پارتی بە چ مەبەستێ قاچی بزوتنەوەی گۆڕانی راکێشایە ناو زەلکاوی حوکمەتەوە؟ ٤- ١٠

مەحمو رەزا ئەمین
  2020-12-23     1910
کورت و کرمانجی پارتی بۆ هێنانەدی‌ی ٣ ئامانج قاچی گۆڕانی را کێشا بۆ ناو زەلکاوی کابینەکەی مەسرور بەرزانی:

ئامانجی یەکەم:
تۆڵەکردنەوە لە نەوشیروان مستەفا:
بنەماڵەی بەرزانی لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی رابردوەوە، پارتی‌ی وەکو ئامرازێک بەکار هێناوە بۆ کوشتنی فزیزیکی یان مەعنەوی نەوشیروان مستەفا.
نەوشیروان مستەفا کاتێ هەستی بە خەتەری سەرکردایەتی‌ی خێڵەکی‌ی شۆڕشی کورد کرد، تەمەنی لە دەوروبەری ٢٣- ٢٤ ساڵانا بو.
لەو کاتەوە هەتا کۆچی یەکجارەکی‌ی، کە زیاتر لە ٥٠ ساڵ ئەکا، لە رێگەی نوسینی وتار و شیعر و پەخشان و چالاکی‌ی سیاسی‌یەوە هەوڵی داوە میللەتەکەی لەم خەتەرە وشیار بکاتەوە و رێگە لە هەژمونی سیاسی‌ی خێڵ و بنەماڵەی سیاسی بگرێ کێشەی کورد و تواناکانی، بۆ بەرژەوەندی‌ی تایبەتی گروپ و بنەماڵە بەکار بهێنرێ.
لە ناو گەنجە سیاسی و رۆشنبیر‌ی‌یەکانی کوردا، هەزاران کەس هەبون وەکو کاک نەوشیروان لەو خەتەرە گەیشت بون و لە رێگەی وتار و شیعر و چیرۆک و پەخشان و شانۆ و چالاکی‌ی سیاسی‌یەوە شەڕی کۆنەپەرستی و ئاوەزی خێڵەکی‌یانەی سەرکردایەتی شۆڕشیان ئەکرد، بەڵام بنەماڵەی بەرزانی بە تەنیا ترسیان لە نەوشیروان مستەفا هەبو. بۆیە لە شەستەکانی سەدەی رابردوە وە هەمو توانای خۆیان و پارتی‌یان بەکار هێنا بۆ کوشتنی فیزیکی یان مەعنەوی نەوشیروان مستەفا، بەم شێوەیە:
هەوڵی یەکەم:
کوشتنی فیزیکی:
شەوێکی پایزی ساڵی ١٩٦٨، پارتی لە رێگەی (ع. ح. ع. ب. ش)ەوە رومانەیەکی دەستی هاویشتە حەوشەی ماڵی باوکی کاک نەوشیروان، لە گەڕەکی سەرشەقام، سەر شیوی قازی.
هەر زو زانرا بکەر کێ بوە، بەڵام کاک نەوشیروان هەرگیز بیری لە تۆڵەلێکردنەوەی نە کردەوە.

هەوڵی دوەم:
کوشتنی مەعنەوی، ئازاری ١٩٧٠:
دوای دەرچونی بەیانی ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠، چەکدارانی پارتی داخڵی ناو شارەکان بون. کە هاتنە ناو شاری سلێمانی، ژمارەیەک چەکداری جامانەسور پەلاماری چاپخانەکەی گۆڤاری رزگاری‌یان دا و تاڵانیان کرد.
تا ئەو کاتە هەمو شارەکانی کوردستان چاپخانەی وا پێشکەوتویان تیا نە بو.
بەشی زۆری پارەی کڕینی چاپخانەکە بە پارەی باوکی کاک نەوشیروان کڕدرا بو. باوکی دەستەیەک خانوی بۆ فرۆشت بۆ ئەوەی ئەو چاپخانەیە بکڕێ.
پارتی لە باتی ئەوەی ئەو چاپخانەیە بخاتە خزمەتی بزوتنەوەی رۆشنبیری‌ی کوردستان، کە کاک نەوشیروان و هاوڕێکانی هەر بەو نیازە هێنابویانە سلێمانی، بە پارچە پارچەکراوی ئاودیوی ئێرانیان کرد و فرۆشتیان.

هەوڵی سێیەم:
کوشتنی مەعنەوی:
رێکخستنی سیناریۆکەی ئامادەیی سلێمانی‌ی کچان، ئازاری ١٩٧٠:
دو- سێ رۆژ دوای دەرچونی بەیانی ١١ی ئازار، روداوێک روی دا و پاراستنی پارتی بە مەبەستی ناشیرینکردنی ناوبانگی نەوشیروان مستەفا کردی بە سیناریۆیەک و ناویان نا "هاویشتنی رومانە بۆ ناو ئاهەنگی ئامادەیی سلێمانی‌ی کچان" بە فیتی نەوشیروان مستەفا. چیرۆکی سیناریۆکە نە ئەسڵی هەبو نە ئەساس.
لەو سیناریۆیە دا پێنج کەسی بێ تاوان کرانە قوربانی کینەی بنەماڵەی بەرزانی لە نەوشیروان مستەفا.
یەکێک لە قوربانیەکان کە جەمالی ئەحە خورشە (جەمال کۆچەر) بو، ساڵی ٩٧٠ لە بەردەرکی سەرا، کرا بە دارا. سێ کەسی تر یەکی بە ١٠ ساڵ حوکم دران. کە یەکێکیان کاک نەوشیروان بو. دوانەکەی تر یەکی ١٠ ساڵ بە ناهەق زیندانی کران.
بە مەرجێ حوکمدراوەکان نە کاتی روداوەکە لە شوێنی روداوەکە بون و نە ئاگایان لە چیرۆکی روداوەکە بوە و نە سیناریۆی روداوەکە ئەسڵی هەبو. پارتی نفوزی خۆی لەگەڵ بەعس بەکار هێنا و سیناریۆکەی کرد بە راستی و دادگاش بە دڵی بنەماڵە حوکمەکانی دەر کرد.
کەسی پێنجەم‌یش برای یەکێک لە زیندانی کراوەکان بو. کاتێک جەمال ئەکرێ بە دارا و براکەی ئەوی لەگەڵ نابێ. ئەکەوێتە سۆراخی براکەی لە لای پارتی. لەو هاتن و چونەیا بۆ "قصر النهایة"ـی رایات، بێ سەروشوێن ئەکرێ و دوای تێپەڕینی پەنجا ساڵ بەسەر ئەو روداوەدا، هێشتا گۆڕی ونە.
تەواوی درۆکانی سیناریۆکە دۆکیومێنت کراون. لە کاتێکی گونجاوا ئەخرێنە بەر دیدەی خوێنەر.

هەوڵی چوارەم:
کوشتنی فیزیکی:
بەگرتدانی نەوشیروان مستەفا:
لە دوای سیناریۆکەی ئامادەیی سلێمانی‌ی کچان، کاک نەوشیروان بۆ خۆ دورخستنەوە لە گێچەڵی پارتی و پیاوەکانی، بۆ ژیانی یەکجاری، هەتا دەرفەتێک دروست ئەبێ بۆ سەلماندنی بێ تاوانی‌ی خۆی، چوە ماڵی مامە رەزای لە گوندی ناوگردانی شارەزور. شەو و رۆژ لە ماڵی مامی نە ئەهاتە دەرێ.
جار جار هاوڕێ‌یانی شار و سیاسەتی، سەریان لێ ئەدا و بۆ چەن رۆژ یان چەن سەعات لە لای ئەمانەوە. یەکێک لەوانە مامۆستا خەسرەو بابان بو؛ چەن مانگێ شەو و رۆژ لەگەڵی بو. لە سەیدسادق مامۆستا بو. بەیانیان بۆ دەوام ئەچو بۆ ئەوێ. پاش دەوام ئەگەڕایەوە بۆ ناوگردان بۆ لای کاک نەوشیروان.
جار جاریش خزمەکانی ئامۆژنی لە گوندی شاتوان دەعوەتیان ئەکرد. زۆر دڵسۆزی بون. نفوزیان هەبو، لە دورەوە ئاگاداری بون و ئەیان پاراست.
جار جارەش، لەگەڵ حەمەفازڵی ئامۆزای ئەچوە سەیدسادق بۆ سەر چاککردن.
ئاخر جار کە چو بۆ سەر چاککردن و ئیتر نە گەڕایەوە ماڵی مامی، هاوینی ١٩٧٠، مانگی ٧ یان ٨ی ئەو ساڵە بو.
پاراستنی پارتی لە ناو سەیدسادقا سیناریۆیەکیان بۆ رێکخست. کەسێکیان ناردە سەر رێگەی. شەڕێکیان پێ فرۆشت. لە کابرای شەڕفرۆشی دا و ئینزیباتی عەسکەری گرتیان. کە بۆیان دەرکەوت کێیە، گواسترایەوە بۆ سلێمانی بۆ فیرقەی پێنج.
پارتی ویستی بەو گرتنە، لەلای حوکمەتی بەعس ئاشکرای بکا و لەسەر سیناریۆکەی ئامادەیی سلێمانی‌ی کچان بخرێتە زیندانەوە.
بەڵام جەلالی‌یەکان هێشتا شتێک لە نفوز و دەسەڵاتیان مابو. بۆی تێکەوتن و ئازادیان کرد.
ئەو روداوە بوە هۆی ئەوەی بچێت لە بەغا لە نزیک مامۆستا برایم ئەحمەد و مامجەلال بژی و نە گەڕێتەوە بۆ ناوگردان.
ئەو چەن مانگەی لە ناوگردان بو، عەبدولوەهاب ئەتروشی، کە ئەو کاتە ئامرهێز بو و دواتر بو بە جاشی بەعس، تێ‌ی هەڵپێچا بو. چەن جارێک ناردی بە شوێنیا بۆ لێکۆڵینەوە. دیار بو پارتیەکانی ناو گوندەکە راپۆرتیان لێ ئەدا کە لە شارەوە میوانی یەت و لەلای ئەمێننەوە. عەبدولوەهاب‌یش لەسەر میوانەکانی و هۆی مانەوەی لەو ناوە، لێکۆڵینەوەی لەگەڵ ئە کرد.

هەوڵی پێنجەم:
کوشتنی فیزیکی، ساڵی ١٩٩٧:
ساڵی ١٩٩٧، لە دوای بڵاوبونەوەی بەرگی دوەمی بیرەوەری‌یەکانی: (پەنجەکان یەکتری ئەشکێنن)، بنەماڵەی بەرزانی لەسەر ئەوەی لە بەشی (بە بۆنەی مردنی مەلا مستەفاوە: مەلایی و جەلالی لە تەرازودا) نوسی بوی، تەگبیریان کرد بو بی کوژن. مامجەلال بە پیلانەکەی زانی و هەڕەشەی بۆ ناردن.

هەوڵی شەشەم:
کوشتنی مەعنەوی، ساڵی ٢٠١٦:
پارتی، لە باتی بنەماڵەی بەرزانی لە هەولێر شکاتی لە نەوشیروان مستەفا کرد.
سیناریۆیەکیان بۆ رێکخست بو، گۆیا خەڵکی هانداوە دەس لە کونسوڵگەری‌یەکانی وڵاتان لە هەولێر، بوەشێنن.
پارتی زۆری هەوڵ‌دا سیناریۆکەی بەرێتە ئاوەزی کاربەدەسانی کونسولگەری‌یەکان، مایەپوچ دەر چو.
پارێزەرەکانی نەوشیروان مستەفا داوایان لە دادگای هەولێر کرد، دۆسێ‌ی شکاتەکە لە هەولێرەوە بگوێزرێتەوە بۆ سلێمانی. پارتی نەی هێشت. چونکە زانی، ئەگەر دۆسێکە بچێتە سلێمانی، سیناریۆکەیان ئاشکرا ئەبێ.
بە مەرجێ، بە گوێرەی پرەنسیپی قانونی‌ی (الاختصاص المکاني) دادگایی کردنەکە ئەبو لە سلێمانی بێ نەک لە هەولێر.
ئەم تاوانە لە ئەرشیفی دادگای هەولێرا لەسەر نەوشیروان مستەفا ماوە و نە سڕاوەتەوە.

هەوڵی حەوتەم:
کوشتنی مەعنەوی:
لە پاش کۆچی دوایی کاک نەوشیروان فازڵ مەتنی، سکرتێری پارتی و وشیار زێباری، ئەندامی م. س ـی پدک و خاڵی مەسعود بەرزانی، لە دو کات و بۆنەی جیاوازا وتیان: "لە دوای مردنی نەوشیروان مستەفا، بزوتنەوەی گۆڕان ئاقڵ بوە".
مەتنی و زێباری بزانن یان نەزانن، ئەقڵی نەوشیروان بەقەدەر ئەقڵی سەد کەسی وەکو ئەوان بوە. ئەقڵی نەوشیروان لەلایەک و هی رابەر و سەرکردەکانی ٥٠ ساڵی رابردوی پارتی پێکەوە، بە هی سەرکردەکانی ئێستەی گۆڕان‌یشەوە، هێشتا ناگاتە ئەقڵی نەوشیروان مستەفا.
چەتەکانی کوردایەتی، ئەگەر لە سەرەتای راپەڕینەوە بە ئەقڵی نەوشیروانیان بکردایە، ئێستا ئەم هەرێمە هەرێمێکی تر بو. ئاوا سوک و رسوا و قێزەون و لانکەی میلیشیای رەنگاوڕەنگ و گەندەڵکاران و لە قانون یاخی بوەکان و یەکێ لە بوئرە بەناوبانگەکانی دنیای سپیکردنەوەی پارەی رەش نە ئەبو.
ئەو لێدوانانەی مەتنی و زێباری بۆ سوکایەتیکردن بو بە کاک نەوشیروان و بزوتنەوەی گۆڕان و ئامانجەکانی و سەرکردەکانی گۆڕان‌یش، کەچی نوزەیان لێوە نە هات.
مەبەستی پارتی لەو قسە پڕوپوچ و بێ بنەمایە ئەوە بو، کێشەی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی، لە کێشەی سیاسی و فکری‌یەوە بکا بە کێشەی شەخسی نەوشیروان مستەفا لەگەڵ بنەماڵەی بەرزانی و بە مردنی ئەو کێشەکە کۆتایی هاتوە!

بنەماڵەی بەرزانی لە سەرەتای لاوێتی‌ی نەوشیروانا سیناریۆی (هاویشتنی رومانە بۆ ناو ئامادەیی سلێمانی‌ی کچان)ـیان بۆ سازکرد و دەرەقەتی نەهاتن. لە کۆتایی تەمەن‌یشیا سیناریۆی کونسولگەری‌یەکانیان بۆ رێکخست و بە ئاواتی خۆیان نە گەیشتن. ئێستا ئەیانەوێ لە دوای خۆی، بە کوشتنی پرۆژەکەی تۆڵەی لێ بکەنەوە.
بنەماڵەی بەرزانی لە ماوەی پەنجا ساڵا، بە هەمو توانای پارتی و پاراستن و ناوبانگی مەلا مستەفای بەرزانی، نەک نەیان توانی نەوشیروان مستەفا بکوژێ یان بچوک بکاتەوە، بەڵکو هەتا کۆتایی تەمەنی ئێرەیی‌یان بە تواناکانی و کاریزمایی‌یەکەی برد.
دوای خۆشی، ئەگەر سەرکردەکانی گۆڕان و خزمەکانی، بە هەڵگەڕانەوە لە پرەنسیپەکانی نەوشیروان مستەفا، یارمەتیدەر نەبن، تا دنیا دنیایە بنەماڵەی بەرزانی ناتوانن ناوبانگی نەوشیروان لەکەدار بکەن. بە پێچەوانەوە، ئەم بەردەوام گەورە و ئەوان‌یش بەردەوام بچوک ئەبنەوە لە چاوی خەڵکی کوردستانا.

ئامانجی دوەم:
کوشتنی پرۆژەکەی نەوشیروان مستەفا:
بنەماڵەی بەرزانی کە بە پەنجا ساڵ نەوشیروانی فیزیکی و مەعنەوی‌یان پێ نە کوژرا، بە راکێشانی بزوتنەوەی گۆڕان، کە پرۆژەی عومری نەوشیروان بو، بۆ ناو کابینەکەی مەسرور بەرزانی، ویستیان بە بەردێک ژمارەیەک چۆلەکە بکوژن و پرۆژەکەی لە هەست و نەستی خەڵک و دەنگدەرەکانیا دەر بهێنن.
پارتی تەماحی زیاد لە قەبارەی ئینتیخابی خستە بەر سەرکردایەتی گۆڕان بۆ چونە ناو حوکمەت:
# بۆ ئەوەی بە خەڵکی کوردستان بڵێن، بزوتنەوەی گۆڕان پابەندی دروشم و پرەنسیپ و ئامانجەکانی خۆی نیە و بە بڕێ ئیمتیازات دائەسەکنێ و هیچ جیاوازی‌یەکی لەگەڵ پارتی و یەکێتی نیە، کە گۆڕان رەخنەیان لێ ئە گرێ و بە ماکی گەندەڵی‌یان ئەزانێ.
# بۆ ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بەشدار بکا لە گەندەڵی‌ی حوکمڕانیا و بیکا بە پاشکۆی دەسەڵات و بەکاوەخۆ بیباتە سەر پشتیوانیکردنی ئەو سیستمە حوکمڕانی‌یەی خۆی ئەیەوێ و گۆڕان لە پێناوی گۆڕینیا لە دایک بو.
# بۆ ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی جاران (گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتو) لە یەکتر دا بڕێ و لاوازیان کا، تا بە ئاسانی ئیحتوایان بکا.
# بۆ ئەوەی گۆڕان دا بڕێ لە شەقام و لەو رۆشنبیرە بێلایەنانەی بە بێ تەماح پشتیوانی‌یان لە بزوتنەوەی گۆڕان ئە کرد.
# بۆ ئەوەی ئامانجی دروستکردنی ئۆپۆزسیۆن و هێزی ئەڵتەرناتیفی دەسەڵات، لە خەیاڵدانی هەڵسوڕاوانی گۆڕان و خەڵکی کوردستانا، لە رەگەوە دەر کێشێ.
# بۆ ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە دەنگدەرەکانی دابڕێ، لەسەر ئاستی کوردستان خیتابەکەی بێ بایەخ بکا، لە هەڵبژاردنی ئایندەی پەرلەمانی کوردستانا بیکا بە دوکانێکی سیاسی و ئەم مێردەزمەیەی نەوشیروان مستەفا بۆی خولقاندون، لەسەر سنگ‌یان نە مێنێ و بەئارەزوی خۆیان یاری بە چارەنوسی خەڵک و خاکی کوردستان بکەن.
# بۆ ئەوەی بە قازانجی خۆی گۆڕان بۆ ململانێ‌ی یەکێتی بەکاری بهێنێ.
# بۆ ئەوەی لە رێگەی گۆڕانەوە بتوانێ هەژمونی خۆی بگوازێتەوە بۆ ناوچەکانی سلێمانی و گەرمیان.
مەخابن، تا ئێستا بەشێک لەو نیازانە هاتونەتە دی و پارتی هەنگاوی سیستماتیک هەڵەنێ بەرەو نانی فیشەکی رەحمە بە نێوچەوانی پرۆژەکەی نەوشیروان مستەفا وە.

ئامانجی سێیەم:
تەختکردنی رێگە بۆ کابینەکەی مەسرور بەرزانی:
مەسعود بەرزانی بەو رێگەیەی کە خۆی پیا تێپەڕی و بو بە جێگرەوەی باوکی، ئەیەوێ بە هەمان رێگە و شێواز مەسروری کوڕە گەورەی ئامادە بکا بۆ جێگرەوەی خۆی. لەبەر ئەوە ٢ بەردی لەسەر رێگەی لا برد:
بەردی یەکەم:
نێچیروانی برازای بو.
نێچیروانی لە سەرۆکایەتی حوکمەت خست و مەسروری خستە جێگەی. مەسرور ئێستا ممارەسەی دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی وەزیران و بەشێک لە دەسەڵاتەکانی نێچیروان‌یش ئەکا، وەکو جوڵاندنی هێز بۆ شەڕ.

بەردی دوەم:
بزوتنەوەی گۆڕان و ئۆپۆزسیۆن بو.
مەسعود بەرزانی ئەی زانی ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان دەستەمۆ نە کرێ و رۆڵی ئۆپۆزسیۆن ببینێ، لەگەڵ هێزەکانی ترا سەریەشە بۆ مەسروری کوڕی دروست ئەکەن.
پارتی بە سەخاوەتەوە هات بە پیری گۆڕانەوە و بەڵێنی پۆستی زۆر و چاکسازی‌ی پێ دا. بەڵام پارتی، وەکو پیشەی هەمیشەیی خۆی ئەم رێکەوتنەش بە (انتقائي) جێبەجێ ئەکا. گۆڕان بۆ چاکسازی‌ی ریشەیی هەر (ئەم نانە بەو رۆنە)ـی بۆ ماوەتەوە.
هەر کەس و حیزبێکی سیاسی ئەو راستی‌یە فەرامۆش بکا، یان لە پێناوی بەرژەوەندی‌ی تایبەتیا فەرامۆشی ئەکا یاخود هێشتا پارتی و بنەماڵەی بەرزانی نە ناسیوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×