢٠١٩ دا دەرچوە و لە ژمارە ٢٤٠ی وەقایعی کوردستانا بڵاو کراوەتەوە: "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران سەرباری پۆستەکەی خۆی، پۆستی وەزیری سامانە سروشتی‌یەکان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕ ئەکاتە".

ئەم فەرمانە دوجار قانونی ژمارە ٣ی ساڵی ١٩٩٢ی هەموارکراوی پێشێل کردوە، بەم شێوەیە:
جاری یەکەم:
لە پێشەکی‌ی فەرمانەکەدا رون کراوەتەوە کە پشتی بە "ئەحکامی مادەی هەشتەمی یاسای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ژمارە ٣ی ساڵی ١٩٩٢" بەستوە.
مادەی هەشتەمی قانونی ناوبرا و ١٢ بڕگەیە. بەڵام بە دیاریکراوی فەرمانەکە پشتی بە بڕگەی ٣یەمی مادەکە بەستوە کە ئەڵێ: "٣. ئامادەکردنی پرۆژەی پەیڕەوەکان و دەرکردنیان".
مادەی یەکەمی قانونی ژمارە ٣ی ساڵی ١٩٩٢ بەم شێوەیە تاریفی ئەنجومەنی وەزیرانی کردوە:
"ئەنجومەن: ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی عیراق".
مادەی دوەمی هەمان قانون بەم شێوەیە تاریفی سیفەتی ئەنجومەن ئەکا:
"ئەنجومەن باڵاترین دەزگای جێبەجێکردنە لە هەرێم‌دا و لە سەرۆک و جێگرەکەی و وەزیرەکان پێک دێ".

هەمواری پێنجەمی قانونەکە دەسکاری مادەی دوەمی کردوە و کردوێتی بە ٤ بڕگە. بڕگەی ٤ی مادە هەموارکراوەکە ئەڵێ:
"٤. جێگری سەرەک وەزیران، دەشێ، سەرباری فرمانی پلەکەی خۆی، جانتایەکی وەزاری بە ئەسڵ یان بە وەکالەت پڕ بکاتەوە".

ئەم قانونە لە ماوەی نێوان (١٤/١٢/١٩٩٤) و (١٦/١٢/٢٠١٤) دا، دەجار هەموار کراوەتەوە. لە هیچ هەموارێکا دەسکاری بڕگەی ٤ی مادەی یەکەمی هەمواری پێنجەم نە کراوە.
پرەنسیپێکی قانونی هەیە ئەڵێ:
"لا اجتهاد في مورد النص". واتە، ئەگەر دەقێکی دەستوری یان قانونی هەبو، نابێ کەسێ یان حیزبێ بێت و بەگوێرەی بەرژەوەندی‌ی تایبەتی‌ی خۆی، شی‌ی بکاتەوە و دەسکاری رۆحەکەی بکا.
ئەو "نص"ەی مەبەستمە، ئەوەیە کە بڕگەی ٤ی مادەی یەکەمی هەمواری پێنجەمی قانونی ژمارە ٣ی ساڵی ١٩٩٢ تۆماری کردوە و بە تەنیا مافی داوە بە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کە لەپاڵ ئەرکەکانی پۆستەکەیا بتوانێ وەزارەتێک‌یش بە (اصالة) یان (وکالة) بەرێوە بەرێ. بەڵام قانونەکە رێگەی نەداوە بە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بە (وکالة) یان (اصالة)، لەپاڵ ئەرکەکانی پۆستەکەیا، بتوانێ وەزارەتێک یان زیاتر بەڕێوە بەرێ.
بە گوێرەی پلەبەندی، دەستور، کە لە هەندێ وڵات پێ‌ی ئەوترێ "قانونی بنچینەیی: القانون الاساسي" باڵاترین پلەی هەیە. دوای دەستور ئینجا نۆرەی قانون و دوای قانون ئینجا نۆرەی بڕیار و فەرمانی دەزگاکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن یەت.
کەواتە بڕیاری حوکمەت ناتوانێ باز بەسەر قانونا بدا. هەر بازدانێ بەسەر قانونا لەلایەن هەر کەس و دەزگایەکەوە بێ، پێ‌ی ئەوترێ "قانون شکاندن" یان "قانون پێشێلکردن".
کەواتە فەرمانەکەی ئەنجومەنی وەزیران، کە پۆستی وەزیری سامانە سروشتی‌یەکانی داوە بە مەسرور بەرزانی و نەی داوە بە قوباد تاڵەبانی، پێشێلکردنی قانونە. ئەمەش ئەو کفرە گەورە و خووە خراپەیە کە دەسەڵاتی کوردی سێ دەیەیە، لەسەری ئەڕوا و کردوێتی بە ئامرازێکی بنچینەیی بۆ درێژەدان بەتەمەنی دەسەڵاتێکی شکستخواردو لە تەواوی کایەکانی ژیانا.

جاری دوەم:
مادەی یەکەمی قانونی ژمارە ٣ی ساڵی ١٩٩٢ بە تەنیا تاریفی ٥ دەستەواژەی کردوە:
"ئەنجومەن:
سەرۆک: سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی عیراق.
وەزیر:
کوردستان:
هەرێم:"
قانونە ئەسڵەکە و هەر دە هەموارەکەی، هیچیان تاریفی دەستەواژەی "سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران"یان نە کردوە.
مادام بە دەقی قانونی دەستەواژەی "سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران"مان نیە، هەر جۆرە بەکارهێنانێکی ئەم دەستەواژەیە نا قانونی‌یە.
کەچی هەم ئەم فەرمانە بەناوی "سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران"ەوە دەر کراوە. هەم پێڕەوی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٠٦ و هەموارەکانی، بەناوی "رئاسة مجلس الوزراء لاقلیم کوردستان" دەر کراوە.
ئەمەش پێشێلکردنێکی تری قانونی ناوبراوە.
بەگوێرەی قانونی ژمارە ٣ی ساڵی ١٩٩٢ و هەر دە هەموارەکەی، شتێک نیە ناوی "سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران" بێ. بەڵکو ئەوەی هەیە "ئەنجومەنی وەزیرانی حوکمەتی هەرێمی کوردستانە" و ئەبێ هەمو بڕیار و رێنمایی و پێڕەوەکانی حوکمەت بەناوی "ئەنجومەن"ەوە دەر بچن نەک بەناوی "سەرۆکی حوکمەت" یان "سەرۆکایەتی! ئەنجومەنی وەزیران"ەوە.
چونکە مادەی دوازدەی قانونی ناوبراو ئەڵێ:
"گفتوگۆی ئەنجومەن نهێنی دەبێ. بڕیارەکانی بە زۆربەی دەنگ و بە ئامادەبونی زۆربەی ئەندامانی دەر دەکا. ئەگەر ژمارەی دەنگەکان وەک یەک بون، بڕیاری ئەو لایە جێگیر دەبێ کە سەرۆکی لەگەڵ‌دا دەبێ. ئاشکراکردنی بڕیارەکان‌یشی بە رێوشوێنێک دەبێ کە خۆی دەستنیشانی دەکا".
ئەو دەقەی سەرەوە زۆر رۆشنە و (اجتهاد) هەڵناگرێ. دەقەکە ئەڵێ:
هەمو بڕیارێکی حوکمەت لە رێگەی گفتوگۆ و دەنگدانەوە، لەناو کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بە ئامادەبونی هەمو وەزیرەکان یان زۆرینەیان، کە ئەکاتە ٥٠+ ١، دەر ئە کرێن و "سەرۆک" یان "سەرۆکایەتی حوکمەت" بۆیان نیە بە تەنیا هیچ بڕیارێک بدەن. ئاشکراکردنی بڕیارەکانیش بە رێوشوێنێک ئەبێ کە خۆی (یانی ئەنجومەنی وەزیران، نەک سەرۆکی ئەنجومەن یان سەرۆکایەتی ئەنجومەن) دەسنیشانی ئەکا.

تەنانەت مادەی یەکەمی پێڕەوی ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٠٦ یش، کە حوکمەت دەری کردوە، بەم شێوەیە تاریفی ئەنجومەن و سەرۆک و جێگری سەرۆکی کردوە:
".....
المجلس: مجلس وزارة (وزراء) الاقلیم
الرئیس: رئیس مجلس وزراء الاقلیم
النائب: نائب رئیس مجلس وزراء الاقلیم
....."
کەواتە لە رێنمایی‌یەکەی حوکمەتیشا شتێک نیە ناوی "سەرۆکی حوکمەت" یان "سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران" بێ.

ئێستا کاتی ئەوەیە بپرسم:
ئاخۆ وەزیرەکانی گۆڕان و یەکێتی، لەم کەیسەدا، ئاگایان لەم قانونشکێنی‌یە هەیە یان نا؟
ئەگەر ئاگایان لە دەقە قانونی‌یەکان نەبێ، موسیبەتە.
خۆ ئەگەر ئاگایان لێیان بێ و بێدەنگی‌یان هەڵبژارد بێ، موسیبەتەکە گەورەترە.

بۆچی ئەبێ وەزارەتی سامانە سروشتی‌یەکان تاپۆ بێ لەسەر پارتی و بنەماڵەی بەرزانی؟
ئەگەر لە ساڵی ٢٠٠٧ وە تا ئێستا ئەم وەزارەتە و وەزیرەکەی سەرکەوتو بون و باش ئیدارەی سێکتەرەکەیان کردوە و خێرۆبێرێکی زۆریان بۆ خەڵکی کوردستان هێناوەتەوە، باشە با لەسەریان تاپۆ بێ!
بەڵام سەمەرەکە لەوایە کە، ئەم وەزارەتە وتاقمەکەی بون بە مایەی گەڕوگولکردنی ئەم هەرێمە و شانی نەوەکانی ئایندەشیان خستۆتە ژێر باری قەرزێکی زۆر و دوژمن و نەیاری زۆریش‌یان بۆ هەرێمەکەمان پەیا کردوە.
فەشەلی وەزارەتەکە و وەزیرەکەی و مافیاکانی نەوت لە ئیدارەدانی ئەم وەزارەتە و دۆسێ‌ی نەوت و غازا، ئەبو ببونایەتە هۆی لێپرسینەوەیان نەک شاباشکردنیان بە درێژەپێدانی رێبەرایەتیکردنی ئەم وەزارەتە و دۆسێ‌ی نەوت و غاز.
چاکسازی‌ی راستەقینە ئەوەیە ئەم وەزارەتە لەدەستی مافیاکانی نەوت و غاز بهێنرێتە دەرێ و بدرێتە دەست ستافێکی پرۆفیشناڵی نیشتمانی کە، بێجگە لە بەرژەوەندی‌ی گەل و نیشتمان هیچ بەرژەوەندی‌یەکی تر قیبلەنمایان نەبێ.
هەتا ئەو رۆژەی ئەم وەزارەتە لەو دەستە نائەمینەدا بێ، باسکردنی چاکسازی بێجگە لە بالۆرە، شتێکی تر نیە.


زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×