ئاوڕدانەوەیەک بۆ دواوە:
پێویست ئەکا ئاوڕێک لەو زەمان و زەمینە بدەینەوە کە
بزوتنەوەی گۆڕانی تیا لە دایک بو. بۆ دیاریکردنی هەلومەرجی ئەو کاتە، پشت بە
ژمارەیەک وتاری کاک نەوشیروان ئەبەستم، کە داینەمۆی دروستکردنی بزوتنەوەی گۆڕان
بو:
"... لە کوردستان هەر سێ دەسەڵاتی: تەشریعی، تەنفیزی و قەزائی
دامەزراون... بەڵام هەر سێکیان لە لایەن حیزبەوە دروست کراون و حیزب ئاراستەیان
ئەکا و بە پێی فەرمان و رێنمایی و ئامۆژگاریی حیزب و لەو چوارچێوە سنوردارەدا
ئەجوڵێن کە حیزب بۆی دیاری کردون.... یەکێ لە گەورەترین هەڵەکانی حیزبەکانی کوردستان، لە کاتی دامەزراندنی
بەڕێوەبەرایەتیی کوردیدا، لە دوای راپەڕین، تێکەڵاوکردنی دەسەڵاتی حیزب و حکومەت
بو. ئەو هەڵەیەی کۆمەڵی کوردی دوچاری دەردی گران کرد، لە سەرو هەمویانەوە شەڕی
ناوخۆ، میدیای دەسبەسەر، بێدادیی کۆمەڵایەتی و گەندەڵیی جۆراوجۆر"(١)
"... سودمەندانی گەندەڵی،
زۆرجار کە باسی گیروگرفتەکان ئەکەن بۆ ئەوەی رەهەندی سیاسی، کارگێڕی، دارایی،
کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیی گەندەڵی بشارنەوە، قەیرانی چەند پاڵوی ئێستای کوردستان لە
مەسەلەی پارەوپول و دەوڵەمەن بونی چەند کەسێکا پچوک ئەکەنەوە.
"... راستە پێکەوەنانی ناقانونی پارەوپول بەشێکە لە قەیرانی
گەندەڵی، بەڵام گەندەڵی.. وەکو گانگرین چۆتە جەستەی حیزب و حکومەتەوە، لە هەمو
بوارەکانی ژیانی کۆمەڵەکەمانا رەنگی داوەتەوە..
"... پێکهێنانی ئەنجومەنی
وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە مێژوی کوردا بە وەرچەرخانێکی سیاسیی گرنگ دا ئەنرێ.
بەڵام لە هەمان کاتدا تەجروبەیەکە رەنگە تایبەت بێ بە کورد خۆی و لە وڵاتانی تری
دنیادا نمونەی نە بێ. یەکەمین وەزارەت کە پێک هات سەرکردایەتی یەکێتی و پارتی
رێککەوتن:
"... وەزیرەکان خۆیان دایان بنێن، بێ پرسی سەرۆکی وەزیران، بێ
دەنگدانی ئازادی پارلەمان.
"... ئەنجومەنی وەزیران کە
ئەبێ بەرزترین دەسەڵاتی تەنفیزیی وڵات بێ، بۆتە بەڕێوەبەری وەزارەتەکانیان. لە
سەرو ئەوانەوە حیزب دەسەڵاتی تەنفیزیی راستەقینەیە لە کوردستان:
حیزب وەکیلی وەزیر و خەبیر و موستەشار دا ئەنێ
حیزب بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری فەرمانگەکان دا ئەنێ
حیزب قایمقام و مودیر ناحیە و سەرۆکی شارەوانی دا ئەنێ
حیزب کارمەندی گەورە و بچوک دا ئەنێ
بە واتەیەکی تر: دەسەڵاتی حیزب لە سەرو دەسەڵاتی تەنفیزییەوەیە...
"... ئەرکی یەکەمی پارلەمان، باوەڕ بەخشین و باوەڕ سەندنەوەیە
لە سەروەزیران و وەزیرەکان. بەڵام سەرکردایەتی هەردو حیزب بە کردەوە ئەم مافەیان
لە پارلەمان سەندەوە. ئەوانەیان بە وەزیر سەپاند کە خۆیان ئەیان ویست، بێ ئەوەی رێ
بدەن بە پارلەمان هیچ کەسێکیان رەت بکاتەوە...
"... یەکێتی و پارتی
داوودەزگای قەزایییشیان خستە ژێر دەسەڵاتی حیزبەوە:
حیزب وەزیری عەدل دا ئەنێ
حیزب ئەندامانی مەحکەمەی تەمیز دا ئەنێ
حیزب ئەندامانی مەجلیسی قەزا دا ئەنێ
حیزب حاکم دا ئەنێ
حیزب مدعی عام و نائیبی مدعی عام دا ئەنێ
حیزب کاتبی عەدل دا ئەنێ
حیزب بەشی زۆری کارمەندانی گەورە و پچوکی داوودەزگای قەزایی دا ئەنێ
"... سەرکردایەتی کورد،
ئەویش بە لاسایی کردنەوەی بەعس، لە سەر حسابی پشتگوێخستنی پێوەری زانستی و
ئاکادیمی، هەوڵی دا زانکۆ بکاتە مەڵبەندی حیزبایەتی:
حیزب بۆ مەبەستی سیاسی، زانکۆی نوێ، کۆلیجی نوێ، پەیمانگای نوێ ئەکاتەوە. بێ ئەوەی گوێ بداتە دابینکردنی پێویستییەکانی جێبەجێکردنی
حیزب سەرۆکی زانکۆ، راگری کۆلیج، سەرۆکی بەش، تەنانەت کارمەند و فەرمانبەرەکانی دا ئەنێ
حیزب لە رێگەی رێکخستنی حیزبی و لە رێگەی رێکخراوەکانی قوتابیان و خوێندکارانەوە، دەس ئەخاتە ناو کاروباری زانکۆوە
حیزب دەوری سەرەکی هەیە لە دیاریکردنی خوێندکارانی خوێندنی باڵای ماجستێر و دکتۆرا دا
حیزب پێڕەوی پێوەری کارگێڕی و زانستی و قانونی ناکا لە دابەشکردنی کار و زەوی و پێشخستن و سەفەری دەرەوەدا، بە سەر مامۆستا و کارمەندەکانی دا.."(٢)
"لە پاش ١٦ ساڵ حوکمڕانی،
گوێ لە هەر هاووڵاتییەکی کوردستانی بگری، بە دەنگی بەرز و بە ئاشکرا ناڕەزایی دەر
ئەبڕێ:
ناڕەزایی دەر ئەبڕێ لە سەر کەمی خزمەتگوزاری
ناڕەزایی دەر ئە بڕێ لە سەر خراپیی "ئەدائی" دائیرەکانی حکومەت
ناڕەزایی دەر ئە بڕێ لە سەر جیاوازیکردن لە نێوان کابرایەکی حیزبی و کابرایەکی ناحیزبی و لە نێوان حیزبییەک و حیزبییەکی تردا
ناڕەزایی دەر ئە بڕێ لە سەر بێعەدالەتی
ناڕەزایی دەر ئە بڕێ لە سەر هەڵسوکەوتی کاربەدەستانی باڵا.
ئەم ناڕەزایییە لە ناو هەمو توێژەکانی کۆمەڵدا لە هەمو
بوارەکانی ژیاندا ئەبیسترێ و بە شێوەی جۆراوجۆر دەر ئە بڕدرێ.
"...
رۆژ بە رۆژ گلە و گازندە، سکاڵا، بێزاری، ناڕەزایی، توڕەیی، رەخنە، ئاهونزولە،
تەنانەت جنێو و دوعای شەڕ، زیاد ئەکا، کۆ ئەبێتەوە و کەڵەکە ئەبێ و ئەبێتە دیاردەی
گشتی و خوی کۆمەڵایەتی. سەرەڕای گەورەبونی بەردەوامی ئەم دەرکەوتە مەترسیدارە،
دەسەڵاتدارانی وڵات، نە ئەبیستن و نە ئەبینن، نە هیچ هەنگاوێکی جدی ئەنێن بۆ
چارەسەرکردنی"(٣)
بزوتنەوەی گۆڕان زادە و لەدایکبوی ئەو هەلومەرجە سەختەی
ئەو زەمانە بو. بەڵام ئێستا و دوای تێپەڕینی ١٢- ١٣ ساڵ بە سەر رەخنەکانی کاک
نەوشیروانا، هەلومەرج لەسەر هەمو ئاستەکانی: سیاسی و ئابوری و کارگێڕی و
کۆمەڵایەتی؛ تەشریعی و تەنفیزی و قەزایی؛ خزمەتگوزاریی جۆراجۆر و گەندەڵی و
نادادی و زوڵم و ستەم و ژیان و بژێویی خەڵک، زۆر لەو زەمانە قوڵتر و گەورەتر و
مەترسیدارترن.
ئێستا ئێمە لە ئاستانەی فەشەلی یەکجارەکی دەسەڵات و
حوکمڕانیی چەتەکانی کوردایەتی داین. کەچی تازە بە تازە سەرۆکارانی بزوتنەوەی
گۆڕان لاف لێ ئەدەن کە "چونەتە ناو حوکمەت بۆ ئەوەی چاکی بکەن". ئەو
لافەی کە هەرگیز نایەتە دی.
سیاسەتی نەوتیی بزوتنەوەی گۆڕان:
بزوتنەوەی گۆڕان ئەبو سیاسەتێکی نەوتیی رۆشنی هەبوایە.
بەندە، ساڵی ٢٠١٠، لە کۆبونەوەیەکی فراوانی هەڵسوڕاوانی
گۆڕانا لە گردەکە، پێشنیارم کرد سیاسەتێکی نەوتیی تایبەت بە (وزە)مان هەبێ.
هەروەها داوام کرد لیژنەیەکی تایبەتی بۆ دیراسەکردن و پێشنیارکردنی سیاسەتێکی
نەوتیی تایبەت بە بزوتنەوەی گۆڕان، پێک بهێنرێ.
کۆبونەوەکە بڕیاری دروستکردنی لیژنەکەی دا و ئەرکی
دروستکردن و سەرپەرشتیکردنیشی خستە ئەستۆم. ئەو کاتە هێشتا ژورەکان دروست نە کرا
بون.
لیژنەکە دروست کرا و لەماوەی چەن مانگێکا، چەن
کۆبونەوەیەکی لەگەڵ چەن شارەزایەکی بواری نەوتا ئەنجام دا. راپۆرتێکی ٢٠ لاپەڕەیی
نوسرا و درا بە سەرکردایەتی ئەو دەمی گۆڕان.
راپۆرتەکە زیاتر لە ٢٠ خەتەر و خەلەلی سیاسەتی نەوتیی
هەرێمی دیاری کرد بو. بۆ هەر خەلەل و خەتەرێک پێشنیاری چارەسەری کرد بو. داواشی
کرد بو، بزوتنەوەی گۆڕان هەمو توانای بخاتە گەڕ بۆ رێگەگرتن لە ئیمزاکردنی
گرێبەستی تری نەوتی و کاریش بکا بۆ هەموارکردنەوەی هەمو ئەو گرێبەستانەی
وەزارەتەکەی ئاشتی هەورامی لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکانا ئیمزای کرد بون.
مەخابن ئەو راپۆرتە ئیشی لەسەر نە کرا. بەڵام کاک
نەوشیروان ٣ ساڵ پێشی ئەو راپۆرتە، لە وتاری (کێشەی نەوت: لە نێوان حکومەتی
ناوەندی و حکومەتی هەرێم دا) هەنێ بیروڕای خۆی دەر بڕیوە، بۆ تێگەیشتن لە رەئی
ئەو، وەکو بەدیلی رەئی گۆڕان، چەن پەرەگرافێکی را ئەگوێزم بۆ ئێرە:
"... گرێبەستەکانی ئیمزا
کراون و قانونی نەوت و غازی کوردستان هەرچی بەند و باوێکی بە دواوە بێ و هەرچی
تانەیەکی لێ بدرێ و هەرچی قسە و باسێکیان لە سەر بکرێ، هێشتا بە هەنگاوێکی زۆر
گرنگ دا ئەنرێ لە بواری کەڵک وەرگرتن لە سامانی سروشتیی کوردستان و بنیاتنانی
ژێرخانی ئابوریدا و لە بواری دابینکردنی پێویستییە ژیانییەکانی خەڵکی کوردستاندا،
بە تایبەتی سوتەمەنی و کارەبا...
"...
بەڵام گەورەترین مەترسی لە سەر ئەم گرێبەستانە ئەوەیە لە تاریکیدا، لە ژوری
داخراودا، بێ ئاگاداریی خەڵکی کوردستان، تەنانەت بێ ئاگاداری شارەزا و پسپۆڕی ئەم
بوارە، ئەنجام ئەدرێن...
"... بۆ
ئەوەی حکومەتی هەرێم لەم ململانێیەدا لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا بەهێز بێ، ئەبێ
پشت ئەستور بێ بە پشتیوانیی خەڵک. بۆ ئەوەی پشتیوانیی خەڵک بە دەس بهێنێ، ئەبێ
لە هەمو هەنگاوەکانیدا لە رۆشناییدا بە ئاشکرا کار بکا"(٤)
کاک نەوشیروان کاتێک ئەم وتارەی نوسیوە کە هێشتا دۆسێی
نەوتی هەرێم و گرێبەستەکانی، لە سەرەتای سەرەتادا بون و هیچ ئاسەوارێکی خراپیان لێ
دەر نە کەوت بو. لەگەڵ ئەوەشا خوێنەر ئەگەر بچیتەوە سەر ئەسڵی وتارەکەی، ئەبینێ کە
لەو وتارەدا چەن خەلەل و خەتەری گرێبەستەکانی نەوتی دیاری کردوە، وەکو:
گرێبەستەکان لە تاریکی و ژوری داخراوا ئیمزا کراون
نەبونەتە هۆی دابینکردنی سوتەمەنی و کارەبا بۆ هاووڵاتیان
ژێرخانی ئابوریی وڵاتیان وێران کردوە
نە زانراوە لایەنی گفتوگۆکەری کوردی کێ بوە!
نە زانراوە کۆمپانیا بیانیەکان کێ بون!
نە زانراوە گفتوگۆکان لەسەر چی بون!
نە زانراوە سەرمایەی جێبەجێکردنی قۆناغەکانی، کێ دابینی کردوە و مەرجەکانی چی بون و دوایی ئەم سەرمایەیە چۆن وەر ئەگیرێتەوە!
نە زانراوە داهات و قازانجی نەوت چۆن دابەش ئەکرێ و پشکی کۆمپانیاکان و خەڵکی ناوچەکە و هی حوکمەتی هەرێم و حوکمەتی بەغا چەنە!
بەڵام
ساڵانێک دواتر کە، وردە وردە خەتەر و خەلەلەکانی سیاسەتی نەوتیی هەرێم دەر کەوتن،
زۆر جار لە کۆڕ و دەمەتەقێکانیا کە دۆسێی نەوت ئەهاتە ناو باس، ئەی وت:
"ئاشتی هەورامی باش هەمومانی خەڵەتاند".
کاندیدی نوێی پارتی بۆ وەزارەتی
سامانەسروشتییەکان و هەڵوێستی پارلەمانتارانی گۆڕان!
پاش تێپەڕبونی ١٣ ساڵ بەسەر نوسینی ئەو وتارە و دەربڕینی
ئەو هەمو گومانەدا، دۆسێی نەوت ئێستا لەوکاتە زۆر تاریکتر و ناشەفافتر و گەندەڵتر
و خەتەرترە و تەواو پێچەوانەی روئیای تەڵخاویی بزوتنەوەی گۆڕانیشە. بەردەوامیش
لە خراپەوە هەنگاو ئەنێ بۆ خراپتر.
. زەرەرمەندی یەکەم لە هەمو ئەو
خەلەل و گومانانە، خاک و خەڵکی کوردستان و سودمەندی یەکەمیش خێزانە ئۆلیگارشییەکانن
کە، توانیویانە بە داهاتی ناڕۆشنی نەوت قوڵتر رەگی خۆیان داکوتن و دەوڵەمەنتر بن و
ژمارەی دەزگا داپڵۆسێنەرەکانیش لەوکاتە زۆر زیاتر و دڕتر بکەن.
هەرچەن سیاسەتی نەوتیی هەرێم بە رێژەی نزیک لە ١٠٠% لە
لایەن بنەماڵەی بەرزانییەوە داڕێژراوە و سودمەندی گەورە ئەوانن لە داهاتی نەوت،
بەڵام یەکێتیی نیشتمانی بە پلەی یەک و حیزبەکانی تریش بە پلەی جیاجیا، بەشدارن لە
شکستی سیاسەتی نەوتیی هەرێم "ئابوریی سەربەخۆ" دا.
یەکێتی لەبەر ئەوەی وەکو پارتی، رێکخستنێکی پانوپۆڕ و
هێزی میلیشیایی هەیە و پشکی داهاتی نەوتی بەرکەوتوە و چەپەڵی و دەسپیسی لە سامانی
نەوت و غازا کردوە و بۆ رێگەگرتن لە سیاسەتی هەڵەی نەوت، هیچ کاردانەوەیەکی نەبوە،
لایەنەکانی تریش لەبەر ئەوەی تا ئێستا وا رەفتار لەگەڵ دۆسێی نەوت و وەزارەتی
سامانەسروشتییەکان ئەکەن، وەکو ئەوەی موڵکی صرفی بنەماڵەی بەرزانی بن و ئەوان
ئازادن، بە خێری خۆیان چەنێ لە داهاتەکەی ئەدەنەوە بە خەڵک!.
ئەوەی سەیر و مایەی سەرسوڕمانە، ئەوەیە کە لەم کابینە
نوێیەدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کە فیگەرێکی بنەماڵەی بەرزانییە و لە شکستی
سیاسەتی نەوتیی هەرێما پشکی هەیە، بە ناقانونی پۆستی وەزارەتی سامانەسروشتییەکانی
بردوە بۆ خۆی (سەیری ئەم وتارەم بکە: https://www.awene.com/article?no=12174&auther=1432)، بێ ئەوەی
یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان، کە بەشداری حوکمەتن، بچوکترین ئیعتراز لە سەر ئەم
قانونشکێنییە دەر بڕن.
سەرەڕای شکستی سیاسەتی نەوتیی بنەماڵەی بەرزانی و
رسوابونی هەرێم لە سایەی ئەم سیاسەتەدا، ئێستا پارتی شێخ بازی خاوەنی کۆمپانیای کار و خاوەنی پاڵاوگەی نەوتی
کەڵەک و خاوەنی نزیک لە نیوەی بۆریی گواستنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی، کاندید کردوە ببێ بە وەزیری سامانەسروشتییەکان. بە مەرجێ پارتییش وەکو
حیزب، لە زەرەرمەندەکانی سیاسەتی نەوتە، چونکە ناوی زڕاوە و، لە دۆسێی گەندەڵیی
نەوت و غازدا باجی دەسکەوتەکانی ئەندامانی بنەماڵەی بەرزانی ئەدا. ئەمە بۆ یەکێتیی
نیشتمانیی کوردستانیش هەر وایە.
ئەم کاندیدە، ئەگەر لە پارلەمان تێپەڕێ و ببێ بە وەزیر،
چەندین خەتەری گەورە بۆ هەرێمی کوردستان دروست ئەکا، لەوانە:
یەکەم:
پارتی و بنەماڵەی بەرزانی لە سیاسەتی نەوتیی هەرێما بە
یەکجاری شکستیان هێناوە. بۆیە نابێ رێگە بدرێ ئەم وەزارەتە وەرگرنەوە. پێویستە
باجی شکستەکە بدەن.
دوەم:
ئەم کاندیدە یەکێکە لە موستەفیدە گەورەکانی گەندەڵیی
دۆسێی نەوت و غاز. لە سایەی ئەم گەندەڵییەدا، لە هیچەوە بوە بە خاوەنی ملیاران
دۆلار، کە نازانرێ چۆنی پەیا کردون.
سێیەم:
ئەگەر شێخ باز ببێ بە وەزیر، شتێ دروست ئەبێ کە پێی
ئەوترێ (تضارب المصالح). بە مانا: شێخ باز لە نێوان بەرژەوەندیی کۆمپانیاکانی خۆی
و وەلینیعمەتەکانیا لە لایەک و بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان لە لایەکی ترەوە،
بەرژەوەندی خۆی و وەلینیعمەتەکانی هەڵەبژێرێ و لە ئاشتی هەورامی خراپترمان پێ
نەکا، هەرگیز ناتوانێ لەو باشتر بکا. چونکە، ئەگەر ئاشتی هەورامی بە ملیۆنان دۆلار
قازانجی لە گەندەڵیی نەوت و غاز کرد بێ، قازانجی شێخ باز بە ملیاران دۆلارە.
چوارەم:
گەورەترین و خەتەرترین سەرچاوەی گەندەڵی ئەم وەزارەتەیە.
هەتا ئەم وەزارەتە لەدەستی بنەماڵەی بەرزانی و دەسوپێوەنەکانیا بێ، چاکسازیکردن
بێجگە لە ئیدیعایەکی پڕوپوچ هیچ شتێکی کە نیە.
لەبەر ئەو هۆیانەی سەرەوە، نابێ پارلەمانتارەکانی
بزوتنەوەی گۆڕان دەنگ بدەن بە شێخ باز ببێ بە وەزیر. نەک هەر شێخ باز، بەڵکو ئەرکی
سەرشانی پارلەمانتارەکانی گۆڕانە کە دەنگ بە هیچ کاندیدێکی پارتی نە دەن ببێ بە
وەزیری سامانەسروشتییەکان. چونکە سیاسەتی نەوتیی بنەماڵەی بەرزانی شکستی
یەکجارەکی هێناوە و هەر کاندیدێکی تریان ببێ بە وەزیری ئەم وەزارەتە، لەسەر هەمان
رێچکە ئەڕوا کە، ئەنجامەکەی دەوڵەمەنترکردنی ئەندامانی بنەماڵە سیاسییەکان و
وێرانترکردنی ئابوری و ژینگەی کوردستانە.
لە لایەکی ترەوە، دەنگدان بە هەر کاندیدێکی پارتی،
پارلەمانتار دوچاری "الحنث بالیمین" ئەکا. چونکە سوێندی بە خوای گەورە
خواردوە کە: "پارێزگاریی یەکێتیی گەل و خاکی کوردستانی عیراق و بەرژەوەندییە
باڵاکانی بکا".
ئەگەر پارتی، دوای ئەو هەمو گەندەڵییە لە دۆسێی نەوت و
ئەو هەمو شکستە لە سیاسەتی نەوتیدا بەسەر هەرێمی کوردستانیا هێناوە، جارێکی کە
ئەم وەزارەتە وەر بگرێتەوە، ئەوا گەورەترین زەربە بەر "بەرژەوەندیی خاک و
خەڵکی کوردستان" ئەکەوێ کە، پارلەمانتار سوێندی خواردوە بی پارێزێ.
جیا لە پارلەمانتاری فراکسیۆنەکانی تر، پارلەمانتارانی
فراکسیۆنی گۆڕان لە بەردەم خوا و خەڵکی کوردستان و دەنگدەرانی بزوتنەوەکەشا
بەرپرسیار ئەبن. چونکە بەشێکی کاریگەر لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان،
چاکسازیی بنەڕەتی بوە لە دۆسێی نەوت و غازا:
بەرنامەی هەڵبژاردنی لیستی ١٤٨ی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ
هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ی پارلەمانی کوردستان، لە ژێر ناونیشانی "لە سەر ئاستی
سامانی سروشتی" ١٥ خاڵی ژماردوە، لێرەدا چەن خاڵێکی بیری پارلەمانتارەکانی
گۆڕان ئەخەمەوە:
"١. مامەڵەکردن لەگەڵ سامانی سروشتیی سەرزەوی و ژێر زەوی، وەک موڵکی هەمو هاووڵاتیانی کوردستان بەبێ جیاوازی. وەک لە مادەی ١١١ی دەستوری عیراقدا هاتوە.
"٢. کاراکردنی رۆڵی چاودێری و لێپرسینەوەی پارلەمان لە سیاسەتی نەوت و غاز و سامانی سروشتی... هتد.
"٧. لە ماوەی یەک مانگدا خاوەندارێتی هەردو پاڵاوگەی بازیان و کەڵەک بدرێتەوە بە حکومەتی هەرێم... هتد.
"٩. دەزگای چاودێریی دارایی لێکۆڵینەوە لە کۆی داهاتی نەوت و غازی سروشتی و داهاتی بەرهەمە نەوتییەکانی ناوخۆ بکا لە ماوەی چەند ساڵی رابردوا، لە بڕی بەرهەمهاتو تا نرخی فرۆشتن و داشکاندنەکان و پارەی بەدەسهاتو لەگەڵ چۆنێتی بەکارهێنانی پارەکەی".
"١٤. هەڵوەشاندنەوەی هەمو ئەو گرێبەستانەی تایبەتن بە پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان لە لایەن کۆمپانیای بەرپرسە حیزبییەکان و سپاردنی ئەم ئەرکە بە پۆلیسی نەوت و غاز.
"١٥. هەناردەکردنی نەوت و غازی هەرێم لە رێی دامەزراوە فیدراڵییە تایبەتمەندەکانی عیراقەوە، بە بەشداری نوێنەری هەرێمی کوردستان، بە پێی مادەکانی ١١١ و ١١٢ی دەستوری عیراق، لە ژێر چاودێری پارلەمانی کوردستان و دامەزراوە چاودێرییەکانی هەرێم و عیراقدا".
کەواتە، ئەگەر هەر پارلەمانتارێکی بزوتنەوەی گۆڕان دەنگ
بە هەر کاندیدێکی پارتی بدا ببێ بە وەزیری سامانەسروشتییەکان، خیانەت لە
دەنگدەرەکانی ئەکا.
پارلەمانتارانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەتوانن تەنیا کاتێک
دەنگ بە وەزیری ئەم وەزارەتە بدەن کە، کەسێکی پرۆفیشناڵی بێلایەنی نەزیهـ و دڵسۆزی
نیشتمان بێ، نەک دەسکەلای حیزب و بنەماڵەی حیزبی. ئەگەر ئەمە ئەستەم بو، گرنگە
بایکۆتی دانیشتنی متمانەپێدان بکەن، یان بە دژ دەنگ بدەن. بۆ ئەوەی هەم ویژدانی
خۆیان ئاسودە کەن هەم خیانەت لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی بزوتنەوەکەیان نە کەن.
بەم بۆنەیەوە، کاک نەوشیروان ١٢ ساڵ لەمەوبەر، لە بابەتی
"حیزب و دەسەڵاتی تەشریعی"دا نوسیوێتی:
"ئایا
ئیتر کاتی ئەوە نە هاتوە حیزب واز لە پارلەمانتار بهێنێ ئەندامەکانی بە پێی
ویژدانی نیشتمانییان، بە ئازادی کار بکەن، نەک بە پێی فەرمان و رێنمایی
حیزب"(٥)
گرنگە پارلەمانتارانی گۆڕان بزانن، ئەگەر بە گوێرەی
ویژدانی خۆیان و ویستی دەنگدەرەکانیان دەنگ بدەن، نەک بە ویستی چەن فیگەرێکی
دیاریکراوی بزوتنەوەکە، ئەوا هەم خوا و خەڵک و دەنگدەرەکانیان رازی و هەم
دامەزرێنەری کۆچکردوی بزوتنەوەکەشیان لە گۆڕەکەیا ئاسودە ئەکەن.
هەلێکی مێژویی بۆ هەمو پارلەمانتارانی نا رازی لە دۆسێی
نەوت و غاز و وەزارەتی سامانەسروشتییەکان هەڵکەوتوە. ئەگەر بە ویژدان دەنگ بدەن
نەک بە گوێرەی بەرژەوەندی خۆ و حیزب، مێژویەک بۆ خۆیان ئەنوسنەوە. بە پێچەوانەوە،
بەر ئاهونزولە و دوعای شەڕی ملیۆنان خەڵکی بەلەنگازی کوردستان ئە کەون.
-----------------------
سەرچاوە:
١. نەوشیروان
مستەفا ئەمین، گۆڕان لێرەوە دەس پێ ئەکا: جیاکردنەوەی حیزب لە حکومەت، ئێمە و
ئەوان ناکۆکییەکانمان لە سەر چین؟ چاپی چوارەم، چاپخانەی زەرگەتە، سلێمانی، ٢٠٠٩،
ل١٠، ١٢- ١٣
٢. هـ. س. پ،
وتاری حیزب و حوکم: ئەزمونی کوردستان، ل٤٤- ٥٤
٣. هـ. س. پ،
وتاری دوای ئەم هەمو رەخنەیە ئینجا چی؟، ل٨١- ٨٢
٤. هـ. س. پ،
وتاری کێشەی نەوت: لە نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمدا، ل٤٣
٥. هـ. س. پ،
وتاری حیزب و حوکم: ئەزمونی کوردستان، ل٥٠