مامۆستایانی کوردستان و سیاسی‌یە مونافیقەکانی کورد!

مەحمو رەزا ئەمین
  2021-05-15     704
رۆژی شەممە، ١٥ی ٥ی ٢٠٢١ پەنجاونۆهەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکێتی‌ی مامۆستایانی کوردستان و یەکەمین ساڵڕۆژی دەسبەسەرکردنی مامۆستا بەدەل بەرواری‌ بو. رێکەوتێکی سەیرە!
لەم یادەدا حیزب و سەرکردە مونافیقەکانی کوردستان پەیامی پیرۆزبایی‌یان نارد بۆ مامۆستایانی کوردستان و مونافیقانە شانازی‌یان کرد بە توێژی کۆمەڵایەتی‌ی مامۆستایانەوە، گۆیا، لە پای ئەوەی مناڵی کوردیان بە گیانی نیشتمانپەروەری و خۆشویستنی نیشتمانەوە پەروەردە کردوە! وەکو ئەوەی خۆیان ئەوەنە باکی نیشتمان و نیشتمانپەروەرێتی‌یان پێوە مابێ!

کەسێک ئاگای لە وەزعی مامۆستایانی کوردستان نە بێ و لە دورەوە، لە میانی پەیامی پیرۆزبایی سەرکردە و حیزبە مونافیقەکانی کوردستانەوە مامۆستای کورد بناسێ، بەغیلی بە پایەی کۆمەڵایەتی و باری گوزەران‌یان ئەبا. کەچی مامۆستایانی کوردستان، وەکو باقی چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردستان، دەیان ساڵە بە دەس زوڵم و ستەم و نیفاقی سەرەزلەکانی کوردەوە ئەناڵینن. ناڵینێک کە هەرگیز لە سایەی رژێمە سەرکوتکەرەکانی پێش راپەڕین‌دا نەیان چەشتوە. تەنانەت بەعسی‌یەکان‌یش بە بەعسێتی خۆیان بەقەدەر حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کورد و سەرکردە مونافیقەکانیان ئازاری رۆح و ویژدانی مامۆستایانی کوردستان‌یان نە دا.

راستەخۆ لە دوای راپەڕینەوە حیزبە حوکمڕانەکانی هەرێم دەستیان خستە ناو تەواوی کایەکانی ژیان و دەزگا و دایەرەکانی حوکمڕانی‌یەوە. لە هەمویانا فەزڵی کوڕ و کیژێکی نەزان و نەخوێنەوار و بێ تەجروبەی حیزب‌یان دا بەسەر شارەزا مەسلەکی و خاوەن تەجروبەکانا. کاریان گەیاندە ئەوەی لە زانکۆکان‌یشا قوتابی‌یەکی یەکێتی‌یەکانی حیزب ئەمر بکا بەسەر مامۆستاکەی و راگری بەشەکەی و سەرۆکی زانستگاکەیا، شتێک کە بەعسی‌یەکان‌یش بەو ناشیرینی‌یەی ئەمان لە نزیکەی چارەکە سەدەیەکا لە کوردستان، پێ‌ی نە گەیشت بون!

ئەو حیزب و سەرکردە مونافیقانەی کورد کە لەم یادەدا مامۆستایانی کوردستان‌یان پەیامباران و بروسکەباران کرد، یان خۆیان گێلن یاخود خەڵکی کوردستان بە گشتی و مامۆستایانی کوردستان بە تایبەتی، بە گێل ئەزانن. ئەگینا کێ هەیە، ئێستا تەمەنی ١٠ ساڵ بەرەوژور بێ و ئاگاداری ئەو هەمو سوکایەتی و نانبڕین و تێهەڵدانەی مامۆستایان نە بێ کە چەتەکانی کوردایەتی لە رێگەی سەرسەری و چەقۆکێش و شەقوەشێنەکانی حیزبەوە، بە بەرچاوی زومی کامێراکانەوە، بە مامۆستایانی کوردستانی ئە کەن؟
لەم یادەدا پێویست بەوە ناکا زاکیرەی خەڵک بجوڵێنم و سوکایەتی‌یەکانی سەرکردە مونافیقەکانی حیزبەکان، بەرامبەر بە توێژی مامۆستایان و باقی چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردستان‌یان بیر بخەمەوە. ئەوەنە بەسە لێیان بپرسین: مامۆستا بەدەل بەرواری‌تان لەسەر چی گرتوە؟
لە پەنجاونۆهەمین ساڵیادی یەکێتی‌ی مامۆستایانی کوردستانا، ساڵێک بەسەر رفاندن و دەسبەسەرکردنی مامۆستا بەدەل بەرواری‌دا تێ پەڕی. بە "تاوان!"ـی ئەوەی ساڵێک لەمەوبەر نیازی هەبوە خۆپیشاندان بکا بۆ داواکردنی مافی خۆی و مامۆستاکانی هاوڕێ‌ی!

کەسێک تۆسقاڵێک ئابڕوی هەبێ، بەو ئاشکرایی‌یە مومارەسەی نیفاق ناکا:
بەڵتەجی‌یەکانی بەر بداتە مامۆستا بەشەق لە ناوگەڵی هەڵ بدەن، لەسەر ئەوەی جورئەتی کردوە چۆتە سەر شەقام داوای موچەکەی بکا!
لە نیوەشەوا دەزگا سەرکوتکەرەکانی بنێریتە سەر مامۆستا بی فڕێنن، چونکە نیازی هێناوە سبەینێ بچێتە سەر شەقام داوای مافی خۆی بکا!
کەچی لە یادی دامەزراندنی یەکێتی‌یەکەیانا شانامەی کوردایەتی بە باڵای مامۆستایا هەڵ بدەی!

بە راستی سەرکردەکانی کورد هەر لە دزینی قوتی خەڵک و سامانی نیشتمانیا یەکەم نین، بەڵکو لە نیفاقیشا یەکەمی مونافیقەکانی جیهانن!    

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×