قانونی موازەنەی 2021: بەغا دوژمنی هەولێرە؟

مەحمو رەزا ئەمین
  2021-01-07     1587

بەشی کوردی‌ی ماسمیدیای پارتی، ساڵانە، لە کاتی نزیک بونەوە لە قانونی موازەنە، ئەکەوێتە لێدانی بالۆرەی "بەغا دوژمنی هەولێرە"، "شیعە دوژمنی کوردە"، "عەرەب دوژمنی کوردە"، "عیراقی‌یەکان چاویان بە پێشکەوتنەکانی هەرێما هەڵ نایە!". بەڵام میدیای پارتی بە زمانەکانی تر، عەرەبی و ئینگلیزی، بە زمانێکی کە ئەدوێ.

وتاری کوردی‌ی پارتی هەمیشە بە دوای دروستکردنی دوژمنی وەهیمی‌یەوەیە. هەر ئەوەشە وا ئەکا، ساڵانە لە ناو هەولێر و ناوچەکانی هەژمونی پارتیا، روداوی ناشیرین رو بدەن. لە بابەتی ئەوەی شەوی سەری ساڵ، لە ناو هەولێرا بە بەرد و دار و چەقۆ پەلاماری هاوونیشتمانیانی عەرەب زبان و پاس و ئۆتۆمۆبێلی ژمارە هەڵگری شارە عەرەبی‌یەکان درا و زیان بەر ژمارەیەک ئۆتۆمۆبێلی گەشتیارانی عەرەب کەوت.
رۆژێ دواتر، هەمان رەفتار لە ئاکرێ دوبارە کرایەوە.

بۆ بە درۆخستنەوەی وتاری دوژمن سازێنی پارتی، ئەمەوێ لەگەڵ خوێنەرانی کورد زبانا، چاوێک بە پرۆژەقانونی موازەنەی ساڵی 2021ی ئەنجومەنی وەزیرانی حوکمەتی ئیتیحادی‌دا بخشێنم:

یەکەم:
خشتەی 1
پشکی هەرێم و بەغدا و پارێزگاکانی عیراق لە پرۆژەقانونی موازەنەی 2021 دا

سەرچاوەکانی خشتەی 1:

جدول (ب) لمشروع قانون الموازنة لسنة 2021
جمهوریة العراق، وزارة التخطیط، الجهاز المرکزي للاحصاء، تقریر یضم اسقاطات سکان العراق، تم انجازە استنادا لاسقاطات السکان لسنة 2009 باستخدام البرامج الجاهزة (Spectrum, Pasex)، تقدیرات سکان العراق 2015- 2018، تموز 2018


تێبینی:
سەرچاوەی (1)ـی سەرەوە پارێزگای کەرکوکی تیا نە بو.
ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکان لە سەرچاوەی (2) دا، بە رێژەی سەدی بون. نوسەر کردونی بە ژمارە، لەسەر بناغەی ئەوەی، ژمارەی دانیشتوانی عیراق، بە هی هەرێم‌یشەوە، لە هەمان راپۆرتا، لە ساڵی 2021 دا ئەبێ بە 41,190,700 (چلویەک ملیۆن و سەدونەوەد هەزار و حەوتسەد) کەس.
بەرزترین رێژە هی پارێزگای بەغایە %21؛ نزمترین‌یش هی موسەننا ٢%.

شیکردنەوەی خشتەی 1:
ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای بەغا ئەوەنە و نیو (1,5)ـی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمە.
کەچی بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ هەرێم، لە پرۆژەقانونی موازەنەی ساڵی 2021 دا (3,71) جار گەورەترە لە پارەی تەرخانکراو بۆ پارێزگای بەغا.
بەغا گەورەترین شاری عیراقە و پایتەختی سیاسی‌ی حوکمەتی ئیتیحادی‌یشە. بۆ دەوڵەت بایەخی پایتەخت هەمیشە لە هی شارەکانی تر زیاترە.

ژمارەی دانیشتوانی هەرێم (1,89) کەڕەت لە ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای بەسرا زیاترە.
کەچی پارەی تەرخانکراو بۆ هەرێم، لە پرۆژەقانونی موازەنەی ساڵی 2021 دا (8,37) جار لە پارەی تەرخانکراو بۆ بەسرا زیاترە.
بەسرا پایتەختی ئابوری‌ی حوکمەتی ئیتیحادی‌یە و داهاتی نەوتی بەسرا رێژەی %85بودجەی ساڵانەی حوکمەتی ئیتیحادی‌ی پێک ئەهێنێ، بە بەشەکەی هەرێم‌یشەوە.

ژمارەی دانیشتوانی هەرێم (1,51) جار لە ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای نەینەوا زیاترە.
کەچی پارەی تەرخانکراو بۆ هەرێم، لە پرۆژەقانونی موازەنەی ساڵی 2021 دا (35,99) کەڕەت لە پارەی تەرخانکراو بۆ نەینەوا زیاترە.
موسڵ کە پایتەختی پارێزگای نەینەوایە، بە هۆی شەڕی داعشەوە بە یەکجاری خاپور کراوە. بۆ عەرەبی سونەی عیراق، موسڵ بایەخێکی ئێجگار گەورەی هەیە.

ژمارەی دانیشتوانی هەرێم (3,5) کەڕەت لە ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای نەجەف زیاترە.
کەچی پارەی تەرخانکراو بۆ هەرێم، لە پرۆژەقانونی موازەنەی ساڵی 2021 دا (16,23) جار لە پارەی تەرخانکراو بۆ نەجەف زیاترە.
نەجەف مەرقەدی خەلیفەی چوارەمی راشدین، ئیمامی یەکەمی شیعەکانی دنیا، عەلی کوڕی ئەبو تالبی لێ‌یە. بۆ شیعەکانی عیراق و دنیا شارێکی گەلێک پیرۆز و ناوەندێکی دینی و گەشتیاری‌ی پڕ بایەخە.

ژمارەی دانیشتوانی هەرێم (4,67) جار لە ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای کەربەلا زیاترە.
کەچی پارەی تەرخانکراو بۆ هەرێم، لە پرۆژەقانونی موازەنەی ساڵی 2021 دا (17,61) کەڕەت لە پارەی تەرخانکراو بۆ کەربەلا زیاترە. کەربەلا بۆ شیعەکانی عیراق و دنیا، جێگەیەکی گەلێک پیرۆزە.

سیازدە پارێزگای شیعەنشین و سونەنشینی عەرەب، بە کۆی 27,869,609 (بیستوحەت ملیۆن و هەشتسەدوشەستونۆ هەزار و شەشسەدونۆ) کەس ژمارەی دانیشتوانەوە، هەمویان پێکەوە لە بودجەی وەبەرهێنان 322,415,038 (سێسەدوبیستودو ملیار و چوارسەدوپازدە ملیۆن و سیوهەشت دینار) کەمتریان بۆ دا نراوە لە هەرێم کە، ژمارەی دانیشتوانی 5,766,698 (پێنج ملیۆن و حەوتسەدوشەستوشەش هەزار و شەشسەدونەوەدوهەشت هەزار) کەسە.

هەمان سیازدە پارێزگای شیعەنشین و سونەنشینی عەرەب، هەمویان پێکەوە لە بودجەی وەگەڕخستن 188,712,276(سەدوهەشتاوهەشت ملیار و حەوتسەدودوازدە هەزار و دوسەدوحەفتاوشەش دینار) کەمتریان بۆ دا نراوە لە هی هەرێم.

تێکڕای پشکی تاک (معدل حصة الفرد) لە دانیشتوانی ئەو سیازدە پارێزگایە، لە کۆی بودجەی وەگەڕخستن و وەبەرهێنان، بریتی‌یە لە 480,555 (چوارسەدوهەشتا هەزار و پێنجسەدوپەنجاوپێنج دینار). بەڵام تێکڕای پشکی تاکی هەرێم بریتی‌یە لە 2,411,087 (دو ملیۆن و چوارسەدویازدە هەزار و هەشتاوحەوت دینار).
بە واتایەکی تر: بەرکەوتەی هەر تاکێکی هەرێمی کوردستان (5) جار گەورە ترە لە تێکڕای بەرکەوتەی هەر تاکێکی دانیشتوی ئەو 13 پارێزگایەی عیراق.

دوەم:
خشتەی 2
بەشی هەرێم لە (النفقات الحاکمة) لە پرۆژەقانونی موازەنەی 2021 دا

سەرچاوەی خشتەی 2:

جدول (د) للنفقات الحاکمة في مشروع قانون موازنة 2021


شیکرنەوەی خشتەی 2:
بۆ ئەو 6 بابەتەی سەرەوە، پرۆژەقانونی موازەنەی 2021، نۆسەدوبیستوسێ ملیار و چوارسەدوبیستوچوار ملیۆن و شەشسەدوشەش هەزار (923,424,606,000) دیناری لە (نەفەقاتی حاکمە) بۆ هەرێم تەرخان کردوە.
ئەم بڕە بچێتە سەر بودجەی وەگەڕخستن و وەبەرهێنان، بەشی هەرێم لە قانونی موازەنە، لەسەر کاغەز ئەبێ بە 14,827,437,058 (چوارە تڕلیۆن و هەشتسەدوبیستوحەوت ملیار و چوارسەدوسیوحەوت ملیۆن و پەنجاوهەشت هەزار دینار).
ئەگەر 28 ملیۆن دۆلارەکەی بڕگەکانی (سێیەم و چوارەم)ـیشی بۆ زیاد کەین (1 دۆلار: 1450 دینار) 40 ملیار و 600 ملیۆن دیناری تری ئەچێتە سەر و ئەبێ بە 14,868,037,058,000 (چواردە تڕلیۆن و هەشتسەدوشەستوهەشت ملیار و سیوحەت ملیۆن و پەنجاو‌هەشت هەزار دینار).
بڕگەی پێنجەم‌یش ئەمێنێتەوە، کە دیار نیە شمولی چەن پرۆژەی هەرێم ئەکا و بانکی ناوەندی‌ی عیراق چەن پارە بۆ ئەو پرۆژانە دابین ئەکا.

سێیەم:
پرۆژەقانونەکە دەسەڵاتی داوە بە وەزیری دارایی حوکمەتی ئیتیحادی 435 ملیۆن دۆلار لە ئاژانسی یابانی بۆ یارمەتی‌ی ناودەوڵەتی، قەرز بکا بۆ پارەدارکردنی پرۆژەکانی وەزارەتەکان و هەرێمی کوردستان. لەو بڕە 26 ملیۆن دۆلار بۆ تەواوکردنی 2 پرۆژەی هەرێم ئەبێ، لە کەرتەکانی کارەبا و ئاو و ئاوەڕۆ دا.

چوارەم:
پرۆژەقانونەکە دەسەڵاتی داوە بە وەزیری دارایی حوکمەتی ئیتیحادی 414 ملیۆن دۆلار لە بانکی ناودەوڵەتی قەرز بکا، بۆ پارەدارکردنی پرۆژەکانی وەزارەتەکان و هەرێمی کوردستان. لەو قەرزە 2 ملیۆن دۆلار بۆ هەرێمی کوردستان دانراوە.

پێنجەم:
پرۆژەقانونەکە داوا لە بانکی ناوەندی‌ی عیراق و بانکە حوکمەتی‌یەکانی تر ئەکا، پارە بۆ ئەو پرۆژانە دابین بکەن کە رێژەیەکی زۆریان لێ جێبەجێ کراوە. بە پرۆژەکانی هەرێمی کوردستان‌یشەوە.

شەشەم:
پرۆژەقانونەکە لە (مادەی 11/ اولا)دا، دانی بەوەدا ناوە کە حوکمەتی ئیتیحادی قەرزاری بەشە بودجەی ساڵانی (2014- 2019)ـی هەرێمە، کە ئەکاتە دەیان تڕلیۆن دینار و لە پاکتاوکردنی قەرزەکانی هەردولا دا، حساب ئە کرێن.

حەوتەم:
مادەی (11/ثالثا/أ) داوا لە حوکمەتی هەرێم ئەکا، لە دوای مانگێک لە پەسندنی قانونەکە، بەڵگە رەسمی‌یەکانی ئەو قەرزانە پێشکەشی وەزارەتی دارایی حوکمەتی ئیتیحادی بکا، کە بە هۆی نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمەوە، ناچار بوە بیان کا.
ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی، ئەگەر حوکمەتی هەرێم بتوانێ بیسەلمێنێ قەرزی کردوە بۆ مەچەی فەرمانبەران، حوکمەتی ئیتیحادی بۆی ئە بژێرێ.

تێچاندنی یەکەم:
هەمو ئەو دەسکەوتانەی لە پرۆژەقانونی موازەنەی عیراقا بۆ هەرێم جێگیر کراون، لە بەرامبەر ئەوایە: هەرێم رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت تەسلیمی سۆمۆ بکا، لەگەڵ %50ی داهاتی گومرگەکان.
گریمان پرۆژەقانونەکە وەکو خۆی تێ ئەپەڕێ و بەغا و هەولێر وەکو خۆی جێبەجێ‌ی ئەکەن.
لەم حاڵەتەدا هەرێم لە ساڵێکا چەن ئەدا بە بەغا و بەغا لە ساڵێکا چەن ئەدا بە هەرێم؟

هەرێم چەن ئەدا بە بەغا؟
ساڵی 2021 ساڵێکی ئاسایی‌یە. ژمارەی رۆژەکانی ساڵی ئاسایی 365 رۆژە. هەر رۆژێک 250 هەزار بەرمیل نەوت، بە نرخی 42 دۆلار کە (مادەی 1/اولا/ب)ـی پرۆژەقانونی موازەنە دیاری کردوە و هەمان مادە و بڕگە دۆلارێکی بە 1450 دینار شکاندۆتەوە، ئەوا هەرێم لەم ساڵا، بە نەوت 5,557,125,000,000 (پێنج تڕلیۆن و پێنجسەدوپەنجاوحەوت ملیار و سەدوبیستوپێنج ملیۆن دینار) ئەدا بە بەغا.
سەبارەت بە %50ی داهاتی گومرگ، لەبەر نەبونی رۆشنی‌ی لە داهاتی گومرگەکانا، چ وەزارەتی دارایی هەرێم و چ وەزارەتی دارایی حوکمەتی ئیتیحادی، نازانن بە دروستی چەنە. بەڵام حوکمەتی هەرێم لە ساڵانی رابردوا هەرگیز دانی بەوەدا نە ناوە کە داهاتی ساڵانەی گومرگەکان بگاتە تڕلیۆنێک دینار.
لێ، شارەزایانی ئابوری لە بەغا، داهاتی گومرگەکانی هەرێم ئەخەمڵینن بە نزیک یان زیاد لە 5 ملیار دۆلار لە ساڵێکا.
گریمان بەغا 5 ملیاری لەسەر هەرێم کردە ماڵ و بۆ ئەم ساڵ 2 ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری لێ سەند. ئەو بڕە بە دینار ئەکاتە 3,625,000,000,000 (سێ تڕلیۆن و شەشسەدوبیستوپێنج ملیار دینار).
پارەی نەوت و گومرگی هەرێم بۆ بەغا، پێکەوە ئەکەنە 9,182,125,000,000 (نۆ تڕلیۆن و سەدوهەشتاودو ملیار و سەدوبیستوپێنج ملیۆن دینار.
بەو پێیە هەرێم 5,685,912,058,000 (پێنج تڕلیۆن و شەشسەدوهەشتاوپێنج ملیار و نۆسەدودوازدە ملیۆن و پەنجاوهەشت هەزار دینار)ـی قازانجە.

بەڵام بە 2 بەڵگە، لەوە ناچێ بارەگای بەرزانی تیشکی سەوزی بۆ کابینەکەی مەسرور بەرزانی هەڵ کرد بێ، لەگەڵ بەغا رێکەوێ:
بەڵگەی یەکەم:
بۆ پیشاندانی نیازپاکی، ئەبو هەرێم لە 1ی 1ی 2021 ەوە رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی تەسلیمی سۆمۆ بکردایە و چاوەڕوانی پەسندنی قانونی موازەنەی نە کردایە. لە کاتی نوسینی ئەم وتارەیا 7 رۆژ لە ساڵی نوێ تێپەڕیوە، هەرێم هێشتا بەرمیلێک نەوتی نە داوە بە سۆمۆ.
بەڵگەی دوەم:
کابینەکەی مەسرور بەرزانی رۆژی دامەزراندنی سپای عیراقی نە کرد بە پشو. ئەمە هێزە سیاسی‌یەکانی بەغای توڕە کرد. ئەم رەفتارەی هەولێر بەردێکی تری خستە سەر رێگەی بە یەک گەیشتنی هەردو حوکمەت.

لەم هەڵوێستەی کابینەکەی مەسرور بەرزانیا 2 پارادۆکسی کوشندە هەن:
پارادۆکسی یەکەم:
هەرێم لەملاوە ساڵانە داوا لە بەغا ئەکا خەرجی‌ی وەزارەتی پێشمەرگە بخرێتە سەر وەزارەتی بەرگری‌ی عیراق، چونکە بەشێکە لە سیستمی بەرگری‌ی عیراق. کەچی لەولاشەوە دان بە جەژنی دامەزراندنی ئەو وەزارەتەدا نانێ، کە خۆی ئەیەوێ پێشمەرگە بخاتە ژێر رکێفی!

پارادۆکسی دوەم:
لە هەمو رژێمە یەک لەدوا یەکەکانی عیراق، سپای عیراق لە سەردەمی رژێمی حیزبی بەعسا، قورسترین و دڕندانەترین گورزی لە خەڵک و شۆڕشی رزگاری‌ی نیشتمانی‌ی کوردستان داوە. کەچی حیزبی بەعسی هەڵوەشاوە و قاچاخکراو بە دەستور و قانونی عیراقی، لە هەولێری ژێر دەسەڵات و هەژمونی پارتیا، بە ئازادی‌ چالاکی سیاسی ئەکا.
لە دوای مردنی عیززەت دوری، حیزبی بەعسی هەڵوەشاوە (عگلە عبد صکر الکبیسي) دیاری کردوە بۆ جێگرتنەوەی الدوري. ئەم عگلە ناوە ماڵی لە هەولێرە و کۆبونەوەکانی حیزبی بەعس بۆ خۆ رێکخستنەوە، بە ئاشکرا، لە ماڵەکەی ئەما ئەکرێن. بەغاش ئاگاداری ئەم پێوەندی‌یە رۆحی‌یەی نێوان پارتی و ئەو بەعسەیە کە 8 هەزار بەرزانی زیندەبەچاڵ و 180 هەزار خەڵکی کوردستانی بێ سەروشوێن و زیاتر لە 4 هەزار گوندو و شار و شارۆچکەشمانی وێران کرد!   

تێچاندنی دوەم:
 لە هیچ حاڵەتێکا ئەو بڕەی لە پرۆژەقانونەکەیا بۆ هەرێم دیاری کراوە، ئەگەر لە ئەنجومەنی نوێنەران‌یش دەنگی پێ بدرێ، ناگاتە هەرێم. چونکە چ بۆ هەرێم و چ بۆ باقی وەزارەتەکان و پارێزگاکانی عیراق‌یش لەبەر رۆشنایی (الانفاق الفعلي)دا سەرف ئە کرێ.
(الانفاق الفعلي)ـی ساڵی رابردوی حوکمەتی ئیتیحادی بریتی بوە لە 72 تڕلیۆن دینار. لە کاتێکا قەبارەی (الانفاق التخمیني)ـی قانونی موازەنەی ساڵی 2019 (ساڵی پار قانونی موازەنە نە بو) 105,569,686,770,000 (سەدوپێنج تڕلیۆن و پێنجسەدوشەستونۆ ملیار و شەشسەدوهەشتاوشەش ملیۆن و حەوتسەدوحەفتا هەزار دینار) بو.

تێچاندنی سێیەم:
ئەم پرۆژەقانونە لە ئەنجومەنی وەزیرانی حوکمەتی ئیتیحادی دەنگی پێ درا و نێردرا بۆ ئەنجومەنی نوێنەران. ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران 20 کەسن: 19 وەزیر و 1 سەروەزیر.
لەو ژمارەیە تەنیا 3 وەزیر کوردن. ئەوانی تر عەرەبی شیعە و سونەی پارێزگاکانی بەغا و بەسرا و نەجەف و کەربەلا و نەینەوا...ن.
ئەگەر ئەمانە دوژمنی کورد بن و ئەم هەمو دەسکەوتە بۆ دانیشتوانی هەرێم لە پرۆژەقانونەکەدا جێگیر بکەن، ئەوا خەڵکی هەرێم هەرگیز پێویستیان بە دۆست نیە. دوژمنی وا بە پارە ئەکڕدرێ!

تێچاندنی چوارەم:
کورد ئەڵێ: "مانگاشەو سەر لە ئێوارە دیارە".
بە لێدوانی پارلەمانتارەکانی شیعە و سونەدا دیارە، کە رێگە نادەن پشکی هەرێم بەو شێوەیەی لە پرۆژەکەدا هاتوە، جێگیر ببێ.
ئەوەش دوژمنایەتی نیە، بەڵکو مافی دەستوری و قانونی هەر پارلەمانتارێکە کە شەڕ لەسەر بەرژەوەندی‌یەکانی ئەو خەڵکە بکا کە ئەم نوێنەرایەتیان ئەکا.
لە هەرێمی کوردستان‌یش ئەگەر حوکمەت پرۆژەقانونی موازەنەی نارد بۆ پارلەمان، ئەرکی دەستوری و قانونی و ئەخلاقی‌ی هەمو پارلەمانتارەکانی خەتی دێگەڵە بەرەوخوارە کە، شەڕی جدی لەسەر بەشە بودجەی ناوچەکانیان بکەن.
چونکە پارتی لە سەردەمی شەڕی ناوخۆ و دواتر لە سەردەمی "ئابوری‌ی سەربەخۆ!"وە، دەسی گرتوە بەسەر زۆربەی داهاتی هەرێما و بە ئارەزوی خۆی بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەکاری ئەهێنێ. بە پلان‌یش هەوڵی خنکاندنی سلێمانی داوە.

چ ئەو شەڕەی پارلەمانتارەکانی عیراق بە تەمان لەسەر کەمکردنەوەی بەشە بودجەی هەرێم بی کەن، چ ئەو شەڕەی ئەبێ نوێنەرەکانی خەتی دێگەڵە بەرەوخوار، لە پارلەمانی کوردستان، لەسەر بەشە بودجەی ناوچەکانیان بی کەن، شەڕی دەستورین نەک دوژمنایەتی هیچ لایەک بۆ لایەکەی تر.
چونکە:
# بە گوێرەی مادەی (112/اولا)ـی دەستور بێ، ئەبێ بەشی پارێزگای نەینەوا، لە ناو نەینەواشا، بەشی شاری موسڵ، لە بەشی هەمو شار و پارێزگاکانی تر زۆر تر بێ، ئینجا ئەو ناوچە و پارێزگا و شارانە یەن کە داعش داگیری کرد بون و بە وێرانکراوی ئازاد کرانەوە.
# بە گوێرەی مادەی 14ـی دەستوریش بێ، هاووڵاتیانی عیراق ئەبێ لە هەمو مافێکا وەک یەک بن.

دڵنیام هەن، لەوانەی وتاری تەنگبینی‌ و پرۆپاگەندەی چەتەکانی کوردایەتی هۆشی لێ سەندونەتەوە و شوێن رەشایی و ئاوەزی خێڵ کەوتون، ئەنواع و ئەشکاڵ تانەی سوک لەم بۆچونەم ئەدەن.
بەڵام ئەگەر بمانەوێ دەوڵەتێک بۆ هەموان چێ کەین و ئێستە و ئایندە پێکەوە بە ئارامی بژین، ئەبێ هەنگاوی یەکەممان هێنانەدی‌ی دادپەروەری بێ لە ناو دانیشتوانی هەرێم لە لایەک و لە نێوان دانیشتوانی هەرێم و دانیشتوانی ناوچەکانی تری عیراقا، لە لایەکی ترەوە.

بە کوردی و کرمانجی، نە بەغا دوژمنی هەولێرە و نە هەولێر هی بەغا.
ئەگەر بشێ کەسانێک بە دوژمنی هەردولا دیاری کەین، رەنگە ئەوانە بگرێتەوە کە بۆ بەرژەوەندی‌ی تایبەتی خۆیان و حیزب و خێزان‌یان بەردەوام وتاری بوغزاندن و سازاندنی دوژمنی وەهمی بڵاو ئەکەنەوە و مێشکی لایەنگرانی خۆیانی پێ پڕ ئەکەن، لە پێناوی ئەوەی درێژە بە تەمەنی نفوز و دەسەڵاتیان بدەن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×