بە بۆنەی گێچەڵی مەسرور بەرزانی بە سۆران عومەر، پەیامێک بۆ پارلەمانتارەکانی بزوتنەوەی گۆڕان
مەحمو رەزا ئەمین
2020-05-05   3334
ماوەی حوکمڕانیی چەن مانگەی مەسرور بەرزانی ئەو پەندە
کوردییەی زاخاو دایەوە کە ئەڵێ: "تا بەد نەبینی، بەدخانە بەیاد ناکەی".
ئەگەر ژیانی خەڵکی کوردستان لەژێر سایەی دەسەڵاتی نێچیر
بەرزانیا بەد بو بێ، ئەوا لەژێر سایەی دەسەڵاتی مەسرور بەرزانیا زۆر بەدتر ئەبێ.
نێچیروان بەرزانی ماوەی ٢٠ ساڵ، وەکو جێگر و سەرۆکی
"حوکمەت!" حوکمڕان بو. لەو ماوەیەدا خەڵک "ساڵ بەساڵ خۆزگەیان بە
پار ئەخواست". بەڵام مەسرور بەرزانی چەن مانگێکە "سەرۆکە!"
"خەڵک مانگ بە مانگ خۆزگە بە مانگی پێشوتر ئەخوازن".
قەدەری ئەم گەلە نیە تا ساڵی حەی خەڵکی فاشیل و بنەماڵەی
سیاسیی خۆپەرست حوکمڕانی بن. لەناو خەڵکی کوردستانا هەزاران هەن کە سەر بە هیچ
بنەماڵەیەکی سیاسیی نین، بەڵام سەدقاتی نێچیر و مەسرور و لەوان گەورەتریش،
شایستەتر و بە تواناترن بۆ ئیدارەدانی ئەم هەرێمە.
مەسرور بەرزانی لەژێر دروشمی هەڵخەڵەتێنەرانەی
"حوکمەتێکی بەهێز، کوردستانێکی بەهێز"ا، لەیەکەم رۆژی ژیانی حوکمەتەکەیەوە
کەوتە گەڕ بۆ بەهێزترکردنی مەرکەزیەت و بەهێزترکردنی سروشتی پۆلیسیی دەسەڵاتەکەی.
پرەنسیپەکانی مەرزکەزیەت و ئیدارەدانی پۆلیسی زۆر کۆنن.
لەو ماوەیەدا ژیان و تاقیکردنەوەی گەلان سەلماندیان، لاوازترین حوکمەت و سیستمی
حوکمڕانی ئەوانەن بۆ بەڕێوەبردن پشت بە مەرکەزیەت و سەرکوتکردن ئەبەستن. لە مێژوی
نوێی مرۆڤایەتیا تاکە یەک تەجروبە نیە پشتی بە مەرکەزیەت و سەرکوتکردن بەست بێ و
سودێکی بە گەل و نیشتمان گەیاند بێ... هەمیشە نەگبەتی و کارەساتیان بەسەر گەل و
نیشتمانا هێناوە، بۆیە خەڵکی کوردستان بە گشتی و پارلەمانتارانی هەرێم بە تایبەتی
نابێ رێگە بدەن مەسرور بەرزانی درێژە بە سیاسەتی مەرکەزیەت و سەرکوتکردن و
تۆقاندنی دەنگە ناڕازیەکان بدا.
سۆران عومەری پارلەمانتار لەماوەی سێ خولی پارلەمانا بە
کردەوە سەلماندویەتی کە کەسێکی دڵسۆزی گەل و نیشتمانەکەیەتی؛ دژی گەندەڵی و
گەندەڵکارانە؛ بەرگریکارێکی سەرسەختی مافی خەڵک و مافی زوڵملێکراوانە؛ لە پێناوی
خەڵکا ژیانی خۆی و خێزانەکەیی خستۆتە بەر خەتەر و هەڕەشەی کلیپتۆکرات و بنەماڵە
ئۆلیگارشییەکانی هەرێم، لەبەر ئەوە ئەرکی خەڵکی کوردستان بە گشتی و
پارلەمانتارانە بە تایبەتی لەم گێچەڵەی مەسرور بەرزانیا پشتی سۆران عومەر بگرن.
لەسەرو هەموانەوە ئەرکی ئەخلاقی و نیشتمانیی
پارلەمانتارەکانی بزوتنەوەی گۆڕانە رێگە نەدەن دەنگێکی ئازا و زوڵاڵی وەکو سۆران
عومەر کپ بکرێ. دڵنیا بن ئەگەر مەسرور بەرزانی بتوانێ ئەمڕۆ دەنگی سۆران کپ بکا،
سبەینێ دەنگی ئێوەش لە قوڕگتانا ئە خنکێنێ. تەواو وەکو ئەوەی ئەدۆڵف هیتلەر کردی:
دانە دانە دەنگە ناڕازییەکانی ئەڵمانیای لەناو برد تا رێگە بە باشی بۆخۆی و
حیزبەکەی تەخت بو، بەتەواوی هەمو توانا مادی و مرۆیی و سەربازی و سیاسییەکانی
گەلی ئەڵمان مۆنۆپۆڵ بکەن و سەرەنجام ئەڵمانیا و دنیاش وێران بکەن.
بەو پێیە، هەر پارلەمانتارێکی گۆڕان دەنگ بە هەڵگرتنی
پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر بدا، خیانەت لە خۆی و دەنگدەرەکانی، لە خەون و ئاوات
و ئامانجەکانی نەوشیروان مستەفا ئەکا و گەل و نیشتمان بەرەو هەڵدێری زیاتر ئەبا.
ئەرکی پارلەمانتارەکانی گۆڕان هەر ئەوە نیە کە دەنگ بە
هەڵگرتنی پارێزبەندی نە دەن، بەڵکو ئەرکی ئەخلاقی و نیشتمانیی سەرشانیانە بە هەمو
توانایان بەگژ سیاسەتی دەمکوتکردن و سەرکوتکردن و سەنتراڵیزەترکردنی حوکمەتە
مەجازییەکەی مەسرور بەرزانیا بچنەوە.
لە سایەی نەبونی دەسەڵاتێکی قەزایی بەهێز و سەربەخۆ؛
لەسایەی نەبونی شەفافیەت و شاردنەوەی زانیاری لەسەر دزی و گەندەڵی لەلایەن
کلیپتۆکراتەکانی هەرێمەوە، هەرکەس بدرێ بە دادگا، دادگایییەکە رواڵەتی ئەبێ و پێش
دەسپێکردنی پرۆسەی دادگایی، بڕیاری کۆتایی دادگا زانراوە. بۆیە نابێ بە هیچ کلوجێ
رێگە بدرێ سۆران عومەر ببرێتە دادگا و بکرێ بە نمونە بۆ تۆقاندنی دەنگە زوڵاڵ و
هەقبێژەکانی تری هەرێم.
پەندێکی کوردی ئەڵێ: "مانگا بە دزیەوە کەڵ ئەگرێ و
بە ئاشکرا ئەزێ". کلیپتۆکراتەکانی هەرێمیش "بە دزیەوە ئەدزن، بەڵام
بەرهەمی دزیەکانیان لەبەرچاوی هەمومانایە" بۆیە هەرگیز لەسەر هەق نین بەرگری
لە "پاکیزە"یی خۆیان بکەن.
پەیامی ماڵپەڕی سبەی کە یەکەم ئۆرگانی کۆمپانیای وشەیە،
ئەو وشەیەی بزوتنەوەی گۆڕانی هێنایە دنیا، بریتییە لە: "بڵاوکردنەوەی
فەرهەنگی دیمۆکراسی؛ ...؛ کاراکردنی پارلەمان؛ ...؛ ...؛ ...؛ ...".
پەیامەکانی: "بڵاوکردنەوەی فەرهەنگی دیمۆکراسی" و "پارلەمانی
کارا"، کردویانە بە ئەرک بەسەر شانی یەک بەیەکی پارلەمانتارەکانی گۆڕانەوە
کە، داکۆکیکاری سەرسەخت بن لە سۆران عومەر و هەمو هەقبێژێکی ئەم هەرێم و وڵاتە، لە
هەمو ئان و زەمانێکا.