بزوتنەوەی گۆڕان لە نێوان دەسەڵاتخوازی و ئەڵتەرناتیفی دەسەڵات‌دا ٢- ١٠/ ب٤

مەحمو رەزا ئەمین
  2020-12-10     1828
پاشماوەی وتاری:
بۆچی نەوشیروان مستەفا رازی بو بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری کابینەی هەشت بکا؟:
پێش وەڵامدانەوەی پرسیاری ناونیشانەکە، پێم باشە بە چەن پەرەگرافێک وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە:
نەوشیروان مستەفا کە لە دوای راپەڕینەوە ئەو هەمو گەندەڵی و خراپەیەی لە یەکێتی بینی، بۆچی زوتر وازی لێ نە هێنا؟
لەبەر هۆێەکی دیار و سادە کە، بریتی بو لەوەی، بڕوای بەوە هە بو کە سیستمی حوکمڕانی‌ی هەرێم لە رێگەی تواناکانی حیزبی گەورەوە چاک ئە کرێ. بڕوای بەوەش هەبو، ئەگەر حیزب لەناو خۆیا خۆی چاک نەکا، ناتوانێ رۆڵ ببینێ لە چاککردنی سیستمی سیاسی‌ی وڵاتا. لەبەر ئەوە لە دوای راپەڕینەوە هەتا نزیک کۆتایی ساڵی ٢٠٠٦ ژمارەیەکی زۆر پرۆژەی بۆ چاککردنی دەزگاکانی یەکێتی پێشکەش کرد. هەمو جارێ بەڵێنی پێ ئە درا کە پرۆژەکەی جێبەجێ ئە کرێ. بەڵام وەکو پرۆژە چاکسازی‌یەکەی ئێستای حوکمەت، لە میدیاکانا هەبو لەسەر ئەرزی واقیع نەبو.
دوا هەوڵی بۆ چاککردنی یەکێتی، هەڵبژاردنە ناوخۆیی‌یەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٦ بو. لەگەڵ مامجەلال بەڵێن‌یان بە یەکتری دا بو، هیچ‌یان دەس لە هەڵبژاردنەکان وەر نە دەن. ئەنجامەکەی چۆن بو هەردوکیان قبوڵی بکەن. کە هەڵبژاردنی پۆل و کەرت و کۆمیتەکان تەواو بو، مامجەلال هەستی کرد یەکێتی‌ی لە دەس دەر ئەچێ. لەبەر ئەوە لە بەغاوە گەڕایەوە سلێمانی و هەمو توانای خۆی و دەزگاکانی یەکێتی بەکار هێنا بۆ گۆڕینی ئاراستەکە لە هەڵبژاردنی مەڵبەندەکانا.
ئەو دەستێوەردانە بو بەو "تەڵەپوشەی پشتی ئێسترەکەی شکاند: القشة التي قصمت ظهر البعیر".
ئیتر هیچ هیوایەکی بە چاککردنی یەکێتی نەما. ئەو بێهیوایی‌یەی لە چاککردنی حیزب، زۆر بە رۆشنی لە وتاری: "دوای ئەم هەمو رەخنەیە ئینجا چی"دا، رەنگی داوەتەوە.
لەو وتارەدا ئەڵێ: "ئەبێ ئیتر لە دەرەوەی چاککردنی حیزب و لە دەرەوەی چاککردنی حوکمەت، بە دوای گۆڕینا بگەڕێین".

بەڵام ئەی بۆچی رازی بو گۆڕان بەشداری کابینەی هەشتەمی حوکمەت بکا؟
رازی بو، لەبەر ئەوەی:
هەمو حیزبێکی سیاسی یەکێک لە ئامانجەکانی چونە دەسەڵاتە، بۆ ئەوەی بتوانێ لە رێگەی داوودەزگاکانی فەرمانڕەوایی‌یەوە بەرنامە سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی، کلتوری و... یەکانی بێنێتە دی.
دروشمی سەرەکی‌ی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی گشتی‌ی ساڵی ٢٠١٣ی پارلەمانی کوردستان، بریتی بو لە "بەرەو دەسەڵات".
لەو هەڵبژاردنەیا بزوتنەوەی گۆڕان بو بە حیزبی دوەمی هەرێم، بە جیاوازی‌یەکی گەورە لەگەڵ حیزبی سێیەم کە، یەکێتی بو. ئەمە ئومێدێکی بوژاندەوە، کە گۆڕان بتوانێ بناغەیەک بۆ چاککردنی حوکمەت لە ناو حوکمەتەوە دا بنێ.
دەسەڵاتخوازانی ناو گۆڕان فشارێکی زۆریان لەسەری دانا بو، بۆ چونە ناو حوکمەت.

سەبارەت بە خاڵی (١)، کاک نەوشیروان نزیکەی پێنج ساڵ لەوەوبەر لە وتاری (دوای ئەم هەمو رەخنەیە ئینجا چی)، کە لە ١٢ی ١٠ی ٢٠٠٨ دا، پێکەوە لە سایتی سبەی و رۆژنامەی رۆژنامەدا بڵاو کرا بوەوە، ئۆمێدی چاککردنی حوکمەتی هەرێمی بە یەکجاری کۆتایی پێ هێنا بو. بەڵام لەبەر ٣ هۆ، بڕێک گومانی لە لا دروست بو، کە رەنگە شانسێک بۆ چاکسازی سەری هەڵدابێتەوە، ئەوانیش بریتی بون لە:
یەکەم:
مانگ لە دوای مانگ و ساڵ لە دوای ساڵ، بەهۆی خراپ بە رێوەبردنەوە، وەزعی کوردستان لەسەر هەمو ئاستەکان خراپتر ئەبو. لۆجیک وا بو پارتی و یەکێتی، لەبەر خەڵک‌یش نە بێ لەبەر خۆیان، ئیتر هەڵوێستەیەک بکەن و گەندەڵی و خراپ بە رێوەبردن لە شوێنێکا را گرن.
دوەم:
ئەگەر گۆڕان لە ناو حوکمەتا بێ، ئازایەتی ئەداتە بەر پارتی و یەکێتی بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵی و زیادکردنی شەفافیەت و راگرتنی خراپ بە رێوەبردن. چونکە ترسیان نا بێ،  ئەوانەی بەهۆی چاکسازی‌یەوە زەرەریان بەر ئە کەوێ، بە بیانوی جیاجیا، لەوان دابڕێن و سەنگەری بزوتنەوەی گۆڕان و حزبەکانی تر بەهێز بکەن. 
سێیەم:
لە دوای راپەڕینەوە بە تەنیا پارتی و یەکێتی حوکمڕانیان کرد بو. هیچ هێزێکی مونافیسی سیاسی‌ی ئەم دوانە لە ئارادا نە بو. ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان هەیە. بوە بە هێزی دوەم و تەرازوی هێزی تێک داوە.
ئەمە لە کوردستان شتێکی تاقی نە کراوە بو. ئێستا هەلێک رەخساوە گۆڕان بتوانێ بە ناوی رزگارکردنی تەجروبەی هەرێم لە شکستی یەکجاری و سنوردارکردنی زیانی دو حیزبەکەش، هەردوکیان رازی بکا، دەس بدەنە چاکسازی و سنورێک بۆ گەندەڵی دا بنێن.
بەڵام ژیان ناوەرۆکی وتارەکەی پێنج ساڵ لەوەوبەری کاک نەوشیروانی زاخاو دایەوە. سەرۆکی پارتی پەتی تەحەمولی پچڕا، لەسەر باوەشکردنی بە کورسی‌ی سەرۆکایەتی هەرێما، دوای ساڵێک و نزیکەی ٤ مانگ (١٨ی ٦ی ٢٠١٤ - ١٢ی ١٠ی ٢٠١٥) لە بەشداری‌ی گۆڕان لە حوکمەتا، دەرگای پارلەمانی داخست و وەزیرەکانی گۆڕانیشی ناردەوە بۆ ماڵەوە.
لە دوای ئەو تاقیکردنەوە تاڵە، نە ئەبو بزوتنەوەی گۆڕان جارێکی کە خۆی بهاوێتەوە ناو زەلکاوی حوکمڕانی‌ی ئۆلیگارشی‌یەکانی هەرێمەوە.

سەبارەت بە خاڵی (٤) یش، هەڵسوڕاوانی گۆڕان بوبون بە چەن گروپێکەوە:
# گروپێک بە موبڕی دژی چونە ناو حوکمەت بو. کەمینە بون.
# گروپێک بە موبڕی لەگەڵ چونە ناو حوکمەت بو. بە بێ ئەوەی تەماحی پۆست و پلەیان هەبێ.
# گروپێک بە حەماسەوە لەگەڵ چونە ناو حوکمەت بو. بەڵام تەماحی پلە و پۆستیان هەبو.
لە نێوان ئەو ٣ گروپەدا کاک نەوشیروان لە ناو کۆڕی گفتوگۆی ژورەکانا بێلایەن دەر ئەکەوت. زیاتر پرسیاری ئە کرد و گوێ‌ی لە بۆچونە جیاوازەکان ئە گرت.
بەڵام بۆ مێژو ئەی ڵێم، کاک عومەری سەی عەلی رۆڵی سەرەکی گێڕا لە فشارکردن لە کاک نەوشیروان بۆ بەشداریکردن لە کابینەی هەشتەما. وات لێ ئە خوێندەوە کە نوێنەرایەتی ئەو گروپە ئەکا کە تەماحیان لە پۆستی حوکمەتی هەیە. بە بێ ئەوەی خۆی بە تەمای هیچ پۆستێک بێ.
ئەوەی لە نزیکەوە کاک عومەر بناسێ، ئەزانێ کە بە لای ئەوەوە، تەعیینکردنی چەن کەسێک و پەیاکردنی سەرچاوەی ژیان بۆ چەن کەسێکی کە، گرنگترە لە چاککردنی وەزارەتێک یان گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی. لەبەر ئەوەشە کە ئەو هەمیشە لەگەڵ بەشداری‌یە لە حوکمەتا بە بێ ئەوەی لەلای پرسیار بێ، حوکمەتەکە باشە یان خراپ؟
سەبارەت بەم راستی‌یە گێڕانەوەی ئەم چیرۆکە بە پێویست ئەزانم:
لە ناو هەمو ژور و دامەزراوەکانی بزوتنەوەی گۆڕانا، گفتوگۆی گەرم هەبو لەسەر چون و نەچون بۆ ناو حوکمەت. عەسرێکی هاوینی ٢٠١٤ ژورەکەی کاک عومەری سەی عەلی جمەی ئەهات لە هەڵسوڕاو. کاک عومەر و کاک نەوشیروان لە شوێنە دیارەکەی خۆیانا دانیشت بون. کورسی‌ی هەردوکیان لەمبەروئەوبەری دەرگای هاتنە ژورەوەدا بون. گفتوگۆ گەرم بو. لە ناکاو کاک ئەنوەر دۆڵانی هاتە ژورێ و لەلای دەستی راستی کاک نەوشیروانەوە دانیشت.
دوای بەخێر هاتن، کاک نەوشیروان لێ‌ی پرسی: "ها جەنەراڵ! رەئی تۆ چی‌یە؟ رەئی خەڵک چی‌یە؟ بچینە حوکمەتەوە یان نەچین؟"
کاک ئەنوەر بە بێ بیرکردنەوە وتی، "کاک نەوشیروان ئەگەر نە چینە حوکمەت چیمان هەیە بیدۆڕینین؟ ئەگەر بچین چیمان دەس ئەکەوێ و ئەو خەڵکە چیان دەس ئەکەوێ؟" "بەڕای من نەچین".
کاک نەوشیروان یەکسەر سەری وەر گێڕا بە لای چەپا و روی کردە کاک عومەر و وتی: "ئەها سەی عومەر! ئەوە رەئی جەنەراڵەکەشمان! ئیتر لە چی بترسین؟"
کاک عومەر بە بێزاری‌یەکەوە وتی: "جا مەچن، بابە مەچن... زۆر سەیری! وا ئەزانی هەر منم داوای چونە ناو حوکمەت ئەکەم؟".
بە هەر حاڵ گروپی چونە ناو حوکمەت، بە بێ تەماح و تەماحدارەوە، زۆر گەورەتر و کاریگەر تر بو لە گروپی نە چونە ناو حوکمەت.
من خۆم لە گروپی بێ تەماحەکانی چونە ناو حوکمەت بوم، لەبەر ئەو ٣ هۆیەی لە سەرەوە ژماردومن.
لە لای من، بۆ چونە ناو حوکمەت، هۆی چورارەم‌یش هەبو:
هەلمان بۆ ئەڕەخسێ لە رێگەی وەزیرەکان و پۆستی پلە باڵاکانەوە، بەڵگەنامەی گەندەڵی‌ی گرنگمان چنگ کەوێ لەسەر گەندەڵی‌یە سیستماتیکەکانی حیزبەکانی دەسەڵات.
دەرکەوت، تەواو بە دەستی بەتاڵەوە دەر کراینە دەرەوە:
# نە رێگەمان پێ درا بەرنامەی چاکسازی لە وەزارەتەکانی خۆمانا جێبەجێ بکەین.
# نە توانیمان بە قازانجی لامەرکەزی شتێک لە مەرکەزیەتی سیستمی حوکمڕانی کەم بکەینەوە.
# نە وەزیرەکانمان ئەوەنە بە هەیبەت بون کەسێتی‌ی خۆیان بسەپێنن بەسەر دەوروبەریانا.
# نە وەزیرەکانمان، ئەوەنەی من بزانم، بەڵگەنامەی گرنگی گەندەڵی‌ی پارتی و یەکێتی‌یان بۆ هێناین.
# نە توانیمان لە پارلەمان‌یشا قانونی سەرۆکایەتی هەرێم هەموار بکەینەوە.

ئەو تاقیکردنەوە تاڵەی بزوتنەوەی گۆڕان لە کابینەی هەشتەما چەشتی، ئەبو ببوایەتە یەکەم تەگەرەی سەر رێگەی بەشداریکردنی گۆڕان لە کابینەی نۆیەما. کەچی دەسەڵاتخوازانی بزوتنەوەکە ئەمجارە خراپتر قاچیان کردین بە تەڵەی خێزانە ئۆلیگارشی‌یەکانی هەرێمەوە.
بە مەرجێ، زۆربەی ئەندامانی خانەی ئێستا و جڤاتی نیشتمانی، کەم یا زۆر، ئاگاداری پەشیمانبونەوەی کاک نەوشیروان بون لە تاقیکردنەوەکەی کابینەی هەشت.

لە وتاری ئایندە دا، هۆی پەشیمانبونەوەی کاک نەوشیروان لەو تاقیکردنەوەیە و هۆی هاوپەیمانیکردن لەگەڵ پارتی نەک یەکێتی، ئە خوێننەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×