دیسانەوە بانێک و دوو هەوا

نەوزاد شوانی
  2023-01-27     481

غەمناک و شادمانم رەحمەت عەزابی هێنا

سالم

 

کاتێک گوێبیستی هەواڵی  بڕیاری دادگای فیدراڵێ عیراق بووم لەمەڕ نایاسایی بوونی ناردنی پارە بۆ هەرێم ئەم بیتەی سالمم بیرکەوتەوە. غەمناکم کە موچەخۆران و چینە نەداراکانی هەرێم تووشی نەهامەتیەکی زیاتر ئەبن سەرباری ئەوە هەموو نەهامەتیەی بەدەستیەوە ئەناڵێنن. چونکە حوکمڕانانی هەرێم لە کاتی فرەییەدا زیادەکەیان بۆ خۆیان بردوە و کورتهێنانیان لە گیرفان و قوتی خەڵک پڕکردۆتەوە. بەڵام روهەڵماڵرانی ئەو شەڕەی کرا لە سەر خاوەنداریەتی دەستکەوتی ٢٠٠ یا ٤٠٠ ملیارەکە،  دڵنەواییەک بوو ئەگەر زۆر بچوکیش بێت.

دور لەوەی ئایا بڕیاری دادگای فیدراڵی عیراق لەمەڕ نادەستوری و نایاسیبوونی ناردنی پارە لە حکومەتی فیدراڵیەوە بۆ هەرێمی کوردستان رەوایە یا ناڕەوا. ئەم حیکایەتە ساڵانێکی زۆرە بابەتی مشتومڕو بێنەوبەردەیەکی بەردەوامە و ئەوەی تا ئێستا گوزەراوە تەنها پینەوپەڕۆی دەرحەق زەمان بووە کە هیچکات بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانی تیا لەبەرچاو نەگیراوە و چین و توێژە هەژار و موچەخۆرانی کوردستان باجەکەیان داوە وهیچ کاریگەریەکی نەبووە لەسەر هێز ودەستەڵات و سامانی حیزبە دەستەڵاتدارەکان لەبەرامبەر کۆمەڵگادا و بەڵکو سەروتر چووە.  

بەڵام دیاردەیەکی هاوشێوە هەیە لە ناوخودی هەرێمی کوردستان، لەسەر بەستانەوەی پرۆژەکانی گەشەپێدان و خزمەتگوزاری زۆنەکان بە کۆکردنەوە و گەڕاندنەوەی داهاتی ناوخۆی زۆنەکان بۆ خەزینەی حکومەتی هەرێم.

بۆ هەر چاودێرێک دیارە کە جیاوازیەکی گەورە هەیە لە پرۆژە و خزمەتگوزاریەکانی هەردوو زۆنی زەرد و سەوز. ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پدک لەسلێمانی داوای ئەوە ئەکات کە ناوچەکە بە کۆنتراکت بۆ چەند ساڵێک بدرێت بەوان تا وەک زۆنی زەردی لێ بکەن. هەر ئەمە خۆی داننانە بە بوونی جیاوازیەکان. وەزیری دارایی هەرێم لە  چاوپێکەوتنی لە گەڵ چالاکوانانی پێنجوێن ئاماژەی بەهەمان هۆ کردووە بۆ کەمی خزمەتگوزاریەکان لەناوچەکە.

دەی خۆ بە پێی پرەنسیپەکانی بەڕێوبردنی دارایی گشتی بێت، هیچ داهاتێک بۆ خزمەتگوزاری یا پرۆژەیەکی دیارەکراو تایبەت ناکرێت. داهاتەکان بەگشتی کۆئەکرێنەوە وجارێکی تر ئاراستە ئەکرێنەوە بە پێی پێداویستی گشتی و لەبەرچاوگرتنی باڵانسی گەشەکردن و پێداویستی هەموو رووبەری قەڵەمڕەو. یا ئەوەتە دەستەڵاتدارانی هەرێم و وەزارەتی دارایی ئەوندە ماوەیەکی زۆرە کاریان بە بودجە و پرەنسیپەکانی بەڕێوەبردنی دارایی نەکردووە، بیریان چۆتەوە یا لەبیرخۆیان بردۆتەوە؟

ئەی کەوایە ئەم هەرایە چیە دروست کراوە لەسەر بڕیارەکەی دادگایی فیدراڵی؟ هەرێمی کوردستان هەرێمێکی دەستوریە لە دەوڵەتی فیدراڵی عیراقدا و پشکی هەیە لە بودجەی گشتی عیراق بە پێی دەستور و یاساکانی بەڕێوبردنی دارایی و بودجەی گشتی ساڵانە. لەبەرامبەردا ئەرکی دارایی هەیە کە هەموو داهاتەکان بگێڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی و وردبینی ساڵانەی بۆ بکرێت لە لایەن دەزگای چاودێری داراییەوە. ئەمە ئەو ئارایشە یاسایی و دەستوریەیە کە دادگای فیدراڵی لەبەرچاوی گرتوە بۆ بڕیارەکەی. بە کەمێک ئاوزیش ئەزانین کە دادگاە مامەڵە لەگەڵ دانوستان و رێکەوتنی سیاسی و گفتوگۆی ژوورە تاریکەکان ناکات و مامەڵە لەگەڵ یاسا و دەستور ئەکات و هەمان ئەو دادگایەشە کە حیزبەکانی کوردستانیش دەنگیان پێ داوە و نوێنەریان تیا هەیە و شەڕی گەورەشیان کردووە بۆ گەیاندنی دەستبژێرەکانی خۆیان بەوشوێنە.

ئەوەندەی منیش ئاگادار بم لە ١٠ ساڵی رابردوودا یاسایی ساڵانەی بودجەی عیراق کە ئەندامانی کوردیش دەنگیان پێداوە بەردەوام رادەستکردنی بڕێک نەوتی رۆژانە و داهاتی ناوخۆی کردووە بە مەرجی ناردنی پشکە بودجەی هەرێم( کە من پێم نارەوا و نادەستوریە وجونکە پێم وایە پێویستە قووتی خەڵک لە ململانێی سیاسی دووربخرێتەوە و لە کاتی خۆشیدا گوتومە) ئاگاداريشم کە هەرێم کەم تا زۆر پابەندی ئەم بەندە نەبووە.

لەبەرامبەردا زۆنەکانی زەرد و سەوزی هەرێم یاسایی و دەستوری نین وپێناسەیەکی دارای سەربەخۆیان نیە لەیەکتر، بێجگە لە دەرهاویشتەیەکی قێزەوون و سەرەتانیی شەری برا دوژمنەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی.  باشە بۆ رەوایە جیاکاری بکرێت لە نێوان زۆنەکانی یەک هەرێم لەسەر بنەمای گەڕاندنەوەی رێژەی داهات؟ بەڵام هەمان پرەنسیپ ناڕەوا بێت بۆ مامەڵە کردن لە گەڵ هەرێمێک کە دەستور و یاسا ماف و بەرپرسیاریەکانی دەستنیشان کردووە؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×