دەنگدان بە کاندیدەکەی پارتی دەنگدانە بە گەندەڵی و نادادی و ناسەقامگیری
مەحمو رەزا ئەمین
2021-01-05   1155
دوای تێپەڕینی ساڵ و نیوێک بەسەر دەسبەکاربونی کابینەکەی
مەسرور بەرزانیا، سەرۆکی کابینەکە کەسێکی کاندید کردوە بە ناوی کەمال ئەتروشی، بۆ
ئەوەی پارلەمانی هەرێم متمانەی بداتێ و ببێ بە وەزیری سامانە سروشتییەکان.
سەرۆکایەتی پارلەمانیش دانیشتنی متمانەبەخشینی خستۆتە
رۆژی ٤شەممە، ٦ی ١ی ٢٠٢١.
لە ماوەی ساڵ و نیوی رابردوا مەسرور بەرزانی بە وەکالەت،
وەزیری ئەم وەزارەتە بوە. وەکالەتەکەی بەرزانی پێشێلکردنی قانونی ژمارە ٣ی ساڵی
١٩٩٢ی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بوە.
بە گوێرەی بڕگەی ٤ی مادەی یەکەمی هەمواری پێنجەمی قانونی
ناوبراو ئەبو ئەو وەزارەتە لە لای قوباد تاڵەبانی بوایە نەک مەسرور بەرزانی. چونکە
دەقە قانونییەکە ئەڵێ: "جێگری سەرەک وەزیران، دەشێ، سەرباری فرمانی پلەکەی
خۆی، جانتایەکی وەزاری بە ئەسڵ یان بە وەکالەت پڕ بکاتەوە".
مەسرور بەرزانی ئەگەر بە تەمای چاکسازی بوایە لەم
وەزارەتەیا، ئەی توانی لە ساڵ و نیوی رابردوا کە خۆی دەسەڵاتی یەکەمی وەزارەت و
حوکمەتیش بوە، بی کا، نەی کرد.
بە هەرحاڵ، کێشەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ وەزارەت و وەزیری
سامانەسروشتییەکان و سیاسەتی نەوتیی هەرێمی کوردستانا ئەوە نیە، وەزیرەکان بە
ئەساڵەت یان وەکالەت بە قانونی یان نا قانونی پۆستەکانیان کەوتۆتە بەر دەست، بەڵکو
کێشەی بنچینەیی خەڵکی کوردستان لەگەڵ ئەم وەزارەتە و سیاسەتی وەزارەتەکەدا ئەوەیە
کە بەردەوام لە دەستێکی نا ئەمینا بون و بەکار هێنراون بۆ گەندەڵی و دەوڵەمەنکردنی
حیزب و فیگەرە دیارەکانی بنەماڵە ئۆلیگارشییەکان و زیادکردن و بەهێزکردنی دەزگا
سەرکوتکەرەکان و کڕینی وەلا و تەزویرکردنی هەڵبژاردنە گشتییەکان و هەژارترکردنی
هەژارەکان و زیادکردنی ژمارەیان.
خەڵکی کوردستان لە ساڵانی رابردوا بە کردەوە بۆیان دەر
کەوتوە کە بنەماڵەی ئۆلیگارشییەکان ئەو دەستە ئەمینە نین کە، سەرچاوەی داهات و
بژێویی خەڵکی کوردستانیان لەبەردەسا بێ. بۆیان دەر کەوتوە کە، هەتا وەزارەتی
سامانە سروشتییەکان و سیاسەتی نەوتی لە دەسی ئەوانا بن، هەرگیز ئەم هەرێمە نە چاک
ئەکرێ و نە سەقامگیری بە خۆیەوە ئەبینێ.
لەبەر ئەوە لە پێشەوە داوا لە هەر ١٢ پارلەمانتارەکەی
بزوتنەوەی گۆڕان و لەگەڵ ئەوانا، داوا لە تەواوی ئەندامانی پارلەمانی کوردستان
ئەکەم، ئەوانەی تۆزێک ویژدانیان هەیە و خۆیان بە نوێنەری خەڵکی کوردستان ئەزانن،
هیچیان دەنگ بە کاندیدەکەی پارتی نەدەن، ئەگەر ئەو کاندیدە یەکێک بێ لە دڵسۆزترین
و پاکترین کەسی ئەم هەرێمەش.
چونکە سیاسەتی نەوتی نە بەدەس وەزیرە و نە سەروی وەزیر، بەڵکو
لە دەس بارەگای بەرزانی و ئەردۆگان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوتایە.
ئەزانم، پارلەمانتارەکانی گۆڕان و هی فراکسیۆنەکانی تریش
دەنگ بدەن یان نەی دەن، فراکسیۆنی پارتی و دەسوپێوەنەکانی ئەتوانن کانیدەکە بکەن
بە وەزیر. با بیکەن و خۆیان بە تەنیا دەرهاویشتە خەتەرەکانی سیاسەتی نەوتیی هەرێم
لە ئەستۆ بگرن و پارلەمانتارانی لایەنەکانی تر نەبن بە کۆمبارس بۆ سیناریۆکانی
نەوتدزەکان.
یەقینم هەیە، هەر
پارلەمانتارێ، تەنانەت لەوانەی پارتی و یەکێتییش، دەنگ بدا بە کاندیدەکەی پارتی،
ئەبێتە شەریکە تاوانی برسیکردنی خەڵک و لاوازکردنی هەرێم و فڕی بە سەر نوێنەرایەتی
راستەقینەی خەڵکەوە نا مێنێ. بۆیە هیوادارم پارلەمانتارەکان بە گوێرەی ویژدانی
خۆیان و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان دەنگ بدەن، نەک بە گوێرەی بەرژەوەندیی
حیزبی و تایبەتی.
هەلێکی زێڕین بۆ پارلەمانتارەکانی هەرێم هەڵ کەوتوە، بڕێ
لە ئازارەکانی ویژدانیان کەم بکەنەوە، کە ئەویش هەلی دەنگ نە دانە بە کاندیدەکەی
پارتی بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەکان.
هەتا ئەم وەزارەتە لە دەس پارتی دەر نە هێنرێ و سیاسەتی
نەوتیی هەرێم راست نە کرێتەوە، چاکسازی بێجگە لە بالۆرە و واهیمە شتێکی تر نا بێ
و باشکردنی ژیانی خەڵک و دیمۆکراتیزەکردنی سیستمی حوکمڕانییش هەرگیز لە خەونێکی
زڕاو واوەتر ناچێ.