کوردماکس و ماڵە هەژارەکان!

جیهاد محەمەد
  2019-05-20     1575

لەم مانگی ڕەمەزانەدا، ئێواران تەلەفزوێنی کوردماکس بەردەوام سەردانی ماڵە هەژارەکان دەکات و سفرە و نان و خوانی هەژارانەیان پیشان دەدات.
ئەم پیشاندانی نان و خوانی هەژارانەی ئەم ماڵ و خێزانە بەڕێزانە گوایە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بەزەیی و دڵتەنگیی دەوڵەمەندەکانە، بۆ ئەوەی ماڵە هەژارەکان ببن بە جێگەی بەزەیی دەوڵەمەندەکان و خێر و سەدەقەیان پێ بکەن و هاوکاریان بکەن.
جارێ پێش هەموو شت، ئەم کاری ڕاگەیاندنە، کارێکی هەتا بڵێی دواکەوتووانەیە، کار و ڕاگەیاندنێکە، کە تێکشکانی کەسایەتیی ئەو ماڵ و خێزانانەی بە دوادا دێت، بە تایبەتی تێکشانی منداڵ و گەنجەکانیان.
هەڵەبەت لەو باوەڕەدام، هەرچ خێزان و ماڵە هەژارێک ئەگەر هۆشیاربن ڕێگە بەوە نادەن ئەم ڕاگەیاندنانە خۆیان بکەن بە ماڵەکانیاندا و سفرە و خوانی هەژارانەیان پیشان خەڵک بدەن و ببن بە جێگەی بەزیی و خێر و سەدەقەی ئەم خێزان و ئەو خێزانی دەوڵەمەند.
بەڵام بە داخەوە، زۆرێک لەو خێزانە هەژارانە بێ ئەوەی گوێ بدەن بەوەی کە ئەمە سوکایەتیکردنە بە خۆیان و بە منداڵەکانیان و بە گەنجەکانیان، ڕێگە بەم ڕاگەیاندنە دەدەن و بە وردی سفرەی خاڵی ئێوارانیان پیشان جەماوەری تیڤیەکەیان دەدەن.
هیچ شتێک لە دنیادا هێندەی بەزەییپیاهاتانەوە منداڵ و گەنجەکان تێکناشکێنێت و کەسایەتیان بریندار ناکات. ئەو منداڵانە هاوڕێی منداڵیان هەیە لە گەڕەک و لە قوتابخانەکاندا، دەبن بە جێگەی بەزەیی منداڵانی دیکە لەبەرئەوەی کەمدەرامەتن وناتوانن وەک خەڵکی ئاسایی بخۆن و لەبەرکەن و بدڕن. منداڵ بەم پەروەردەکردنە فێری ئەوە دەبن، کە ئاسایی بێت ببن بە جێگەی بەزەیی، فێری ئەوە دەبن دەست لە خەڵکی پانبکەنەوە، لە جیاتی ئەوەی فێر بکرێن لەسەر مافی ڕەوای خۆیان پەنجە بکەن بە چاوی بەرپرسە حکوومیەکاندا، لەسەر نادادپەرەری هەڵبدەنێ و قبووڵی هەژاریی خۆیان نەکەن.
ئەم جۆرە پەروەردیە، پەروەردیەکی زۆر قێزەون و ناشیرین و دواکەوتووانەیە. ئەوەی ئەم تیڤیە دەیکات، لە مایەپوچیی ڕاگەیاندنەکەیانەوە سەرچاوە دەگرێت، لە عەقڵێتێکەوە سەرچاوە دەگرێت، کە چارەسەری دادەپەروەریی بەوە دەزانن، کە دەوڵەمەندەکان خێر و سەدقە بکەن بە هەژاران.
ئەم جۆرە لە ڕاگەیاندن، ئەو پەڕی بێ حورمەتیە بەو ماڵ و خێزانانە دەیکەن، ئەو پەڕی کاری نامرۆییە، ئەو پەڕی دەستێوەردانە، لە کاسە و کەوچک و جۆری خواردن و هەستان و دانیشتنی ئەو ماڵانە، کە چۆن لەسەر سفرەکانیان کۆ دەبنەوە و چۆن دایکە بەڕێزەکەیان کەوچێک شۆربا دەکاتە قاپی بەردەم هەریەکە لە ئەندامانی خێزانەکەیەوە.
ئەم جۆرە لە ڕاگەیاندن، کە وەک دەوترێت سەر بە حیزبێکە لە حیزبەکانی کوردستان، خۆیان بە موچەی بەرز کار دەکەن لەم کەناڵەدا، مانگانە بە دەیان دەفتەر دۆلار خەرجی خۆیان و کەناڵەکەیانە. لە جیاتی ئەوەی داوای دادپەروەریی بکەن، لە جیاتی ئەوەی ڕەخنە لە حکوومەتی کوردستان بگرن، کە چۆن سەروەت و سامانی خەڵکی داگیرکردووە و خۆیان و حیزبەکانیان بەوپەڕی خۆشگوزەرانیەوە لەسەر حسابی میللەتی داماو و ماڵە هەژارە بەڕێزەکان دەلەوەڕێن، لە جیاتی ئەوەی پێ لەسەر دادەپەروەریی کۆمەڵایەتی و دابەشکردنێکی دادپەروەریانە دابگرن، دەیانەوێت لەم ڕێگە چەوتەوە تەماشاکەرانی تیڤیەکەیا زیاد بکەن و خەڵکی فێری هەناسە هەڵکێشانی سارد و ئاخ و ئۆف بکەن.
لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە ئەم کارە قێزەونەی ڕاگەیاندنی ئەم تیڤیە، چەند کارێکی دواکەوتووانە و ناشیرینە، لە ڕووی سیاسیشەوە بێدەنگ کردنی خەڵکیە، بەو واتایەی کە هەڵەی دەوڵەمەندەکانە کە هاوکاری ماڵە هەژارەکان ناکەن، بۆیە هەژاریی و داماویی و ڕەشورووتیی لە کوردستاندا هەیە.
بە بڕوای من ئەمە کارێکی سیاسیی گەندەڵ و چەپەڵی لە پشتەوەیە.
هیوادارم بە زووترین کات ئەم تیڤیە و هەموو تیڤیەکان و ڕاگەیاندنەکانی دیکە واز لەم کارە ناشیرین و بریندارکردنەی هەژاران بهێنن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×