دۆناڵد تره‌مپ به‌ نمونه‌! سه‌رۆك سزا نه‌درێت، رێك نابێته‌وه‌

لوقمان غه‌فور
  2019-11-09     1034
دادوه‌ر چه‌كوشه‌كه‌ی كێشا به‌سه‌ر مێزه‌كه‌یدا و بڕیاریدا 2 ملیۆن دۆلار سزای تره‌مپ فاونده‌یشن بدات. بڕیاره‌كه‌ هیچ گفتوگۆیه‌ك هه‌ڵناگرێت و پارێزه‌ره‌كه‌ی تره‌مپ-یش دانی نا به‌ هه‌ڵه‌كانی سه‌رفكردنی پاره‌كانی رێكخراوه‌كه‌ی تره‌مپ-دا كه‌ پڕن له‌ كه‌موكورتی و بۆ رۆژنامه‌ی واشنگتۆن پۆست وتی:"ئه‌بێت ملكه‌چی بڕیاره‌كه‌ی دادوه‌ر بین!".

واشنگتۆن پۆست و نیورك تایمز و تایم تێكڕا، ئه‌مڕۆ 7ی نۆڤێمبه‌ر ئه‌م هه‌واڵه‌یان کردە بڕگه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌ملكه‌چكردنی سه‌رۆك تره‌مپ بۆ پێدانی 2 ملیۆن دۆلار وه‌ك سزایه‌كی یاسایی. دادوه‌ر سالیان سكاربولا لە دادگای نیویۆرک كاتێك بڕیاره‌كه‌یدا، له‌به‌رده‌م ئاماده‌بوواندا وتی:"سه‌رۆك ئه‌ركی خۆی له‌ رێكخراوه‌كه‌یدا به‌باشی جێبه‌جێنه‌كردووه‌ له‌به‌رامبه‌ر پێدانی ئه‌و وه‌سێتانه‌ی هه‌یبوون له‌پاره‌ی رێكخراوی تره‌مپ، بۆیه‌ ده‌بێت 2 ملیۆن دۆلار بداته‌وه‌ به‌و خێرخوازانه‌ی رێكخراوه‌كه‌یی كه‌ به‌شێكن له‌ داوایه‌كی قه‌زائی".

ئه‌م كه‌یسه‌ سه‌روه‌ری سه‌كته‌ری قه‌زائی-مان نیشانده‌دات كه‌ تێیدا دادوه‌ر كه‌سی یه‌كه‌مه‌ له‌ سه‌ندنه‌وه‌ی مافی ئه‌وانه‌ی كه‌ پشكه‌كانیان به‌ ناهه‌ق خه‌رجكراوه‌. له‌كاتێكدا هیچ كه‌سیش داوایه‌كی یاسایی پێشكه‌شنه‌كردووه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ی نێو رێكخراوه‌كه‌ی تره‌مپ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ناشه‌فافی كاره‌كانیان به‌رێوه‌بردووه‌. به‌ڵكو ته‌نیا ئه‌وه‌ چاودێری ده‌سه‌ڵاتی چواره‌مه‌ مه‌له‌فه‌كه‌ی خزانده‌ ناو دادگا و قه‌زاش ئەرکەکەی جێبەجێکردووە.

حاكم له‌مه‌له‌فه‌كه‌دا ئه‌وه‌ی بۆ ئاماده‌بووان خسته‌ڕوو كه‌ له‌ رێگه‌ی رێكخراوه‌كه‌ی تره‌مپ-ه‌وه‌ به‌شێك له‌ پاره‌كانی رێكخراوه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی دراوه‌ به‌ كه‌سایه‌تی وه‌رزشه‌وان و سیاسی و شوێنی تر، ئه‌میش وه‌ك به‌رزكردنه‌وه‌ی پێگه‌ی سیاسی تره‌مپ به‌كارهاتووه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ كاری رێكخراوه‌كه‌دا ناگونجێت.

له‌وه‌ گرنگتر پارێزه‌ره‌كه‌ی تره‌مپ نه‌یتوانی به‌رگری له‌كه‌یسه‌كه‌ بكات و دانی به‌هه‌ڵه‌ی خراپ به‌كارهێنانی ئه‌و پاره‌و پشكانه‌دا كرد كه‌ به‌خشراونه‌ته‌ رێكخراوه‌كه‌ له‌لایه‌ن پارتنه‌ره‌كانی(هاوبه‌شه‌كانی) رێكخراوه‌كه‌وه‌، واته‌ پشكی ئه‌و هاوبه‌شانه‌ بۆ كارێك به‌كارهاتوون كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی تره‌مپ كۆتایی هاتووه‌. نمونه‌ی یاریزان هێنراوه‌ته‌وه‌ كه‌ پاره‌ی دراوه‌تێ له‌كاتێكدا ئه‌و یاریزانه‌ شایسته‌ی ئه‌و هاوكارییه‌ نه‌بووه‌.

هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌رخه‌ری دوو راستین، یه‌كه‌میان راسته‌ پشكی سه‌ره‌كی رێكخراوه‌كه‌ تره‌مپ خۆیه‌تی، به‌ڵام ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ڵك له‌ پاره‌ی رێكخراوه‌كه‌ وه‌رده‌گرن، ئاره‌زوومه‌ندانه‌ دیاریكرێت. دووه‌میان، گه‌وه‌ریی سلكی قه‌زائی و ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م له‌ ئه‌مریكا.

دوا دێڕی من لە نێوکۆی ئەم نووسینەدا ئەوەیە تا دەسەڵاتی قەزائی ئازاد نەبێت. زەحمەتە مافی مافخوراوان بسەندرێ. نەوەک ئەوەی من بیستم کە بە پێچەوانەوە دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە ھەرێمی کوردستان، لەم ڕۆژانەدا، مافی لەدەسەڵاتی دادوەری سەندۆتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×